ئایا گۆڕان بەهەشتەكەى مام رۆستەم دروست دەكات؟..
Thursday, 28/01/2010, 12:00
سەركردە ڕۆڵێكى زۆر دەبینێت بۆ بەنەریتبوونى شتە باشەكان و چاولێكردنى لە لایەن خەڵكەوە، گەلى كوردیش بە هۆى گەمارۆدانى بە هۆى ڕەوشى جیۆپۆلیتیكى كوردستانەوە لە هەر كاتێكدا بێت پێویستى بە خۆڕاگرى و بەرخۆدانى خەڵكەكەى هەیە، كە ئەو چەمكە بەداخە وا خەریكە لە باشوورى كوردستان بەرەو داڕمان دەچێت بە هۆى ئەو دروشمەى كە لەكوردستاندا چەندین ساڵە بەرزكراوەتەوە لە لایەن حزبى دەسەڵاتەوە كە بریتییە لە(هەموو شتێك لە پێناو باڵادەستبوونى شەخس و حزبدا)، ئەوەى هیوادارین گۆڕان گۆڕانى تێدا بكات ئەم خاڵانەیە كە بێ گومان ئەم شتانە ڕاڕایى ناوێت و هەنگاوى بوێرانەو یەكلاكەرەوەى دەوێت كە دەبێت سەركردەو ئەندام پەڕلەمانەكانى گۆڕان غاندى ئاسا لە خۆیانەوە دەستى پێبكەن:
ــ تێپەڕكردنى عەنتەریات لە عەقڵى هەڵسوڕاوانیدا، كە بە داخەوە ئەو كەلتوورە پاش ڕاپەڕین زۆر بە زەقى هاتە مەیدان، تا لە باشوورى كوردستاندا واى لێ هاتووە پۆلیسى هاتوچۆ نەوێرێت داواى مۆڵەتى لێخوڕین لە هیچ ئۆتۆمبێلێكى جۆرى پاترۆڵ نیسان و مۆنیكاو... ئەو جۆرانە بكات نەوەك هى بەرپرس بێت و ئیهانە بكرێن، با بەرپرس لە دەسەڵاتدا نموونە بێت بۆ پێبەند بوون بە یاساوە.
ـ دەبێت هەوڵ بدرێت بوجەى حزب ئەوەندە بێت تەنها كاروبارى ڕۆژانەى حزبى پێ بەڕێوەببرێت، نەك وەك ئەوەى ئێستا هەیە ئەو پارە زۆرە كەوتووەتە دەستى چەند بەرپرسێكى حزبى كە پیاوەتى بە سەروەت و سامانى گەلەوە دەكەن، لەم گیرفانەكەى دەدزن و بە پیاوەتى هەندێكى دەخەنە گیرفانەكەى دیكەیەوە.
ـ دانان و دامەزراندن لە دەوڵەتدا لە هەر پۆستێكدا بە شێوەى ئیعلانكردن و بۆ هەموو خەڵك بێت و كۆتایى هێنان بە واسیتەو مەحسوبیەت و مەنسوبیەت و سزادانى هەر جۆرە ڕافتارێكى لەو جۆرە، دەكرێت ئەنجومەنى بێ لایەنى (خدمەى مەدەنى) دابنرێت بۆ ئەو مەبەستە كە كارەكەى تەكنیكى بێت و دەستێوەردان لە كاروبارى نەبێت.
ـ یارمەتى سۆشیال بۆ هەر كەسێكى بێ كار تا كارێكى دەست دەكەوێت، بێ گومان دەبێت دەوڵەت هەموو هەوڵەكانى بخاتە گڕ بۆ دابین كردنى كار بۆ هاوڵاتیان. هەروەها بۆ ئەوەى هاوڵاتى ڕوو لە كار بكات دەبێت چۆن فەرمانبەر پاش تەمەنێكى دیاریكراو خانەنشین دەكرێت، ئەو كەسانەش هەر كارێك دەكەن خانەنشین بكرێن. هەروەها ژیانیان تەئمین بكرێت لە كاتى لێقەومان و نەخۆشى و....
ــ دارشتنەوەى سیستەمێكى نویى موچە، كە جیاوازییەكان كەم بكاتەوە بە شیوەیەك هەم جیاوازییەكان لە نێوان فەرمانبەراندا بە هەموو پلەكانییەوە جیاوازى زۆر نەبێت هەم موچە بە بەراورد لە گەڵ داهاتى ئەو كەسانەى كاسبى ئەهلین زۆر نەبێت، ئەمەش دیسانەوە بۆ ئەوەى خەڵك ڕوو لەكار بكات. ئێستا ئەوەى هەیە سیستەم نییە بەهەشتە بۆ كەمینەو دۆزەخە بۆ زۆرینە، بۆ نموونە ئێستا دادنووسێكى خاوەن(16) ساڵ خزمەت كە هەڵگرى بەكەلۆریۆسى یاسایە كە ڕۆژانە زیاتر لە (100) كەس بە ڕێ دەخات موچەكەى پێنج ئەوەندە كەمترە لە ئەو كەسانەى پلە تایبەتن و هەمان بڕوانامەیان هەیە. جیاوازى لەم جۆرە هیچ مەعقول نییە. هەروەها بە نسبەت موچەى ئەندام پەڕلەمان بە بەراورد لە گەڵ موچەى مامۆستادا.
لە كۆتاییشدا یەك داوام لە دەسەڵات هەیە، من خوا بەهرەیەكى پێ داوم لە نووسین لەبوارى قانوندا تا ئێستا (3) كتێبم بە چاپگەیاندووە و دووى تریش بە ڕێوەیە، دەمەوێت مەنهەج بۆ گەلەكەم لە بوارى قانوندا دابنەم وچى دى قوتابى كوردیش كتێبەكانى بە زمانى خۆى بخوێنێت، بۆیە داواكارم نەمكوژن بەڵێ نەمكوژن لە سەر ئەو پێشنیارانە تا ئەو پەیامەم بەجێ دەگەیەنم.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست