رۆژنامەنووس و كارێزماكانى حكومەتى كوردى
Sunday, 12/08/2012, 12:00
پرسیار ؟ نە وەڵام... نانا نەخێر پرسیار؟ نەخێێێێێر هەردووكیان
دەى با جارێكى دی شڕوشیتاڵتان فرێدەمە دەرەوەو هەندێكى دیكە خۆم بەتاڵ بكەمەوە بە سەرتاندا، ئەو مرۆڤانەى لە حكومەتى كوردیدا واتانزانیوە هەموو شتن و هیچ نەبوون و هیچ نین و هیچیش نابن..
ئەرێ برادەر حكومەت و رۆژنامەنووس جیاوازیان چییە؟ ئەزانم سەرت سوڕماوە لەم پرسیارەم خەمت نەبێت منیش هەروام! فەرموو ، ناو رۆژنامەكان .. رۆژانە ئەوەندە هەزار بەرمیلى نەوت رەوانەى دەرەوە ئەكرێت و كەس نازانێت بۆ كوێ و كێ ئەیبات و لە بەرامبەردا چی وەردەگیرێت.. ئەو فرۆكەوانەى گەڵێكى سوتاند لە گرتووخانە زەخمەكەى كوردستان هەڵهات و كەس نەیزانى چۆن هەڵهات و چی بەسەر هات.. هونەرمەندێك لە سەر شەقام كەوتووەو خانووە تازەكەى فڵان بەرپرس و بینا تازەكەى فڵان حیزب ئەوەندە هەزار دۆلارى تێچووە.. رێژەى منداڵانى بێ سەرپەرشت لە زیادبووندایەو منداڵانى بەرپرس قوتابخانەى نموونەى نەبێت ئامادە نین بخوێنن.. كوڕێكى هەژار دوازدە ساڵە كچێكى خوش ئەوێت لە بەر نەبوونى نەیتوانیوە هاوسەرگیرى بكات، كوڕى ئەو مەسولەى فیشەكێكى بۆ ئەم وڵاتە نەتەقاندوو ماوەى مانگێكە لە زانكۆى هین وەرگیراوە، بوو بە زاواى نازانمكێ ئاغا.. ئەوەندە هەزار پەنابەرى كورد لە وڵاتى هین و هین و هینەو ئەیانەوێت مرۆڤانە بژین.. فڵان نوسەرو روناكبیر لە بەردەم ماڵى خویدا هێرش كراوە سەرى، لێكۆڵینەوە لە روداوەكە بەردەوامە و ئەنجام هیچ.. پرۆژەكەى كۆمپانیاى هین چەند ساڵێك لەوادەى خۆى تێپەڕیوەو تەواو نەبوو، لێكۆڵینەوە نییە و هەمان شێوە كۆمپانیاى فڵان بەرپرسە.. تعینات راگیراوە تەنها بۆ كۆڕى هەژار و بی واسیتە.. قایمقامى قەزا هین، ئەركى خۆى لە خوار پلەى سفرەوە جێبەجێ ئەكات..
ئەمانەو هەزاران شتى لەم شێوەیە رۆژانە لێرەو لەوێ پێش چاو وبەر گوێمان ئەكەوێت..
برادەریش لە وەڵامى هەموو بابەتێكدا قسەى هەیەو لە قسەش ناكەوێت و چەواشەكردن و سیاسەتى قەناعەتپێكدنى بۆ خەڵكانى بەستەزمانى ئەم وڵاتە زۆر بەهێزترە لەو سیاسەتەى پێویستە و رەوایە بیكات. برادەر هەمیشە ئەڵێت: "نەوتى هەرێمى كوردستان بۆ هەرێمەو رێگە بە كەس نادەین دزى لە ماڵى گەل بكات" جەنابیان راستیان فەرموو، ئێمەمانان لە گوێى گادا نوستووین وەكو ئەوان چاومان نابینێت لە بەرامبەر ئەو هەموو تەنكەرە نەوتە رۆژانە ئەودیو ئەكرێت. برادەر:"مەسەلەى فڕۆكەوانەكە تاوانبارانى بە سزاى خۆیان ئەگەن" ئەوە نییە لێكۆڵینەوە هەر بەردەوامە تاكو چەندین كابینەى دیكە ئەگۆڕێن و ئەسەرى مەسەلەكەش نامێنیت. برادەر: "لە هەموو سەردەمێكدا رێز لە هونەرمەندان گیراوە" سەردەمى ئەمان دەرفەت نییە و رێزگرتن تەنها بۆ پیاوى خویان و ئەو ئاغایانەیە لە هەڵبژاردنەكاندا بە دوو قسەى لووس عەشرەتێك دەنگ كۆ ئەكاتەوە. برادەر:"كارمان بۆ منداڵانى بێ سەرپەرشت كردووەو جێگەى حەوانەوەو موچەیان بۆ دایارى ئەكرێت" هیچ ناڵێم سەر شەقامەكانى پایتەخت و پارێزگاكان شایەدى ئەو راستیەن. برادەر:"كوڕى هەژارى ئەم وڵاتە ئێمەى گەیاندە ئەم رۆژە خۆشە" ماڵتان ئاوا بێت ئەوەیە خزمەت بۆ ئەو كوڕە هەژارەى دوازدە ساڵى رەبەقە كچی پیاوە روو خۆشە پینەچیەكەى ناو بازارى فڵان شارى خۆشەئەوێت، لە بەر ئەوەى دڵى دایك و باوكى نایەت جێیان بهێڵێت نەیتوانیوە ژیانى هاوسەرى لە گەڵ مەعشوقەكەیدا پێك بهێنێت. برادەر:"پێویستە پەنابەرانى كورد رەوەانەى وڵات بكرێنەوەو وەكو گەنجێ ئێرە بژین" ئەگەر توزێك شەرم مابێت وا ناڵێن، بۆ كوێ بگەڕێنەوە، بۆ ئەو وڵاتەى دێوەزمە بە دروشمى ئازادى سەردەشت و سۆران و كێ و كێى تێدا گولەباران كران. برادەر: "بە قەڵەمى رەوناكبیرو رۆشەنبیران حكومەت بووە بە خاوەنى یاسا" بۆیە پاش ئەوەى روناكبیران و رۆشنبیران خویناوى ئەكرێن و سەیارەكانشیان ئەسوتێنرێن و ئەچنە سەر ماڵشیان هێشتا بكەرى كارەكان كە ناسراون یاسا رێزیان لێ ئەگرێت. برادەر:"غەرامەى ئەو كۆمپانیایانە ئەكرێت كە لە وادەى خویدا كارەكانى جێبەجێ نەكات" ئەبێت چەند سەیر بێت ئەگەر ویستت غەرامەى خۆت بكەى غەرامەكەش هەر بۆ خۆت. برادەر:"تەعینات راگیراوە تاكو مانگى..." ئەوانەى لە ماوەى راگرتنى تەعیناتدا تەعین ئەبن، هەر زووو ناویان هەتبووەوە، ئەمەش هینى شاخدارى پێ ئەڵێن. برادەر:"بە پێى ئەزوومون و كاراى قایمقامەكان دانراون" ئەگەر وابێت بۆ خەڵكى شارى هین هاواریانە خەمخۆر نییە و سفرە دڕە حزبییەو حزب دایناوە و بڤەیە..
ئەى برادەر پێم وابێت ئێستا وەڵامى پرسیارەكەى سەرەوە گەیشت.. جیاوازى نێوان حكومەت و رۆژنامەنووس ئەوە بوو ، بەڵام بیرت نەچێت مەبەستم لەو رۆژنامەنووسە نییە كە لە بەر سەختى رۆژگار خۆى بە ئێوە فرۆشتووەو كڕیوتانە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست