کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


قوربانیەكانى دەستى بنەماڵەى مەلا مستەفا لە عەلی عەسكەریەوە تا زەردەشت عوسمان

Tuesday, 18/05/2010, 12:00



ڕەنگە ئاسانترین شت لای سیاسیە گێل و كاڵفامەكان بەكار هێنانى دەمامك بێت بۆ ڕووپۆشكردنى ڕووخساری بەد لەبەرامبەر میللەتێكى ستەمدیدە و ماڵ وێران بۆ ئاواژوو كردن و خۆدزینەوە لە گوناهباری و تاوانكردن.
بێگومان میللەتی ئێمەش وەك نمونەى میلەتانى بەش مەینەت و زووڵم دیدە هەمیشە نێچیری دەمامك و ڕووبەندى سەركردە و مەركردە و سیاسیەكانى بووە و هەرچۆنێك بەرژەوەندى خاوەن كۆمپانیاكانى پارتی و یەكێتى ویستبێتى، ئاوها فریودراوە و فریوى خواردووە، بۆیە بەكارهێنانى ئیمائەیەكى كزتر و تۆزێ خۆ بێتاقەت كردن لەكاتى كۆنگرە ڕۆژنامەوانیەكاندا پیشەى هەر لە باش تا خراپی سەركردە سیاسیەكانى ئێمەیە كە جارێك وەك سەرۆك و جارێك وەك جێگر و جارێك وەك وەزیر و جارێك وەك گزیر و وەك كەڵەگاى سەر ڕۆحی ئەم میللەتە چەوساوەیە دەردەكەون.
بنەماڵەى مەلا مستەفا زیاتر لە جەلالیەكان و ئەحزابە ئیسلامیەكانى هەرێم حەزیان بە تاكتیكى فڕاندن و تیرۆركردن هەیە ئەویش لەبەر ئەوەى لەناو هەڕەمى بنەماڵەدا كەسێكی وایان تیادا نیە كە بتوانێت لەبەردەم پرسیار و تێبینیەكانى خەڵكانى نا پارتی و خاوەن فكری جیاواز و چاودێردا ڕووبەڕوو ببێتەوە و نە بوونى ئەم عەقڵیەتە و نەبوونى توانای دیالۆگ و تێگەیشتن و بێ كەسی لەو ڕووەوە بۆتە هۆی ئەوەى كە هەر لەسەرەتای سەرهەڵدانى دیاردەى پارتى و مەلا مستەفاوە تا هەنووكە، هەر یەكە لە رەخنەگرانى دەسەڵاتى عەشایەری ئەو بنەماڵەیە بەجۆری تیرۆر و رفاندن و تۆقاندن كۆتاییان پێ بهێنرێت، هەر ئەم نەقسەش لە خودى مەلا مستەفادا بووە هۆی ئەوەى كە بێ سڵ كردنەوە لە مێژوو و لە لادان لە ئەخلاقی كۆمەڵایەتى و ئاینیی و سیاسی بۆ زۆر ڕووبەرووبوونەوە پەنای بردۆتە بەر هەڕەشەو خۆ گیڤكردنەوە و كوشتن و تیرۆر و تۆقاندن، بۆنمونە كاتێك زانى كە جەلال تاڵەبانى ئاڕایەكى جوداى لە فیكری سیخوڕیكردن بۆ یەكێتى سۆڤیەت هەیە بەتووندى و بە زەبری هێز ڕووبەڕووى بوویەوە و دووری خستەوە و زۆرێك هەوڵی لەپێناو لە ناوبردنیدا داوە و بۆ ئیبرایم ئەحمەد و چەند سكرتێرێكى تری ئەو دەمەى پارتى هەمان شێواز و ڕێگای بەكار هێناوە و تەنانەت ئابەو جۆرە شەهید كردنى شەهیدی سەركردە عەلی عەسكەری بە مەردایەتى بۆ بنەماڵە و نەوەكانى دەزانى!

بێگومان گیا لەسەر بنجی خۆی دەڕوێت.
ئەگەر بمانەوێ لە مێژووى تیرۆر و لە قوربانیانى ئاڕای جیاواز لەم هەرێمە وورد بینەوە ئەوا بەهەڵەدا دەچین ئەگەر وابزانین مێژووەكەى نوێیەو لە برای شەهیدمان (بەكر عەلی پشدەریی) وە دەست پێ دەكات، بەڵكو ئەمە دیاردەیەكە كە دەستپێكى لە عەقڵی پڕ زووڵمەتى بنەماڵەى مەلا مستەفاوە تولەى كێشاوە و ساڵانە چەندین جار بە ئاشكرا و بە نهێنى بەردەوامى پێ بەخشراوە و دیاردە ئاشكراكانى ئەم دوواییەشی (سۆرانى مامە حەمە و مامۆستا عەبدالستار و زەردەشت عوسمان)ە و مەگەر هەر خوا بەگەورەیی و بە قودرەتى (عیلمی غەیب) بزانێت قوربانیە نهێنیەكان و ئەوانەى كە ئاشكرا نەبوون كێ و كێن!
بێگومان گروپی مافیاكانى پارتى دیموكراتى مەلا مستەفا لەوە بەهێزترن سڵ لەوە بكەنەوە كە لەبەردەم تێگەیشتن و دیموكراسی و دەنگۆی نێودەووڵەتیدا دەكەونە ژێر گومانەوە، تەنانەت ئەوان خۆیان ووتەنى چۆن ئەمەریكا بەشی سێجار تەقاندنەوەى كورەى زەوى ئەتۆمى هەیە، ئەوا ئەوانیش بەشی هەموو بیرێكى یاخی و هەموو قەڵەمێكی حەقیقەت بێژی دەنگ رەقی دەنگ زوڵاڵی وەك زەردەشت، فیشەك و پیاوكوژ و تولە و تانجیان هەیە. بێگومان كە نەوەى مەلا فستەفای دیموكراتخواز (مەسڕوور مەسعود مستەفا) لە ناو شەقامەكانى نەمسا سڵ لە دیموكراسی و ئازادى ئەورووپی نەكاتەوە كە خواى رەهای ئەوروپایە و پەلاماری دكتۆر كمال بدەت و برینداری بكات كە بە نیەتى كوشتن لێیان دابوو، ئیتر بۆ لە دووبەیەكەى باوكیدا(هەولێر) تولە و تانجیەكانیان سڵ لە پۆلیسی نەگبەتى فزەتلێوەبێت معاشت ئەبڕم و خەڵكى نەگبەتى هەولێر بكەنەوە، ئیتر چ پێویست ئەكات گومانلەوە بكەین كێ زەردەشتى كوشت و كێ سۆران و كێ ئەو؟؟
لەكاتێكدا كە ئێستا من ناتوانم بە ناو و وێنەى خۆمەوە بیروڕای خۆم بنوسمەوە و بڵاوى بكەمەوە، بەڵگەیە بۆئەوەى كە جەنابی سەرۆك پێی عەیب نیە و بە شانازیەوە دەمامكەكەى دەكاتەوە دەمو چاوى و وەك نێچیرێكى تر لە سوچێكى ئەم قەفەزەدا كە ناوى ناوە هەرێمى كوردستانى ئازاد، وەك هەمیشە دۆستى من(زەردەشت عوسمان) ئەمكاتە قوربانى بۆ پاكبوونەوەم لە گوناهی ئەم ووتارە.

 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە