تیشكێك لەسەرئەلبومەكەى خالید ڕەشیدو قسەیەكیش لەبارەى ئەنفالى هونەرى كوردی
Saturday, 28/04/2012, 12:00
جارێكیتر دەنگێكى خۆش, وەك دەنگى پروشەى باران و دەگێكى جوان وەك دیمەنى سروشتى كوردستان لەدەرگاى ڕوحمان دەدات, دەنگێك لێوان لێو لەعەشق و پڕاوپڕ لەئارام بەخشى, دەنگێك هەمیشە لەسەر هەستە, زۆرجار دەمانباتەوە بەرەو مەنزڵگەى تراژیدیاكانى دوێنێ و ئاشنامان دەكاتەوە بەفرمێسكى چاوى دایكە شەهیدەكان وهەندێكجاریش دەمانكاتەوە بەهاوڕێى ئەستێرەكانى ئاسمان و ئاشتمان دەكاتەوە لەگەڵ پێكەنین, دەنگێك تژى لەئاسودەى, هونەرمەندێك لەمیهرەبانى و پیاوێك لەمۆڕاڵ.
ئاشكرایە هونەرمەند خالید ڕِەشیدیش وەك هەر هونەرمەندێكى دیكە خاوەن ستایلێكى تایبەت بەخۆیەتى, بەڵام ئەوەى پێویستە بگوترێت كێن ئەوانەى گوێ لەدەنگى ئەم هونەرمەندەو ستایلەكەى دەگرن؟ ئەگەربێئینسافى نەبێت ئەوەى گوێگرى دەنگى ئەم هونەرمەندەیە باكگراوندێگى سەقافى وتێگەیشتنێكى ناوەزەترو ڕامانێكى جوانترى هەیە بۆشتەكان, بەدیوێكى دیكە دەتوانین ئەومافەبەخۆمان بدەین وبڵێین زۆرینەى جەماوەرى ئەم هونەرمەندە ئاستى تێگەیشتنیان لەجەماوەرى زۆربەى هونەرمەندەكانى سەردەمى ئەمڕۆ زیاترە, بەشێكى ئەم هۆكارەش دەگەڕێتەوە بۆئەوەى هونەرمەندى ناوبراو بۆهەموو چین وتوێژەكان گۆرانى دەچڕێت, لەكاتێكدا زۆربەى هونەرمەندانى دیكەش هەمیشە پێیان وابوە كەبۆسەرجەمى چین وتوێژەكان گۆرانى دەچڕن ولەهەمووتەمەنەكاندا بەپیروگەنجەوە گوێگریان هەیە, بەڵام خۆقسەى هونەرمەندێك مەنتق نیە لەسەر كورسى پڕۆگرامى تیڤیەك دانیشتبێت و مێزەكەى بەردەمى بەشامپانیا ڕازاندرابێتەوە!, بەڵكو مەنتق ئەوەیە كەلەگۆڕەپانەكەدا بەڕوونى دەبینرێت وهەموو كەسێكى ڕۆشنبیر بەساناى دركى پێدەكات, بەشەكەى دیكەشى پەیوەستە بەسەلیقەى ولێزانینى هونەرمەندى ناوبراو خۆیەوە چى تێكستێك هەڵدەبژێرێت بۆگۆرانى و هاوكات لەڕێگەى هەڵبژاردنى جۆرى مقامەكانەوە چى ئاوازو موزیكێك دەكات بەبەرى ئەو تێكستەداو دواجار چۆن ئەوگۆرانیە دەچڕێت.
ئەوەى خالید ڕەشید دەیڵێت ڕەنگە بەهەندێك هونەرمەند بكرێت و بگوترێت, وەلێ نایڵێن!چونكە هەندێكیان لەبەرژەوەندیە شەخسیەكانیان دەدرێت و هەندێكیشیان خۆیان وتەنى(هونەرى بێگانەتێكەڵ بەخوێنیان بوە!), بەڵام قسەى جدى ئەوەیە زۆرینەیان ئەوتواناو سەلیقەو تێگەیشتن وخوێندنەوەیان نیەو لەدیدگاى ئەوانەوە هەمووجوانى وتاموچێژى گۆرانیەك لەدیمەنەكانى كلیپى خۆڕوتكردنەوەى كچێكدا, یاخود بەپێچەوانەوە باوەشكردن بەكچێكدا كۆدەبێتەوە!.
خۆئەگەربەخوێندنەوەى ئەوبەناوهونەرمەندانەش شیكارى بۆمباسەبكەین كەهەرڕۆژەى پێیەكیان لەهەرێم وپێیەكیان لەوڵاتانى بەرودراوسێیەو(هەندێكیان)گومانى سیخوڕیكردنیشیان لێدەكرێت!, گەر درۆلەگەڵ خۆیان وجەماوەرەكانیاندا ناكەن و پێیان وایە ئەم پاشاگەردانیەى ئەمڕۆكە هونەرى كوردى تێى كەوتوە,(ئەوان ناویان ناوە پێشكەوتن)و ئەمەشە واى كردوەهەر ڕۆژەى لەوڵاتێكى بەرودراوسێى دوژمن بەمێژوو كلتورو هونەرى ئەم میللەتەن, خۆیان باش دەزانن لەوڵاتێكى وەك توركیاو ئێران وسوریاو لوبناندا بەهەمان شێوەى بڵاوكردنەوەى كتێبێك, هونەرمەندانیش دەبێت ژمارەى سپاردنى ئەلبومەكانیان پێبدرێت, بەپێچەوانەوە هیچ كەسێك مافى ئەوەى نیە میكرۆفۆن بەدەستەوە بگرێت وگۆرانى بڵێت هەتا بەرهەمەكانیان لەفیلتەرى دامودەزگاهونەریەكانى دەوڵەت نەدرێت و ڕەزامەندى وەزارەتى ڕۆشنبیرى پێنەدرێت,دەنا بەرهەمى ئەوهونەرمەندە نە ئیعترافى پێ دەكرێت ونەدەوڵەتیش لەڕوى یاساییەوە پارێزگارى لەبەرهەمەكانى دەكات بەتایبەت لەڕوى كۆپى كردنەوە, ئەم لێپرسینەوە جدیەش بەتەنها بۆئەوەیە هونەرمەند بەجدى خزمەتى كۆمەڵگابكات نەك وەك زۆرینەى بەناوهونەرمەندانى كورد كەڕۆژانە بەبڵاوكردنەوەى دەنگى نەشازو تێكست وئاوازو موزیكى نەشازەوە ژەهر دەرخواردى كۆمەڵگا دەدەن وخزمەت بەوڵاتانى بێگانە دەكەن.
خالید ڕەشید بەتەنها هونەرمەند نیە زۆرجارلەسیاسیەكى بەتواناو لەمێژوو نوسێكى شارەزا دەچێت, ئەوەى لەنزیكەوە ئاشناى ئەم پیاوەبێت یان چاوپێكەوتن ودیمانەكانى بینیبێت یانیش ئاگادارى سەرنج وتێبینى وپێشنیارەكانى بێت لەتۆڕى كۆمەڵایەتى فەیسبووك ولەپەیجى تایبەتى خۆیەوە درك بەوە دەكات خەرمانى زانیاریەكانى ئەم پیاوە چەند گەورەیە لەڕوى سیاسى وئابورى و مێژوى وئەدەبی و هونەر بەراورد بەهونەرمەندانى دیكە ناكرێت, ئەمەش نیشانەى سەركەوتن وبەتواناى هەرهونەرمەندێك نیشان دەدات ولەهەر كۆمەڵگەیەكدا ئەم هونەرمەندە خاوەن زانیاریانە خوێندنەوەیەكى دیكەیان بۆدەكرێت, بەپێچەوانەوە لەوهەرێمە بەش مەینەتەى ئێمەدا هونەرمەند هەیە ناتوانێت لەچاوپێكەوتنیێكى تەلەفزیۆنیدا چوار ڕستەبڵێت بەبێ هەڵە!, لەو هەرێمەدا هونەرمەندهەیە لەدیدارى رۆِژنامەیەك یان گۆڤارێكدا بەشانازى وسەربەرزیەوە دەڵێت: پەیوەندیەكى زۆرباشم لەگەڵ بەرپرسەكانداهەیەو شەوانە ئاهەنگیان بۆدەگێڕم!, هونەرمەند هەیە تیجارەت بەمادە هۆشبەرەكانەوە دەكات!, هونەرمەند هەیە پەیوەندى نێوان باندى لەشفرۆش وبەرپرسەكانە!, هونەرمەند هەیە لەگشت كۆنگرەى حیزب وهەڵمەتەكانى هەڵبژاردندا گۆرانى بۆلایەنێكى سیاسى گوتوەو شانازیشى پێوەكردوە!.....بەتەنها ئەم دیاردە نەشیاوانە كارەسات نین, وەلێ كارەساتەكە لێرەوە دەستپێدەكات ئەم جۆرە مەخلوقە كەناوى پیرۆزى هونەرمەندیان لەخۆیان ناوە زۆرترین جەماوەریان هەیەو زۆرترین خەڵكیش چەپڵەیان بۆلێدەدەن!.
ئەوهەرێمە خاڵیە لەمۆڕاڵى هونەرى, خاڵیە لەتێفكرینى هونەرمەند بۆشتە جوانەكان, ئەوەى پێى دەگوترێت هونەرمەند لەلایەن دووحیزبى خاوەن دەسەڵات وبەرپرسەكانیەوە دەستەمۆى حیزب كراوە, ئێمە دەبینین لەماوەى بیستویەك ساڵى ڕابردوودا چى بێحورمەتیەك بەتاكى كورد كراوە لەلایەن دەسەڵاتدارانى دووحیزبە زلهێزەكەى باشوورى كوردستانەوە, دەبینین چەند خیانەتى نیشتیمانى كرا, شەڕى ناوخۆكرا, تاكوئەمڕۆش سوكایەتى بەكەسوكارى شەهیدانەوە دەكرێت, سوكایەتى بەكەسوكارى هەڵەبجەو ئەنفالكراوەكان دەكرێت, سەروەت وسامانى كۆمەڵگایەك بەدەستى چەند مافیایەكەوە بەفیڕۆدەدرێت....هتد, كەچى بڕوانن ئەم هەرێمە چەند خاڵیە لەهونەرمەند! پرسیارئەوەیە كام هونەرمەند توانیویەتى یاخود ڕونتر بڵێین ئەو بوێریەى هەبووە هەریەك لەم دۆسیە تراژیدیا گەورانە لەچوارچێوەى كاستى بەرهەمێكى هونەریدا بگەیەنێتە دەسەڵات وپەیامو ئیتیكى هونەرى خۆى جێبەجێ بكات وببێتە پردێك لەنێوان هاوارە نامۆكانى میللەت ودەسەڵات؟!,(بەهەموو هونەرمەندە ڕاستەقینەكانیشەوە كەبەجدى ساڵانێكە خزمەتى هونەروموزیكى كوردى دەكەن) بەداخەوە ئەوانیش بێ هەڵوێستن, ئەوانیش بێدەنگن بەرامبەر بەوهەموو ناعەدالەتى دادپەروەرى وگەندەڵى وخیانەتانەى كەجەستەى نیشتمانیان ئەتك كردوە!, ئەوانەشى كەڕۆژانێك هەڵوێستیان هەبوە هەموو ئەوهەڵوێستانەیان لەمڕۆدا لەسیناریۆیەك زیاتر لەهیچیترناچێت چونكە ئەمڕۆ نزیكترین كەسێكن لەدەسەڵاتەوە, بەتەنیا ئەوهونەرمەندانەى كەگوێیان بەبەرژەوەندیە تایبەتەكانى خۆیان نەداوەو دەنگى ڕاستەقینەى خەڵكى هەژارو بەشمەینەت بونو دووربون لەدەسەڵاتەوەو مەهامە ئەخلاقیەهونەریەكەى خۆیان جێبەجێكردوە, هونەرمەندان(خالید ڕەشیدو بورهان مەجید)ن, لەم دووهونەرمەندە زیاتر كێن ئەوانەی خاوەن هەڵوێستبون؟ لەكاتێكدا هیچ كۆمەڵگایەكى دونیا بەقەد كۆمەڵگاى كوردى خاوەن بەندبێژو گۆرانیبێژ نیە!.
ئەوەى لەكۆتایدا ماوەتەوە بۆگوتن, خالید ڕەشید جگەلەوەى بەئاوازو موزیك ودەنگەڕەسەنەكەى ساڵانێكە خزمەتى هونەرى كوردى دەكات, هاوكات هەمیشە هونەرمەندێكى خاوەن هەڵوێست بوەو لەگشت ساتەهەستیارەكاندا چەندین گۆرانى سیاسى ونیشتیمانى چڕیوە, باهەموومان ڕێز لەم هونەرمەندە نەتەوەیە بگرین, باڕێز لەماندوبون وگەورەى وهەڵوێستەكانى بگرین, با لانیكەم ڕێز لەئەلبومە نوێیەكەى بگرین وكۆپى نەكەین,چونكە من لەنزیكەوە ئاگادارم جگەلەوەى زۆربەى تیڤیەكانى دەسەڵات بایكۆتى كلیپ وڕێكلامى ئەلبومە نوێیەكەیان كردوە(لەكاتێكدا ئەمەجوانترین خەڵاتە بۆخالید ڕەشید), هاوكات خەرجى تەواوى كارە هونەریەكانى ئەم ئەلبومەى لەئەستۆى خۆیبوە,بەپێچەوانەى ئەوبەناو هونەرمەندانەى ڕۆژانە ئەنفالى هونەرى كوردى دەكەن بە بەرهەمە توركى وفارسى وعەرەبى ئامێزەكانیان وحكومەت ودەسەڵاتى كوردیش پارەى منداڵە ڕشوڕوتو پێپەتیەكانى گەرمیان وهەڵەبجەیان دەخاتە خزمەت!....سڵاو لەتۆ خالید ڕەشید, درود بۆمیهرەبانیت پیاوى جوان, تۆهەمیشە جوانترو جوانترین هونەرمەندیت وبەو ئومێدەش تاسەرئاوابەپاكى وڕاستگۆى بمێنیتەوە, چونكە لەئێستادا ئەوە تۆیت سەرمایەى ڕاستەقینەى هونەرى میللەتێكى بەش مەینەت, تۆیت دەشێت لەهەموو ڕوانگەیەكەوە شانازیت پێوە بكەین هونەرمەندى مەزن.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست