کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


ئۆتۆمبێلى حكومەت بۆ كاروبارى بێ مۆڵەت

Thursday, 29/03/2012, 12:00





 
دیاردەى بەكارهێنانى ئۆتۆمبێل و كەرەستە و موڵك و ماڵى دەوڵەت لەلایەن ئەو نابەرپرسانەى كە لە ئەرك و مافى خۆیان نەگەیشتوون، گەیشتۆتە رادەى قێزەونى.
رۆژانە لەبەر چاوى هەموو خەڵكى كوردستان دیارە كە چۆن ئۆتۆمبێلە گران بەها و دوا مۆدێلەكانى وەزارەتەكان لە سەیرانگا و لە یانەكانى شەوان و بۆ گواستنەوەى خێزان و منداڵى ئەو بەرپرسانە بەكاردێت كە هەموومان دڵنیان جگە لە مەبەستى تایبەتى ئەو كەرەستەیەى گواستنەوە هیچ كات لە خزمەتى حكومەت و دام و دەزگاكانى میرى بەكارنەهاتووە.كە بەراى زۆربەى خەڵكى كوردستان ئەو دیاردەیە یەكێكە لە گەندەڵیە زەقەكان و هەموو دەسەڵاتدارنیش لێ ى بێ دەنگن.
بۆیە پێویستە پەرلەمانى كوردستان یاسا بۆ ئەو مەسەلەیە دەربكات و وەزارەتەكانى دارایى و ئابوورى و ناوەخۆش هاوكاربن بۆ بنبڕكردن و كەمكردنەوەى ئەو دیاردەیە.
بە جۆرێك كە وەزارەتى دارایى بڕیاربدات كە
1ـ كڕینى بەنزین و سوتەمەنى ئۆتۆمبێلى وەزارەت و دام و دەزگاكان بوەستێنێت.
تەنها ئەو ئۆتۆمبێلانە نەبێت كە بەمەبەستى گواستنەوەى بە كۆى فەرمانبەران بەكاردێت.
2ـ كرێ و تێچوونى شكان و پێكدادانى ئەو ئۆتۆمبێلانە رابگرێت و بیخاتە ئەستۆى ئەو كەسانەى كە بۆ خزمەتى خۆیان و ماڵ و منداڵەكانیان بەكارى دێنن.

لە لایەن خۆشیەوە وەزارەتى ناوەخۆ لە رێگەى پۆلیسى هاتووچۆ و ئاسایشى بازگەكان بڕیار بدات كە دەرچوونى ئەو ئۆتۆمبێلانە كۆنترۆڵ بكات بە
1ـ چاوخشاندنەوە بە ژمارەى ئۆتۆمبێلە حكومیەكان و رێكخستنیان لە لایەن وەزارەتى ناوەخۆ و ژمارە پێدانیان بە شێوەیەك كە هاوشێوەى ئۆتۆمبێلە تایبەتیەكان لە ژێر كۆنترڵ دابن.
2ـ لەكاتى سەرپێچى كردنى ئەو ئۆتۆمبێلە ژمارە شینانە چەكى غەرامەكردنیان بنێردرێت بۆ بەرپرسى یەكەمى دام و دەزگاكان لە ماوەى مانگێكدا و ئاگاداركردنەوەى وەزارەت و فەرمانگەى تایبەت لەو سەرپێچیانەى كە ئۆتۆمبێلەكانیان ئەنجامیان داوە
3ـ چوونە دەرەوەى سنوورى شارەكان لە لایەن ئۆتۆمبێلى حكومى كۆنترۆڵ بكرێت و پێویستى بە نووسراوى فەرمى دام و دەزگاى تایبەت بێت.
4ـ لە هەر بەكارهێنانەكى تایبەتى وەكو گواستنەوەى ژن و منداڵى بەرپرسەكان و گواستنەوەى ماڵ و كەرەستەى تایبەتى و لەبەردەم یانەى مەى خواردنەوە و بەكارهێنانى وەكو ژوانى ئەویندارانەى نێو چۆلەوانیەكان كە هەموو لایەك دەتوانێت هەستى پێ بكات غەرامە بكرێت و پرسینەوەى لەگەڵ بكرێت.
5ـ بریاربدرێت كە لەهەر پێكدادانێكى ئەو ئۆتۆمبێلە حكومیانە، نەتوانرێت لە لایەن فیتەرەوە چاككردنەوەى بۆ بكرێت ئەگەر پێشتر وەزیرى وەزارەتەكەى ئاگادار نەكرابێتەوە و پسولە یان نوسراوێكى فەرمى رێگەپێدانى چاككردنەوەى نەبێت.
بە پێى ئەو زانیاریانەى كە لاشمانە ریزبەندى ئەو وەزارەتانەى كە ئۆتۆمبێلەكانیان بە مەبەستى تایبەتى و دوور لە ئەركى فەرمى بەكاردێت و رۆژانە ئۆتۆمبێلەكانیان لە سەیرانگا و شوێنەكانى مەى خواردنەوە و بۆ خزمەتى ماڵ و منداڵ بەكادێن بریتین لە
1ـ وەزارەتى رۆشنبیرى و لاوان
2ـ وەزارەتى شارەوانى و گەشتوگوزار
3ـ دەستەكانى وەبەرهێنان، پلاندانان ،ژینگە ، مافى مرۆڤ، گەشتوگوزار ..
4ـ وەزارەتى پێشمەرگە
5ـ وەزارەتى كار و كاروبارى كۆمەڵایەتى

تێبینى وێنەى سەدان ئۆتۆمبێڵى حكومیمان وەك بەڵگە لایە كە لەبەردەم یانەكانى مەى خواردنەوە و لە سەیرانگا و لەبەردەم قوتابخانەكانى كچان لە كاردابوونە ، دوور لە ئەركى سەرەكى خۆیان كە ببونە نیشانەیەكى زەق بۆ گەندەڵبوونى ئەو حكومەتە و بێ ئاگایى و نەبوونى چاودێریەكى دروست بۆ كەمكردنەوەى ئەو دیاردە قێزەونە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە