کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کۆمپانیای بارزانی بۆ بەرهەمهێنانی لیژنە...!

Friday, 16/08/2013, 12:00






یەکێک لە هەنگاوە گاڵتەجاڕەکانی پارتی‌و بارزانی بۆ پەردەپۆشکردنی ڕاستیەکانی پشتی هەر ڕووداوێکی کارەساتبارو تاوانکاری کە خۆیان دەستیان تیادا هەبێت پێکهینانی لێژنەی بەناو سەربەخۆیە. لە چەند ساڵی ڕابردوودا دەیانجار لیژنەی بەناو سەربەخۆیان پێکهێناوە بۆ چەواشەکردنی ڕای گشتی کۆمەڵگا و شاردنەوەی ڕاستیەکان.
یەکێک لەو دەیان لیژنانەی بارزانی کە لەم چەند ساڵەدا پێکیهێناوە لیژنە سەربەخۆکەی بارزانی بوو بۆ ئاشکراکردنی تاوانی تیرۆری سەردەشت عوسمانی ڕۆژنامەنوس کە تا ئێستا ئەم لیژنەیە نەک تاوانبارانی ئاشکرا نەکردوە، بەڵکو پێکهێنانەکەی تەنهاو تەنها بۆ شاردنەوەی ڕاستیەکان و بکوژە ڕاستەقینەکانی سەردەشت عوسمان بوو.
ئەمرۆش کە کوشتوبڕی خەڵکی سڤیل‌و بێتاوانی ناوچە کوردنشینەکانی سوریا لە ئاکامی ململانێی نێوان باڵە جۆراوجۆرە بۆرژواییە قەومی‌و ئیسلامیەکانی سوریاوە بۆ ڕای گشتی کوردستان‌و جیهان ڕوون‌و ئاشکرایە، تازە بارزانی لە هەوڵی پێکهێنانی لیژنەدایە بۆئەوەی بزانرێ ئەو تاوانانە روویان داوە یان نا!؟ لە کاتێکدا هەموو لایەک دەزانن پارتی‌و بارزانی دەستیان هەیە لە رووداوەکانی ناوچە کوردنشینەکاندا لەرێگای پارت‌و لایەنی نزیك لەخۆیەوە. هەڵبەت ڕۆڵ‌و دەخاڵەتی پارتی‌و بارزانی لەم ململانێیەدا لە چەند خاڵێکدا خۆی دەبینێتەوە لەوانە:
کۆمەکی سیاسی‌و دارایی‌و سەربازی‌و مەشقپێکردنی ئەو لایەنانەی کە خۆی پێکیهێناون بەناوی کەتیبەکانی ئازادی یەوە، کە سەرانیان لە سەری ڕەش‌و هەولێر نیشتەجێن. ئەمانەش لەپێناو بەرژەوەندی خۆیاندا ئامادەن دەست بخەنە ناودەستی دڕندانەترین دەستەو تاقمی ئیسلامی وەکو بەرەی "نوسرە" کە لەلایەن تورکیاوە هاوکاری دەکرێن‌ بەرامبەر بە رژێمی ئەسەد..بێگومان سەرانی "بەرەی نوسرە" بە ئاشکرا دانیان ناوە بەوەدا کە لە لایەن پارتی‌و کەتیبەی ئازادیەوە هاوکاری دەکرێن.
خاڵێکی تر داخستنی سنورەکانە بە ڕووی ئەو خەڵکە بێتاوان‌و ئاوارەیەدا کە دەیانەوێ بۆ پاراستنی گیان‌و ژیانی خۆیان ڕوو لە هەرێم بکەن، بەڵام سەرەرای هەر فشارێک، تا ئێستاش پارتی ئامادە نییە ئەو سنورانە بە ڕووی خەڵکی ئاوارەدا بکاتەوە.
ئێستا دوای ئەو هەمو تاوانانە کە ڕوویداوەو پارتی‌و بارزانیش بە وەستانەوە لەپاڵ سیاسەتەکانی تورکیا لە سوریادا‌و بەداخستنی سنورەکان بەرووی هاوڵاتیانی ئاوارەی سوریادا، دەبنە شەریکی ئەو تاوانانە، کەچی بارزانی باس لە پێکهێنانی لیژنەی بەناو سەربەخۆ دەکات بۆ زانین‌و ئاشکراکردنی ڕاستیەکان! یانی تا بزانرێ ئاخۆ ئەو کوشت‌و بڕەی کوردەکان ڕاستە یان نا!؟ ئەگەر ئەم هەنگاوەی بارزانی لە پێکهێنانی لێژنە بۆ شاردنەوەی راستیەکان نەبێت دەکرێ چ ناوێکی دیکەی لێبنرێت!؟

موزەفەر عەبدوڵا
[email protected]
١٥ ئابی ٢٠١٣

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە