مردنی دایکی مەسعود بەخێر بۆ بزووتنەوەی گۆڕان گەڕایەوە؟
Wednesday, 25/04/2012, 12:00
سەردانە چاوەڕوان کراوەکەی نەوشیروان مستەفا، ڕێک و ڕەوان دایکە میهرەبانەکەی خۆمی بیر هێنامەوە، چاکم بیرە دایکم لە پاش نیوەڕۆیەکی درەنگ وەختدا، بڕیاری دا سەرێک لە ماڵی پور مەنیج بدەین چونکە، پورە مەنیج بەر لەماوەیەک هاتبوو بۆ لامان، دایکم خۆی بەقەرزار دەزانی لە ئاستی ئەو خزمەماندا، بۆیە ئەو بڕیارەی دا کە بچین بۆ ماڵی پور مەنیج .
یوسف محەمەد، ئهندامی وهفدهکه رایگەیاند: سەردانەکەمان بۆ لای سهرۆكی ههرێم لەبەرامبەر سەردانێکدا بوو کە پێشتر مەسعود بارزانی هاتبوو بۆ گردەکەی زەرگەتە بۆ مەکۆی گۆڕان .
دیارە ئەمە ئەرکە و بەدیوەکەی تریشدا واجبە، کاتێک کەسێک سەردانت دەکات تۆش بەهەمان شێوە سەردانی بکەیت، عورف و عادەت دەبێت فەرامۆش نەکرێت، دایکم بەر لە چەند ساڵ ئەوەی فێرکردم کە کەسێک سەری لێ دایت ئەوە ئیتر قەرزە و دەبێ بیدەیتەوە بەسەردان .
ئەوەی لای من جێگەی سەر سوڕمانە، دوو شتە:
یەکەم: ئایا نەوشیروان مستەفا چۆن لەو کتێبانەی دەڕوانێت کە لەسەردەمێکدا نووسیونی و هەزاران گەنجی وەک منیان پێ گۆشکراوە و کراوەتە خۆراکی شەڕە جەهەنەمێکانیان؟
دووهەم: ئەی بنەماڵەی بارزانی چۆن ئەو هەموو جوێنەیان دەدا بە نەوشیروان مستەفا و دەیان ووت لە ڕادیۆکانیانەوە کە لەشەڕەکانی ناو خۆدا بەعسییەکان تەشوێش (هانی هانی)یان نەدەخستە سەری، یان لە پار ساڵدا کە ڕووداوای ١٧ی شوبات ڕووی دا، چۆن ئەو هەموو قسە ناشیرینەیان دەوت و، تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بوکیان پڕ کرد لە وێنەی نەشیاو قسەی نابەجێ، جگە لەوەش لەکەناڵی ڕاگەیاندنەکانیانەوە هەرچی کەسی دۆڕاو هەبوو هێنایان و دەڕشانەوە و گردەکە و گۆڕانیان تاوان بار دەکرد، بۆ نموونە مێدیاکانی پارتی و هەرێمی زەرد، زوو زوو ئەدهەم بارزانیان دەهێنا و دەڕشایەوە، بەڵام کاتێک دایکە قارەمانەکەی مەسعود جێی هیشتن، ئیتر دەروازەی خێر بۆ گۆڕان کرایەوە، نەوشیروان بەهەڵەداوان چووە پرسەکەی و ئەو پاش نیوەڕۆیە تاوڵەی نەکرد، هەر لەوێ بوو بۆ خاتری حەمایل و ئێوارەکەشی جوێن دەرەکەی بنەماڵە لەباخەکەی زەرگەتە چاو و میوەی خوارد و ئاشت بوونەوە .
نەوشیروان مستەفا: چاک کەسایەتی کوردی خوێندۆتەوە، چونکە ئەو کەسێکە لەتێک شکانی تاکی کوردا بەشدار بوە، دەزانێت میللەتێکی لەبەر دەمدایە، بەداخەوە زیهنێتی ماسی هەیە، ڕووداوەکانی لەدوا چرکەی قولاپەکەی بیر دەچێتەوە . هەر کەسێکی تریش بێت ئەوە بەهەل دەزانێت، ئەوەتانێ ئەم شەو ژوورەکانی پاڵتاک پڕبوە لەگازندە، ماڵپەڕەکان تژی بوە لەڕەخنە بۆ چونی نەوشیروان بۆ سەری سور، سبەینێ نەوشیروان بگەڕێتەوەو لەسەر کەیسی دووساڵەی سەردەشت بڵێ، دەکرێ لیژنەیەکی بێ لایەن بۆ ئەو کەیسە دروست بێت.
بەر لەماوەیەک نەوشیروان ووتبووی تاکو ئیستا لە مێژوودا بنەماڵەی بارزانی ئەوەندە ڕیسوا نەبوون وەک ئەمڕۆ . کەچی ئیستا ئەو بەڕێزە بەپێی خۆی بۆ لای ئەو ڕیسوایانە دەچێت و ناوی دەنێت سیاسەت.
ولهیلم ڕایش دەڵێ: لە ژیانت، داوای بەختیاری دەکەیت، بەڵام دڵنیایی و خۆپاراستنت گەلێک لە بەختیاری پێ گرنگ ترە .
هەست بەهیچ ناکەیت کە چوونی ئەو بەڕێزە بۆ لای مەسعود جگە لە دڵنیابوون بەخۆپاراستن و گەرەنتیدان بە ژیانی داهاتووی منداڵەکانی هیچی تری نییە، چونکە گۆڕان تەنها ووشەی شەفافی لە دەم دێتە دەرەوە، کەچی لە کردەوەکانیاندا، نەک شەفافیەت نابینێ بەڵکو ئاڵۆزیی زۆری پێوە دیارە، بۆ یە لە هەموو دیدارێکیاندا، ئیتر دەبێت دەست بکەینە هەڵهێنانی مەتەڵە شاراوەکان و بڵێین ئەو دیدارەی ئەمڕۆ باس لەدروست بوونی دەوڵەتە جەهەنەمییەکەی کوردە، کە مەسعود بەنیازە دروستی بکات. وەک وەستا عەبدولی خەیات دیووت تەنها کونە قۆپچەی ماوە تەواو بێت.
لێرەوە بەگۆڕانخوازەکان دەڵێم: کاک نەوشیروانەکەتان چوو وەک سلێمانی، گۆڕان لە هەولێردا بکات، چونکە ئەو مامۆستای گۆڕانە، دەستی بە هەر کەسێک بگات دەیگۆڕێت، چما ناتوانێت مەسعود بارزانی بگۆڕێت لەمەو دوا مەسعود دەبینن، لە قسە و گفتار و ڕەفتاردا چۆن دەگۆڕێت، دەزانن کە ئیتر جار ناجارێک جامەدانی ڕەشیش لەسەر دەنێت و هەندێ جاریش مۆمی گۆڕانیش لەشەودا دادەگیرسێنێت، چونکە نەوشیروان لەناخەوە ئەویش دەگۆڕێت .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست