بریارى لە سێدارەدانى (كوسرەت رەسوڵ) و خۆدزینەوەى پەرلەمان!
Saturday, 24/01/2009, 12:00
لە كۆى سەرجەم دامەزراوە بە ناو دەستوورىو یاسایەكانى كوردستان، دەتوانم بڵیم پەرلەمانى كوردستان (باشترین خراپەكانە)، چونكە ئەمرۆ لە سایەى سەرى حیزبو خێڵسالارى زۆربەى دامودەزگاكانى دەوڵەت لە بەر شەپۆڵى گەندەڵىو رۆتینیاتو تەمبەڵو تەوەزلى كەوتوونە، رەنگە بە دە پرۆژەى وەكو هى (تاڵەبانى) ناتوانرێ ئەم سیستەمە سیاسىو كۆمەڵایەتى و پەروەردەیە لە كەنارێكى ئارام لەنگەر بگرێ، ئێمە دەبێ بە ویژدانەوە لەو چالاكیانەى پەرلەمانى كوردستان بڕوانى لە بەرامبەر دەكردنى كۆمەڵێك یاساو رێسا كە ئەمەش جێگاى دەست خۆشیە، بەڵام ئەم ودەزگایە لە چاو گەورەىو دەسەڵاتى خۆى نەیتوانیەوە رۆڵێكى ئەكتیڤ بگێڕێ، خۆى لە ژێر هەژموونى حیزب رزگار بكات، هێشتا نەبۆتە سەكۆیەكى بەرز بۆ گەراندنەوەى شەرعیەتى یاساو سەندنەوەى مافى بەشخوراوانو لێپرسینەوە كردن لە كەسانى گەندەڵو نابەپرس، كە رۆژانە بە بەر چاوى پەرلەمانەوە مافى هاوڵاتیان پێشێل دەكەن سەرمایەى ئەم وڵاتە فەرهود دەكەن، سەرقاڵى پێكەونانى سەرمایەى زەبەلاحن، بۆیە پەرلەمانى كوردستان نەبۆتە جێگاى متمانەى خەڵكى هەرێمى كوردستان.
زۆرجاران پەلەمانى كوردستان خۆى بە شتى لاوەكىو یاساى بێ مانو نا پێویست سەرقاڵ دەكات، كە هیچ پێویستى بەم هەموو جەدەلو (بینەوە بەردەیە) ناكات كە پەرلەمان خۆى لێدەكاتە خاوەن كێشە، باشترین نموونەش یاسایاى بارى كەسێتى كە ئەم هەموو پەرلەمانتارە پاڵەوانە لێمان بە دەركەوتنو خەریكى موزادەیەى دیموكراسىو كۆمەڵگەى مەدەنیان لە سەر شاشەى تەلەفزیۆن دەكرد، وەكو بڵێى ئەم وڵاتە هیچ كێشەیەكى نیە جگە لە فرەژنى (لە كاتێكدا زۆربەى مەسئولەكان بە پارەى دەوڵەت خەریكى سێكس بازین لەگەڵ كچانى پاشماوەى ئەنفالكراوەكان) هەڵسوكەوتى لەمچەشنەى پەرلەمان جۆرێكە لە فێل كردن لە عەقڵى خۆیانو خۆدزینەوە لە ئەركە سەرەكىو گرینگەكانى خۆیان وەكو (پەرلەمانتارێك)، ئەگەر ئەمسەرى كوردستان تا ئەوسەرى بكەى 1000 دیاردەى فرەژنى نادۆزیتەوە، لە كاتێكدا بە بە دەیان 1000 ملیۆن دۆلارى لە بوجەى كوردستان دەچێتە گیرفانى چەند بنەماڵەو كەسێكى گەندەڵ بە تایبەتى (پارتىو یەكێتى) كەچى پەرلەمان ناوێرێ دەنگى هەڵبرێ یاخود یاسایەك سەبارەت بە گەندەڵىو پێشێل كردنى مافەكانى مرۆڤ لە لایەن دەزگاكانى ئاسایشى پارتىویەكێتى كە ئەنجام دەدرێ، یان هەر هیچ نەبێ چەند وەزیرێكو لەگەڵ سەرۆك و جێگرەكەى بانگێشتى پەرلەمان بكات، لێیان بپرسێ: "ئەرێ كاكى حكومەت بۆدجەى ئەم هەرێمە 9 ملیار دۆلارەو نەوتێكى زۆریش بەدزیەوە دەفرۆشى باجێكى زۆریش لە خەڵك وەردەگرى شەراكەتى زۆر كۆمپانیاو دەزگاى وەبەرهێنان دەكەى بۆچى زۆربەى خەڵكى هەژارنو تواناى پێكهینانێكى ژیانێكى نیمچە جێگر (نەك خۆش) نیە؟".
ئەم قسانەى بەندە لە سەرووبەندى ئەو پۆخەڵەواتەى پەرلەمانى پێشوو دێت كە تاكو ئێستا پەرلەمانى ئێستا نەیتوانیوە لایببات، یان هەوڵى گۆڕینو چاكسازی تیدا بكات. هێشتا پەرلەمانى كوردستان كۆمەڵێك بریارى سیاسىو حیزبى خوولى پێشووى ئیلغا نەكردۆتەوە، هەوڵى سەرلەنوێ دارشتنەوەى بناغەیەكى پتەوى نەداوە كە یاساى نێودەوڵەتى پێشكەوتوو سەنگى مەحك بێت، نموونە بە پێى ئەو بەدواداچوونە یاسایەیى من كردومە لە (ژمارە82 گۆڤارى لڤین) بڵاوكرایەوە، لە سەر مانەوەى حوكمى لە سێدارەدانى كەسى دووەمى ئەم هەرێمەو جێگرى سكرتێرى یەكێك لە گەورەترین حیزبى كوردستان كە (كوسرەت رەسوڵ عەلى)یە كە لە سەردەمى تاك حیزبى لە دواى 31/ئاب كە لە پەرلەمان شەرعاندیان، كردیانە بریارێكى قانوونى (وەكو خۆى هەر ماوە، قابیلى جێ بەجێ كردنە، تا هەڵنەوەشێتەوە، هەر وەكو لێژنەى یاساى پەرلەمان ئاماژەى پێكردوە)، هەڵبەتە نامەوێ قسە لە سەر یاساىو نا یاساى بریارەكە بكەم هەروەها بەرگریش لە (كوسرەت رەسوڵ) ناكەم چونكە (تێبینىو قسەى زۆرم لە سەر رابردووو ئێستاى كوسرەت رەسوڵ هەیە، بەڵام ئێرە شوێنى ئەم بابەتە نیە)، زیاتر سەرسامىو تێڕامانى من لە سەر ئەو عەقڵیەتە ئیفلیجەى پەرلەمانە، كە تاكو ئێستا نەیتوانیەوە بریارە حیزبیە سیاسیەكان كە لە چوارچێوەیەكى یاساى پەردەپۆش كراوە لە لایەن تاكە حیزبێكى دیاریكراو، رەتبكاتەوە یاخود هەرنا لە بەیانامەیەكدا بڵێ شەرعیەتى نیە، ئەگەر نا بۆچى دەزگاى قەزاى (ئەگەرچى قەزایەكى سەربەخۆ دوور لە حیزبە نیە لەم هەرێمە) بریارەكە جێ بەجێ ناكات. ئەى ئەگەر ئەمە مەهزەلەو قەشمەرجاریەت نەبێ چیە؟! با خودى پەرلەمانتارە هەڵۆكان ناوێكى تایبەتى لێ بنێن، بەراستى ئەوەى لە كوردستان روودەدات، جگە لە سیناریۆى شانۆیەكى گاڵەتجارى بە یاساو موقەداستى میلەت هیچى تر نیە، تاكە ئامانجى زۆرینەى ئەو گروپەى ئەمرۆ لە پەرلەمان، هێشتانەوەى ئەم دۆخیە وەكو خۆى بەردەوامى زوڵمو زۆرى حیزبە لە سەر خەڵكە، بە پیرۆز راگرتنى وێنەى سەركردەكان كە ئەمرۆ لە بەرچاوى خەڵك بوونەتە (رەمزە ناشیرنەكان)، لە راستیدا كەسێكى وەكو كاك (عەدنان موفتى) كە سیاسیەكى خاوەن سەنگە لە ناو جەماوەر پێویست بوو هێندە مژوولى چاكردنەوەى یاساكامو ئەكتیڤ كردنى پەرلەمان بێت، نەك خەریكى سیمینار بێ كەڵك بێت لە ئەورپا. ئەو پەرلەمانتارانەش كە دۆراون لە ژیانى (سیاسىو كۆمەلایەتى) هەر سەرقاڵى دژایەتى كردنى دینو دابونەریتى جوانى ئەم میلەتەن، پێویست بوو ئەو یاسا حیزبىو دواكەوتووانە رەتبكردبایەوە هەروەها چاوێك لە ژیانو گوزورانى ئەم خەڵكە بدەنەوە، پارێزگارى لە هەژارو گەنجانو ژنانى بێ دەرامەت بكەن، شەرعیەت بۆ پیشەكەیان بگەڕێنەوە نەك وەكو "كاكە حەمەى حاجى مەحمود گوتەنى: نیوەیان لە برسان دەستیان بڵند بكەن و نیوەكەیتر لە ترسان"،
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست