کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تۆ بڵێی سه‌ری ڕه‌ش بومه‌له‌رزه‌ له‌ی دابێت؟!

Tuesday, 22/11/2011, 12:00





تۆ بڵێیت كورد له‌ هه‌ساره‌یه‌كی تر وه‌خه‌به‌ر هاتبن و تیایا پارسه‌نگی هێز سه‌ر و خواری كردبێت! هه‌ساره‌یه‌ك كه‌ كورد تیایدا ده‌ژیان،بنه‌ماڵه‌ی بارزانی ئه‌وه‌نده‌ به‌ پاره‌ی ئه‌م میله‌ته‌ كوترابوون كه‌ هیچ نه‌كسه‌یه‌ك به‌ یه‌كجاری دژه‌به‌رگری له‌ ناو نه‌ده‌بردن. پارتییه‌ك كه‌ سه‌رده‌مانێك شاباشی شۆڕشی ئه‌یلولی له‌ كوشت و كو‌شتار و شه‌ڕی خێڵه‌كی خۆیدا دژ به‌ زێبارییه‌كان به‌كار ده‌هێنا و به‌و نزیكانه‌ش گومرگی هه‌ر فه‌رده‌ ئارد و هه‌ر ده‌نكه‌ برنجێكی بێ باكانه‌ و بێ گوێدانه‌ به‌ها مرۆڤایه‌تییه‌كان دژ به‌ مرۆڤی كورد به‌كار ده‌هێنا. ڕۆژێك ده‌بابه‌ی به‌عسی ده‌هێنایه‌ هه‌ولێر و خاكی ئه‌م وڵاته‌ی بێ ده‌پێوا و ڕۆژێكیش باڵه‌فڕی توركیای فێره‌ گۆشتی كوردانی ده‌كرد. تا توانی باوك و برای ئه‌م زارۆك و ئه‌و منداڵی پی شه‌هید ده‌كرد و هه‌ر جاره‌ و له‌ خیانه‌تێكدا خاڵێكی ڕه‌شی بۆ مێژووی خۆی زیاد ده‌كرد.


ئه‌وه‌ ئه‌و پارتییه‌یه‌ كه‌ ده‌ناسرا به‌ر له‌وه‌ی به‌ ناو سه‌رۆكی هه‌رێم،كه‌ جگه‌ له‌ سه‌رۆك عه‌شیره‌تێكی تازه‌ به‌ قه‌ڵه‌م قه‌یشتوو هیچی دی نییه‌،بڵێت فیسبووك،هه‌ڵبه‌ت به‌ر له‌وه‌ی بڵێت فیسبووك نه‌ك به‌كاری بێنێت! ئه‌مێستاكه‌ سه‌رده‌مه‌كه‌ وا گۆڕاوه‌ كه‌ هه‌ر بارزانییه‌ك له‌ سوچێكی ئه‌م دونیایه‌ ده‌سڕێكی هه‌ڵداوه‌ و پاره‌ی خێر كۆ ده‌كاته‌وه‌،وه‌ك بڵێی گیرفانیان به‌تاڵ بووه‌ و له‌گه‌ڵ بێ سه‌رپه‌رشتان و بێ جێ و لانه‌ ڕۆژ ده‌كه‌نه‌وه‌. تۆ بڵێی پاره‌ی ئه‌و نه‌خۆشخانه‌ ئاخیر مۆدێله‌ی نه‌مسا قه‌رزار بن كه‌ حه‌مایل زێباری خێزانی مسته‌فا بارزانی بۆ دواجار تیایدا چاوی له‌ ڕووی براهیم خه‌لیلدا داخست؟ یان نا پارتی هه‌ر ئه‌و پارتییه‌یه‌ كه‌ دوێنێ باوكانی بێ كه‌س كوژ كرد و ئه‌مڕۆش هێشتا وه‌ك زوحاكی سه‌رده‌م تینوێتی به‌ برسی كردنی نه‌وه‌كانیان ده‌شكێت.


"خۆزگه‌ ئه‌متوانی هاریكاری هه‌موو هه‌ژاره‌كان بكه‌م،به‌ تایبه‌ت بێ لانه‌ و بێ سه‌رپه‌رشته‌كان"،ناسر بارزانی. ڕه‌نگه‌ له‌ مێژووی كورددا ئه‌مه‌ یه‌كه‌م جار بێت كه‌ بارزانییه‌ك ئاواتێكی هه‌بێت،هه‌ڵبه‌ت ئاوات به‌رهه‌می بێ توانایی كه‌سێكه‌ له‌ هه‌مبه‌ر به‌دی هێنانی خه‌ونێكدا. یه‌كه‌م جاریشه‌ بارزانییه‌ك خۆزگه‌ بخوازێت ئاواتێكی به‌دی بێت،چونكه‌ تا ئێستا ئه‌وه‌ی خواستویانه‌ "به‌ ئه‌مری من و ماسی" به‌دی هاتووه‌.




"سوپاس بۆ خوای گه‌وره‌...توانیمان ئه‌و هاوكارییه‌ی بۆ به‌ هاناوه‌ هاتنی...وان...كۆ كرابوویه‌وه‌ به‌ڕێ بخه‌ین"،مه‌سرور بارزانی. هاووێنه‌ هه‌ڵواسراوی باوكی،مه‌سرور بارزانی،ئه‌وه‌ بۆ یه‌كه‌م جاره‌ كه‌ داوای كۆمه‌ك و هاریكاری له‌ خه‌ڵك بكات و سه‌ر پشكیان بكات له‌ به‌شداری كردن یان به‌شداری نه‌كردن له‌و هه‌ڵمه‌ته‌دا،ئه‌وه‌ یه‌كه‌م جاره‌ بارزانییه‌ك له‌ به‌ناو پله‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی خۆی دابه‌زێت و له‌ بازاڕدا "یا خودێ" بكات. تازه‌ دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ له‌ "كوردایه‌تی" هێشتا فێری كوردی نه‌بووه‌ و نازانێت "به‌ هاناوه‌ هاتن" جیاوازه‌ له‌ "به‌هاناوه‌ چوون"،بۆیه‌ له‌ سه‌ر ماڵپه‌ڕی كۆمه‌ڵایه‌تی "فیسبوك" له‌ جێی به‌ هاناوه‌ چون،به‌ هاناوه‌ هاتنی به‌كار هێناوه‌،وه‌ك بڵێی دوو شه‌ش له‌ وان كه‌وتووه‌! تۆ بڵێی ئه‌میش دایكی ڕوسی بێت و كوردان لێی ئاگادار نه‌بن؟!


" لەدوای گفتۆگویەکی درێژ و لێکتێگەیشتن لەنێوان هەردوولا، مانگی سووری ئیماراتی بە فەرمی بڕیاری دا ئەو یارمەتیەی کە سالانێکە بۆ منالانی بێ باوکی هەرێمی رەوانە دەکەن، لە رێگەی دەزگاکەمانەوە دابەش بکرێت. ئەمەشیان بڕیاری خۆیانە و کەسیش ناتوانێت بە گوشارەوە ئەم بڕیارەیان بەسەریان بسەپێنێت،ده‌زگای خێرخوازی بارزانی. تازه‌ به‌ تازه‌ بنه‌ماڵه‌ی بارزانی به‌ هۆش خۆیاندا دێنه‌وه‌ و ده‌بینن كه‌ به‌ڵێ له‌ كوردستاندا منداڵی بێ باوكیش هه‌یه‌! تۆ بڵێی له‌بیریان كردبێت بۆ ماوه‌ی نزیك به‌ ده‌یه‌یه‌ك كه‌س به‌ سروشتی نه‌ده‌مرد،له‌ ساڵانی نه‌وه‌د خه‌ڵك یان ده‌كوژران،یان له‌ برساندا وه‌ یاخود له‌ به‌ر بێ ده‌رمانی شه‌هید ده‌بوون،هیچ له‌مانه‌ش بی سوچی ئه‌وان نه‌بوو. "به‌ ده‌ست هێنانی" ئه‌و هاوكارییه‌ به‌ردێكه‌ و دوو چۆله‌كه‌،یه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ سه‌رچاوه‌ی دارایی ڕابیته‌ی ئیسلامی وشك ده‌كات كه‌ مه‌رامی چه‌ند ساڵه‌ی ئه‌و پارته‌ بووه‌ و هه‌یه‌،وه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌ر له‌ ئیستاوه‌ جیا له‌ موچه فه‌رمییه‌كان‌،به‌ ناوی خێرخوازییه‌وه‌،ده‌یه‌وێت ترازووی سندوقه‌كانی ده‌نگدان به‌ لای خۆیدا بشكێنێته‌وه‌.


دیاره‌ توره‌كه‌ی ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه‌ به‌ گومرگی ئه‌تككراو،به‌ نه‌وتی تاڵانكراو،به‌ كه‌ركوكی فرۆشراو و به‌ 17% پڕ نابێت،سه‌رده‌م سه‌رده‌می سواڵ و پاڕانه‌وه‌یه‌،چونكه‌ كارێكه‌ هیچ ده‌سمایه‌ی ناوێت و قازانجه‌كه‌شی ئێجگار زۆره‌. ڕاسته‌ زۆرن ئه‌وانه‌ی كه‌ پێیان باش نییه‌ ده‌زگای بارزانی ئه‌و كۆمه‌كه‌ی مانگی سوری ئیماراتی "دابه‌ش بكات"،به‌س ده‌بێت ئه‌وه‌ له‌ به‌رچاو بگیرێت كه‌ كه‌س وه‌ك ئه‌مان ماڵی ئه‌و منداڵه‌ بێ نازانه‌ نازانێت،چونكه‌ ئه‌وان بۆ خۆیان شه‌هیدیان كردون. لێگه‌ڕێن با ئه‌مان،فیشه‌ك و پاره‌ له‌ سه‌ر گۆڕی سه‌ربازی ون دابنێن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە