گۆران یان گۆرین....
Sunday, 03/05/2009, 12:00
1171 بینراوە
ماوەی چەند ساڵێكە خەڵكی كوردستان تووشی بێ ئومێدی زۆر هاتبوون لە سیستەمی دەسەڵاتی كوردی و رووناكیان بە چاو نەدەبینی بە تایبەتی كاتێك باس لە رێكەوتنی ستراتیجی نێوان دوو حزبەكەی دەسەڵات دەكرا و كاتێك كە دەگوترا رێكەتنی ستراتیجی نێوانیان تا دوای ساڵی 2014 قابلی درێژكردنەوەیە، ئەمە وای كرد كە خەڵكی كورد بەر چاویان تاریك بێت و هەست بە نائومێدی بكەن هیچ گۆرانێك چاوەرێ نەكەن ، لە كاتێكدا هیچ لەو لایەنانەی كە لە گۆرەپانی كوردی دا هەن ئەوەیان لێچاوەرێ نەدەكرا كە بتوانن دروشمی گۆران بەرز بكەنەوە و رووبەرووی ئەو دەسەڵاتەی ئێستا ببنەوە ئەمەش بە هۆی ئەوەبوو كە دوو حزبەكەی دەسەڵاتی ئێستا هەموو ئەو هەوڵانەیان لەبار دەبرد كە هەوڵبدات روو بەروویان بوەستێت خەڵكی كوردیش ئەوەندە سەری دەهێنا و دەبرد لە هیچ لایەنێكی را نەدەدیت كە بتوانێت پێشەوایەتی سومبلی گۆران بكات و بێتە مەیدانی رووبەرووبوونەوەی سیاسی لەگەڵ دەسەڵات. ئێستاش باسی گەرم باسی هەڵبژاردنە و دەبینین كە لستێك دەسەڵاتی هەژاندووە و سەرنجی خەڵكی كوردستانی راكێشاوە و زۆر بو ووریایی دركی بە پێویستی و ئامانجی خەڵكی كورد كردووە لە ناو نانی ئەو لستە و هەڵبژاردنی گونجاوترین دەستەواژە كە بەرچاوی خەڵك رووناك بكات.
نامەوێت منیش دەست پێبكەم و بە شان وباڵی ئەو لستە هەڵبدەم كە تەنانەت هێڵەكان و ئامانج و ئاراستەشی تا ئێستا بۆ خەڵك بە تەواوی روون نیە، بەڵام لە هەمان كاتدا ئومێدی تازەی خستە دڵی خەڵكەوە دوای ئەوەی كە بە تەواوی بێ ئومێدی شاڵاوی بۆ هێنا بوون، خەڵكانێك كە نەوەك هەر سوودمەند نە ببوون لە ئێستای دەسەڵات بەڵكو هەستیان دەكرد كە لە زۆربەی مافەكانیشیان بێبەشكرابوون، خەڵكیك كە لە سایەی دەسەڵاتی دوو حزبەكە خەریك بوو ئینتمای نیشتمانیان لە دەست دەدا، خەڵكانیك كە هەستیان دەكرد كە جیاوازن لە كەسانی تر لە پلەی هاوڵاتی بوون ئەگەرچی لە توانستدا بە توانا ترن، ئەو جۆرە خەڵكە زۆر بە چاوروونیەوە سەیری ئەو تروسكایی ئومێدە دەكەن كە لستێك بێت جا چ گۆران یان گۆرین بەرپا بكات، گرینگ ئەوەیە ئەو دەسەڵاتە سربووەی كورد كە چەند ساڵە خۆیان بە كورسی دەسەڵات شۆركردۆتەوە و پێان وایە كە كوردایەتی و دەسەڵات لەسەر ئەوان تاپۆ كراوە، ئەو لیستە بێت و دەسەڵات بە ئاگا بێنێت كە خەڵكی كورد رێژەیەكی زۆر لە كەسانی هۆشیار و بەرچاو روونی تێدایە كە دەتوانن بریاری سیاسی و ئاراستەی سیاسەت بە لای تردا ببەن، خەڵكانێك كە گرنگ ئەوەیە لە لایان گۆرینێك هەبێت كە بتوانێت گۆرانی زیاتر بە دوای خۆیدا بێنێت بە جۆرێك كە بریاری سیاسی بۆ جەماوەر بگەرێتەوە و جەماوەر بریاردەری هەموو گۆرینەكان بێت تەنانەت بۆ گۆرینی ئەوانەش كە درووشمی گۆران بەرز دەكەنەوە ئەگەر بێت و ئەنجامدەری گۆران نەبن ئەوانیش قابیل بە گۆرین بن..
هەولێر