یەکێک لە هۆکارەکانی یانزەی سێپتێمبەری ٢٠٠١ (بەشی دووەم)
Tuesday, 13/05/2014, 12:00
لەم بەشەدا بایەخێك ئەدەینە ڕستەکەی مارکس و بابزانین بۆچی مارکس پێی وابوە کە تا ئارامی و ئاشتی لە ئیرلەندە بەرقەرار نەبێ، جیهان ئارامی بەخۆوە نابینێ.
دیارە مارکس ئەو ماوە زۆرەی لە ئینگلیزستان بوو لەنزیکەوە ئاگای لە مێژووی پڕ کێشەو قەیرانی نێو ئیرلەندە بوە. وە مێژووی ئەم قەیرانەی ئیرلەنداش وەك ئاشکرایە کەوا لە ساڵی ١١٠٠ دەست پێئەکا، کاتێك ئینگلیز بۆ یەکەمین جار ئیرلەندا داگیر ئەکا ولەو کاتەدا کۆمەڵێ کەسی(پرۆتستانت) ئەنێرێ و لەوێ جێنیشینیان ئەکا. خۆی لەڕاستیدا ئیرلەندە ووڵاتێکی(کاسۆلیك)مەزهەبی مەسیحیەتە. بۆیە لەو کاتەوە کە ئەو کۆمەڵە خەڵکەی ئینگلیز بەزۆر لە ئیرلەندا هێشتینیەوە ، توانیان بەهۆی هێزی داگیر کەری بەریتانیەوە هەموو سامان و زەوی و هەلی ئیش و کارو بارزگانی ئیرلەندا قۆرخ بکەن بۆ خۆیان. بۆیە بەم شێوەیە و تا ماوەی زیاتر لە ٦٠٠ بۆ ٧٠٠ ساڵێ بەم شێوەیە مانەوەو ڕۆژ دوای ڕۆژ هێزو کاریگەریان زیاتر ئەبوو. بەم شێوەیە ، ئیرلەندا چی تر نەیتوانی وەك ووڵاتێکی یەکگرتوو بمێنێتەوەو ناچار دابەش کرا بۆ (کۆماری ئیرلەنداو ئیرلەندای باکوور). کەکێشەکە زیاتر لەباکوور و لەناوچەی(ئەڵستەر) مایەوەو تا هەنووکەش ئەو شوێنە دابەش کراوە لەنێوان (کاسۆلێك و پرۆتستانت).
ئەوەی ئینگلیز کردی لەو ووڵاتە کێشەی زەوی و زار و داگیرکاری کەوا دواتر گۆڕدرا بۆ کێشەی ئایینی. واتە لەسەرەتاوە کاتێك (پرۆتستانت)ەکان هاتن و ئەوێیان داگیر کرد، کاسۆلیکەکان کە دانیشتووی ڕەسەنی ئیرلەندابوون بەرگریان لەخاکی خۆیان کرد،بەڵام دواتر و دوای چەند ماوەیەکی دوورو درێژ کیشەکە لەزەوی داگیر کراوە گۆڕدرا بۆ کیشەی نێوان دوو مەزهەبی ئایینی مەسیحی، کەخۆی لەڕاستیەوە کێشەکە تەنها کێشەی زەوی داگیر کراوە.
هەر هەمان سیاسەت ئیسرائیل توانی لەقودس پەیڕەوی بکاو لەجیاتی ئەوەی عەرەب کێشەکە ببەستنەوە بە زەوی داگیر کراوەوە، زیاتر بەستویانەتەوە بە کیشەی ئایینی و خولانەوە لەدەوی (مزگەوتی ئەقسا). نەك هەر ئەمەش ، بەڵکە ڕێکخراوێکی وەك (حەماس) دروست بوو کەتەواو کێشەی فەلەستینی گۆڕی بۆ کێشەی ئایینی و لۆگۆو سیمبولی سەرکردەکانیشی وەك شەڕێکی ئایینی تەماشایان ئەکرد.
ڕەنگە خوێنەری بەڕێز بپرسێ و بڵێ؛جا چ پەیوەندیەك هەیە لەنیوان هێرشەکانی ١١/٩ و کێشەی باکووری ئیرلەندا. وەئەمەش پرسیارێکی گەلێ ڕاستەو جێگای خۆیەتی بتوانین ئێمەی کورد کەڵك لە دۆزینەوەی ئەو تاڵە مووە کە بۆتە هۆی ڕوودانی ئەم هێرشە تیرۆریستیە،بناسین. وە بۆ ئەمەش بەشی سێیەم تەرخان ئەکەم بۆ ئەوەی تیشك زیاتر بخەمە سەر باسەکەم و بەچەند نمونەیەك باسەکە دەوڵەمەند و بەپیت بکەم. ئەوەی وای لێکردم خۆم بەم باسەوە گرێبدەم تەنها خۆشەویستی گەلەکەم و دۆزەکەیتی. لەبەرئەوەی هەرکاتێك کێشەیەکی گەورەی جیهانی ڕووی دابێ ئەوا کورد زەرەرمەندی گەورە بوە. ئەوەتا دوای جەنگی جیهانی یەکەم کورد کوردستان کرا بەقوربانی (سیڤەر و لۆزان)کە کورد تەواو لەمافەکانی دابڕێنرا. هەروا دوای جەنگی جیهانی دووەمیش (کۆماری مهاباد)ی لەدەست داو ، دوژمنانی کورد ئەم جارە سیاسەتە چەوتەکانیان لەڕێگای چەند چەتەیەکی وەك (مەلا مستەفا،برایم ئەحمەد و جەلال تاڵەبانی)وە خستە بواری جێبەجێکردن و لەو ڕۆژەوە کورد ڕۆژ دوای ڕۆژ بەرەو دواوە ئەگەڕێتەوەو ڕۆژ دوای ڕۆژ زەوی زیاتر لەکیس ئەچێ و زیاتر بەرەو توانەوەو نەمان هەنگاو ئەنێ. ڕەنگە بەهەڵەدا نەچووبم گەر پێم وانەبێ کەوا دوای هێرشەکانی ١١/٩/٢٠٠١ کورد زیاتر هەلی لەکیس خۆی داوەو دامەزراندنی دەوڵەوتی کوردی کراوەتە خەونی شاعیران. بۆیە ئێمەی کورد مافی خۆمانە چی دی نەیەڵێن کەوا کارەساتی گەورە بقەومێ لەبەرئەوەی تەواو نەفەوتێن.ڕەنگە هەبێ پێی وابێ کەوا هەرێمێکی وەك ئەوەی ئێستا هەیە جێگای دڵخۆشیمانە. نەخێر، ئەوەی دڵخۆشمان ئەکا نیشتمانی گەورەی کوردە، ئەوەی مافی کوردە دەوڵەوت و نیشتمانێکی دیاری کراو. ئەوەی هەیە بەناوی هەرێمی کوردستان، تەنها پارچەیەك زەوی بێ هیچ ناسنامەیەك و بێ ئەوەی کورد خۆی خاوەنی بێ. ئەوە تورك و ئێرانن خاوەنداری ئەکەن و لەژێر چەتری ئینگلیزو ئەمریکا هەموو سامانەکەی ئەدزن و چەند بەچکە چەتەی وەك مەسعود،هێرو نەوشیروان و عەلی باپیرو کێی و کێ خەریکی دۆشینی توانای گەنج و لاو و سامانی ئەو خاكەن.هیچ لەوانە باوەڕیان نەبەسەربەخۆیی کوردستان و نە بەئازادی گەلی کورد نیە.ماویەتی
ماویەتی
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست