کورد و هەڵوێستە سەیرەکان!
Sunday, 28/09/2014, 12:00
کورد و هەڵوێستە سەیرەکان!
بە پێی (سایتی خەندان 25/09/2014) پرۆژەیاسایەك ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان كراوە لەسەر سرودی نیشتمانیی ئەی رەقیب ، بەگوێرەی ئەو پرۆژە یاسایە هەركەسێك لەكاتی وتنەوەی سرودەكە هەڵنەستێتە سەرپێ ئەوا سزا دەدرێت. لەم ئاگربارانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە کوردوستان لە ناوەڕاست و چەقەکەیدایە و نەتەوەی کورد سوتومەنیی یەکەمێتی ، لەم کاتی موچەبڕان و ئیفلاسی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت، لەم کاتەدا کە بڕبڕەی پشتی هەرێمی کوردوستان و دانیشتوانەکەی لە ژێر بارە قورسە جۆراوجۆرەکان قرچە قرچی دێ و لە چەند جێیەکدا مەترسی شکانی لێدەکرێت : پتر لە یەک ملیۆن ئاوارەی ناوخۆ، داعشی دڕندە و هۆڤی بە چەکی پێشکەوتو و شەڕکەری لێزانیانەوە ، تورکیا بە هێزی نەرم (soft power) و نیازگڵاوی و پیلانگێڕیەکانی بەرامبەر هەمو نەتەوەی کورد وەک ڕۆژی ڕون دەرکەوت و بوبە و براوەی یەکەم و لە بەرامبەریشدا هەرێمی کوردوستان بوبە دۆڕاوی یەکەم لە ڕێکەوتنەکانی لەگەڵیدا، ئایا پەرلەمانی کوردوستان کاری گرنگتر و لەپێشتری نیە؟سرودی ئەی ڕەقیب چی گرنگیەکی هەیە بۆ کورد؟ جارێ گۆرانی و سرود و مۆسیقا حەز و زەوقێکی تاکەکەسیە و زۆرجار ئەوە ئاواز و ڕیتمی گۆرانیەکەیە ڕاماندەکێشێ نەوەک واتای وشەکانی، هەر ئەمەشە وامانلێدەکات حەزمان لە هەندێ گۆرانی بێیانی بێت بێئەوەی لێیتێبگەین، باشە ئەگەر ئەندامێکی پەرلەمانی کوردوستان بۆ سرودی (خوایە وەتەن ئاواکەی) تەزویەک سەرتاپای داگرێ و فرمێسکێکی بەکوڵی پێبڕێژێ کە تێکەڵبێت لە غەم و تاسە و خۆشەویستی بۆ کوردوستان و نەتەوەکەی، بەڵام بۆ (ئەی ڕەقیب) هەڵنەسێ، دەبێت بە پێی پرۆژە یاساکە سزابدرێت ؟
پەرلەمان دەیەوێت بە پرۆژە یاسایەکی تر هەڵەبجە ناوبنێ (پایتەختی ئاشتی هەرێمی کوردوستان)، ئەمەشیان هیچ پێویستناکا و لە جێی خۆی نیە و لە کاتکوشتن زیاتر هیچی ترنیە، چونکە: ئیمڕو مرۆڤایەتی هێشتا لەسەردەمی شەڕی سارددایە و کوردوستانیش بە هەر چوار پارچەکەی لە شەڕی گەرمدایە، هەر چەند کیلۆمەرێک ئەودیو هەڵەبجە هەزاران براوخوشکی کوردوستانی ڕۆژهەڵات زیندانی کراون و سەدانی تریش چاوەڕێی لە سێدارەدانن و دەیانی تریش لە سێدارە دراون تەنیا لە بەر ئەوەی کوردن و دەیانەوێ وەک فارس و ئازەری مافیان هەبێت. لە ئۆکرانیا و نێجیریا و سۆمال و یەمەن و لیبیا و غەزە و میسر و فلیپین و ئەندەنوسیا شەڕە، کۆریای باکور هەڕەشەی ئەتۆمیی بەردەوامە بۆ سەر کۆریای باشور و یابان. ڕوسیا و چینیش بەردەوامن لە خۆپڕچەککردنی ئەتۆمی، ئیتر پێمناڵێن ئاشتیی چی؟ مرۆڤی ئێستا (بە ئەوروپی و ئەمریکی) یەکانیشەوە! کە لە ڕوی (مرۆڤناسی)ەوە (Anthropology) پێیدەڵێن (homo sapiens)هێشتا نەبوەتە مرۆڤی ڕاستەقینە، بەڵکو تەنیا قۆناغێکە لە قۆناغەکانی گەشەکردنی مرۆڤ وەک هی پێشتری کە (نیاندرتال) بوە! ئاخر ئەوهۆڤێتی و دڕندایەتیەی لە ئێستا و لە ڕابوردودا مرۆڤ لە سەرتاسەری دونیادا بەرامبەر بە یەکتر دەیکات و کردویەتی کەی حەیوانی دڕندەی دارستان و کەژ و کێو بە یەکتری دەکەن و کردویانە؟ من زۆرباش لە تاسە و حەز ، بگرە لە بێزوی ئینسانی کورد بۆ ئاشتی تێدەگەم و هەمو هەست و شعورم لەگەڵیدایە چونکە ئاشتی بۆ کورد و بۆ هەمو مرۆڤایەتی ئاواتی منیشە، بەڵام بە داخەوە دەبێت نەتەوەی کورد خۆی بۆ شەڕە چارە نوسسازەکان ئامادەبکات، و لە هەمان کاتدا هەمو هەوڵێک بدات کە مافەکانی بە دانوستان و ئاشتی وەربگرێت. بۆیە من پێشنیازدەکەم ئەو دو پرۆژەیاسایە هەر نەخرێنە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە.
ئەمینداری گشتی لە وەزارەتی پێشمەرگە لە یەکێ لە دیدارەکانیدا ئامۆژگاریی دەدا بە تورکیا و ئاگاداری دەکاتەوە کە دەبێت وریای خۆی بێت چونکە ئەگەر داعش بوبە دەوڵەت ئەوا دەبێتە هەڕەشەیەکی ڕاستەخۆ بۆ سەر ئاسایشی تورکیا! تورکیایەک کە ئەزمونی پتر لە هەزار ساڵی حوکمی (عوسمانی و دوای عوسمانی) لە پشتەوە بێت، ئەندامی ناتۆ بێت، دەسگای جاسوسی (میت) ی هەبێت و سەدان پەیمانگەی سیاسی و سەربازی و دیبلۆماسیی بە هەزاران زانا و لێکۆڵەرەوە یانەوە کە لە بری تا نکەری نەوت (تانکەری بیر و هزر و زیرەکی) دەدەن بە سیاسیە کانیان، ئایا پێویستی بە ئامۆژگاری ئێمەیە کە لە باشترین حاڵەتدا لە چاو تورک لە سیاسەتدا بەرامبەر بە دەرەوەی خۆمانی ناکورد (کەمزانیاری) و(کەمزان) و (سادە) و (خۆشبڕوا) و (عاتیفی) ن ؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست