كورد پێویستى بە ئەنجومەنى نەتەوەیی هەیە
Thursday, 15/01/2015, 12:00
2044 بینراوە
داڕشتنى پلانى درێژخایەن لەپێشینەى كارەكانى وڵاتانە تا لەو ڕوانگەوە پارێزگاری لە ئەمن و ئاسایشی هاونیشتمانیان بكەن و پەرە بەداهاتوو بدەن و باری ئابووری و پەیوەندیەكانى دیكەى كۆمەڵایەتیان ببوژێننەوە كە خۆی لە سیاسەتى نیشتمانى دەدۆزێتەوە و لەلایەن ئئەنجومەنێكەوە بێ ڕەچاوكردنى دەنگ و ڕەنگ و ڕەگەز و پێست و ئاین و ئاینزای ئەو وڵاتە تا سیاسەتى ئەو وڵاتە دادەڕێژێت و نەخشەڕێگای بۆ دادەنێت بەكڵۆجێ دوور و نزیك گۆڕانكاریەكانى دام و دەزگاكانى حكومەت و هەڵبژاردنەكان ڕەنگدانەوەیان بەسەرییەوە نابێت و هەر سەرۆكێك جڵەوى حوكمڕانى بەدەستەوە بگرێت لەسەر هەمان ئەجێندا و ستراتیژ درێژە بەكارنامەكانى دەدات كە هەندێكیان هێڵی سوورن كەس بۆی نیەى قسەى تێدا بكات و ئەوی دیكەیش ئەو بەرنامانەن خودی ئەو سەرۆكە بەپێی دید و تێڕوانینى خۆی بەرنامەڕێژی بۆ دەكات و سیاسەتى حزبەكەى لەو هەڵوێستانە دەخاتە ڕوو.
ئێمە لەهەرێمى كوردستان چونكە دەوڵەتى سەربەخۆمان نیە و تا نها هەرێمێكین سەر بەناوەند بەواتایەكى تر وەكو هەڵگری دروشمى فیدراڵی بەشێكین لە عێراقی دوای پرۆسەى ئازادى2003.
وەلێ هێشتا لەبەردەم هەموو ئەگەرەكان ڕوئیایەكى دیار و ڕونمان نیە كە چارەنووسی ئەم هەرێمە بەرەو چ ئاقارێك دەڕوات، هەر بەو شێوەیە بەردەوام دەبێت یان جاڕی سەربەخۆیی دەدات؟ لەوەشدا كاردانەوەى چی دەبێت ئەگەر ڕوو بەڕووى عێراقی عەرەبی بۆوە؟ چ سیاسەتێك و چ ستراتیژیەتێك پیادە دەكات؟
ڕەنگە كورد لەدووڕیانێكدا واقی وڕبمێنێ لەوەى ئاخۆ بە چ ئاڕاستەیەك هەنگاو بنێ و ئایا دەتوانى یەك گوتار و یەكهەڵوێست و یەكڕیزى كورد بۆ ئەو ئەگەرانە بپارێزێت؟ ئەمانە پرسیارگەلێكن دەمانخەنە بەردەم واقعێك كە پێویستە سەركردایەتى سیاسی كورد بەهەموو لایەن و كەسایەتیە دیارەكان بۆ ئەم قۆناغە ئەنجومەنێكى نەتەوەیی بنیاتبنێن بەلەرچاوگرتنى تەواوى پێكهاتە حزبی و ئاینى و ئاینزا و كەمە نەتەوەكان تا لەڕێی ئەو ئەنجوومەنەوە سیاسەت و ستراتیژیەتى كورت و درێژخایەنى ئەم هەرێمە دابڕێژن كە گوزارشت لەهەموو هەرێم بكات نەك پنچك پنچكبوونى دەستە و تاقم و گروپێك هەریەكە لە ئاشێك بكات و هەر یەكە لەگۆشەنگیای خۆی و حزبەكەیەوە ئێستا و داهاتووى هەرێم بخوێنێتەوە كە لەم ڕۆژگارەدا لەنەبوونى یەكانگیریەك بۆ ئەو پرسانە لێكدانەوەكان لەو چوارچێوەیە ڕەنگڕێژ دەكەن كە كەس كاغەزى كەس نەخوێنێتەوە و قسەكانیش بەمزایەدەى سیاسی بدەنە قەڵەم.