کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کاندا براوه‌ دۆڕاوه‌ دۆڕاویش براوه‌ ده‌بێت !

Sunday, 26/07/2009, 12:00


سیسته‌می هه‌ڵبژاردن له‌ کوردستاندا، سیسته‌می ساخته‌کاری و چه‌واشه‌کارییه‌ . وه‌ک کوردستانپۆست پێمان وابوو که‌ کێشه‌ سیاسیی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و تاڵه‌بانیدا له‌ڕێگای سندوقه‌کانی ده‌نگدانه‌وه‌ یه‌ککلایی ناکرێنه‌وه‌، چونکه‌ سندوقه‌کانی ده‌نگدان هه‌رله‌سه‌ره‌تاوه‌ وه‌ک هه‌موو ناوه‌نده‌کانی دیکه‌ی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان له‌لایه‌ن مافیای بارزانی و تاڵه‌بانییه‌وه‌ ده‌ستیانبه‌سه‌ردا گیراوه‌ . ته‌نها شتێک ‌ بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ که‌ بایکۆتی هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌مجاره‌ نه‌که‌ین، ئه‌وه‌ بوو که لیست و لایه‌نی تازه‌ هاتبووه‌ ناو گه‌مه‌که‌وه‌ و جه‌ماوه‌ر چاوی هیوای له‌و لیستانه‌بڕی بوو. پێمان باشبوو که‌ جه‌ماوه‌ر دووباره‌ ڕێگای سندووقه‌کانی ده‌نگدان تاقی بکاته‌وه‌ تا له‌م ڕێگایه‌وه‌ بۆی ده‌ربکه‌وێت که‌ سندووقه‌ ده‌ستبه‌سه‌رداگیراوه‌کانی ده‌نگدان ڕێگای ئه‌و گۆڕانکاری ئابووریی و سیاسییه‌ پۆزه‌تیڤه‌‌ نییه‌ که‌ چاوه‌ڕوانی ده‌کات . ئه‌مڕۆ هه‌ر له‌یه‌که‌مین ساته‌کانی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌، لیسته‌ ڕکه‌به‌ره‌کانی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و تاڵه‌بانی هه‌واری ئه‌وه‌یان لێبه‌رز بووه‌وه‌ که‌ پێشێلکاری و ته‌زویرکاری له‌ پرۆسه‌ی ده‌نگداندا ده‌ستی پێکردووه‌‌ . ئه‌و هه‌واڵانه‌ نه‌بوونه‌‌ مایه‌ی سه‌رسوڕمانی زۆری ئێمه‌، چونکه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ دڵنیابووین که‌ ئه‌گه‌ر پێشێلکاری و ساخته‌کاریش له‌ پرۆسه‌ی ده‌نگداندا نه‌کرێت، به‌ڵام بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و تاڵه‌بانی ده‌ست له‌ ده‌سه‌ڵات کورسی شکاوی ژێریان به‌رناده‌ن و ئاماده‌ نین به‌ شێوه‌یه‌کی دیموکراتییانه‌ و بێخوێنڕشتن ده‌سه‌ڵات بۆ لایه‌ن و هێزی براوه‌ له‌ هه‌ڵبژاردندا به‌جێبهێڵن .
له‌ ئه‌قڵی دیکتاتۆری و خۆسه‌پێنی تاڵه‌بانی و بارزانی گرنگتر بۆ مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و دوو بنه‌ماڵه‌یه‌ ، ده‌وڵه‌ته‌کانی ناوچه‌که‌یه‌، به‌تایبه‌تی ئێران و تورکیا . ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته‌ له‌مێژه‌ که‌ بارزانی و تاڵه‌بانی وه‌ک نۆکه‌ر و ئه‌ڵقه‌ له‌گوێی خۆیان سه‌یر ده‌که‌ن و له‌ ڕێگای ئه‌و دوو بنه‌ماڵه‌یه‌وه‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ئابووریی و سیاسییه‌کانی خۆیان له‌ کوردستاندا مسۆگه‌ر ده‌که‌ن . هیچ یه‌کێک له‌ ده‌وڵه‌ته‌ داگیرکه‌ره‌کانی ناوچه‌که‌ نایانه‌وێت ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و تاڵه‌بانی و سیسته‌مه‌ گه‌نده‌ڵه‌که‌یان له‌ کوردستاندا بکه‌وێته‌ به‌ر مه‌ترسی گۆڕانکارییه‌کی پۆزه‌تیڤه‌وه‌ که‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خه‌ڵکی کوردستانی تێدا بێت‌، چونکه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی ئه‌وانه‌وه‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کان و سیاسه‌ته‌ دژی کوردو دژی ئازادییه‌کانیان ئاڕاسته‌ ده‌که‌ن له‌ کوردستاندا. له‌م گۆشه‌ نیگایه‌وه‌‌، ئێمه‌ به‌دووری نازانین که‌ له‌ پێشێلکارییه‌کانی پرۆسه‌ی ده‌نگدانه‌کانی ئه‌مڕۆیشدا، ده‌ست یان نه‌خشه‌ی دوژمنکارانه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی له‌ پشته‌وه‌ نه‌بووبێت . بۆیه‌ ئێمه‌ پێشبینی ده‌که‌ین که‌ لیستی ئه‌سپه‌که‌ی تاڵه‌بانی و بارزانی خۆی بۆ سمکۆڵکردنێکی چوار ساڵه‌ ئاماده‌ بکاته‌وه‌ و بارزانی و تاڵه‌بانی براوه‌ی سندوقه‌کانی ده‌نگدان بن، به‌ڵام ئه‌م بردنه‌وه‌یه‌ له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ دۆڕانێکی گه‌وره‌یه‌ و سه‌ره‌تای ده‌ستپێکردنی پرۆسه‌ی گۆڕانێکه‌ به‌ره‌و کۆتایی هێنان به‌ ده‌سه‌ڵاتی تاڵه‌بانی و بارزانی، چونکه‌ له‌لایه‌ک ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ دیکتاتۆرییه‌ به‌شێوه‌یه‌کی دڕنده‌تر له‌ 18 ساڵی ڕابردوو په‌لاماری ژیان و ماف و ئازادییه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان ده‌داته‌وه‌ و له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه‌ ئاستی هوشیاری سیاسیی و خه‌باتی جه‌ماوه‌ری له‌ کوردستاندا به‌ره‌و سه‌ره‌وه‌تر ده‌ڕوات، ئاستێک که‌ به‌ کرده‌وه‌(نه‌ک له‌ڕێگای سندوقه‌کانی ده‌نگانه‌وه‌) به‌م ده‌سه‌ڵاته‌ دیکتاتۆر و چه‌ته‌یه‌ ده‌ڵێت " نه‌خێر " بۆ حوکمڕانی فیرعه‌ونانه‌تان . ئه‌و هێزه‌ سیاسییانه‌ی که‌ به‌ ئه‌قڵێکی نوێوه‌، به‌ستراتیژی و پێکهاته‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی و حیزبی نوێوه‌ له‌ به‌ره‌ی گه‌لدا بوه‌ستنه‌وه‌ دژبه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ دیکتاتۆرو مافیایه‌، به‌دڵنیاییه‌وه‌ له‌ دوا ئه‌نجامدا براوه‌ی ئه‌م گه‌مه‌ سیاسیی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ ده‌بن.
ئێمه‌ وه‌ک کوردستانپۆست، له‌مێژه‌ که‌ خۆمان به‌ به‌شێک له‌و ناڕازه‌یه‌تی و توڕه‌بوونه‌ جه‌ماوه‌رییه‌ ده‌زانین دژ به‌ ده‌سه‌ڵاتی دیکتاتۆرانه‌ی بارزانی و تاڵه‌بانی . بڕواشمان وایه‌ که‌ خه‌باتی خه‌ڵکی کوردستان بۆ گه‌یشتن به‌ ژیانێک مرۆیی، بۆ گه‌یشتن به‌ ئازادی و ڕزگاری یه‌کجاری ته‌نها له‌ ڕێگای ڕاپه‌ڕین و شۆڕشێکی جه‌ماوه‌رییه‌وه‌ بۆ له‌ ڕه‌گه‌وه‌ هه‌ڵکێشان و ڕاماڵینی ده‌سه‌ڵاتی بارزانی و تاڵه‌بانی له‌ سه‌رتاسه‌ری کوردستاندا. ئێمه‌ بڕوامان وابووه‌ و بڕوامان وایه‌ که‌ له‌ ڕیگای ڕاماڵینی یه‌کجاری ده‌سه‌ڵاتی دیکتاتۆرانه‌ی بارزانی و تاڵه‌بانییه‌وه‌ ماف و ئازادییه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان دێته‌ دی نه‌ک له‌ ڕێگای سندوقه‌ مۆنۆپۆڵکرا و ته‌زویرکراوه‌کانی ده‌نگدانه‌وه‌ . له‌مڕۆوه دووباره‌‌ ئێمه‌ بانگه‌وازی ئه‌و ڕاپه‌ڕین و شۆڕشه‌ ده‌که‌ین .

کوردستانپۆست
25 .5 .2009


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە