بۆچی بارزانی و تاڵەبانی لای زۆربەی کورد ڕێزیان نەماوە؟
Wednesday, 06/04/2011, 12:00
شاعیری خۆشەویستی گەلەکەمان عەبدوڵڵا پەشێو، لە شیعرێک لە شیعرەکانی دا ئەڵیت:
"جوتێک پێڵاوی ڕهشم لهپێیه
پینهدار، هەرزان، گهمار، سووک، گڵاو
ههزار جار ئهم پێ و ئهو پێ پێ کراو
چەندجاری کهوا سهرنجیان دهدهم
بهدهست خۆم نیه،لمۆزی پێڵاو
قهپۆزی ههندێ سهرکردهی کوردم
دێنێتهبهر چاو"
شتێکی ئاشکرایە کە ئەگەر سەرکردەیەک پشتی کردە خەڵکی وڵاتەکەی خۆی و بوو بە دوژمنی گەلەکەی ، بە دڵنیایی یەوە سووک و ریسوا دەبێت و لە بەر چاوی میللەتەکەی وەکو جووتێ پێڵاوی کۆنەی لێ دێت ونرخی نامێنێت.
گەلی کوردیش زۆر جار سەرکردەی خۆویست و بەرژەوەندیخواز تووشی زۆر کارەساتی کردووە و بەرهەمی چەندین ساڵ هەوڵ وتێکۆشانی رۆڵەکانیی بە فیڕۆ داوە و رەوڕەوەی خەباتەکەی بەرەو دواوە بردووەتەوە
بارزانی و تاڵەبانی کە زیاتر لە پەنجا ساڵە بە لای کوردەوە بوونەتە رەمزی شۆڕش و نیشتمان پەروەری لە کوردستان دا و زۆربەی زۆری میللەت، بە دڵ و بە گیان کەوتووەتە داوی شیعار ودڵسۆزی یە فریودەرانەکەنیان، بەڵام وا بینیمان ئەوە ماوەی بیست ساڵە دەستیان کردووە بە دزینی سەروەت و سامانی میللەتی کوردو بازرگانی بە بەرهەمی خوێنی شەهیدانی گەلی کوردەوە دەکەن و لە باتی خزمەتی نەتەوەو نیشتمانەکەیان وپەرەدان بە بیری نەتەوەیی وگەشەپێدانی فەرهەنگ وکولتووری رەسەنی کوردی وکارکردن بۆ دامەزراندنی ژێرخانی داڕماوی ئابووری و کشتوکاڵیی کوردستان، بیریان لای خۆیان وبەرژەوەندی یەکانی بنەماڵەکانیانە و بۆیان گرنگ نیە چارەنووس و دواڕۆژی کورد وکوردستان ڕوو لە کوێ دەکات و چی کارەساتێکی تر چاوەڕوانی نەتەوە ونیشتمانەکەمان دەکات
لە ماوەی بیست ساڵی رابردوودا بە میلیارده ها دۆلاریان کۆ کردووەتەوە بۆ خۆیان و منداڵەکانیان و نەوەودەست وپێوەندەکانی خۆیانیان بەرداوەتە گیانی گەلەکەیان و یاری بە سامان وچارەنوسی گەلەکەیان دەکەن. بارزانی هۆزی بارزانی بەر داوەتە گیانی میللەتی کورد لە ناوچەکانی هەولێر و خوشناوەتی و سورچی و بادینان وخەریکی مژینی خوینیانن، تاڵەبانیش خزمەکانی خۆی بەرداوەتە گیانی کورد لە ناوچەکانی سلێمانی و کۆیە و... چنگیان بە سەر هەموو شتێک داگرتووە.
ئەوەیە نیشانەی دڵسۆزی ونیشتمان پەروەری یەکانیان کە چەندین ساڵە گوێی خەڵکی کوردستانیان پێ کەڕکردووە ورۆڵەکانی کوردی لە پێناودا دەکەنە قوربانی.
میللەتی کورد ئەمڕۆ وەکو جووتێ پێڵاوی کۆنە وهەرزان دەڕواننە بارزانی و تاڵەبانی، چونکە بۆیان ئاشکرا بووە کە ئەوان تەنیا دوو بازرگانی خوێن وبەرژەوەندی یەکانی خۆیان وبنەماڵەکانیانن و هیچکاتێک بیریان لە دواڕۆژی کورد وکوردستان نەکردووەتەوە
ئەمڕۆ لە کوردستان دا ئەوانەی کە دڵسۆزی نیشتمان وداهاتووی کورد وکوردستانن رێزیان لێ ناگیرێت ، یا خراونەتە پەراوێزەوە یا روویان لە دەرەوە کردووەو ئاوارەی وڵاتانن. تەنیا ئەوانە کە بوونەتە کاسەلێسی بنەماڵە وپاراستنی بەرژەوەندی یەکانیان دەور دەگێڕن و یاری بە چارەنووسی گەل ونیشتمانەکەمان دەکەن. روشنبیری دڵسۆزی وەک عەبدوڵڵا پەشێو چونکە پشتی لە دەسەڵاتە وڕووی لە گەلەکەی پەراوێز خراوە و گوێی لێ راناگیرێت ومەیدان دراوە بە کەسانێک ئەسپی خۆیان تاو دەن لە مەیدانەکە دا کە فڕیان بە سەر دڵسۆزی و پەرۆشی یەوە بۆ گەل ونیشتمانەکەمان نیە
زۆر کەس هەن ئەمڕۆ لە کوردستان دا بە ناوی دوکتۆر وپسپۆڕ دەستیان تێکەڵی دەستی دەسەڵات دارانی بنەماڵە کردووە و بەشداری دزی و بەتاڵانبردنی سەروەت وسامانی کوردستانن و ئەوەی بۆ ئەوان گرنگ نەبێت دواڕوژی کورد وکوردستانە. لە کاتێک دا دەیان مرۆڤی دڵسۆز و فیداکار وخاوەن بڕوانامەی بەرز کە دڵیان پڕ لە خوێنە بۆ چارەنووس وداهاتووی کوردستان لە سایەی ئەم دەسەڵاتە گەندەڵ وجەردەیەدا، خراونەتە خانەی پەراوێز وفرامۆشی یەوەوگوێ بۆ پەرۆشی ودڵەڕاوکێ یەکانیان راناگیرێت
ئەوانەی ئەمڕۆ دەستیان تێکەڵ بە گەندەڵی یەکانی هەردوو بنەماڵە کردووە، هەرچەند لە ناو خوشی وسەفادا ژیان بە سەر دەبەن و خەریکی کەڵەکە کردنی سامانی دزراوی گەلەکەیانن، دەبێ باش بزانن پاشەڕۆژێکیان نیە وروژێک دەبێت وەڵامی دادگای گەل بدەنەوە و بە سەرشۆڕی سەر بنێنەوە
سەربەرزی ودواڕۆژیش بۆ کەسانێکی وەک عەبدوڵڵا پەشێو و جەماڵ نەبەز و دەیان سەربازی ونی تری کوردستانە کە بە دڵ و گیان و بێ چاوەڕوانی خەڵات وبەرات خەریکی خزمەت کردن بە زمان وئەدەبیات ومێژووی کورد وکوردستانن
کام رێگا باشە، دز وگەندەڵ بیت وخاوەنی میلیاردها دولاری دزراوی گەل ونیشتمان، یا پاک ودڵسۆز و خزمەتکاری خاک و میللەت بیت و بە سەربەرزی بژیت؟
ئایا کورد لە دوای ئەم دەسەڵاتە گەندەڵەی دەسەڵاتی کوردی لە بیری ئەچێت کێ مرۆڤی باشە و کێ مرۆڤی خراپە؟ دزوگەندەڵکاران کە لە سەر حیسابی خەڵک وسامانی کوردستان بوونەتە خاوەنی پارەوسامانی زۆر یا ئەوانەی دەستیان تێکەڵی دزی وگەندەڵی یەکانی بنەمالەکان نیە وخەمیان تەنیا خەمی کورد ودواڕوژی نادیاری کوردستانە؟
کەی کورد فێری ئەوە ئەبێت جیاوازی لە نێوان جاش وخۆفرۆش و پێشمەرگەی فیداکار و دڵسوز دا بکات، کەی کورد فێر ئەبێت جیاوازی لە نێوان هونەرمەند وگۆرانی بێژی خۆ فرۆش ونیشتمانپەروەردا بکات، کەی کورد فێردەبێت کێ شاعیری نەتەوەیی ونیشتمانی یەو کێ بەیت خوێن وشایەری دەربار وبنەماڵەیە؟
بارزانی وتاڵەبانی چەندین ساڵە بازرگانی بە خوێنی گەلی کورد وکوردستانەوە دەکەن وسەرێکیان تاران وسەرێکیان سوریەوتورکیایە، ئەوەی بە لای ئەوانەوە گرنگە کۆکردنەوەی سامانی زیاتر ودابین کردنی دەسەڵات وداهاتووی نەوە وبنەماڵەکانیانە نەک چارەنووسی کورد ودواڕۆژی کوردستان، هەربۆیە کاتی ئەوە هاتووە بکەونە بەر تۆڵەی بە زەبری گەل وکورد وکوردستان لە شەڕ ومەترسی یەکانیان ڕزگار بکرێت و ئەم پێڵاوە کۆنە وهەرزان و سووکانە بخرێنە زبڵدانی مێژووەوە
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست