تۆ حیمایەیت یان تۆپەڵێكى لە تف ؟
Wednesday, 18/03/2009, 12:00
1724 بینراوە
(سەرى زۆریك لە حیمایەكان لە سەرى بەرپرسەكانیان بەرزترە)
حیمایەى یەكێك لە و بەرپرسانەى كە تەنها لە (16/3) دا بۆ خۆدەرخستن لەبەردەم شاشەى تیڤیەكاندا خۆىدەگەیەنێتە هەڵەبجەى شەهید , هێندەى (زەڕافە) یەك ملى لە جامى ئۆتۆمبیلەكەوە دەرهێنان و تەنها یەك (تف) ى تێگرتین , تەنها لەبەر ئەوەى بیرمان چوبو كە بەرپرسێك چەند ئۆمبیلێك لە دوامانەوەیەو ئێمەش لەپێشى ئۆتۆمبیلى حیمایەكانییوە دەڕوێن , لەكاتێكدا هیچ بوارى ئەوە نەبو لەبەر تەسكى شەقامەكە ئۆتۆمبیلەكەمان لابدەین و ڕێگەیان بۆ چۆڵ بكەین , بەڵكو كاتێك یەكێك لە ئۆتۆمبیلەكانیان سەركێشیەكى (موغامرە) كردو كەوتە پێشەوەمان و پاشان (هێما) ى بۆكردین كە پێشى بكەوینەوە , كاتێك كە ئۆتۆمبیلەكەمان گەیشتە تەنیشتى...... هیچ نەبو تەنها هەر(تف) ێكیان تێكردین ؟! بەڵام چۆن (تفێك) تەنها ئەو حیمایە گرگنە دەزانێت چۆن هەرچى غەزەبى گەدە و قوڕگى هەیە كۆى بكاتەوەو یەك (تف) ى گەورەى لێدروست بكات و بە ئیحتیرامەوە بیگرێتە ناوچاوانمان !؟ نایشارمەوە , بەرلەوەى بگەینە هەڵەبجەى شەهید , چاوەڕوانى ئەوەبوین لە زاڵگەى هەڵەبجەدا چاوەڕوانمان ببن و بمان گرن و بەئارەزوى دڵى خۆیان بمان شێلن ؟! بەڵام سوپاس بۆ خوا , لە زاڵگەى هەڵەبجەى شەهید چەند پاسەوانێكى زاڵگەكەى لێبو كەخەڵكى هەڵەبجەبون و زۆر بەڕێزە بەڕێیان كردین و باجى ڕێگە پێدانیانى ئۆتۆمبیل و ڕاگەیاندنیان بۆكردین و ڕزگارمان بو ئەگینا ئەو پاسەوانانەى تر سەرپەرشتى زاڵگەكەیان بكردابایە خراپیان پێدەكردین ؟؟ چونكە ئەوان تەنها هەر (20 تا 25) مۆنیكا دەبون و ئێمەش تەنهات چوارگەنج و یەك ئۆتۆمبیل , ئەوان هەمو جۆرە چەكیكیان پێبو ئێمەش تەنها دوو كامێراى فۆتۆو ڕێكۆردەرێك , ئەوان پێدەكەین و گۆرانیان دەگوت ئێمەش بە بێدەنگى چاوەڕوانى چارەنوسێكى نادیار بوین .
لەگەڵ ڕێزم بۆ تەواوى ئەو حیمایانەى كە بۆ بژێوى خویان و خێزانەكانیان كارى پاسەوانى دەكەن) لێرەوە تەنها بەو حیمایە گرگنە دەڵێم :
ببورە كە ئێمە لەدواى ئەو (تف) تێگرتنەت , بەزیەیمان بە ملهوریت دا هاتەوە ؟ چونكە دواجار تۆ تەنها پاسەوانێكى , ببورە كە ئێمە بێدەنگ بوین و هیچمان نەوت چونكە ئێمە بە شداریكردنمان لە یادكردنەوەى شەهیدانى هەڵەبجەدا بەگرنگتر زانى تا لەوەى وەڵامى ئەو ڕەفتارە ناشرینەت بدەینەوە ؟ چونكە تۆ دواجار تەنها پاسەوانێكى, ببورە ئەى گرگنترین پاسەوانى سەردەم كە لەو (تف) ە ناشرینتر بوى كە بە ئیحتیرامەوە گرتە ناوچاوانمان , ببورە زۆرلەوە بچوكتربوى كەوڵامت بدەینەوە ؟ چونكە تۆتەنها پاسەوانێك بویت و ئێمەش لە پیشەى هەندێك پاسەوان تێدەكەین , ببورە تۆ ئەى پاسەوانى ناشرین كە تۆو دەیانى وەك تۆیە ناوى سەدان پاسەوانى تر ناشرین دەكات و زۆرجار بەچاوێكەوە تەماشاى پاسەوانەكانى تر دەكرێت , تۆ هەرچى بیت پاسەوانێكى ڕەسەن نەبویت , هەرچى بیت پاسەوانێكى بەئەمەك و هێمن و زیرەك و بەتوانا نەویت بۆكارەكەت ؟َ چونكە ئێمە زۆرپاسەوانى تر دەناسین كە ئەوەندە بەڕێزن (سەر تۆ و نمونەكانى وەك تـۆ) ناگەنە بن پاژنەى پێڵاوەكانیان , كەچى ئەوان پاسەوانن و بەتۆش دەڵێن پاسەوان !! تۆ پاسەوانى یان شەقاوە ئەى قەبیح ترین مرۆڤ ؟ تۆ پاسەوانى یان تۆپەلێكى لە (تف) ؟!.
تێبینى : بەداخەوە نەمان زانى ئەوپاسەوانە پاسەوانى كام لەو هەمو بەرپرسەبوو كە تەنها ساڵانە سەردانى شارى هەڵەبجەدەكەن .