كێ سەر خۆشە مام جەلال یان باوكم ؟
Tuesday, 28/12/2010, 12:00
جاران منداڵ بووم ، كاتێك باوكم و ھەندێ لە ھاوڕیانی لەنادی مۆزەفینی ڕانیە لەدوەری یەكتری كۆدەبوونەوە، زۆر بە جدی و بە گوڕێكی كوردانەوە بەدەم خواردنەوەوە باسی كوردبوونی پێغەمبەر ئبراھیمان د.خ دەكرد. ئەوكات تێنەدەگەیشتم باسكردن و لێكدانەوەو بەكورد زانینی پێغەمبەران چی لەمەڕ ژێردەستەی و چەرمە سەری ئەم میللەتە داماوە دەگۆڕی، یان سەڵاحەدینی ئەیوبی و زۆری تر لەم جیھانە ، یان بەكورد زانینیان و نەزانینیان ئەبێ چی بێ! دوای خۆیندنەوەیەكی زۆر و تەمەنێكی پڕ دەردەسەری ئەمجا زانیم و تێگەیشتم بە كورد كردنی ڕابردوو چی بۆ داھاتوو پێیە، ئازار چێشان و ئەو دەردەسەریانەی من و باوكم و نەتەوەكەم، لە ژیاندا ھەمان ھۆكاری بەكورد نەبوون و خەم ساردی ڕابووردومانە لە بەكورد نەكردنی ناكوردەكان و شۆرانەوەی كوردیەكەش خۆی لە ژێر ناو و ھۆكاری جێاوازدا.
كورد دەڵێ (ئەوەی ڕۆی رۆی)
ڕاستە ئەمان دەیان توانی شتێكمان بۆ بكەن بەڵام ئایا سەردەم ئەم سەردەمە بوو، ئەوە عەرەبی دوای سەردەمی داگیركاریەكانی ئەوروپا كە تەمەنی 100 ساڵ نابێت ، وەك ئێمە سەر لە نوێ دەستیان پێكردەوە، جەزائیر یەك ملێون قوربانی دا، عومەر موختار خۆی گیان فیدای لیبیا كرد، ئیسرائیل لە میللەتێكی پەرتەوازەوە بوون بە میللەتیێكی بەھێزو یەك گرتوو، چەندین میللەتانی تر ئازادی خۆیان بە دەست ھێنا، تەنھا ئێمەی داماو بە دیلی و ژێر دەستی ماینەوە و ھەر واش دەمێنینیەوە، تەنانەت بۆ چارەسەری كێشەكەمان ڕێگای ڕیفراندۆمیش ناتوانین بگرینە بەر، خۆشمان بە خۆمانی ڕەوا نابینین كە لەم سەردەمەدا مۆدێرەترین شێواز و ھۆكارە بۆ ئازاد بوونی گەلان مافە سەرەتایەكانیان.
باسەكەم لە كورد بوونی پێغەمبەرانەوە د.خ خەریك بوو بپەڕێت، زۆر جار لەو كۆڕانەی لەنادیەكان بەدیار پێكەكەوە دەیان بەست زیاتر دەڕۆیشتن ،ھەندێكیان سویندیان دەخوارد كەوا ڕۆژی حەشر پرسیار و وەڵاممان بە كوردی لێدەكرێ.
منیش وەك مێر منداڵێك بۆ ڕۆژی دوای ھەمان بابەتم بە ھەمان شێوەی دەست ڕاوەشاندن و خۆ چیڕ كردنەوە بۆ ھاو پۆلەكانم باس دەكردەوە، تەنھا ئەوەی منی جیا دەكردەوە سەرخۆش نەبووم. ئەو سۆیندانەی دەشم خۆاردن ئێستا دەڵێم ئۆباڵی ھەمووی بە ئەستۆی باوكم و ھەڤاڵەكانی ،چوونكە من تەنھا لاسایم دەكردنەوەو ھیچی تر! بەڵام گەر میللەتی كورد لەو سەردەمەی كە باسم كرد گشتی ئێواران سەرخۆش بان و بەزمانی كوردیەوە گرتبایان ئێستا ئەبوو بەچی گەیشتباین و ئێستا ئاستی ڕۆشنبیری نەتەوەیمان چەند دەبوو، ئەمە باسی سەرخۆشەكانی ئەو كات بوو.
ئەی ئەگەر ئێمە بەگشتی لە و كەسانەباین كە لەماڵە ئاینیەكان پەرەوەردە كراوون یان خانەوادەكانیان سەید زادەن و زمانی كوردی لایان بێكەڵكەو بە دیدی ئەوان بۆ ڕۆژی دوایش ناشێ و بەھانامانەوە نایەت، پاڕانەوەكانیشمان ھەر دەبێت بە زمانی ئاینەكەمان بێت ئەكاتە نەوەیەكی تەواوی داچۆڕاو لە زمانی دایكمان لێدرووست دەبوو، كەمیللەتی كورد زۆریكی لەو كەسانەی ھەیە، بێگوومان درووشمان دەبوو نا بۆ زمانی كوردی ، نا بۆ شەڕواڵی كوردی ......ھتد
زۆر سەیرە سەرخۆشێكی 30-40 لەمەوبەر زۆردووربین تر و كراوەترانە لە سیاسەتمەدارێكی نێونەتەوەی بەقسەی خۆی ! سەرۆكێك ھەر لەمنداڵیەوە خەباتی بۆ زیندوو ڕاگرتنی زمانەكەی خۆی بووە كە كوردیە ، دوای ئەوەی خەریەكە گیان لەبەرانیش لە زۆربەی وڵاتانی جیھان چەند مافێكی سەرەتایان بۆ دابین دەكرێت، ئەم سەرۆكە زمانی خۆی پێ زوو بێت و بڵێ قسەكردنی زمانی كوردی زووە.
لەوانەیە بەڕێز مام جەلا كەمێك نوكتە چیە، ھەر چەند نوكتەكانی تۆزێك منی نەھێناوەتە پێكەنین! لەوانەیە منداڵێكی ساوای لە چاو پێكەوتنەكەدا بەر چاو كەوتبێت و لە بەرچاوی ئەو ویستبێتیان فیری زمانی كوردی بكەن، مام جەلالیش بە پێی ئەوەی سەرۆكێكی كوردە دەزانێت زمانی كوردی چەندە رەسەنە و بۆ منداڵێك زۆر ئاستەمە ھێشتا زمانی نەگرتبێت بخوازن لە یەك ڕۆژدا فێری زمانی كوردی بكەن، ئەویش گوتبێتی جارێ زووە بۆ زمانی كوردی ، ئامۆژگاری ئەوەی كردبن كە ڕۆژ بە ڕۆژ فیری بكەن.
گەر وانیە!! پێویستە سەركردەكانمان پێش ھەر كۆبوونەوەو چاو پێكەتنێك، پێكێك لە عەرەق بدەن، بۆ ئەوەی شەرمیان بشكێ و لە ڕوویان بێت داوای قەرزەكانینا بكەنەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست