Thursday, 26/12/2013, 12:00
2704 بینراوە
کۆمەڵێک ڕووداو هەیە کە زۆرترین تراژیدیایی لەگەڵ خۆیدا هێناوە، کەچی کەمترین کەس زانیوێتی. بەتایبەتی لەو چیایانەدا کە هەمیشە لەژێر دەستی داگیرکەراندا بووە. ڕووداوەکان چیرۆکێکی لەبیر کراون، بەشێکی زۆری مەینەتی بوون، کە بەسەر خەڵکی ئەو ناوچانەدا هاتوون، کەچی ئێستا وا خەریکە بەتەواوەتی خەڵکی لەناو هزریشیدا دەسڕێتەوە و خاڵی بۆ تەوە لەو چیرۆکانە.
ئەو ساڵانە شەڕگەی ئێران عێراق تادەهات گەرمتر دەبوو، هەر کە تاریکی دادەهات بریسکەی تۆپەکانت دەدی وەک هەورەتریشقە ڕووناکییەکی دزێوی دەهات و پەیامی مەرگی رادەگەیاند، ئەو ساڵانە شەڕ لەبەر دەرگای هەموو ماڵەکانەوە سەرەتاتکێی دەکرد و دەوەن و ڕەزو باخەکان ئاگریان دەگرت، ئاژەڵ و باڵندە و ووڵاخەبەرزەکان ئەبوونە خۆراکی پریشک و پارچەی خومپارەوە تۆپەکان. ووڵاخە بەرزەکان بەشێکی گەورە لە ترس ببووە میراتیان و لە زۆر کاتدا شەڵاڵی خوێن دەبوون و زامار و کوژراو دەبوون و جەستەیان لەو چیاو دۆڵانەدا دەبووە خۆراکی داڵەکان و خاوەنەکانیشیان هەژار تر و داماو تر دەبوون، ئێوە بیستووتانە لەناو ووڵاخەبەرزەکاندا شێتیی هەبێت؟ بەڵێ ئەگەر مرۆڤ شیت ببێت، ئەی بۆ ئاژەڵیش شێتی نابێت؟! ئەو ئەسپەی خاوەنەکەی کوشتبوو بەیەکێک لەپارچە تۆپەکانی شەڕ سەری زامار دەبێت بەر لەچەند مانگێک، لەیەکێک لە شەوە باراناوێکاندا ئەنگوستەچاوەکاندا. من ئەم چیرۆکەم لە دەمی ئەو مێرد منداڵەوە بیست کە دەیلاواندەوە لەسەر تەرمی باوکە پارچە پارچە بووەکەی. بەر لەچەند مانگێک کاتێک باوکی لەگەڵ چەند کاروانچی تردا بەڕێگەوە دەبن و بەچیایەکدا هەڵدەزنن، تا ئاودیووی سنور ببن، بۆ ئەوەی لەوێووە بارەکانیان دانێن کە فستق و ئەنگۆرە و خەنە بووە، لە جێگەی ئەو لەو دیوو سنورەوە، تیغی ڕیشتاشین و فافۆن و چا، هەڵگرن لەگەڵ خۆیاندا بیهێننەوە، بەڵکو بەمە شتێک پارەیان دەست بکەوێت بۆ بژێووی ژیانیان، کەچی ئەو شەوە باران بەچرکە بەرۆکی ئەو کاروانە ماندووە خوار و خێچە بەر نادات، بۆیە ڕێگە هەڵەدەکەن و لەیەک دادەبڕێن و دەنگە دەنگ و هاوار هاوار لەناویاندا بۆ دۆزینەوەی یەکتری دەست پێدەکات، لەو کاتەدا ئەمان نزیکی یەکێک لەسەر بازگاکان دەبن، لەو دەنگە دەنگەدا سەربازگاکە دەست دەکاتە تۆپبارانی کاروانەکە و هێندەی تر کاروانەکە پەرش و بڵاو دەکاتەوە و چەند ووڵاخە بەرزە بەبارەکانەوە دەکوژرێت و یەک دوو کاروانچیش زامار دەبن و یەکێکیش ڕێگەی لێ تێك دەچێت و دەکەوێتە ناو شەتڵی میندا و لاشيکەی بۆ ئاسمان بەرزدەبێتەوە ئەوکاتەی مینێک لەژێر پێڵاوە لاستیکەکەیدا دەتەقێتەوە، ئەم ئەسپە زامدار دەبێت و پارچەیەک لەسەری دەدات، خاوەنەکەی هەرچۆنێک بێت تا ئەودیوو سنوری دەبات بەو زامدارییەوە، ئەسپە وەک هەموو کەسێکی تری کەللە ڕەق و چیایی زامدارێکەی هیچ لە لوتبەرزی و شکۆی کەم ناکاتەوە، بەڵام ئیتر ئەو ئەسپە سەلار و سەنگینە نامێنێت کە ئەرکی بەخێوکردنی خێزانێکی لە ئەستۆیە، هەر بۆیە بەهەق و ناحەق لە چوار ناڵە دەداو گوللە ئاسا تێدەتەقێنێت و لەهەموو کەسێک بەگومان دەبێت کە نزیکی دەکەوێتەوە بەتایبەتی کاتێک دەنگی گوللە تۆپەکان دەژنەوێت. ڕۆژێکی بەهار بوو دنیایەکی سەوز خۆرێکی نازدار و ئاسمانێکی ساف، شەونم بەسەر هەموو گیاکانەوە بوو داربەڕۆکان و بەڵاڵو و هەرمێ کێوییەکان و دارترشییەکان چرۆیان کردبوو، شەونم ئەوانیشی داگیر کردبوو، ئاخر شەو نەرمە بارێک وەک سەما لەئاسمانەوە دەباری، بەیانیەکی ئارام بوو هەموو زەوی لەناخەوە پێدەکەنی سروشتی ئەو ناوچەیە هێندە دیمەنێکی جوانی هەبوو لەبیری ئەوەدابووم بەخۆم ووت : ئای خواگیان گەر من نەهاتمایە بۆ پێشمەرگایەتی و ئەم شوێنە جوان و سروشتە نازدارەم نەدیایە ژیانم چەند بێمانا دەبوو ؟ لەبیری ئەوەدابووم کە ئەم دیمەنە لەدوایی ڕزگاربوونی ووڵات بکرێتە جێگەیەکی گەشتیاریی دەبێت شان لە شانی بلوارەکانی سویسرا و دۆڵەکانی ئاڵپ نەدات ؟ من ئەو دەم ئەو جێگایانەم تەنها بیستبوو، لەپڕێکدا کەوتین بەسەر قەرەباڵغییەکدا کە نزیک بووینەوە دیمان لاشەیەکی مردووی بێقۆڵ و سەرتاپا لەخوێن و ئارەق هەڵکێشراو کەوتبوو چەند کەسێک دەوریان دابوو، چوینە پێشەوە زانیمان ئەسپەشێتەکە، کە لەغاوەکەی بەدەستی خاوەنەکەیەوە بووە لەوکاتەدا شێتییەکە لەدەرکی دەداو دەکەوێتە سەر هەردوو پاشویی و نەعرەتەیەک دەکات و غار دەدات بۆ نادیار، لەو کاتەدا خاوەنەکەی ڕەشمەی ئەسپەکەی بەدەستی چەپییەوە دەبێت ئەسپە شێتەکە خاوەنەکەی ڕادەکێشێت و دەیدا بەزەویداو ڕەشمەکە لەدەستی توند دەبێت و بەدوایی خۆیدا ڕایدەکێشێت، خاوەنەکەی کاتێک بەردەبێتەوە سەریی لە تاشەبەردێک دەدا، پێدەچێت وەک ئەوانەی گێڕایانەوە " هەر لەوێدا خاوەنەکەی لەهۆش خۆی چوبێت یان مردبێت " لەم کاتەدا ئەسپەشێتەکە زیاتر دەهریی دەبێت و خاوەنەکەی بەدوایی خۆیدا ڕادەکێشێت بەغاردانەوە وەک ئەوەی بەدوایەوەبن و ڕاوی بنێن. ئیتر بەناو دەوەن و بەردەڵان و بەرزی و بزمیدا ڕایدەکێشێت تا لەجێگەیەک لاشەکە لەدەوەنێک گیر دەخوات ئەسپە شێتەکە زیاتر تاو دەداتە خۆی و باڵێ چەپی بەلەغاوەکەوە ڕادەکێشێت و غاردەدات ئەسپەکە خۆی وباڵی خاوەونەکەی بەرەو ئەو سەربازگایەی کە بەر لەچەند مانگێک تۆپی تێگرتن.
لاشەیەکی هەنجن هەنجی بێباڵ و کوڕێکی مێرد منداڵ بەدیار تەرمی باوکێکی ڕەنجدەرەوە کە لەپەڕۆیەکی شڕو ووڕ دەچوو هەموو گیانی تێک شکابوو، بەرگی لەبەردا نەما بوو تاکێک گۆرەوی ڕەش و شەرواڵێکی بۆری دڕاوی لەبەردا دەبینرا، ڕیشێکی ماش و برنجی دێز و لاشەیەکی ماندووی ڕەش هەڵگەڕاوی بەهەتاو. کڕووزانەوەی ئەو مێرمنداڵە ئاگری لەویژدانم بەردا و دەیووت: ئاخر باوەگیان من ئیتر لەگەڵ کێدا بێم بۆ کاروانکردن ؟ ئای بابەگیان بۆ جێت هێشتم ؟ من چۆن بڕۆمەوە بۆ گوندەکەمان ؟ چی بەدایکم و خوشکە چکۆلەکەم بڵێـم؟ ئای ئەسپە شێتەکە تۆ بۆ ناگەڕێیتەوە بۆلامان ؟ بۆکوێ چوویت، ئەی چۆن و بەچی لاشەی باوکم بەرمەوە بۆ ئاوایی ؟ ئەسپە گیانەکە هەر هیچ نەبێ باڵی قرتاوی باوکم بۆ بێنەوە، ئاخر دوێنکە باوکم جۆی بۆکڕیت، ئەوە وەفات بوو بەرامبەری؟ بۆ کوشتت ؟ ئەو تۆی خۆشدەویست، ئاخر کە دەوەستاین و بارەکانی لێ دادەگرتی، کاتژمێرێک لەشی ئاراقاوی تۆی دادەهێنا و هەموو جارێک ناوچەوانی ماچ دەکردی.
ئەم مێرد منداڵە هێندە بەعەشقەوە لەسەر ئەو لاشە لەت لەت بووەی باوکی دەیلاوانەوە گەر سەدام و خومێنیشی لێبوایە دەستیان دەکردە گریان. کاتێک هاوڕێ کاروانچییەکانی تری خاوەن ئەسپە شێتەکە زانیان دەبێت کارێ بکەن و ئەرکی ئەم لاشەیە لەئەستۆ بگرن، و لاشەکەیان لەبەتانیەکی تەنک پێچاو بەنیازی بردنەوەی، منداڵەکە دەگریا و دەیووت، بۆخاتری ئاسمان بۆ خاتری خوا لێی بگەڕێن با باڵەکەی بێنمەوە دوایی وەیپێچن. ئاخر من باوکم چۆن وابەرمەوە ؟ لەوکاتەدا ڕەتڵێک تۆپی تر لەچیاکەی ئەو بەریدا و بەسەر قەرەباڵغییەکەدا تۆپەکان ووژەی کرد، کابرایەکی بەتەمەن ووتی : کاکە خوا خراپر نەدات دەی با ئێرە چۆڵ بکەین پێئەچێ ئیزرائیل ئەمڕۆ هەر لێرەبێت لەم دەوروو بەرە، داخۆ دەیەوێت ڕۆحی چەندمان هەڵکێشێت ؟ ئەگینا لەکوێی دنیادا ئەسپ خاوەنی خۆی دەکوژێت ؟
بەندە لەژیانمدا زۆر ڕووداوم دیوە بەڵام ئەم ڕووداوە یەکێکە لەو ڕووداوانەی لەمێژە دەڵێ بمنوسەرەوە.