کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


وێنەکانی جەنابی سەرۆک

Friday, 23/04/2010, 12:00


تاوێنەکانی جەنابی سەرۆک بمێنێت لە بەرزی ، دیموکراسی ڕۆدەچێت لەنزمی .

هەڵواسینی وێنەکانی جەنابی سەرۆک شتێکی نوێ نییە . تا ئەقڵەکان نەگۆڕێن ، هەمیشە وێنەکانی جەنابی سەرۆک لەبەرزین . وێنەکان تائێستا بڕیاردەرن ، تا لەبەرزی بن دیموکراسی و مافی مرۆڤ لەنزمین . مرۆڤ گەر لەوڵاتی دەرگا داخراوەکان تێپەڕێت و ڕوەو دەرگا کراوەکان ملم بنێت ، دوردەکەوێتەوە لە چڕوچاوی وێنە هەڵواسراوەکانی لەبەرزی . دور لەوڵاتی من وێنەکانی سەرۆک شاراوەو لەنزمین ، بەڵام ڕێزی سەرۆک لە نێو دڵدا لەبەرزین .
لای ئێمە دەستپێکی هەڵواسینی وینەکانی سەرۆک لە کلێنتەکان (عەمیل) ـەکانەوە دەستی پێکرد . وێنەکان قەسابی سیاسی و گوێڕایەڵێکی کرنوش بەرن . بۆ سەرەوە کەسێکی نزم و لە خوارەوە لەبەرزین ، لەنێوان بەرزو نزمیدا وێنەکانی جەنابی سەرۆک جێبەجێکەرن .
وێنەکان خۆشەویست نین ، دەموچاوێکی شەڕەنگیزو دڕندەن . کۆڵەکەکانی ڕاگرتنی وێنەکانی جەنابی سەرۆک توندوتیژی و کێوماڵکردنی دارایی گشتی و کۆنتڕۆڵکردنی هێزی سەربازی و دەوڵەت و یاسان . لەولاوە گۆڕەبەکۆمەڵەکان و کونجی زیندان و حوکمی عورفی و بەرنامەی کۆیلەکردنی کۆمەڵگان .
بەقوڵایی وێنەکاندا ڕۆبچیت ، سەرنج و ڕامان دەست پێ دەکات . لەوێ گەر پرسیارێکی سادە بکەیت ، سەرۆک چۆن دەنوێت ، چۆن پیاسەدەکات ، چی دەکات ، بیر لەچی دەکاتەوە ، دارایی چەندە ، چۆن نان دەخوات ، چۆن دادەنیشێت ، ڕەفتاری چۆنە ؟ .
لەجێی وەڵام ، ترس و تۆقان دیاریتە . تا وێنەکان لەبەرزی بن ، کلتوری پیاهەڵدان و وتاری بریقەدار ' ئاوێتەی بیرو زاری کۆمەڵگایە .
بژی سەرۆک ... هەستنە سەرپێی ' جەنابی سەرۆک هات ، سەرۆک وای فەرمو ، سەرۆک فڵان کاری کرد . نەوەدساڵە بەم وشانە مێشکمان پڕ دەکەن و وێنەکانی جەنابی سەرۆک هەر لەبەرزین و تادێت دڕندەتر و ناشرین ترە .

فەرمانی کۆشکی پاشایەتی عێراقە ، پێویستە وێنەی فەخامەتی مەلیکی وڵات (مەلیک فەیسەڵ) بەرزو پیرۆز ڕابگیرێت . گوێتان لێیە میلەت ؟ !. بەناچاری بەڵێ .
فەرمانی کۆشکی پاشایەتی عێراقە ، پێویستە فەخامەتی مەلیکی وڵات (مەلیک غازی) بەرزو پیرۆز ڕابگیرێت . گوێتان لێیە میلەت ؟ ! .
بەنچاری بەڵێ .
فەرمانی کۆشکی پاشایەتی عێراقە ، پێویستە فەخامەتی مەلیکی وڵات (مەلیک فەیسەڵی دووەم) بەرزو پیرۆز ڕابگیرێت. گوێتان لێیە میلەت ؟ !.
بەناچاری ڵێ .
فەرمانی کۆشکی کۆماری عێراقە ، پێویستە فەخامەتی سەرۆکی وڵات (سەدام حوسەین) خوابیپارێزێت ، بەرزو پیرۆز ڕابگیرێت . گوێتان لێیە میلەت ؟ ! . لەترساندا بەڵێ .

فەرمانی کۆشکی سەرۆکایەتی عێراقە ، پێویستە وێنەکانی فەخامەتی سەرۆک (جەلال تاڵەبانی) بەرزو پیرۆز ڕابگیرێت . گوێتان لێیە میلەت ؟ ! . لەترساندا بەڵێ .

فەرمانی کۆشکی پاشایەتی کوردستانە ، پێویستە وێنەکانی فەخامەتی (شا مەسعود بارزانی) بەرزو پیرۆز ڕابگیرێت . گوێتان لێیە میلەت ؟ ! .
لەترساندا بەڵێ .

چ جیاوازییەک لەناوەڕۆکی وێنە هەڵواسراوەکانی دوێنێ و ئەمڕۆ دەبینرێت . مێژوی وێنەکانی جەنابی سەرۆک هەرهەموی هاوشێوەی یەکن ، سمبولی تاوان و پێشەلکردنی مافی مرۆڤ و دەسەڵاتی تاک ڕەوین . تا ئەو وێنانە بونی هەبێت لەبەرزی ، کۆتایی نایەت و ڕێچکەی ناڕێکی و بیری گۆشەگیری و گەلێکی چەپڵەلێدەرو دەست بەسنگ و وتاری بریقەداری هۆزی بنیاددەری بەرزڕاگری وێنەکانی سەرۆک و پیرۆز ڕاگرتنی پێگەی سەرۆک بنیاد دەنێت . لەهەرشوێنێك بۆ ئەوەی ببیتە پارێزەری دیموکراسی و مافی مرۆڤ ، وێنەکانی سەرۆک لەبەرزین ، دایگرە خوارێ و توڕیدەرە نزمی .

کونجــرینی
٢٣ . اپریل . ٢٠١٠
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە