تاڵەبانى وتوویەتى .. بەردێك ئاڕاستەى بارزانى بكرێ ، ئامادەم خۆمى بدەمە بەر
Thursday, 21/04/2011, 12:00
((خۆزگە ئەوەندە بۆ گیانى قەڵەم بەدەستەكان ئازایەتى دەنوێنن 1% ى ئەو ئازایەتیەتان بۆ گیانى ئەنفالچى و گەندەڵ و موستەشار و جاسوس ودزەكان بەكار دەهێنا . نووسەرێك )) .
تاڵەبانى تادێت شتى عەجایب ترمان بۆ پەخش دەكا ماوەیەك پێش ئێستا ووتى ئەو ئەندامانەى یەكێتى ئەدەم بە دادگاى تایبەت كە لە ڕۆژنامەكاندا ڕەخنە لەپارتى و یەكێتى ئەگرن ، كەئەوەندەى تر كادیران و ئەندامانى لەخوارەوە ڕق ئەستوورترو ناڕازیتر كرد لەحزبەكەى ، ئەوەندەیتر ناشیرینتر بوون لاى كۆمەڵانى خەڵكى كوردستان ، لەكۆبوونەوەیەكى تردا هەفتەى ڕابردوو لەمەڵبەندى 3 ى هەولێر ڕاى گەیاندووە ئەوەى بەردێك ئاراستەى سەرۆك بارزانى بكات ئامادەیە خۆى بداتە بەر ، تاڵەبانى لەمێژووى ژیانى خەباتى شەرمەزارنەى خۆیدا ئەمە یەكەم لێدوان و دوا لێدوانى سەیر و سەمەرەى نیە ، لەوەتاى هەیە سەدان لێدوان و قسەى دوو ڕووانەى وایكردوە ، سەدان بڕیارى دەركردوە مەترێك بڕى نەكردوە هەموو خەڵك شارەزاى هەڵوێستە دووفاقى و قسە بێ ناوەڕۆكانى بوون دوور نەڕۆین بۆ ڕابردووى پڕ شەرمەزارى یەك دوو نمونەى دوایى ڕاپەرین بیرى هەموو لایەك بێنینەوە ، ساڵى 96 بەر لەخیانەتى 31 ى ئاب ووتى مەلامستەفا بەكرێ گیراو خائین و خۆفرۆش بووە هەر ئەوكات لەڕۆژنامەى كوردستانى نوێ ئەم لێدوان و قسانەى تاڵەبانى كران بەمانشێت ، دوایش مەلامستەفاى كرد بە تێكۆشەرو ساڵى 2006 چوو بۆ سەر گۆرەكەیى و سەدان هەزاردۆلاریشى كردە دیارى بۆخەڵكى بارزان ، لەسەرەتاى نەوەدەكانیش ستایشى سەرۆك ئاپۆى قارەمانى بەرخۆدان و سەرهەڵدانى كرد ، دوایش لەپێناوى بەرژەوەندى خۆى و لەناوبردنى میللەتى كورد و تەسلیم بوون بۆ ئیڕادەى توركى فاشى ، ئاپۆ و خەباتە پیرۆزەكەى گەریلاى بەكارى تێكدەرانەو تیرۆریست دایە قەڵەم و بەوەشەوە نەوەستا ساڵى 2000 بە فیتى دەوڵەتى داگیركەرى توركیا و میت پەلاماری قەندیلیدا .
ڕابردووى شەرمەزارى پڕە لەم لێدوان و هەڕەشە گاڵتەجاریانە ، چەند ساڵێك لەمەوبەر لەكۆنگرەیەكى ڕۆژنامەنووسی لەسەرمەسەلەى كەركوك و مادەى 140 و كارى سەركردایەتى كورد لەبەغدا ووتى .. خەڵك هەیە ئەڵێ سەركردایەتى كورد چى كردوە لەبەغدا ؟ چۆن هچیمان نەكردوە ؟ خۆ لەبەغدا لەمەلهانین ؟ گوێ بیستى ئەوەش بووین كە تاڵەبانى لە كۆبوونەوەى لەگەڵ مەڵبەندەكانى یەكێتی لەوەڵامى پرسیارى كادیرێكى خۆیاندا ، لەبەردەم سەدان كەسدا ووتى چۆن پڕۆژەى خزمەتگوزارى نەكراوە ؟ ئەى ئەوەى كراوە بە تڕ كراوە ؟ گوێ بیستى چیرۆكى پشیلەكەش بووین و دیمان چۆن لەتوركیا ڕیسواو شەرمەزار كرا ، ئێستاش بەردەوام خۆى ئەكا بە پارێزەرى پارتی و داكۆكى لەدزى و گەندەڵیەكانى ئەوانیش ئەكات و ئەڵێ ئەوەى ڕەخنە لە پارتی بگرێت ڕاوانەى دادگاى تایبەتى ئەكەم ، لەهیچ یاساو ڕێسایەكدا نەبووە حزب دادگاى تایبەتى هەبێ ، بەناو سۆشیال دیموكراتەو دروشمى مافى مرۆڤ و دیموكراسى و ئازادی هەڵگرتووە ، ئەمە باشترین بەڵگەیە كەئەم دروشم و چەمكانە هیچ بەها و ڕێزێكیان نیە لاى تاڵەبانى و سەركردایەتى ئێستاى یەكێتى دەكرا ووتباى تەسلیمى هێزى دژە تیرۆرى كوڕەكەمیان ئەكەم یان وائەكەم وەك سەگ پەلاماریان بدات ، نەوەك دادگاى تایبەتى حزب .
ئەمەیە دەربڕو هەڵوێست و پەیامى سەرۆك كۆمارى عێراقچى بۆ خەڵكى كوردستان و كادیرو ئەندامانى حزبەكەى ؟ جاك شیراك لەكاتى تەواو بوونى پۆستەكەی ووتى خۆشحاڵم خانووم نیە و كرێچى كوڕى رەفیق حەریریم ؟ ئەوەى ئێمەش لە دواین ساتەكانى ژیانی خەڵك ڕاوانەى دادگا ئەكات و تەلەفۆن بۆ بەچكە دیكتاتۆرێكى وەك بەشار ئەسەد و خۆى ئەكات بەپەرژین بۆ بارزانى .
خۆزگە بۆ داواكارى خۆپیشاندەران و هەرچى زوولەسێدارەدان و دادگایى كردنى سەرۆك جاش و ئەوانەى لەخوارەوە بەربوونەتە وێزە و گیانى خەڵك و تاپۆكردنى موڵك و ماڵ و زەوى و ئاوهەوا و سەیرانگا و گرد و دێهات و شاخەكانى كوردستان لەسەر خۆیان و خێزان و منداڵەكانیان ئاوا هەڵوێستێكى پیاوانەى دەبوو ؟ بەپێچەوانەوە بەپەلەیە و ئامادەیە خۆى بداتە بەر سەرۆكى پارتى و بەشارئەسەد و وەك بەرزەكى بانان بۆى دەرچێ و خوێنى هەزاران هەزار گەنجى داماو و ئەنفال و كیمیابارانیش بەهەدەر بڕوات .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست