کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


((مناڵەكان، قەڵەمەكانتان بشكێنن))

Wednesday, 02/06/2010, 12:00



هۆ، كوردستانە پەشۆكاوو پەژموردەكەم
چەندێك لە پێناوى ئازادى تۆدا
خۆیان كرد بە توونى ئەنفال و گێژەڵوكەى كیمیاییا.
چەندێك لە پێناوى ئازادى تۆدا
ڕێگەى نەهاتى كۆڕەو ڕێكەى ئەبەدییان گرتەبەر
چەندێك لە پێناوى ئازادى تۆدا
لەناو جەرگى تاریكیدا قەڵەمیان بۆت دادەگیرساندو
شعرێكیان لە پێناوتا گڕ ئەدا.
چەندێك لە پێناوى ئازادى تۆدا
هوتافى سەر دیوارو بەیاننامەیان جاڕەدا.
تاوایان كرد
پایتەختێكیان بۆ كردیتە پیرە هەولێرو
سوڵتان موزەفەرێكیشیان لەبەر دەركى قەرات دانا.
تا، چاودێرى مەنارەكەى چۆلى بكا.
هۆ، كوردستانە پەشۆكاوو پەژموردەكەم.
ئاگات لێیە. یان، پێت بڵێم:
نوكە، لە سایەى حوكمدارى لەمەڕ ئاغاكانى خۆمان.
نوكە، لەسایەى ماستاوچێتى لەمەڕ قەڵەمە ماستاو شڵەقێنەكان
نوكە، لەسایەى باندانى مافیاو حیزب و خێڵ پارێز.
ئەو قەڵەمانەى لە پێناوتا ئەسوتێن، ئەخنكێنرێن.
گوللە باران ئەكرێن و بێسەروشوێن ئەكرێن.
ئەدى ئەو ڕووبارە خوێنانە
لە پێناو ئازادیدا نەڕژان.
ئەدى، عەرعەر نەبووە جێگەى سەر فرازى هەزارانمان.
كە كۆیلەییمان قبوڵ نەكرد.
ئەدى هەڵەبجە نەبووە دۆزەخ
كە ویستى قەڵەمەكەى ئەحمەد موختار جاف بكات بە كەتافیەكەیداو،
شعرەكانى بخوێنێتەوە.
ئەدى، ژنانى ئەم نیشتمانە نەبوون لە پێناوى ئازادییا
سەربازەكانى بەعس لە نوگرەو تۆپزاوا ئەتكیان كردن.
ئەدى، سەردەشت نەبوو هەر لەبەرئەوەى لە هەڵەبجە تێدەگەیى و
جار جار دەمەتەقێیان دەكرد.
لە ژەهرەكەى ئەمیان پێدا**
ئەدى، ئەوە نیە دیاربەكر بە دزییەوە گوێ بۆ شڤان ڕا ئەدێرێ و،
مهاباد، بە بێدەنگى شیوەن بۆ قازى ئەگێڕێ و،
قامیشلۆ لەبەر بێ ناسنامەى
ئەچێ لە پەناهەندەیى بە دڵدارەكەى شاد ئەبێت.
ئەدى، دواى ئەم هەموو قوربانیە لە پێناوى ئازادیتا
ئەم سەردەشتەى ناو هەناوى پایتەختە غەمگینەكەت چى؟
** *** **
من، پێموایە كتێبەكەى دەستى سوڵتان موزەفەریان دزى.
ڕەنگە ئێستە لە سنوریش پەڕیبێتەوە.
بەڵام مناڵێكى وریا كە بەیانى هەستا لە خەو
بینى وا دەستەكانى بەتاڵەو فرمێسكەكانى قەتیسە
دەفتەرێكى لە جانتاكەى خۆى دەرهێناو خستیە نێوان هەردوو دەستى.
لەو ڕۆژەوە چەند سەردەشتێك
شەو بە ئەسپایى و بە خشپە
ئەهاتن و بە چرپەوە هەرچى غەدرە پێیاندەگوت.
ئەویش بە گریان و زارى هەمووى لە دەفتەرەكا دەنووسى.
ئێستا كتێبەكەى سوڵتان گشت غەدرەكانى تێدا یاداشتە.
** *** **
بەڵام، وا چەند ڕۆژێكە سەردەشت نایەو
ئەویش هیچ خەبەرى نییە.
** *** **
خەفەت مەخۆ منداڵێك لە مەكتەبەوە دێو.
پێتدەڵى: چى بووەو؟ چى ڕوویداوەو؟ چى دەبێت؟
** *** **
مناڵەكان،
قەڵەمەكانتان بشكێنن***
كتێبەكانیشتان داخەن
هیچ مەنوسن، بڕیار وایە هەموو بمرین.
بڕیار وایە ئیدى:
دارا، هەرگیز دوو دار نەبینێ
دۆكەى دادەش نەڕژێ و دنیا ببێ بە ماستى مەییوو.
قەڵەمەكانتان بشكێنن
ئەوەتا لۆجیكێكى بەد
خەریكى شكاندنى قەڵەمە
خەریكى گوللە بارانكردنى قەڵەمە.
دوژمنى جریوەى خوێندن و ڕاستییە.
مناڵەكان،
قەڵەمەكانتان بشكێنن
من دڵنییام
ئێوە هیچتان ناتانەوێ
قەڵەمەكانتان بۆ بشكێنن
ئێوە هیچتان ناتانەوێ وەكو سۆران و سەردەشت بن.

*من وەسیەتەكەى شەهید سەردەشت بە جیدەهێنم. خۆى دەڵێ لە هەركوێدا من ژیانم تەواو بوو با هاوڕێكەم خاڵێك دانێو بێتە سەر دێڕێكى نوێ.

وا من پاش دوو دڵى و ڕاڕاییەكى زۆر هاتمە سەر خەت. هیوادارم بتوانم وەكو گاتاكانى ناو ئاڤێستاى زەردەشتى كە موخەكان بە دەنگ دەیان خوێندو هەموو شاخەكانى هەورامان دەنگى دەدایەوە ئاوا وشەكانى منیش بۆ تۆى زەردەشت دەنگ بدەنەوە.
** شارى سەردەشت پێش هەڵەبجە كیمیا بارانكرا. بەڵام بۆ خاترى شعرەكە وامدانا.
***مەبەست لە شكاندنى قەڵەمەكان ئەوەیە كە دەسەڵاتى گەندەڵ و تاریك پەرست ناتوانێ رێ بە شەپۆلى پێشكەوتن و ڕاستى دەرخەر بگرێت. وا دوێنێ سۆران و ئەمڕۆ سەردەشت و سبەى...........شەهیدكران بەڵام لە كۆتاییدا، ئەوەى دەژى سۆران و سەردەشت و................. یە كە لەپێناو زیندوو ڕاگرتنى ویژدانى خۆیاندا گیانیان فیداكرد.
بژى كتێب
بژى قەڵەمى ڕاستگۆ
ڕسوابێت ئەوى سەدان دەزگاى ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیرى هەیە و كەچى لە ناخەوە دوژمنى قەڵەمەو گوللە دەنێت بە ناودەمى قەڵەمەوە.
هەرچۆن بێت ئەو نەوەى كە بەڕێگاى عەقڵگرتنەوەیە، نەوەیەكە نازانێ خێڵ و حیزب و بنەماڵە ئەو نەوەیەكە ڕاستى و ڕاستەقینەوى دەوێ.
9/5/2010
[email protected]
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە