تاڵەبانى چەترێكى شكاوەو سێبەر بۆ یەكێتى ناكات
Monday, 16/03/2009, 12:00
ئەم دەستەواژانەى خوارەوە كە ئێستا دوایى تێك چونى ڕەوشى یەكێتى خەتەكەى مامە زۆر دەیڵێنەوە ئەوانیش (مام جەلال چەترى كۆكردنەوەى هەموومانە , مام جەلال خەتى سورە, پاراستنى ڕیزەكانى یەكێتى ئەركى هەموومانە , ئەگەر یەكێتى تێك بچێت ناوچەكەش هەمووى تێك دەچێت و هەموو معادەلەكان دەگۆڕێن , هەموومان وەكو یەك زەرەر دەكەین , میللەتەكەمان زیانى گەورەى بەر دەكەوێت , پرۆسەى دیموكراسى تێك دەچێت ,ئەو ئازادییەى لێرە هەیە لە هیچ شوێنێكى تر نیە یەكێتى نەمێنێ ئەوەش نامێنێ) ئەمانە و كۆمەڵێ قسەى تر كە لە هەموو كۆبونەوەیەكدا بۆمان دەڵێنەوە , ئەم مەسەلەى چەترەش زیاتر دكتۆر بەرهەم دەیڵێت چونكە ئەوو كۆمەڵێ كەسانى تر لە سایەى ئەم چەترە شكاوەدا حەساونەتەوە , ئەم جۆرە كەسانە لەو كەسانەن كە هەتاوى كوردایەتى عارەقى پێ نەكردون ,ئێستاش لە ژێر ئەو چەترە شكاوەدا شوێنیان بۆ خۆیان كردۆتەوەو تیاى ئەگەوزێن و تیاى ئەلەوەڕێن , منیش ئەزانم تاڵەبانى بۆ هەندێك پیاوى مشە خۆرو دزو گەندەڵ چەترێكى باشە و هەتاو لێیان نادات , بەڵام ئێستا نەیەكێتى و نەتاڵەبانى چەترى كۆكردنەوەى هەموومان نیە , وە تاڵەبانى نە سەرۆكى هەموومانە و نە سكرتێرى گشتى یەكێتیە , تەنها هى نیوەیەتى لە ناو نیوەكەشدا هى ئەوانەى هەموو هەنگاوێكیان یەك دەفتەر دۆلار كەوتوە لە سەر ئەم میللەتە ,زۆر دەمێكە تاڵەبانى خێمە و چەتر نیە , زۆر دەمێكە تاڵەبانى تەنها بۆ ئەوانەیە كە یەكێتى ئەدۆشن , بە ڕاست و چەپدا ئەیخۆن و هەمووشیان خۆیان بە خەتەكەى مامە دەزانن , ئەوەى سەیرە ئەوان بە ئێمە دەڵێن ئەبێت ڕیزەكانى یەكێتى بپارێزن كەچى ئەوە خۆیانن ئەو یەكێتیە ناپارێزن , بزانن ئەوەندەى مەلا بەختیار و ئەرسەلان ڕیزەكانى یەكێتیان تێك داوە كەس ئەوەندەى نەكردوە , هەر دوێنێ بوو مەلا بەختیار سەربەخۆ درزێكى خستە ئەو دیوارەوە ئەویش بە ناردنەوە ماڵەوەى شەماڵ على و چەندین كادرى تر , ئەمە تێكدانى ڕیزەكانى یەكێتیە نەك ئەوەى كە كادرە باشەكان داواى ڕیفۆرم و چاكسازى دەكەن , ئەو یەك ڕٍیزیە دەمێكە نەماوە لەو كاتەوە كە باشترین كادرە باڵاكانى ئەم حیزبە واز دەهێنن و كەسیش نیە بپرسێ بۆ ئەم كادرە باشانە واز دەهێنن هەرچەندە وازهێنان كۆتایى نەهاتوە و درێژەى هەیە بەڵام كەس ناپرسێ ئەم كادرانە بۆواز دەهێنن, ئەمەش ئەبێتە مایەى ئەوەى ئەو یەك ڕیزیە تێك بچێ , تاڵەبانیش ئەگەر چەترێك بوایە بۆ هەموان ئەوا بە قسەى ئەوانەشى دەكرد كەواز دەهێنن , تاڵەبانى ئەو كاتە بوو بە چەترێكى شكاو كە گەلە گورگێكى بەردایە گیانى یەكێتى و كادرە باشەكانى , وەرە سەیر بكەن بزانن ئەو سێبەرەى چەتر تاڵەبانى دروستى كردوە بۆ كێیە ؟ بێجگە لە هەندێ كەس و بنەماڵەكەى خۆى ئیتر بۆ كێى ترە ؟ دەمێكە كەسە باشەكانى یەكێتى لەبەر هەتاون و دوور خراونەتەوە لە سێبەرى چەترەكەى تاڵەبانى , ئەوانەشى یەكێتى تێك دەدەن ئێوەن ئێمە نین , ئەوە خەڵك و كادرەكانى خوارەوە نین یەكێتى تێك دەدەن ئەوە ئێوەن دیوارێكتان دروست كردوە لە بەینى جەماوەرەكەى یەكێتى و خەڵكى ئاساییدا لەگەڵ خۆتاندا , ئێوە دەمێكە لە خەڵك دابڕاون , جاران یەكێتى وەسیلەیەك بوو بۆ خزمەتى خەڵك كەچى ئێستا وەسیلەیەكە بۆ پێگەیاندنى كەمینەیەك ,دەمێكەیەكێتى حیزبى خەڵك نیە دەمێكیشە تاڵەبانى چەترى كۆكردنەوەى هەمومان نیە 0ئێستا تاڵەبانى تەنها لاى هەندێك كەس چەترە نەك لاى هەموومان ..
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست