حکومه‌تى بێ زمان و حه‌زره‌تى مالیکى و ماستى کوردى
Saturday, 15/03/2014, 12:00
2274 بینراوە
بیست وئه‌وه‌نده‌ساڵه حکومه‌تى کوردى ئێمه هه‌تیو بێ زمانه و مناڵى حزبه‌کانه . حزبه‌کان چه‌ندین ڕاگه‌یاندنى بیستراو بینراویان هه‌یه . به‌ڵام حکومه‌ته داماوه که‌مان ڕاگه‌یاندنێکى نیه گوزارش له‌کاره‌کانى خۆی بدا.لێره‌دا پێویسته ڕو بکه‌ینه ڕاگه‌یاندنه‌کانى ئه‌و قه‌وارانه‌ى که‌به‌ژدارى له‌م حکومه‌ته تازه‌یه‌دا ده‌که‌ن , بڵێین پاش سه‌دو په‌نجاو ئه‌وه‌نده ڕۆژ که به‌رپرسه‌کانتان نه‌یان توانى گرێکوێره‌ی کابینه‌ى هه‌شته‌م بکه‌نه‌وه‌و چه‌ند مانگیشه ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌کانتان موچه‌ى موفت نۆش ده‌که‌ن . ئیدى نه‌که‌ن ئازادی به‌میله‌ت بفرۆشنه‌وه . که مافێکى ڕه‌واى خۆیانه ،چونکه میله‌ت ئه‌و ئازادیه‌ى به‌خۆى ڕه‌وا نه‌بینیوه وه‌ک به‌رپرسه‌کانتان جامى سه‌یاره‌ى مناڵه‌کانیشیان سه‌رتاپا ره‌ش بێت . جا قه‌ڵمه چه‌ورکراوه‌کانى قه‌واره‌کان . حکومه‌ت ئه‌رکى سه‌رشانیه‌تى کاره‌با دابین بکا .به‌ڵام که‌کاتێ کاره‌باى نیشتیمانی مان به‌نیوه چڵى ده‌داتێ و پاره‌شمان لێ وه‌ر ده‌گرێ ئیدى ئه‌وه‌نده منه‌تمان به‌سه‌ردا مه‌که‌ن . وه له‌مه‌و دوا له‌ڕاگه‌یاندنه‌کانتانه‌وه گه‌نجانمان بریندار مه‌که‌ن بڵێن کارا نین به‌ڵێ گه‌نجانمان له‌سایه‌ى سیاسه‌تى بێ به‌رنامه‌ى حکومه‌تدا نه‌ک کارا نین به‌ڵکو بونه ته که‌سانى کارنه‌که‌رى به‌کاربه‌رى بێ به‌رهه‌م به‌س گه‌نجانمان مشه‌خۆر نین گه‌ر گه‌نجه‌کانمان که‌مێ له شیرینى ئه‌و گرێ به‌ستانه‌یان بخواردایه ئێستا هه‌مویان به‌و گه‌نجیه توشى شه‌کره ده‌بون . .ده‌بێ ئه‌وه‌ش له‌یاد نه‌که‌ن شه‌رمه‌زاری و سه‌رشۆریه بۆ قه‌ڵه‌مه تیژه‌کانى ئۆپۆزسیۆن له‌ژێر نیعمه‌تى ده‌سه‌ڵاتدا کول و کوێر بن . ئه‌و قه‌ڵه‌مانه به قه‌ڵه‌مى هه‌نسکى میله‌ت ناسران . نه‌ک هى قه‌واره‌یه‌ک . وه له‌دواى ده‌ست به‌کاربونى حکومه‌تى نوێ سه‌ر له‌میله‌ت مه‌شێوێنن. ئه‌و کارانه‌ى که حکومه‌ت ئه‌رکى سه‌رشانیه‌تى و ئه‌نجامى ئه‌دا باحیزبه‌کانى ده‌سه‌ڵات خۆیانى پێوه با نه‌ده‌ن , له‌ولاشه‌وه ئۆپۆزسیون سه‌رچۆپى نه‌گرێ و بڵێ ئه‌وه ده‌ر ئه‌نجامى فشارى ئێمه‌یه له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات. ئه‌وکارانه‌ى حکومه‌ت ئه‌نجامى ئه‌دا ئه‌رکى سه‌رشانیه‌تى و پێویست به‌هیچ خۆبادانێ ناکا. ده به‌ڕێزان ده‌ست له خۆخه‌ڵه‌تاندن به‌رده‌ن شکست سیماى هه‌مو پرسه‌کانى کوردى ته‌نیوه. بڕۆن ئه‌و پرسه گرنگانه‌ى که په‌یوه‌ستن به چاره‌نوسو ئاینده‌و ئێستاى میله‌ته‌که‌مانه‌وه چاره‌سه‌ر بکه‌ن که‌چه‌ندین ساڵه به‌هه‌ڵواسراى ماوه‌ته‌وه, وه‌ک کێشه‌ى که‌رکوک و نه‌وت و بوجه‌و پێشمه‌رگه‌و هتدد بۆنمونه ماده‌ى 140 به‌پێى یاساکه سێ قۆناغ دانرا له‌ساڵى 2005 بۆ یه‌ک لاى کردنه‌وه‌ى چاره‌نوسى که‌رکوک 1: ئاسایى کردنه‌وه‌ى بارودۆخى که‌رکوک . 2:سه‌رژمێرى 3: ریفراندۆم . که‌ده‌بوایه له‌ساڵى2007 هه‌ر سێ قۆناغه‌که ئه‌نجام بدرایه به‌ڵام تا ئێستا یه‌ک هه‌نگاو نه‌نراوه هۆکاریش سستى نوێنه‌رانى کورده له‌ئاست حه‌زره‌تى مالیکیدا ،وه‌ک ده‌زانین زیاتر له په‌نجا ئه‌ندام په‌رله‌مانمان هه‌یه له ناوه‌ند به‌ڵام نه‌یان توانى هیچ فشارێ بخه‌نه سه‌ر حه‌زره‌تى مالیکى که‌ده‌توانرا به واژۆى ته‌نها 20 په‌رله‌مانتار مالیکى له‌سه‌ر کێشه‌ى که‌رکوک بانگهێشتى په‌رله‌مان بکه‌ن و لێ پێچینه‌وه‌ى له‌گه‌ڵدا بکه‌ن . به‌ڵام له‌برى ئه‌و کاره هێندێ له‌ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌کانمان توانیان ماستى کوردى بۆ حه‌زره‌تى مالیکى بکه‌نه دیارى . جا ئه‌وانه‌ى خویان به خه‌مخۆرى ئه‌م نیشتیمانه هه‌ژمار ده‌که‌ن با بڕۆن کار له‌سه‌ر ئه‌و پرسه گرنگانه بکه‌ن . نه‌ک به‌نۆژه‌ن کردنه‌وه‌ى خیابان‌و کوچه‌کان چاومان پڕ خۆڵ که‌ن .