درۆ لەپێناوی وەهمدا....
Sunday, 26/02/2012, 12:00
زۆرن ئەو حیزبانەی کە لەپێناو مانەوەی خۆیاندا لەدەسەڵات ئەیانەوێ بەویستی خۆیان لەڕاگەیاندنەکانیانەوە قەناعەت بەخەڵکی بکەن کە ئەوان لەسەر حەقن و وا پیشانی خەڵکی دەدەن کە تەنها ئەوان پارێزەری سەروەریەکانی گەلن....
بەکورتى دەمەوێت تەنها دوو نموونەی ڕۆژی (2012/2/24)تان بیردێنمەوە کە بزانن چۆن یەکێتی هەموو شتێک دەکات بۆ مانەوەی خۆی لەدەسەڵات و هیچ گوێ بەعورف و عادات و هەست و سۆزی خەڵکی نادات و درۆ لەدوای درۆ و لەسەر ڕەقەم بڵاویان دەکاتەوە تەنها بۆ قەناعەت پێ کردنی ئەو خەڵکانەی کە تا ئێستا لەگەل خۆیاندا ماونەتەوە.
نموونەی یەکەم....
یەکێک لە بەرپرسە بالاکان بۆ پاساو هێنانەوەی بڵاوکردنەوەی ئەم هێزەی ئاسایش و پۆلیس و پێشمەرگە، ڕایگەیاند کە گوایە زانیاریمان لا بووە کە هێزێکی ئۆپۆزسیۆن 100% بەتەمای دەستپێکردنەوەی خۆپیشاندان بووەو بەبێئەوەی کە هیچ ئاماژە بەناوى لایەنەکەی ئۆپۆزسیۆن بکات.... بەلام دیارە قسەکەى ئەو بەرپرسە زۆر دوورە لە راستیەوەو ئیمە هەموو شاهیدین چونکە ئۆپۆزسیۆن هەر زوو ڕایانگەیاند کە هیچ بەرنامەیەکیان بۆ خۆپیشاندان نییە، بەڵکو ئەو هێزە ئۆپۆزسیۆنەی کە ویستی خۆپیشاندان دەستپێبکاتەوە، ئێمەی شەقام بووین کە ویستمان یادی خۆپیشاندان بکەینەوەو بەڵێن بۆ شەهیدەکانمان و خانەوادە سەربەرزەکانیان دووپاتبکەینەوە کە بەردەوامین لەسەر ڕێبازەکەیان و هەڵگری پەیامە پیرۆزەکەیانین و تا گەیشتن بەتەواوی ئامانجەکانمان دەستهەڵناگرین و دەبێت یەکەمجار یاسا سەروەری هەموان بێت و بکوژی شەهیدەکان تەسلیم بەدادگا بکرێن و تا بەسزای تاوانەکانی خۆیان بگەن.
نموونەی دووەم....
دوابەدوای سەپاندنی سزای زیندانیکردنی هەتاهەتایی بەسەر (تالب غریب قادر) بکوژی شەهید ئومێددا، لەڕاگەیاندنەکانەوە وا بڵاوبۆوە کە ناوبراو پێشمەرگەی سکرتاریەتی یەکێتییە، بەڵام هەر زوو لیوای سکرتاریەتی سکرتێری گشتی و دەزگا ڕاگەیاندنە کانی یەکێتی ئەوەیان ڕەتکردەوە کە گوایە ناوبراو پێشمەرگە بێت لای ئەوان. بەڵێ من بۆتان ئەسەلمێنم کە (تالب غریب قادر) پێشمەرگەی یەکێتییەو لەشوێنێکی زۆر بەرزیش دەوام ئەکات، بەڵگەشم ئەوەیە کە ڕۆژی (17ی شوباتی 2012) سەرای ئازادی پڕبوو لەو جۆرە پێشمەرگانە بەجلی مەدەنییەوەو ئەوانەی کە منیشیان دەستگیرکرد هەر یەکێک بوو لەو کەسانەو هیچ مەمنوونیشیان نەبووم و بێباک بووم لەوەی کە دەیکەن بەرامبەرم، ئەگەر کوشتنیش بووایە، هەرچەندە من گاڵتەم بەعەقڵیان دەهات و هەموو کەسێکیش شاهیدە کە منی بینیبێت لەوکاتەدا کە بەپێکەنینەوەو بەقۆڵ بەستراوی کە بەناو خەڵکەکەدا بەڕێیان کردم بۆ زیندان، بەڵام ئەگەر من یەک تۆز منجەمنج و سەرکێشیم بکردایە، زۆر ئاسان بوو لەلایان کە بەدەردی شەهید ئومێدم ببەن و وەک بەرزەکی بانانیش بۆی دەربچن، بەڵام ئەوەش ئازایەتی خەڵکی شەرەفمەندی سلێمانی بوو کە بکوژەکەی شەهید ئومێدیان دەستگیرکردو نەیانهێشت بچێتەوە ناو میلیشیاکانی حیزبەوە، ئەگینا ئەویش وەک هەموو بکوژی شەهیدەکانی تر، دوایی ئافەرین و خەڵاتدەکران و مەدالیای ئازایەتیان دەکرد بەسنگیانەوە.
هەموو ئەم درۆیانەش نەریتێکە کە ئەو دەسەڵاتدارانە ئەیگرنە بەر کە لەکۆتایی نزیک ئەبنەوەو تەنها بۆ ڕازیکردنی دڵی ئەو کەسانەن کە لەگەڵ خۆیانن و بۆئەوەی کە ئەوانیش بەخەڵکی ڕابگەیەننەوە.. من بەیەکێتی ئەڵێم وەزیری ڕاگەیاندنە علوجەکەی ڕژێمی بەعستان بیرچۆوە (محمد سعید ێحاف) کە چ هەواڵ و لێدوانێکی بۆ ڕاگەیاندنەکان دەداو ئەیوت ئەمەریکا لەبیابانەکانی خۆرئاوای عێراقەو کەچی شەڕ گەیشتبووە ناو کۆشکەکانی سەرۆکایەتی لەناوجەرگەی بەغداد .. تکایە یەکێتی بەهۆش خۆت بێرەوە ئەگینا ئەم پەتایە سەری تۆش ئەخوات و ئەتخاتە ناو دێرو نووسینەکانی مێژووەوەو دوایی دەبیتە مایەی خەمبارکردنی دڵی دۆست و ئیحراجکردنی لایەنگرەکانت، ئەگینا تۆ زۆر لەمێژەوە لەدڵی ئێمەدا نەماویت ومردوویت، بەتەنها لای ئەو کەسانە بمێنەرەوە کە بەرژەوەندییان لەگەڵتدایە
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست