خه‌ون یان مۆته‌که! دیوی ناوه‌وه‌ی روداوه‌کانی کوردستانی عیراق(1992 - 2002)-به‌شی چواره‌م
Wednesday, 06/05/2009, 12:00
یادداشتی رۆژانه‌ی شه‌ڕی ناوخۆ
هه‌ڵگیرسانی و هه‌وڵه‌کانی کوژاندنه‌وه
ئایاری 1994- ئه‌یلولی 1998
بیره‌وه‌ری
دۆکۆمێنت
لێدوان
پێشكه‌شه به‌وانه‌ی من به ئه‌ندازیاری شه‌ڕی ناوخۆ ئه‌زانن هه‌ڵگیرسانی: ئایاری 1994
هه‌وڵی کوژاندنه‌وه: گفتوگۆ له تاران
خولی یه‌که‌م (ئاب 10/9/94)
خولی دوه‌م (26/3 22/4/95)
خولی سێیه‌م (28/6 - 2/7/95)
خولی چواره‌م (5 9/10/95)
هه‌وڵی کوژاندنه‌وه: گفتوگۆ له پاریس (16-22/7/1994)
هه‌وڵی کوژاندنه‌وه: رێککه‌وتنی ستراتیجی تا 2000 (21/11 28/12/1994)
هه‌وڵی کوژاندنه‌وه: گفتوگۆ له ئیرلاندا
خولی یه‌که‌م: (9 11/8/1995)
خولی دووه‌م: (12- 15/9/1995)
هه‌وڵی کوژاندنه‌وه: گفتوگۆ به نامه (17/2 27/3/1996)
هه‌وڵی کوژاندنه‌وه: رێککه‌وتنی واشنتۆن (17/9/1998)
*هه‌وڵی کوژاندنه‌وه: گفتوگۆ له تاران
خولی یه‌که‌م (ئاب 5/9/ 94)
خولی دوه‌م (26/3 22/4/95)
خولی سێیه‌م (28/6-2/7/95)
خولی چواره‌م (5 9 / 10 / 95)
خولی یه‌که‌م: (ئاب - 5/9/94)
د سادقی شه‌ره‌فکه‌ندی سکرتێری حیزبی دیمۆکراتی کوردستان له 12 ی 9 ی 1992 دا له به‌رلین کوژرا. له‌و کاته‌دا مام جه‌لالیش له به‌رلین بو. هه‌ردوکیان چوبون بۆ به‌شداری له کۆبونه‌وه‌ی سۆشیال دیمۆکرات دا. به‌و بۆنه‌یه‌وه یه‌کێتی به‌یانی ده‌رکرد و پرسه‌ی بۆ دانا و، مام جه‌لال له هه‌ندێ گفتوگۆدا په‌نجه‌ی تاوانی کوشتنه‌که‌ی بۆ ئێران درێژ کرد. رێگه‌ی به حیزبی دیمۆکرات دا پرسه‌یه‌کی گه‌وره‌ی بۆ دابنێن.
به‌کر فه‌تاح، نوێنه‌ری یه‌کێتی بو له تاران. کاربه‌ده‌ستانی ئێرانی بانگیان کرد بو رونکردنه‌وه‌یه‌کیان بداتێ له سه‌ر قسه‌کانی مام جه‌لال که ئاخۆ هیچ به‌ڵگه‌یه‌کی هه‌یه بۆ سه‌لماندنی ئیتیهامهکانی. به‌کریان ته‌نگاو کرد بو. به‌کر هات بوه‌وه بۆ کوردستان ئیتر نه‌گه‌ڕابوه‌وه بۆ ئێران. پاش چه‌ند رۆژێ یه‌کێتی خۆی ده‌فته‌ره‌که‌ی و ماڵه‌که‌ی مام جه‌لالی چۆڵ کرد. ئیتر یه‌کێتی نوێنه‌رایه‌تی ره‌سمی له ئێران نه‌ما بو.
*
که شه‌ڕی یه‌کێتی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی هه‌ڵگیرسا و دواتر که شه‌ڕی یه‌کێتی پارتی قه‌وما یه‌کێتی هیچ نوێنه‌رایه‌تیه‌کی له ئێران نه‌بو، هیچ پێوه‌ندیه‌کی سیاسی له گه‌ڵ هیچ داووده‌زگایه‌کی ده‌وڵه‌تی ئێران نه‌مابو، تا گفتوگۆی له گه‌ڵ بکا. ئێران ناڕازی بو له یه‌کێتی و به هێزێکی سپڵه‌ی دائه‌نا که له ته‌نگانه‌دا په‌نا بۆ ئێران ئه‌با و له خۆشی دا بایی ئه‌بێ. له رۆژانی شه‌ڕه‌کان دا له چه‌ند لاوه هه‌وڵ درا پێوه‌ندی یه‌کێتی - ئێران ئاسایی بکرێته‌وه، له‌وانه:
سه‌ید محه‌مه‌د باقیر حه‌کیم، سه‌رۆکی مه‌جلیسی ئه‌علای سه‌وره‌ی ئیسلامی.
د ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی، سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی راپه‌ڕاندنی موئته‌مه‌ری وه‌ته‌نی عیراقی (موع).
له ناو ئێرانیه‌کانیش دا، ئه‌گه‌رچی هه‌ندێکیان دژی یه‌کێتی بون، به‌ڵام هه‌ندێکی تریان که له سه‌رده‌می جه‌نگی عیراق ئێران دا ئاشنایه‌تییان له گه‌ڵ یه‌کێتی و به‌رپرسه‌کانی په‌یدا کرد بو، هه‌وڵیان دا سود له‌م هه‌لومه‌رجه وه‌ربگرن بۆ دوباره‌کردنه‌وه‌ی پێوه‌ندی ئێران له گه‌ڵ یه‌کێتی.
مه‌سه‌له‌که خرا بوه به‌رده‌س "شورای عالی ئه‌منیه‌تی میللی"، شورا موافه‌قه‌تی له سه‌ر کرد بو. هێشتا له دیمه‌شق بوین "وابه‌سته‌ی نیزامی" سه‌فاره‌تی ئێران له سوریا سه‌ردانی مام جه‌لالی کرد و، ئاماده‌یی ئێرانی ده‌ربڕی بۆ گوێزانه‌وه‌ی له رێگه‌ی ئێرانه‌وه بۆ کوردستان. هه‌روه‌ها ئاماده‌یی ئێرانی ده‌ربڕی که له تاران میوانداری بارزانی و تاڵه‌بانی بکه‌ن بۆ پێکهێنانه‌وه و ئاشتکردنه‌وه. تاڵه‌بانی ئاماده‌یی پیشان دا به‌ڵام بارزانی رازی نه‌بوبو.
کاتێ گه‌یشتینه‌وه کوردستان، ئێران تا ئه‌هات به‌هێزتر به قازانجی پارتی ده‌ستی وه‌ر ئه‌دایه شه‌ڕه‌کانه‌وه، له هه‌مان کات دا ئاماده‌یی ده‌رئه‌بڕی بۆ ئاساییکردنه‌وه‌ی پێوه‌ندی له گه‌ڵ یه‌کێتی و ناوبژیکردن له نێوان لایه‌نه شه‌ڕکه‌ره‌کان دا.
یه‌کێتی پێویستی به دامه‌زراندنه‌وه‌ی پێوه‌ندی بو له گه‌ڵ ئێران. ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی یه‌کێتی هه‌موی هاوسنوره له گه‌ڵ ئێران، به‌ڵام ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتی به‌شێکی هاوسنوره له گه‌ڵ ئێران، به‌شه‌کانی تری هاوسنوری تورکیا و سوریایه. سنوری ئێران یه‌کێتی بۆته بنکه‌ی کۆبونه‌وه و خۆسازدانی هێزه‌کانی پارتی و بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی و حیزبوڵا و، له‌و سنورانه‌وه هێرش ئه‌که‌نه سه‌ر هێزه‌کانی یه‌کێتی به‌ڵام سنوره‌کانی پارتی ئێران، تورکیا، سوریا، هه‌موی هێمن و ئه‌مینه. هێزی یه‌کێتی و شه‌ڕی لێ نیه.
له‌و رۆژانه‌دا ده‌سته‌یه‌ک کاربه‌ده‌ستی قه‌رارگای ره‌مه‌زان هات بونه کوردستان سه‌ردانی سلێمانی و هه‌ولێریان کرد بو. مام جه‌لال و هه‌ندێ له به‌رپرسه‌کانی یهکیتییان دی بو. باسیان له‌وه کرد بو که یه‌کیتی ده‌سته‌یه‌کی نوێنه‌رایه‌تی بۆ گفتوگۆ له گه‌ڵ کاربه‌ده‌ستانی ئێران بنێرێته تاران. هه‌ر ئه‌وان داوایان کرد بو که ئه‌بێ منیشیان له گه‌ڵ بم.
*
کۆتایی 8 ی 94:
ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تی ئێمه پێک هات بو له: فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر، شێخ محه‌مه‌دی شاکه‌لی، موحسین عه‌لی ئه‌کبه‌ر و، من.
به رێگای په‌روێزخان قه‌سری شیرین دا چوینه ئێران. له سنور فه‌رمانده‌ی قه‌رارگای ره‌مه‌زان و چه‌ند که‌سێکی تر له به‌رپرسه‌کانیان پێشوازییان کردین. له سه‌رده‌می جه‌نگی عیراق- ئێران دا سپای پاسداران "قه‌رارگای ره‌مه‌زان" ی دامه‌زراند بو فایلی کاروباری عیراقی پێ سپارد بو. باره‌گای سه‌ره‌کی له کرماشان بو.
چوینه کرماشان میوانی قه‌رارگا بوین دۆستانه پێیان وتین: "به‌خێر بێن بۆ ماڵی خۆتان!" هه‌ندێ له فه‌رمانده و به‌رپرسه‌کانی قه‌رارگا کورد بون، له عه‌شیره‌تی له‌ک بون، یه‌کیکیان هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی دکتۆرا بو له ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بی دا له زانکۆی خرتوم له سودان وه‌ری گرت بو.
ئێواره‌که‌ی کۆبونه‌وه‌یه‌کمان له گه‌ڵ کاربه‌ده‌ستانی قه‌رارگا هه‌بو. مه‌به‌ستیان خوێندنه‌وه‌ی بیری ئێمه بو به‌ر له کۆبونه‌وه‌کانی تاران.
رۆژی دوایی به فڕۆکه له کرماشانه‌وه فڕین بۆ تاران له فرودگای میهراباد پێشوازییان کردین و له ئوتێلی لاله دایان به‌زاندین.
له گه‌ڵ کاربه‌ده‌ستانی پێوه‌ندیدار زنجیره‌یه‌ک کۆبونه‌وه‌مان له تاران کرد. ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تی ئیران به‌رپرسه‌کانی ده‌زگایه‌ک بون به ناوی "فه‌رمانده‌یی نهێر" که تێکه‌ڵاو بو له نوێنه‌رانی چه‌ند دامه‌زراو و وه‌زاره‌تێکی ئێران له‌وانه: شورای عالی ئه‌منیه‌تی میلی، سپای پاسداران، وه‌زاره‌تی ئیتیلاعات و، راسته‌وخۆ سه‌ر به ره‌هبه‌ری ئینقیلاب، سه‌ید عه‌لی خامنه‌ئی، بو وه‌کو خۆیان ئه‌یان وت.
کۆبونه‌وه‌ی یه‌که‌م به هێرشێکی توندی سه‌رۆکی ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تی ئێران بۆ سه‌ر کوردی عیراق و یه‌کێتی ده‌ستی پێ کرد. به ناچاری منیش به هه‌مان توندی وه‌ڵامم دایه‌وه. گفتوگۆکان خه‌ریک بو به پچڕان کۆتایی بێ. بۆ ئه‌وه‌ی کۆبونه‌وه‌کان نه‌پسێ و بتوانین درێژه به گفتوگۆ بده‌ین و له به‌ر چاوی ژماره‌یه‌کی زۆری به‌شدارانی کۆبونه‌وه‌که توشی ده‌مه‌قاڵێ نه‌بین له سه‌ر داوای سه‌رۆکی ده‌سته‌ی ئێرانی رێک که‌وتین تا ئه‌گه‌ینه ئه‌نجامێکی دیاریکراو، رێککه‌وتن یا رێککنه‌که‌وتن، به دوقۆڵی گفتوگۆ بکه‌ین.
3 رۆژ له سه‌ر یه‌ک هه‌مو به‌یانیه‌ک سه‌عات 6 ی به‌یانی تا سه‌عات 9 به دوقۆڵی له گه‌ڵ عه‌لی ئاغامحه‌مه‌دی کۆ ئه‌بوینه‌وه و، ئه‌گه‌ر پێویستی بکردایه هه‌ندێ جار ئێوارانیش دائهنیشتینهوه.
ئێران هه‌رچی گله‌ییه‌کی له کوردی عیراق و یه‌کێتی هه‌بو، ئه‌و به رونی و راشکاوی، بێ موجامه‌له و ته‌عاروف، هه‌موی باس کرد.
کوردی عیراق و یه‌کێتییش هه‌رچی گله‌ییه‌کیان له ئێران هه‌بو، وه‌کو ئه‌و منیش به رونی و راشکاوی، بێ موجامه‌له و ته‌عاروف، هه‌مویم بۆ باس کرد.
رۆژانه راپۆرتی گفتوگۆکانی ئه‌گه‌یاند به ره‌هبه‌ری ئینقیلاب، سه‌ید عه‌لی خامنه‌ئی و، به سه‌رکۆمار، عه‌لی ئه‌کبه‌ر هاشمی ره‌فسنجانی.
هه‌وڵی ئێمه به راده‌ی یه‌که‌م بۆ دو شت بو:
یه‌که‌میان، بێلایه‌نکردنی ئێران له شه‌ڕ و ناکۆکیه‌کانی نێوان حیزب و رێکخراوه‌کانی کوردستانی عیراق.
دوه‌میان، ئاساییکردنه‌وه‌ی پێوه‌ندی ئێران و یه‌کیتی.
کۆبونه‌وه‌ی گشتی به به‌شداری نوێنه‌رانی هه‌ردولا ده‌ستی پێکرده‌وه.
ئێرانیه‌کان گله‌ییان له ئێمه زۆر بو، به‌ڵام ئه‌وی سه‌ره‌کی و مه‌به‌ستی ئه‌وان بو، مه‌سه‌له‌ی داڵده‌دانی نه‌یارانی جمهوری ئیسلامی ئیران یا به زاراوه‌ی ئه‌وان "داڵده‌دانی زدی ئینقیلاب" بو، به تایبه‌تی سه‌رکردایه‌تی و باره‌گاکانی سه‌رکردایه‌تی و پێشمه‌رگه‌کانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران. داوایان ئه‌وه بو که یه‌کێتی یا حکومه‌تی هه‌رێم ریگا به دوژمنانی ئه‌وان "زدی ئینقیلاب" نه‌دا ئه‌رزی کوردستانی عیراق بکه‌ن به بنکه‌ی چالاکی چه‌کدار دژی ئیران.
ئێمه‌ش گله‌ییمان له ئێران زۆر بو، دوژمنایه‌تی ئێران له گه‌ڵ ته‌جروبه‌ی تازه‌ی دروستکردنی حکومه‌ت و پارله‌مان و، هه‌وڵی روخاندنی. ده‌سوه‌ردانه کاروباری ناوخۆی کوردستانی عیراق و، یارمه‌تی دانی پارتی و بزوتنه‌وه و حیزبوڵا له شه‌ردا دژی یه‌کێتی.
یارمه‌تیدانی پارتی و بزوتنه‌وه و حیزبوڵایان له شه‌ڕه‌کانیان دا دژی یه‌کێتی خسته به‌رامبه‌ر یارمه‌تیدانی یه‌کێتی بۆ "زدی ئیقیلاب" دژی ئیران. به رونی تێ‌یان گه‌یاندین که تا ئه‌و کاته‌ی یه‌کیتی چاره‌ی کێشه‌ی نه‌یاره‌کانی ئێران نه‌کا و سنورێک دانه‌نێ بۆ چالاکیه چه‌کداریه‌کانی ئه‌وان، ئه‌وا یه‌کێتییش ئه‌بێ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه نه‌بێ له ئه‌رزی ئێرانه‌وه رێگا له‌چالاکیه‌کانی دوژمنانی یه‌کێتی بگیرێ. به واته‌یه‌کی تر یا هه‌ردولا ئه‌بێ رێز له ئاسایشی یه‌کتری بگرن، یان ئه‌گه‌ر ئاسایشی کوردستانی ئێران به هۆی چالاکی دوژمنه‌کانیانه‌وه له ئه‌رزی کوردستانی عیراقه‌وه تێکچو، ئه‌وا ئاسایشی کوردستانی عیراقیش به هۆی چالاکی دوژمنه‌کانیانه‌وه له ئه‌رزی کوردستانی ئێرانه‌وه تێک ئه‌درێ.
جێبه‌جێکردنی رێوشوێنی ئاسایش مه‌رجی پێشه‌کی بو بۆ ئاساییکردنه‌وه‌ی پێوه‌ندی و، کردنه‌وه‌ی سنوری ئێران بۆ بازرگانی و هاتوچۆ و، دامه‌زراندنی پێوه‌ندی باشی سیاسی، ئابوری، بازرگانی و فه‌رهه‌نگی و، یارمه‌تی ته‌کنیکی به گه‌ڕ خستنه‌وه‌ی کارگه‌کان.
له‌و کاته‌دا که ئێمه له تاران سه‌رگه‌رمی گفتوگۆ بوین، هێزه‌کانی پارتی و هاوپه‌یمانه‌کانی له هه‌ڵه‌بجه‌وه په‌لاماری شاره‌زور و، له هێرۆ وه په‌لاماری قه‌ڵادزه‌یان دا. له هه‌ردولاوه شکێنران. هێزه‌کانی یه‌کێتی گه‌یشتنه ناو هه‌ڵه‌بجه و لای قه‌ڵادزه‌ش گه‌یشتنه سه‌ر سنور. زۆری نه‌مابو هێزه‌کانیان به تێشکاوی بکه‌نه‌وه به دیوی ئێران دا. ئێران بۆ هه‌ڵساندنه‌وه‌ی هێزی تێشکاوی پارتی و هاوپه‌یمانه‌کانی به کاتیۆشا و تۆپخانه‌ی قورس که‌وته بۆردومانی خه‌ست و بێ به‌زه‌ییانه‌ی هێزه‌کانی یه‌کێتی و دانیشتوانی ناوشار و ئاواییه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی یه‌کێتی. له‌و بۆردومانه کوێرانه‌یه‌دا سه‌دان که‌س کوژران و بریندار بون.
*
له کاربهدهستێکیانم پرسی: "بۆچی ئێران هه‌میشه پێوه‌ندیه‌کی باشی له گه‌ڵ پارتی هه‌بوه، که‌چی له گه‌ڵ یه‌کێتی له زیگزاگ دا بوه؟"
له وه‌ڵام دا به زه‌رده‌خه‌نه‌وه وتی: "پارتی هه‌رچه‌نده تینی بۆ به‌رین سنورێکی بۆ خۆی دیاری کردوه لێی تێ ناپه‌ڕێ، به‌ڵام یه‌کێتی که زۆری بۆ بێنی سنوری نیه."
هه‌ر له میانه‌ی ئه‌م قسانه‌دا یه‌کێکی تریان وتی: "پارتی له پێوه‌ندیه‌کانی دا له گه‌ڵ ئێران نه‌گۆڕه، له زه‌مانی شاوه تا ئێستا له سه‌ر یه‌ک خه‌ت هێناوێتی، به‌ڵام یه‌کێتی زو زو ئه‌گۆڕێ. ئێوه له زه‌مانی جه‌نگ دا شه‌ڕی زۆرتان له گه‌ڵ هێزه‌کانی عیراق کردوه، ئازایه‌تی زۆرتان نواندوه، پارتی له شه‌ڕدا دژی عیراق کارێکی ئه‌وتۆیان نه‌کردوه، به‌ڵام له شه‌ڕی زدی ئینقیلاب دا 600 شه‌هیدیان له گه‌ڵ ئێمه داوه، له کاتێک دا ئێوه یارمه‌تی زدی ئینقیلابتان ئه‌دا."
"ئێوه بیری دروستکردنی کوردستانی گه‌وره‌تان له سه‌ردایه نه‌خشه‌ی کوردستانی گه‌وره‌تان له باره‌گاکانی خۆتان دا هه‌ڵواسیوه. داڵده‌ی دیمۆکرات و پ ک ک تان داوه..."
"مه‌سه‌له‌ی فه‌له‌ستین یه‌کێکه له مه‌سه‌له گرنگه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست. ئه‌و هه‌مو پشتیوانیه ناو ده‌وڵه‌تیه‌ی هه‌یه. نه ناێر و میسر، نه ئه‌سه‌د و سوریا، نه شاحسێن و ئوردون، رێگه‌یان به فیداییه‌کانی فه‌له‌ستین نه‌دا له ئه‌رزی ئه‌وانه‌وه هێرش بکه‌نه سه‌ر ئیسرائیل. ئێوه خۆتان له‌وان به گرنگتر ئه‌زانن رێگه به زدی ئینقیلاب بده‌ن له ئه‌رزی ئێوه‌وه هێرش بکه‌نه سه‌ر ئێران. قوربانیانی چالاکیه‌کانی زدی ئینقیلاب له ساڵێک دا به قه‌د ژماره‌ی کوژراوی رۆژێکی روداوی ئۆتۆمۆبیله‌کانی جاده‌کانی تاران نابێ.. ئه‌وانه به‌م کارانه‌یان ئه‌توانن چ گۆڕینێ له ئێران دا بکه‌ن؟"
کورته‌ی قسه‌کانیان ئه‌وه بو: "یا له هه‌ردو دیوی سنور ئاسایش پارێزراو ئه‌بێ یان ئه‌گه‌ر ئاسایشی دیوی ئه‌وان پارێزراو نه‌بێ ئاسایشی دیوی ئێمه‌ش پارێزراو نابێ."
وه‌ڵامی زۆری بابهتهکانیانم دایه‌وه له میانه‌ی قسه‌دا منیش وتم: "ئه‌و رۆژه‌ی خوا منی خه‌ڵق کرد، له خۆمی نه‌پرسی به کورد دروستم بکا یان به شتێکی تر، ئه‌گه‌ر له خۆمی بپرسیایه بێگومان شتێکی ترم هه‌ڵئه‌بژارد. به‌ڵام خوا به کورد و به سوننی دروستی کردوم و تازه ناتوانم نه‌ته‌وایه‌تی خۆم بگۆڕم ببم به فارس یان عه‌ره‌ب یان تورک و مه‌زه‌بی خۆم بگۆڕم له سوننیه‌وه به شیعه... ئه‌گه‌ر به ته‌مه‌ننا بێ، هه‌مومان ته‌مه‌ننای دروستبونی ده‌وڵه‌تی کوردستانی گه‌وره ئه‌که‌ین به‌ڵام واقیع له گه‌ڵ تهمهنناکهی ئێمه ناگونجێ. ئێوه‌ش ئه‌زانن هه‌لومه‌رجی ناوخۆ و، هه‌لومه‌رجی ناوچه‌یی ده‌وڵه‌تانی دراوسێ و، هه‌لومه‌رجی جیهانیی ده‌وڵه‌تانی گه‌وره‌ی دنیا رێگه‌مان ناده‌ن ده‌وڵه‌تی کوردی دروست بکه‌ین. ئێمه واقیع بیننین له‌و راستیه تێ ئه‌گه‌ین..."
له سه‌رده‌می جه‌نگی عیراق ئێران دا، له ئێران نه‌خشه‌یه‌ک چاپ کرا بو له بازاڕدا ئه‌یان فرۆشت له سه‌ری نوسرا بو: "راه قدس از کربلا میگژرد" به‌شێکی سه‌رزه‌مینی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی دابوه ده‌م ئه‌رزی ئێران. ئه‌م نه‌خشه‌یه‌م بیر هێنانه‌وه.
*
شاره‌وانی تاران رۆژنامه‌یه‌کی ده‌رئه‌کرد به ناوی "همشهری" یه‌وه. له‌م رۆژانه‌دا که ئێمه له تاران بوین سه‌روتارێکی بۆ باسی کوردستانی عیراق ته‌رخان کرد بو. کابرای نوسه‌ر له وتاره‌که‌ی دا باسی مه‌ترسی کێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی کوردی کرد و، هاتنی هێزه‌کانی بێگانه بۆ ناوچه‌که و، ئه‌و پیلانه‌ی دژی ئێران ئهڕێسرێ، ئه‌نجامگیری به‌وه کرد بو که سه‌دام "فاسید" و کورد "ئه‌فسه‌د" ه داوای له حکومه‌ته‌که‌ی کرد بو له پێناوی قازانجی ئێران دا بۆ "ده‌فعی ئه‌فسه‌د" له گه‌ڵ "فاسید" رێک بکه‌وێ.
*
5 ی 9 ی 94:
له ئیران گه‌ڕاینه‌وه. کۆبونه‌وه‌کانمان له تاران دو حه‌فته‌ی خایاند. به هه‌مان رێگای په‌روێزخان دا که هات بوین گه‌ڕاینه‌وه. له‌م سه‌فه‌ره‌دا:
نه‌مانتوانی ئێران له شه‌ڕه‌کان دا بێلایه‌ن بکه‌ین.
نه‌مانتوانی هیچ به‌ڵێنێکیان لێ وه‌ربگرین بۆ شکاندنی ئه‌و ئابلۆقه ئابوری و سیاسیه‌ی له لایه‌ک له لایه‌ن پارتی و له لایه‌کی تره‌وه له لایه‌ن ئێرانه‌وه خرابوه سه‌ر ناوچه‌کانی یه‌کێتی.
نه‌مانتوانی "ده‌فته‌ری یه‌کێتی" له تاران بکه‌ینه‌وه.
به‌ڵام ده‌رگای گفتوگۆ و هاتوچۆی کرده‌وه. موحسین عه‌لی ئه‌کبه‌ر، که شاره‌زای کاروباری ئێران بو، ئه‌رکی ئه‌فسه‌ری پێوه‌ندی یه‌کێتی و ئێرانی پێ سپێردرا.
پاش چه‌ند رۆژێ کاربه‌ده‌ستێکی گه‌وره و چه‌ند که‌سێکی تر له هاوڕێکانی هاتن بۆ کوردستانی عیراق. سه‌ردانی هه‌ردو مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کیتی و پارتی یان کرد. ئێمه له تاران بیروڕای خۆمان بۆ رون کرد بونه‌وه که سه‌رانی کوردی عیراق له ئه‌نجامی ره‌فتاری حکومه‌تی ئیران دا گه‌یشتونه‌ته ئه‌و باوه‌ڕه‌ی ئێران دژی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه و، له هه‌وڵی روخاندنی دایه. یه‌کێ له کاره‌کانی ئه‌م نێردراوانه ئه‌وه بو بۆ سه‌رانی کوردی عیراق رون بکه‌نه‌وه که حکومه‌تی ئێران دژی دابه‌شکردنی ئه‌رزی عیراقه، به‌ڵام رێزی ویستی گه‌لی عیراق ئه‌گرێ و، دۆستی کوردی عیراقه و، دوژمنی حکومه‌تی فیدرالی و پارله‌مان و ته‌جروبه‌که‌ی نیه. ته‌نیا داوایان ئه‌وه‌یه که رێزی سنوری ئێران بگرن و، نه‌هێڵن ئه‌رزی کوردستانی عیراق ببێته بنکه‌ی تێکدانی ئاسایشی ئێران.
به‌شی پێنجه‌م:
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=5a4048f2به‌شی شه‌شه‌م:
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=98d96b15به‌شی حه‌وته‌م:
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=ce4f58eeبه‌ڵگه‌کان:
http://sbeiy.com/UserFiles/File/ArticleAll.pdf
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست