کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئه‌رێ نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ کوێه‌ له‌م فرسه‌ته‌ ئاڵتوونیه‌دا!!!

Saturday, 14/06/2014, 12:00










نەگبەتی میللەتی کورد لەوەدایە، کە لە رۆژێکی ئاوادا خاوەنی ئەم سەرکردەی ترسنۆکانەن کە ناتوانن پەیامێکی نیشتیمانیی و بڕیاری چارەنووسسازانە بدەن

وه‌ک ده‌زانین ئه‌مڕۆ به‌هۆێ داعش و ڕووخانی سوپای عێراق و ڕووداوه‌کانی ئه‌م دووایه‌دا ، فرسه‌تێکی تری ده‌گمه‌ن و ئاڵتوونی بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌موو ناوچه‌ وازلێهێنراوەکان، ته‌نانه‌ت دەرفەتی جیابوونه‌وه‌ش ڕه‌خساوه‌ بۆمان، که‌چی سه‌کرده‌ ترسنۆکەکانمان و به‌کرێگیراوانی ووڵاتانی ناوچه‌که ‌به‌هیچ شێوه‌یه‌ک هه‌ڵوێستێکی نیشتمانپه‌روه‌رانه‌ و ئازایانه‌یان نییه‌، تا به‌ئاشکرا داوا له‌ خه‌ڵک و هێزی پێشمه‌رگه‌ بکه‌ن که‌ ئه‌مە دوایین فرسه‌ته‌ و هه‌موو به‌شه‌ داگیرکراوه‌کانی باشووری کوردستان بگه‌ڕێننه‌وه‌ و سنوری کوردستانی باشوور ده‌سنیشان بکه‌ن..
خه‌ڵکی کوردستان زۆر باش ده‌زانێت. پارتی و یه‌کێتی هه‌ر یه‌که‌یان سه‌ر به‌ ووڵاتێکی داگیرکه‌ری کوردستانه‌ و ناتوانن هه‌ڵوێستی نیشتمانپه‌روه‌رانه‌یان هه‌بێت ، وه‌ک ده‌زانین مەسعوود بارزانی کۆیله‌ی تورکیایه ‌و ماوه‌یه‌که‌ خۆی دزیووه‌ته‌وه‌ و که‌س نازانێت له‌ کوێه.
سه‌رکرده‌ی ووڵاتانی تر گه‌ر له‌ ده‌ره‌وه‌ی ووڵات بن، بۆ هه‌ر کاره‌ساتێکی سروشتی یان سیاسی به‌په‌له‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ تاکو له‌ نزیکه‌وه‌ ئاگاداری بارودۆخه‌که‌ بن، که‌چی ئه‌م سه‌رۆکه‌ی له‌مه‌ڕ خۆمان ئه‌وه‌ بۆ چه‌ند هه‌فته‌یه‌کە له‌ ده‌ره‌وه‌ی ووڵاته‌ و که‌س نازانێت له‌ کوێه‌ و خه‌ریکی چیه‌، تا له‌م دوایه‌دا په‌یامێکی کاڵوکرچ و ساکاری نارد بۆ خه‌ڵکی کوردستان و هێزی پێشمه‌رگه‌، هیچ شتێکی وای تێدانه‌بوو ، هه‌روه‌ها برازاکەی، کە سەرقاڵی دزینی نه‌وتی کوردستانە، ئه‌مڕۆ چه‌ند شه‌کرێکی شکاند گوایه‌ هه‌ر سه‌ر به‌عێراقه‌ و ئه‌وان یارمه‌تی سوپای عێراق ده‌ده‌ن بۆیه‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ چوونه‌ته‌ ئه‌و ناوچانه‌.
سه‌رکرده‌کانی یه‌کێتیش چونکه‌ وابه‌سته‌ی ئێرانن ناتوانن هیچ شتێک بڵێن جگه‌ له‌ جووینه‌وه‌ی هه‌ندێک ده‌سته‌واژه‌ی به‌سه‌رچوو و بێمانا له‌سه‌ر ده‌ستور و عێراق و مالکی ، هه‌روه‌ک به‌رهه‌م ساڵح له‌ کوبوونه‌وه‌کی به‌غداد باسی لێوه‌کرد.
ئه‌مرۆ هه‌موو کوردێکی ووشیار ده‌زانێت ئه‌وه‌ی ئێستا ڕووده‌دات باشترین هه‌لی زێڕینه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی که‌رکوک و ناوچه‌ داگیرکراوه‌کان، ته‌نانه‌ت پێشمه‌رگه‌کانیش که‌ ئێستا له‌ سه‌نگه‌ردان ئه‌وانیش ده‌ڵێن و ئاماده‌ن ئه‌و جێگایانه‌ چۆڵ نه‌که‌ن وهه‌موو ناوچه‌کانی تر بخه‌نه‌وه‌ سه‌ر کوردستانی باشوور.
که‌چی که‌س نازانێت نه‌وشیروان مسته‌فا خه‌ریکی چیه‌ و چ پیلانێکی هه‌یه‌ وه‌ک سه‌رۆکی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان؟!
ده‌بوایه‌ ئێستا نه‌وشیروان مسته‌فا سه‌ردانی یه‌که‌ به‌یه‌که‌ی سه‌نگه‌ره‌کانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی بکردایه‌ و په‌یامی حه‌ماسی بۆ خه‌ڵکی کوردستان و هێزی پێشمه‌رگه‌ی بدایه‌ و داوای له‌خه‌ڵک بکردایه‌ ئه‌مه‌ ده‌گمه‌نترین هه‌له‌ تا کورد هه‌موو ئه‌و ناوچه‌ داگیرکراوانه‌ بخاته‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان و گوێ به‌ هیچ شتێک نه‌ده‌ن وبه‌قسه‌ی که‌س نه‌که‌ن گه‌ر داوای گه‌ڕانه‌وه‌ له‌و ناوچانه‌یان لێبکرێت ، ده‌بینین ماوه‌یه‌کیتر که‌ مه‌سعوود بارزانی گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ جێبه‌کردنی ئه‌جه‌ندای تورکیا ئه‌و داوایه‌ ده‌کات.
نه‌وشیروان مسته‌فا له‌بری ئه‌وه‌ی له‌و گرده‌دا خۆی مه‌ڵاس بدات، گه‌ر ئه‌و خۆی به‌ سه‌رکرده‌یکی دڵسۆزو نیشتمانپه‌روه‌ر ده‌زانێت، ده‌بوایه‌ ئێستا له ناو ‌خه‌ڵک و به‌رده‌م کامێره‌کانی ته‌له‌فیزۆندا پەیام و قسەی بکردایە و لێکۆڵینه‌وه‌ی بۆ ئه‌م بارودۆخه‌ی ئێستا هەبوایە و پیلانی دابڕشتایه‌ و سه‌ردانی سه‌نگه‌ره‌کانی پێشمه‌رگه‌ی بکردایه‌.
ئەرێ بەراستی کورد چەند دڵی بەم سەرانەی خۆشە، کە هەموو سەری خۆیان خستۆتە کۆشی خۆیانەوە و نە گوفتار و قسە و هەڵوێستێکیان نییە، سەرکردەی هەموو حیزبەکانی جیهان لە رووداوێکی ئاوا گرنگ و چارەنووسزادا، هەموو دێنە دەنگ و پەیامی خۆیان رادەگەیەنن، پەکو لەم سەرکردانەی ئێمە!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە