ئارام بنوون
Saturday, 14/02/2015, 12:00
پارچە پەخشانێك بۆ شەهیدانی ١٧ ی شوبات
هۆ کاکە گیان،ئەزانم لەو ڕۆژەوە بڕیارتان دا لەجیاتی هەموان سنوورێك بۆ ئەم دەسەڵاتە خۆسەپێنە لۆکاڵیە تاوانبارە دابنێن. باش لەبیرمانە،ئێوە وویستان بەربەستێك لەبەردەم دوو بنەماڵەی کورد کوژ دابنێن تا زیاتر میلەتی کورد کۆیلە نەکەن. هەموان بینیمان کە ئێوە لەجیاتی ئێمەش سنگی خۆتان دایە بە ڕێژنەی بیکەسی و کڵاشنکۆفی دوو دوژمنی سەرسەخت و نەتان هێشت خوێنی زیاترمان لێ بچۆڕێ. ئاگامان لێتان بوو بەگوێمانتاندا ئەتان چرپاند، نامانەوێ لە ژمارەی کوژراوان لەوە زیاتر بێ و جگەر گۆشەی کەسی تر لەناو بچێ. ئێوە تەمەنی کورتی خۆتان پێشکەش بە ئێمە کرد و هەر زوو جێتان هێشتین. پێتان ووتین،دوای ئێمە ووڵات پێش ئەکەوێ،کەس لەکەس ناکەوێ،ئازادی ئەبێتە تاکە سەرچاوەی ناسینەوەی ئەم ووڵاتە،چیتر خەڵکی ووڵاتمان نافرۆشێ و کەس ناتوانێ سامانی سەرو بن زەوی بەهەدەر ببا. ووتتان با ئێمە ببینە مەشخەڵی شوڕشێك تا ئێوە ئاسودە ببن و لەسایەی خوێنی ئێمەوە ووڵات پایە بەرز و ئاڵاکەی شەکاوە بێ. ئێ خۆ ئێوە زۆر جار ووتتان دوای ئێمە نەك هەر ئازادی و سەربەستی ئەم سەرو ئەوسەری ووڵات دائەپۆشێ،بەڵکە ووتتان چی تر کەس لەسەر ڕەنگەکان و بیرو ڕای جیاواز و ئایین و پارتایەتی خوێنی حەڵاڵ ناکرێ. ئێوە بەڵێنتان پێداین کە دوای ئێوە زیندانەکان ژمارەیان کەم ئەبێ و کەس بەبێ دادگایی لە ژوورە تاریکەکان قایم ناکرێ. ئەی باشە هەر ئێوە نەبوون ئەتان ووت؛ مادام ئێمە خۆمان کردە قۆچی قوربانی،ئێدی ژمارەی قوربانیانی شەرەف و ناموس و دیاردە کۆمەڵایەتیەکان ئەپووکێنەوە؟؟ ئەی بیرتان چوو ئەتان ووت؛ دەسەڵات پێش هەموو کەسێ کەسە نزیکەکانی خۆی لەسەر گەندەڵی،خیانەتکاری،جاسوسی ڕاپێچی دادگاکان ئەکا و چی تر ئەم دەسەڵاتە جووت بنەماڵەییە کەسە نزیکەکانی خۆیان دەسەڵاتی پێ نادەن و وەك هاوڵاتی ئاسایی مامەڵەیان لەگەڵ ئەکرێ؟ ئەی کوا ئەوەی ووتتان کەوا دوای ڕۆیشتنی ئێوە ، شتێك نامێنێ بەناوی هاوڵاتی ژمارە یەك و ژمارە دوو و ژمارە سێ؟ ئاخۆ لەبیرتان نەماوە کە ووتتان، کەس هەقی ناخورێ و مامۆستاو فەرمانبەران لەکاتی خۆیدا مووچەیان پێ ئەدرێ و کارەکان لەسەر بنچینەی لێهاتوویی و پیشەیی ئەکرێن؟ ئەی بەڕاست پێتان وانەبوو کەوا بست بە بستی خاكی کوردستانی داگیر کراو ئەخرێتەوە سەر نیشتمان و نەورۆزیك دوای ڕۆشتنتان ئاڵاکەی کوردستان لە تەلاری نەتەوە یەکگرتوەکان جێگیر ئەکرێ؟
نا و هەزار جار نا،بەداخەوە ئەوەی ئێوە خۆتان بۆ فیدا کرد تا هەنووکە بەرهەمەکەی نەگەیشتوە. ئەو تۆوەی ئێوە ناشتان ،سەری دەرنەکردوە. ئەو نەمامەی چانتاند چرۆی نەکردوە. ئەو دارەی ڕوانتان هێشتا باڵای نەکردوەو سێبەری نیە. ئەو دێراوەی لێتان دا،هێشتا ئەمبەرو ئەوبەری سەوز و شین نەبوە.
هاوڕێیان، با من پێتان بڵێم ئێستا چی ئەگوزەرێ. لەدوای ئێوە ڕۆژنامەنووسان زیاتر تەنگیان پێهەڵچنراو بەبێ دادگایی کردن تاوانبار کران و کاوە گەرمیانیان لەکۆشی دایکیدا تیرۆر کرد. هەڵبژاردنیان کرد و بەناوی ئێوەوە کەس و کارەکانتان هەریەکە و کۆڵان و شەقامیکیان پێسپاردن تا دەنگ بۆ گۆڕان زیاد بکەن. ئەو گۆڕانەی لەزاری نەوشیروان موستەفاوە ئێوەی بە(گێرە شێوێن)ئەفراند. دوژمنێكی سەرسەختی وەك(داعش)یان هێنایە سەر میلەتەکەمان تا ئێش و ئازارەکانمان زیاتر بکەن و خەمەکان و ئاواتەکانی ئێوەمان لەبیر بەرنەوە. ژمارەی زیندانەکان و ژمارەی ڤێلاو زەویە داگیرکراوەکان لەلایەن دەسەڵاتەوە هاوتەریبن و ڕۆژ دوای ڕۆژ لەزیاد بووندایە. ئۆپۆزیسیۆنی ساختە و نەیاری درۆزن و فشەکەرانی سیاسەت و شاعیر و نووسەری دەربار و کاسە لێس لەهەڵکشاندایە و میدیای بەناو ئازاد و ئەهلی جگە لە بەلاڕێبردنی ڕاستیەکان هیچ کاری تریان نەماوە.
بەڵام دڵنیابن کەوا خوێن و جوامێری ئێوە هەرگیز لەیاد ناکرێن و ڕۆژێ دێ ئەم دوو بنەماڵە کورد کوژ و ئەڵقە لەگوێی ئێران وتورکیا باجی بدەن . تازە تارمایی ئێوە بەدوایانەوەن و وازیان لێناهێنن. شێرە کوڕ و کچەکان لەهەموو لایەکەوە گەمارۆیان داوون و هێز و بزەی خستۆتە سەر لێوی هەموان. ئەو ڕێچکەیەی ئێوە گرتان،وا گەنجان پێی سەرسامن و خۆیان بە شۆڕشێکی گەورەتر و گۆڕانێکی مەزنتر ئامادە کردوە. ئەمە چارەنووس و مێژوو پێمان ئەڵێ، ئەو دەسەڵاتەی سڵ نەکاتەوە لەوەی فیشەك ئاڕاستەی گەلەکەی خۆی بکا،جگە لەداڕمان و نەمان و پووکانەوە،هیچ بوارێکی بۆ نەماوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست