بۆچی کاک ئارام ئه‌حمه‌د عه‌لی هێنده بێویژدانانه بڕیار ده‌دات ؟
Thursday, 24/09/2009, 12:00
ئه‌گه‌رچی بۆ 20 ساڵ زیاتر ده‌بێت کاک ئارام ده‌ناسم ، نه له‌م بابه‌ته و نه له هیچ بابه‌تێکی دیکه‌شدا نامه‌وێت تۆمه‌تی بێویژدانی بخه‌مه پاڵ ئه‌و به‌ڕێزه ، چونکه ئه‌و خۆی ئازاده له‌وه‌ی چۆن بیر ده‌کاته‌وه . به‌ڵام کاتێک که خۆی له ڕووداوێک‌دا نه‌بوو و بڕیاری دووراو دووریشی به نه‌رێنی له‌سه‌ر ئه‌و ڕووداوه دا ئه‌وه ده‌چێته خانه‌ی بێویژدانیکردن به‌رامبه‌ر به ڕووداوه‌که .
ڕۆژی 6-9-2009 له شاری دێڵفتی هۆڵه‌ند له لایه‌ن چاودێری کوردۆساید(چاک)ه‌وه کۆڕێک بۆ خاتوو له‌یلا زانا سازکرا ، ژماره‌یه‌کی زۆر له ڕه‌وه‌ندی کوردی ئاماده‌ی ئه‌و کۆڕه بوون و زۆر به گه‌رمی پێشوازییان له خانمی کوردان کرد ، به‌ڵام له نێو کۆڕه‌که‌دا شوێنی کاک ئارام خاڵی بوو ، ئیتر نازانم له‌به‌ر ئاگادار نه‌بوونی کاک ئارام ئه‌حمه‌د عه‌لی بوو له‌م کۆڕه ، یاخود کاک ئارام بڕیاری داوه که به‌شداری له کۆڕێکدا نه‌کات ئه‌گه‌ر ده‌نگی ئازادیخوازان و ئاشتیخوازانی تێدا بڵند بێت ؟
له زۆربه‌ی کۆڕه کوردیه‌کاندا به‌شداریم کردووه له هۆڵاند ، به‌ڵام هیچ کۆڕێکم نه‌بینی که هێنده به ئارامی و سه‌رکه‌وتوویی به‌ڕێوه بچێت له نێو جۆره‌ها بیروبۆچوونی جیاوازدا ، که له‌نێو ئه‌و کۆڕه‌دا هه‌م به‌رپرسانی یه‌کێتی و هه‌م به‌رپرسانی پارتی و هه‌م به‌رپرسانی گۆڕانه‌که‌ی کاک ئارامیش له‌وێ بوون . ئارامی و سه‌رکه‌وتوویی کۆڕه‌که‌ش زیاتر ده‌گه‌ڕایه‌وه بۆ سه‌نگ و ڕاستبێژی خانمی کوردان .
خانمی کوردان زیاتر جه‌ختی له‌سه‌ر کۆنفرانسێک ده‌کرد که ببێته هاوده‌نگی و بڵندگۆیه‌ک بۆ هه‌موو کوردان ، نه له دوور و نه له نزیک به شان و باڵی هیچ که‌س و لایه‌نێکدا هه‌ڵینه‌دا . ته‌نانه‌ت کاتێک چه‌ند به‌ڕێزێک هه‌م له گۆڕانه‌که‌ی کاک ئارام و هه‌م له لایه‌نگرانی پارتیش خواستیان له‌یلا زانا کێش بکه‌نه نێو کێشمه کێشمی حیزبایه‌تییه‌وه ئه‌وا نه‌ک هه‌ر خواسته‌که‌یان مایه‌پووچ ده‌رکه‌وت ، به‌ڵکو خانم له‌یلا ئاشتی و یه‌کڕیزی کوردانی کرده بناغه‌ی گوته‌کانی . ئیتر نازانم کاک ئارام ئه‌م تۆمه‌تی مه‌سعود په‌رستییه چییه ده‌یداته پاڵ ئه‌م خانمه ؟ پێده‌چێت کاک ئارام له ده‌رگای ئه‌م باسه‌وه بخوازێت که چه‌ند ده‌رگایه‌کی دیکه دابخات و هانا بۆ ده‌رگایه‌کی هێجگار ڕزیو ببات که ئه‌و ده‌رگا ڕزیوه‌ش ده‌رگا ژه‌نگاویه‌که‌ی ئه‌ردۆغانی کۆنه‌په‌رسته ، واته به‌شێوه‌یه‌کی ناڕاسته‌وخۆ بخوازێت ببێته هاوده‌نگی سه‌ڵاحه‌دین محه‌مه‌د به‌هاوالدینی ئه‌ردۆغانپه‌رست که ئه‌ردۆغان به ڕه‌حمه‌ت بۆ کوردان و ده‌ته‌په‌ش به تیرۆریست ناوزه‌د ده‌کات . بۆ بینینی لێدوانه نابه‌جێکانی سه‌ڵاح‌الدین محه‌مه‌د به‌هاوالدینی ئه‌ردۆغانپه‌رست کرته له‌سه‌ر ئه‌م لینکه بکه :
http://www.awene.com/Direje.aspx?Babet=Hewal&Jimare=4285
کاک ئارامیش له ده‌رگای بێویژدانی کردن به له‌یلا زاناوه ده‌خوازێت هه‌م خۆیمان لێبکات به ناسیۆنالیستێکی عه‌یاره 24 و هه‌م شه‌ونخونی و سه‌رهه‌ڵدانی 30 ساڵه‌ی ئافره‌تان و پیاوان و منداڵان و به‌ساڵاچوانی کوردیش بکاته بڵقی سه‌ر ئاو و بڵێت ئه‌وه ڕه‌حمه‌تی ئه‌ردۆغانه به‌سه‌ر کوردان‌دا ده‌ڕژێت ، به‌ڵام نه‌ک وه‌کو سه‌لاحه‌دینی یه‌کگرتوو به ڕاشکاوی بیڵێت به‌ڵکو به‌شێوه‌یه‌کی ناڕاسته‌وخۆ بڵێت : بۆ خاتری چونه نێو یه‌کێتی ئه‌وروپای تورکیاوه ئه‌م ڕه‌حمه‌ته‌مان به‌سه‌ردا ده‌بارێت!!!
کاتێک نه‌ته‌وه‌یه‌ک به ته‌واوه‌تی باسی له ئازادی نه‌ته‌وایه‌تی ده‌کرد ئه‌و کات هه‌م سه‌رکرده‌که‌ی ئیمڕۆی کاک ئارام له به‌هێزترین ده‌سه‌ڵاتی‌دا سه‌رۆکی تیپی فوتباڵی عێراقی ده‌خواست و هه‌م کاک ئارامیش له سه‌نگه‌ری حیکمه‌تیسته‌کانه‌وه گولله‌ی ئاڕاسته‌ی بیری نه‌ته‌وایه‌تی ده‌کرد و ئازادی نه‌ته‌وایه‌تی به کۆنه‌په‌رستی ناوزه‌د ده‌کرد ئه‌وا ئیمڕۆش له سه‌نگه‌ری گۆڕانه‌وه گوته‌کانی سه‌ڵاح‌الدین محه‌مه‌د به‌هاوالدینمان بۆ ده‌سه‌لمێنێت .
بۆ بینینی گوته‌کانی کاک ئارام ئه‌حمه‌د عه‌لی کرته له‌سه‌ر ئه‌م لینکه‌ی خواره‌وه بکه :
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=ac134099
پرسیار له کاک ئارام ئه‌حمه‌د عه‌لی :- 1- ئه‌گه‌ر فشاره‌کانی ئه‌مریکا و ئه‌وروپا هێنده کاریگه‌رییان هه‌یه له‌سه‌ر تورکیا ، ئه‌ی بۆچی ئه‌و فشارانه نه‌یانتوانی په‌یمانی سیڤه‌ر بخه‌نه واری کردارییه‌وه و په‌یمانی لۆزان جێگه‌ی گرته‌وه ؟
2- ئه‌گه‌ر ئه‌ردۆغان بۆ خاتری چوونه نێو یه‌کێتی ئه‌وروپا ڕه‌حمه‌تمان به‌سه‌ردا ده‌بارێنێت ، ئه‌ی بۆچی به‌ر له داستانی زاپ فه‌رمانی به سه‌رباز و پۆلیسه‌کانی ده‌دا که ده‌ست له ژن و منداڵی کوردیش نه‌پارێزن ؟
3- ئه‌گه‌ر کوردان هیچ کاریگه‌رییه‌کیان له‌سه‌ر تورکیا نییه ، ئه‌ی بۆچی پێش سه‌رکه‌وتنه‌کانی ده‌ته‌په له هه‌ڵبژاردنه شاره‌وانیه‌کان‌دا ئه‌ردۆغانی ڕه‌حمه‌تبارێن باسی له یه‌ک نه‌ته‌وه و یه‌ک خاک و یه‌ک ئاڵا ده‌کرد ؟
4- ئه‌گه‌ر له‌یلا زانا هێنده سیاسییه‌کی داماوه ، ئه‌ی چ هۆکارێک وای کردووه که ته‌نها له ماوه‌ی ئه‌م ساڵدا 2جار بانگێشتی په‌ڕله‌مانی ئه‌وروپا و جارێکیش بانگێشتی په‌ڕله‌مانی هۆڵه‌ندا بکرێت و پێشوازیه‌کانیش ته‌نها سه‌رسوڕمانی ده‌وێت ؟
له کۆتایی‌دا هێنده ماوه‌ته‌وه که بڵێم بریا به‌ر له ناسینی پارت و که‌سایه‌تیه‌کان هیچ بڕیارێکمان چ به ئه‌رێنی و چ به نه‌رێنی نه‌دایه .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست