کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هوشیاریه‌کانی هیلاری کلینتون بۆ سه‌رانی گه‌نده‌ڵی و ناڕه‌وایی

Saturday, 15/01/2011, 12:00


هیلاری کلینتون وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا له‌ سه‌ردانی دا بۆ یه‌مه‌ن ته‌واوی ده‌سه‌ڵاتدارانی عه‌ره‌بی هوشیار کرده‌وه‌ که‌ واز له‌ گه‌نده‌ڵی و سه‌رکوتکردنه‌وه‌ی ده‌نگ و میدیای ئازاد بهێنن. بێگومان کلینتون به‌ ده‌ربڕین و زمانی دبلۆماسی ئه‌وانه‌ی ئاگادار کرده‌وه‌ که‌ دژایه‌تی گه‌نده‌ڵی بکه‌ن، له‌ کاتێکدا باش ئاگاداره‌ که‌ خۆیان سه‌رچاوه‌ و پیاده‌که‌ر و پارێزه‌ری گه‌نده‌ڵیه‌کان و پێ شێل کردنی ئازدیه‌کانن . کلینتۆن سه‌رانی عه‌ره‌ب و وڵاتانی ئیسلامی هوشیار کرده‌وه‌ له‌وه‌ی که‌ لایه‌نه‌ ئیسلامیه‌کان جێگه‌یان پێ لێژ ده‌که‌ن ئه‌گه‌ر فریای خۆیان نه‌که‌ون و گه‌نده‌ڵی له‌ ناو نه‌به‌ن.

ئه‌م په‌یامه‌ی کلینتۆن ئاگاداریه‌کی ڕوون و ئاشکرایه‌ بۆ ته‌واوی سه‌رانی ده‌وڵه‌تانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ند و ئیسلامی. ئه‌مڕۆ له‌ ته‌واوی ئه‌و وڵاتانه‌دا بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی له‌ بره‌ودایه‌، ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ به‌ پله‌ی یه‌که‌م سوود له‌ گه‌نده‌ڵیه‌کانی ئه‌و ڕژێمانه‌ وه‌رده‌گرێت و ده‌یکاته‌ ئامێری هاندانی لاوان به‌ تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی پاش کۆتایی هێنان به‌ خوێندن و به‌ده‌ست هێنانی به‌ڵگه‌ نامه‌کانیان به‌ هۆی باری ئابوری خراپی وڵاته‌وه‌ بێکارن. ئه‌وانه‌ به‌ هۆی ئاستی هۆشیاری و شاره‌زاییانه‌وه‌ ده‌کرێنه‌ چه‌کی ده‌ستی لایه‌نه‌ ئیسلامیه توندڕه‌وه‌‌کان و ده‌بنه‌ کادێره‌ ناوه‌ندیه‌کانی ئه‌و بزوتنه‌وانه‌. گه‌نده‌ڵیش به‌ پێی ته‌واوی لێتوێژینه‌وه‌کان ئه‌نجامی خراپی باری ئابوری و هه‌ژاری نیه‌ به‌ڵکو یه‌کێك له‌ هۆکاره‌ گرنگه‌کان بۆ زیاد بوونی هه‌ژاری و خراپی باری ئابوری.

سه‌رانی هه‌رێمی کوردستان له‌ پێش هه‌مویانه‌وه‌ تاڵه‌بانی و بارزانی با بزانن که‌ ئه‌وان به‌ده‌ر نین له‌ سه‌رانی عه‌ره‌ب و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ند، ئه‌و ئاگادارکردنه‌وه‌یه‌ بۆ ئه‌وانیش نێردراوه‌ و ئاراسته‌ی ئه‌وانیش کراوه‌. ڕه‌نگه‌ سه‌رانی حکومه‌تی هه‌رێم وابزانن به‌ قسه‌ی بریقه‌دار و به‌ ڕودا کردنی ده‌مامکی دیموکراتی له‌ نێوه‌نده‌ نێوده‌وڵتیه‌کان دا بتوانن ڕاستی و ناوه‌رۆکی خۆیان بشارنه‌وه‌. گه‌نده‌ڵی و ده‌ستدرێژی و تاوانه‌کانیان له‌ لای ته‌واوی دونیا ئاشکرایه‌ و ئه‌وانه‌ سه‌رانێکن که‌ په‌یڕه‌وی دواکه‌وتوترین سیسته‌می سیاسی ده‌که‌ن که‌ له‌ ناوه‌رۆکدا هیچ جیاوازیه‌کی نیه‌ له‌گه‌ڵ سیسته‌می حوکمی بنه‌ماڵه‌ییه‌کانی پێش چه‌ند هه‌زار ساڵ له‌وه‌ و به‌ر.

هیلاری کلینتون له‌ سه‌ردانه‌که‌ی دا بۆ یه‌مه‌ن ئه‌وه‌ی ده‌ربڕیوه‌ که‌ زۆر له‌ حکومه‌ته‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ند شکستیان هێاوه‌ له‌ خۆگونجاندن دا له‌گه‌ڵ گۆڕانکاریه‌ سیاسیه‌کان و زۆر له‌ سه‌رانی سیاسی نه‌یانتوانیوه‌ دواڕۆژی گه‌نجه‌کانیان دیاری بکه‌ن. تا ئه‌وانیش له‌ پێناوی ئه‌و دواڕۆژه‌دا بمێننه‌وه‌ و به‌رگری لێ بکه‌ن.

ئه‌و ده‌ربڕینه‌ی کلینتون هه‌مان ده‌ربڕین و هه‌ستی هه‌زاران گه‌نجی کوردستانه‌، که‌ سه‌رباری مه‌ترسی سنورداش و مه‌ترسیه‌کانی ڕێگا ده‌یانه‌وێت کوردستان به‌ جێ بهێڵن، یان دێنه‌ سه‌رشه‌قامه‌کان بۆ ناڕه‌زایی ده‌ربڕین.

ئه‌مڕۆ له‌ کوردستان دا به‌رپرس و بنه‌ماڵه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان ده‌وڵه‌مه‌ند تر و هه‌ژاران هه‌ژار تر ده‌بن. ده‌سه‌ڵاتی کوردی له‌ بری دابین کردنی دواڕۆژی خه‌ ڵك و گه‌نجان، به‌ هاندانی سه‌رمایه‌گوزاری ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ ، ته‌واوی ڕێگا و سه‌رچاوه‌کانی سه‌رمایه‌ گوزاری به‌ هۆی بونه‌ شه‌ریکی نیواو نیو، به‌رتیل وه‌رگرتن و گه‌نده‌ڵیه‌وه‌ یان به‌ربه‌ست کردووه‌ یان لاواز و بێ به‌رهه‌م کردووه‌.

سه‌رمایه‌ گوزاری ئازاد که‌ ته‌نها ڕێگای ته‌ندروستی دروست کردنی بواری کاره‌ له‌ ده‌ستی ده‌سته‌یه‌کی حیزبی و بنه‌ماڵه‌یی دا قۆرخ کراون. به‌وه‌ش ڕێگای خستنه‌کاره‌وه‌ به‌ربه‌ست کراوه‌. بۆ چاره‌سه‌ری لایه‌نێکی ئه‌و کێشه‌یه‌ش هه‌مان سیاسه‌تی حیزبی به‌عسی ده‌گیردرێته‌ به‌ر که‌ بریتی بوو له‌ دامه‌زراندنی بێ به‌رنامه‌ له‌ ده‌زگا حکومیه‌کان دا. له‌ کاتێكدا ده‌زگا حکومیه‌کان که‌ زۆربه‌یان ده‌زگای گوایه‌ "خزمه‌ت گوزارین" و به‌رهه‌می نین، بۆ هه‌ر شوێنێکی کار نزیکه‌ی چوار تا شه‌ش به‌رابه‌ر له‌ ژماره‌ی پێویست موچه‌ خۆر داده‌مه‌زرێنرێت. به‌ موچه‌یه‌ک که‌ ته‌نها بۆ نوێکردنه‌وه‌ی هێزی کاریان به‌ش بکات و بێده‌نگیان بکات. نه‌ك بۆ بنیاتنانی گوزه‌رانێکی مرۆڤانه و گه‌شه‌ی پیشه‌یی له‌ سوودی دواڕۆژی خۆیان و بواره‌که‌یان دا بێت. ئه‌مه‌ش له‌ لایه‌که‌وه‌ له‌ ده‌ستدانی سه‌رمایه‌ی مادی و مرۆیی نه‌ته‌وه‌ییه‌. له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ لاواز ڕاگرتنی تواناکانی کڕینه و له‌ ماوه‌ی دوردا ئابوری هه‌رێم به‌ره‌ و دابه‌زین و ته‌نگژه‌کان ده‌بات. ئه‌و میتۆده‌ی ئه‌مڕۆ به‌کارده‌هێنرێت نا‌کرێت بۆ ماوه‌ی دوور درێژه‌ی پێ بدرێت. بۆیه‌ له‌ ئه‌نجام دا له‌شکرێکی بێکاری ده‌که‌‌ونه‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان‌‌.

ڕێگایه‌کی تری ده‌سه‌ڵات بۆ چاره‌سه‌ری بێکاری خانه‌ نشین کردنی ناڕه‌وا و به‌ بێ بنه‌مای ته‌مه‌ن و یاسایه‌ ، یان موچه‌ بۆ بڕینه‌وه‌ به‌بێ خستنه‌ کاره‌وه‌، ته‌نها له‌ به‌ ناونوسکردن له‌سه‌ر کاری وه‌همی، له‌وانه‌ش هه‌زاران پاسه‌وانی تایبه‌تی بێ به‌رهه‌می به‌رپرسانی بێ به‌رهه‌م، ئه‌مه‌ش ناکرێ هه‌تا هه‌تایه‌ درێژه‌ی پێدرێ و له‌گه‌ڵ ئه‌گه‌ری دابه‌زینی نرخی که‌ره‌سته‌ خاوه‌کان دا که‌ ته‌نها سه‌رچاوه‌یه‌کی ده‌سکه‌وته‌کانی هه‌ریمه‌ ڕوبه‌ڕوی کورتی ده‌بێته‌وه‌.

نه‌بونی به‌رنامه‌ی ئابوری و گرنگی نه‌دان به‌ گه‌شه‌ی به‌رهه‌می کشت و کاڵی ناوخۆ و له‌ ناوبردنی به‌ هێنانه ‌ناوه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌ کشت و کاڵیه‌کانی ده‌ره‌وه‌ به‌ که‌مترین باج، بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ به‌رهه‌م هێنانی کشتوکاڵی ناوخۆ گه‌شه‌نه‌کات بۆ شێوازی به‌رهه‌مهێنانی مۆدێڕن و نه‌توانێت له‌گه‌ڵ به‌رهه‌می بازاره‌کانی ده‌ره‌وه‌دا پێشبرکێ بکات. ئه‌مڕۆ له‌ ته‌واوی وڵاتانی سنوری یه‌کێتی ئه‌وروپادا بۆ ڕێگرتن له‌ به‌ربه‌ره‌کانێی به‌رهه‌مه‌کانی کشتوکاڵی وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ی یه‌کێتی ئه‌وروپا، باجی به‌رز خراوه‌ته‌ سه‌ر ئه‌و به‌رهه‌مانه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ سه‌رانی هه‌رێم له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خۆیان و بنه‌ماڵه‌کانیان بازرگانیه‌کانی ده‌ره‌وه‌یان له‌ده‌ستدایه‌ بێ به‌رنامه‌ بازاریان کردۆته‌وه‌ بۆ سه‌رجه‌م کاڵایه‌کی بێگانه‌ و به‌رهه‌می کشتوکاڵی ناوخۆیان له‌ ناوبردووه‌. ئه‌مه‌ش ده‌کرێت به‌ ئه‌نفالێکی ئابوری ناو بنرێت و هێزی کاری جوتیاران ئه‌نفال بکات و ڕایانکێشێته‌ ناو شاره‌کانه‌وه‌ و کێشه‌ی بێکاری و ته‌نگژه‌کان زیاتر بکاته‌وه‌، جگه‌ له‌ کۆمه‌ڵێك کێشه‌ی تری کۆمه‌ڵایه‌تی.

بونه‌ شه‌ریکی نیواو نیوی به‌رپرسان له‌ سه‌رمایه‌گوزاریه‌کاندا،و نه‌بون یان لاوازی بنه‌ما ژێرخانیه‌کانی وه‌کو کاره‌با و جاده‌ی گونجاوو خۆڕاگر و ده‌زگای پسپۆڕی سه‌رمایه‌گوزاری دوور له‌ به‌رتیل و گه‌نده‌ڵی هه‌رێمی کوردستانی کردۆته‌ هه‌رێمێکی بێ به‌رهه‌م له‌و که‌ره‌سانه‌دا که‌ له‌ ڕووی سروشتیه‌وه‌ بواری به‌رهه‌مهێنانی ده‌کرێت فه‌راهه‌م ببێت.

ته‌واوی ئه‌مانه‌ هۆکارن بۆ دروست نه‌بونی بواری کاری گونجاو بۆ خه‌ڵکی و گه‌نجان و بنیاتنان و پته‌وکردنی ژێرخانه‌کانی به‌رهه‌می ناوخۆ و نه‌ته‌وه‌یی.

ته‌واوی ئه‌مانه‌ په‌یوه‌سته‌ی ڕاسته‌وخۆی هه‌یه‌ به‌ گه‌نده‌ڵیه‌وه‌ و به‌رپرسان له‌م جۆره‌ دیاردانه‌ که‌ له‌ ڕووی سیاسی وئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی دیارده‌ی ناته‌ندروستن سوود مه‌ندن. گه‌شه‌ی ئابوری دوور له‌ گه‌نده‌ڵی و شه‌فاف له‌ سوودی تایبه‌تی به‌رپرسان و سه‌رانی هه‌رێم دا نیه‌ و نایانه‌وێت په‌یڕه‌و بکرێت.

ته‌واوی ئه‌مانه‌ که‌ له‌ ناوه‌رۆکدا ته‌نها بێده‌نگ کردنێکی کاتی بێکارانه‌ و سوود گه‌یاندنه‌ به‌ گه‌نده‌ڵان. ڕه‌نگه‌ بۆ ماوه‌ی کورت خایه‌ن جۆره‌ ئارامیه‌ک و ئاسایشێکی کۆمه‌ڵایه‌تی دروست بکات. به‌ڵام هه‌رگیز نابنه‌ بنه‌ماکانی ئاشتی کۆمه‌ڵایه‌تی درێژ خایه‌ن. نابنه‌ هۆکاری باوه‌ڕی خه‌ڵك به‌ ده‌زگا به‌ ناو خزمه‌تگوزاریه‌ حکومیه‌کان، که‌ هۆکارێکی سه‌ره‌کی گه‌شه‌ی ئابوریه‌. تاقی کردنه‌وه‌کانی دونیا نیشان ده‌ده‌ن که‌ ئابوری گه‌نده‌ڵ بۆ ماوه‌ی درێژ خایه‌ن خۆڕاگر نابێت و کێشه‌ ئابوریه‌کان له‌ کاتی چاوه‌ڕوان نه‌کراودابه‌ شێوازێکی تیژ و فراوان سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن و ده‌بنه‌ کێشه‌ی گه‌وره‌ی سیاسی و جه‌ماوه‌ر ده‌هێننه‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان.

ئه‌مه‌ ناوه‌رۆکی ئه‌و مه‌ترسیانه‌ن که‌ سه‌رچاوه‌ی به‌ته‌نگه‌وه‌ هاتنه‌کان و هوشیارکردنه‌وه‌کانی هیلاری کلیتۆن بۆ سه‌رانی ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌ب و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ند پێك ده‌هێنێت. که‌ هه‌رێمی کوردستان نمونه‌یه‌کی زۆر دیار و له‌به‌رچاوی ئه‌و مۆدێل و سیسته‌مه‌ ناله‌باره‌یه‌.

کلینتۆن ئه‌و‌و ڕاستیه‌ی ڕاگه‌یاند که‌ ئیتر ئه‌و سه‌رده‌مه‌ به‌سه‌ر چووه‌ که‌ ته‌نها حکومه‌ت و ده‌زگا ده‌وڵه‌تیه‌کان کاریگه‌ر بن له‌ ژیانی وڵاتدا بۆیه‌ له‌ سه‌ردانی دا بۆ یه‌مه‌ن چاوپێکه‌وتنی له‌گه‌ڵ تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگای شارستانی و چالاکه‌کان له‌ بواری مافه‌ مه‌ده‌نیه‌کان و سه‌رانی ئۆپۆزسیۆندا کردووه‌. هه‌روه‌ها پشتگیری خۆی بۆ داواکاریه‌کانیان بۆ گۆڕان و ڕیفۆرم ده‌ربڕیوه‌ و هانده‌ریان بووه‌ بۆ سووربون له‌سه‌ر داواکانیان له‌ پێناو چاکسازی له‌و وڵاته‌دا.

ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریکی و زۆر له‌ وڵاتانی دیموکراسی هه‌ندێك جار له‌ ترسی هاتنه‌سه‌رکاری حوکمی ئیسلامی توندڕه‌و، خۆ بێده‌نگ ده‌که‌ن له‌ گه‌لێك گه‌نده‌ڵی و ده‌ستدرێژیه‌کانی سه‌رانی هه‌ندێك له‌ هه‌رێم و وڵاتان. لێره‌دا چاو له‌ خراپ ده‌پۆشن له‌ ترسی خراپتر. به‌ڵام کاتێك ده‌بینن ئۆپۆزسیۆنێکی سیکولێر له‌ جم و جۆڵ و بزوتنه‌وه‌دایه‌ به‌ په‌رۆشه‌وه‌ باوه‌شی بۆ ده‌گرنه‌وه‌ و پشتیوانی ده‌که‌ن. کوردستانیش خۆشبه‌ختانه‌ ئۆپۆزسیۆنی سیکولێر و شارستانی باڵا ده‌سته‌.به‌ دڵنیاییه‌وه‌ له‌ کاتێکدا ناڕه‌زایی جه‌ماوه‌ر بگاته‌ ئاستی به‌یه‌کدادان به‌رامبه‌ر به‌ ده‌سه‌ڵات، ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریکی و وڵاتانی دیموکراتی، پشتیوانی له‌ هێزی جه‌ماوه‌ر و ڕیفۆرم ده‌کات دژ به‌ گه‌نده‌ڵی و نمونه‌کانی سه‌ده‌کانی ناوه‌ند و بنه‌ماڵه‌کان. شتێکی ڕێکه‌وت نیه‌ که‌ باراك ئۆباماپشتیوانی خۆی بۆ گه‌لی تونس و ڕاپه‌ڕینه‌که‌یان ده‌ربڕی دژ به‌ دکتاتۆر و گه‌نده‌ڵیه‌کانی ئه‌و وڵاته‌.

کلینتۆن ئاگداری هاونمونه‌کانی تاڵه‌بانی و بارزانی ده‌کاته‌وه‌ که‌ ڕه‌نگه‌ جاران خه‌ڵکی نه‌یزانیبێت زۆربه‌ی سامانی وڵات ده‌چێته‌ گیرفانی ده‌سته‌یه‌کی که‌مه‌وه‌ به‌ڵام ئه‌مڕۆ ده‌زانن و لێیان بێده‌نگ نابن. وه‌ك ئه‌وه‌ی چۆن ئه‌مڕۆ خه‌ڵکی کوردستان له‌ بنه‌ماڵه‌ و به‌رپرسانی گه‌نده‌ڵ بێده‌نگ نین و نایانه‌وێت له‌ سامانی نه‌ته‌وه‌ییمان بڕوانرێت وه‌کو غه‌نیمه‌کانی شه‌ڕه‌ عه‌شایه‌ریه‌کانیان.

ته‌نها ڕۆژێك به‌سه‌ر هوشیارکردنه‌وه‌کانی کلینتۆن دا تێنه‌په‌ڕی، یه‌کێك له‌ سه‌رانی گه‌وره‌ی گه‌نده‌ڵی و و ناڕه‌وایی تونس ،زین العابدین بن علی، وڵاتی به‌جێهێشت و له‌ به‌رده‌م وویستی جه‌ماوه‌ردا چۆکی دادا. له‌ پاڵ هوشیارکردنه‌وه‌کانی کلینتۆن با ئه‌و نمونه‌ له‌به‌ر چاوه‌ی تونس چاوی سه‌رانی دوو بنه‌ماڵه‌که‌ی هه‌رێمی کوردستان بکاته‌وه‌ و چاره‌نوسی خۆیان پێش کات ببینن.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە