کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


Credit card - بەشی سێیەم

Wednesday, 18/06/2014, 12:00




دوای ئەوەی زانیم ئەو بڕە زۆرەی قەرزی بەکارهێنانی credit card کانم بۆ نادرێتەوە، لەساڵی ٢٠٠٥ بڕیاری bankruptcy وەیان ئیفلاسبوون وەیان نابووت بوونی خۆم لەبەردەم دادگا ڕاگەیاندو خۆشبەختانە داواکەم توانرا وەربگیرێ و لە قەرزەکەم خۆش بوون.

تەنها وەك زانیاری، سیستمی بانك و credit card لە ئەمریکا بەو شێوەیەیە کەیارمەتی ئەو کەسانە ئەدا کاتێ تووشی قەیرانێك ئەبن و ناچار پەنا بۆ نابووتبوون ئەبەن. بەندە یەکێك بووم لەو کەسانەی کەوا کەڵکم لەو هەلە وەرگرت . ئەمەش لەکاتێکدا گەر هەرکەسێ پەنا بۆ نابووت بوون بەرێ، ئەوا ماوەی ٧ ساڵ ئەخرێتە ژێر ڕاداری بانك و credit cark کانە تا جارێکی دی بتوانن متمانەی پێبکەنەوەو قەرزی پێبدەن. واتە؛ لەسەرەتاکانی ٢٠١١ وە جارێکی دی بانك توانی هەندێ لە متمانەم پێبدا بۆ ئەوەی بتوانم قەرزێکی پێ بکەم. ئەوەبوو ماوەی ئەو ٧ ساڵە بەشێوەیەکی باش و بەپیلانی دروست و بنیاتنەر توانیم متمانە لای بانك و هەندێ لەو credit card ئانە پەیدا بکەمەوەو وە تا ئێستاش بەشێوەیەکی گەلێ چاك توانیومە بەردەوامی بەو متمانەیە بدەم کە هێشتا لەسەر بناغەیەکی فشەڵ و لەرزۆك و بێهێز دروستم کردۆتەوە.

کورد ئەڵێ؛ ئەقڵ هەموو کات میوان نیە. گەلێ ڕاستە لەژیاندا هەموان تووشی هەڵە ئەبین ، بەتایبەتی ئەوانەی کە دەست لەهەموو شتێك وەرئەدەن و ناترسن. لێ ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە مرۆڤی کامڵ پێوستە بەپلان و بەرنامە ژیانی خۆی دابڕێژێ و دووربیننانە بیر بکاتەوە. ئەمە نەك هەر کارێکی باشە بۆ خودی مرۆڤەکە، بەڵکە بۆ کۆی کۆمەڵگاش. چونکە نابێ ئەوەمان لەیاد بچێ کەوا ئێمە بەشێکین لەکۆمەڵگا و پیوستە هەردەم ڕەچاوی پرنسیپ و بەرژەوەندیە گشتیەکان بکەین.

خۆشبەختانە ئەو هەڵەیە ماددیەی کە من کردم ڕەنگە زەرەری لەخۆم و خێزانەکەم دابێ، وەیان بەشیك لەو بانك و credit card ئانەش پارچەیەك لەو زەرەرەی منیان بەرکەوتبێ، لێ لەهەمووی گرنگتر ئەوەیە کە ئەوە تەنها هەڵەیەکی ماددی بوو. ئێدی توانیم ئەو هەڵەیە چارەسەر ببێ و بکەومەوە سەر سکەی ژیانی ئاسایی خۆم، زۆر جار بەراووردی ئەو هەڵەیەی خۆم ئەکەم و ئەڵێم بەس نەبوو تەنها هەڵەی ماددی بوو. ئەی ئەوانەی کەهەڵەو تاوانی گەورە و کاری سیخوڕی و خیانەت و شەڕواڵ پێسی و کلکە لەقێ بۆ دوژمنان و کاری چاوساغی و داوێن پیسی لە میلەتەکەی خۆیان ئەکەن ، ئاخۆ ئەبێ چیبکەن؟؟!! بۆیە ئەوەندەی ئەو هەڵەیەی من کردم هەرچەندە ببوە مایەی بێزاری و ناخۆشییم ، لێ لەهەمان کاتدا گەلێ کامەران و دڵخۆشم بەوەی بەرانبەر میلەتەکەم هیچ هەڵەو تاوان و خیانەت و ناپاکیم نەکردوە وناشیکەم. هەر ئەوەشە وامان لێئەکا لەجیاتی جارێك دوو جار بیربکەینەوەو بزانین چ جۆرە هەڵەیەك لەژیانماندا پاشماوەی خراپ جێدێڵێ. لەڕاستیدا گەر کورد تەنها هەڵەی ماددی بکردایە، ئەوا ڕەنگە چارەسەری هەبوایە، لێ لەکاتێکدا هەڵەو تاوانی سیاسی و دژە میلەت لەلایەن سەرکردەکانیەوە ئەکرێ، ئێدێ چارەسەر گەلێ قورس و گرانەو دواتر سەراپای کۆمەڵگاو میلەت بەگشتی باجەکەی ئەدەن. کێ هەیە ئاشبەتاڵ و کورد کوژی و چاڵ هەڵکەندن و کوشتنی براکانی بەهەڵە ناوزەند بکا؟؟ ئەوانە هەڵە نین و تاوانن. بۆیە وەك تاك و دواتر وەك گشت پیوستە بزانین کام هەڵە چارەسەری هەیەو کام هەڵە تاوانە. کورد پێوستە پێناسەی نوێ بۆ هەڵەو تاوان بدۆزێتەوەو سەرلەنوێ چەکوشکاری تیا بکاو پاشان بیخاتە بەردەم نەوەکانی.

لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ وە پێوست بوو لەکوردستانی باشوور بەرەو سیستمی ئابووری جێگیر و جۆرێك لە سیستمی credit card دروست بکەن. ئەمە ئەبوە هۆی دروست بوونی پەتی پەیوەندی ئابووری بەتین لەنێوان هاوڵاتی و کۆمپانیاو بانك و دەوڵەوتدا. کاتێ کەنەیان توانی و وەیان نەیانوویست پەنا بەرنە بەر سیستمی credit card ئەوا مانای وایە ئەم دەسەڵاتە لۆکاڵیەی هەردوو مافیاکەی جەلال و مەسعود نایانەوێ کوردستان بەرەو بەدەمەزراوەیی و شارستانیەت بەرن . بێ بوونی سیستمی بانکی و credit card ناتوانرێ هیچ جۆرە گەشەیەکی ئابووری پێشکەوتوو بنیات بنرێ. دەنا ئەو کاتانەی بانکەکانی هەرێم پارەیان تیا نامێنێ و لە ژێر زەمینی پارت و حزبەکان هەڵئەگیرێ ئەبێ مانای چی بێ جگە لەوەی کوردستان کرا بە دزستان.



ماویەتی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە