پرۆسەی بەحیزب کردنی کۆمەڵگا.!
Sunday, 03/04/2011, 12:00
"ناچار کردنی خەڵك بەوەی کە گوێڕایەڵی ئیرادەی تۆ بن ، سەرەتای خۆپەرستی و ستەمکاریە و زۆرداری و ئۆتۆکراسی هێلکەیەکی ژەهراوەیە کە دەبێت لەناو ببرێت "
باوکی دیموکراسی " ئەمپیدۆکڵس "
پرۆسەی گۆڕانکاریی کوردستان جیاوازه لە پرۆسەى گۆڕانکاری میسر و تونس و ..هتد،ئێمە جگە لەوەی گۆڕانی دەسەڵات و سیستەم دەبێت بکەین ، پرۆسەیەکی زۆر گرنگتریش لە پێشمانە ،بەبڕووای من لە ئێستادا کارێکی زۆر قورس دەکەوێتە ئەستۆی نەوەی نوێ ، نەوەی نوێ ئێستا داوای گۆڕان دەکات و هەر نەوەی نوێیش هەموو پرس و پرۆسەکانی دەکەوێتە ئەستۆ " ئەویش لە پرۆسەی بەحیزبی کردنی کۆمەڵگه وە بگوازرێتەوە بۆ پرۆسەی بە نیشتیمانی کردنی کۆمەڵگه و ئازاد کردنی کۆمەڵگه لە پرۆسەى بە حیزبکردنەوە بۆ نێو بازنەی کورد بوون و کۆشی ڕاستەقینەی کۆمەڵگه " بە کورد کردنەوەی کۆمەڵگا ، ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوودا دیتمان ئەو پرۆسەیه بوو پارتی و یەکێتی گرتبویانە بەر و هەموو ئازادییەکانی کۆمەڵگایان لە چوار چیوەی لۆژیکی حیزبدا تەسک کردبویەوە ، هەموو مامەڵەیەکی لۆژیکیانەیان بە حیزبی کردنی کۆمەڵگه بوو ،مامەڵەی نا لۆژیکی ئەم دوو پارتە تەنانەت لە حیزبیشدا بچوککرابویەوە بۆ بنە ماڵە ، لە بنەماڵەیشەوە بۆ تەنها کەسێك ، بەبڕووای من لە دۆخی وەک ئێستاى کوردستان گوزەر کردن لە ژێر دەسەڵاتێکی وەک ئەوەی ئێستا لە کوردستاندا هەیە هەموو ڕۆژێكی نوێ بونەوەی کارەساتە و تراژیدیایە بۆ کۆمەڵگه ی کوردی ، لە خوارەوە بۆ سەر کۆمەڵگه چاوەڕووانی بڕیاری تاکە کەسێك دەکات ، ئەوەی دیتمان تراژیدیاکەی پارتی بوو بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان و بەتایبەت خۆپێشاندەرانی سلێمانی ،بە بڕووای من پێدەچێت تەقەکەرانی تاوان باری سەرەکی نه بن ، بەڵکوله وانه یه تاوانبار سەروتربن ، چونکە بینیمان بەر پرسی یەکەمی ئەوبارەگایە لەپەیوەندی بەردەوامدا بووە لەگەڵ سەروی خۆیەوە ، بەڵام بینرا کوژراو بریندار بووكەوته وه ، شاراوەش بڕیار دەری سەرەکی تەقە بوو ،ئەویش كەسی یەکەمی پارتی لێی بەر پرسیارە ،دووای ئەم کردەوەی گروپی تەکیەى چوار مسعود بارزانی هیچ لێدوانێکی وای نەبوو تاوانبار بناسێنیت و زوڵم لێکراویش بەمافی خۆی بگه یه نێت ،ئەم بێدەنگیەی بارزانی لە ئاست دەسەڵاتی سەرۆکایەتی هەرێم تاوانێکە مێژوو لە هەموو ساتێك دەیهێنێتەوە بەرچاومان ... لە دیدی ئەدریان ریج : ههندێ جار به قسه درۆکردهین و ههندێ جاریش بهبێ دهنگی . لەم دیدەوە لە هەردوولا سەرۆکی هەرێم دەبینین لە ڕووکار و لە ناوەڕۆكیشدا ، لە گوفتاری تیۆریدا ، لە بێدەنگی بەرامبەر بە هەولێر و ناو هێنانی بە دوبەی و ئازادی تەواو چاو نوقاندن لەو ترس و تۆقاندنەی بەرامبەر بە خەڵکی هەولێر دەکرێت... ڕوون و ئاشکرایە لەساڵانی پێشودا بەعس هەمیشە هەوڵی دابوو بە بەعس کردن ئه نجامبدا ، بە چاندنی ترس لە ناخی تاکی کۆمەڵگه ی کوردی ، لە سێدارەدان ، ئەنفال کردن ، کیمیا باران کردن ... هتد، ئیستا ئه مان نیشتیمانیان کرد بە دوو پارچەوە، پارچەیەک بۆ زەرد و پارچەیەک بۆ سەوز ،داهات و سەروەت و سەربازی نیشتیمانیان کرد بە دووبەشه وه ، لە دووای ئەم دوکەرت بونە بەسەر دو لایەنی زەرد و سەوزدا ، ئەم دوو دەسەڵاتە هەستان بە بساندنى پارت و لایەنە سیاسیەکانی دەوروبەریان ،بە کڕینی ناخ و کەسایەتی ، بە هێنانەوەی جاشە مستەشارەکان بۆ نێوپلە و پایەی دەسەڵات ... لەدووای ئەم نائەقڵانیەی دووپارت ئاسایشی کۆمەلگای کوردی بەتەواوی کەوتە ژێرمەترسیەوە، تا چرکە ساتی ئێستایش بەردەوامن لە داپڵۆسین لەژێر چەتری دەزگای پاراستن و زانیاری، ئەوەی بیانەوێت دەیکەن و تاهەنوکەیش بەردەوامن لەپرۆسەی تیرۆر کردنی کۆمەڵگه ، لەگەڵ ئەم لۆژیکەدا بەردەوامن لە بەرز ڕاگرتنی تاك بەسەر گەلو بەگەورەدانانی کەسێك بەسەر ئەوانی تردا، ئێستا لە سنوری بلەو بارزان پارتی پێغەمبەرێکی بۆ خۆی دروست کردووە و کردویانە بە زیارەتگا ، ئەم لۆژیکە نائەقڵانیە لەسەرەتاوە دەسەڵاتدارانی کوردی دەستیان پێکرد جیاواز نەبوو لە پرۆسەکانی لەناو بردنی کورد لەلایەن سەدامەوە .! وەک ئەو پرۆسانەی کەلەسەرەوە ئاماژەم پێکرد ، ئەوەی بە ڕوونی لێمانەوە دیار بێت ڕوداوەکانی ئەم دووایەی هەرێمی کوردستان بوو ، کاتێك ئێمە دەبینین تفەنگەکانیان رەشە کوژی خەڵکی سڤیلی کوردستان دەکەن ، کاتێك دەبینین پیاوەکانی سەرۆک گەنج دەبەن سەریان پێ نەوی دەکەن لە ئاست پۆستاڵەکان ، کاتێك دەبینین شەوو رۆژ تاوان و تۆقاندن ئەنجام دەدەن و خەڵك بێدەنگ دەکەن ، لە هەموو ئەم کاتانەدا دەسەڵات بێدەنگە ، بارزانی و تاڵەبانی نەک بۆ خودی باشوری کوردستان ، بەڵکو ئێستا بوون بە پاڵپشتێکی باشی ناحەزانی کورد بۆ یارمەتیدانیان دژ بە خەباتگێڕانی کورد لە باکور و رۆژهەڵات و رۆژئاوای کوردستان ،هەموو هەوڵەکانیان بۆ مانەوە خودی پارتەکانیانە بۆ مانەوە لەسەر کورسی دەسەڵات ، جا هەر چۆن بێت بۆ ئەوان گرنگ نیە ، گرنگ ئەوەیە خۆیان لەدەسەڵات بمێننەوە... وەک سەرەتا ئاماژەم پێکرد کە ئەم دووپارتە لە پرۆسەی بەحیزبی کردنی کۆمەڵگای کوردیدان ، تا هەنوکەیش بەردەوامن، لەچرکەساتی ئێستادا ئەو پرۆسە نەگریسەى سەرانی پارتی و یەکێتی ماوەی 20 ساڵە پیادەی دەکەن ئیتر ئاسۆیان بەرەو ئاوا بوون چوو ، کاتی بارزانی و تاڵەبانی تەواو بەسەرچوو ، ئێستا کاتی نەوەی نوێیە ، ئەو دەنگەی ئیستا هەیە لەسەر شەقام ئەوە دەنگی گەلێكە و بێدەنگی شكاند بەڕووی دەسەڵاتی تاکڕەوەی بنەماڵەییدا ،چیتر دەسەڵاتێک و سەرۆکێکی تیۆریی ناوێت ، ئەمڕۆ نەوەیەک هەیە کە پێیان ئەڵێت ئێمە کردارمان دەوێت ، نەوەی ئێستا ئیتر بەربەسته به رووى پرۆسە بە حیزبی کردن، نەوەی ئێستا ئەو دیوارەی لە بن تێك هەژان کە 20 ساڵە بنیات نراوە بۆ بە حیزبی کردن ، هەر بۆیە لەچرکەساتی ئێستادا دەسەڵاتی بنەماڵەی و تاکەکەسی و تاکڕەوی لە لێواری مەرگدایە ..
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست