ئاكه‌په ساخته‌كاری ده‌كات
Friday, 27/03/2009, 12:00
1832 بینراوە
رێكخراوی داكۆكی له گه‌له هه‌ڕه‌شه‌لێكراوه‌كان: پۆلیس و سوپا رێگرییه‌کی زۆر بۆ پارته‌کوردییه‌کانی به‌شدار له هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌كاندا دروست ده‌که‌ن
(سبه‌ی):
لقی سویسرای رێكخراوی داكۆكی له‌گه‌له هه‌ڕه‌شه لێكراوه‌كان (گێ ئێف بێ فاو) رایگه‌یاند: پۆلیس‌و سوپای توركیا رێگری بۆ پارته كوردییه‌كانی به‌شدار له‌هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌كانی ئه‌و وڵاته دروست ده‌كه‌ن‌و ئه‌ندامان‌و لایه‌نگرانی پارتی ئاكه‌په‌ی ده‌سه‌ڵاتدار له‌ڕێی بڵاوكردنه‌وه‌ی بانگه‌شه‌ی ناراسته‌وه فشاری ده‌رونی ده‌خه‌نه سه‌ر سه‌ر لایه‌نگرانی ئه‌و پارتانه، جگه له ساخته‌كردن له‌ئاماری ده‌نگده‌ران، پارتی ده‌سه‌ڵاتدار له‌ململانێی له‌گه‌ڵ كورده‌كاندا دادگاش به‌كارده‌هێنێت.
له‌راگه‌یاندراوێكدا كه دو رۆژ له‌مه‌وبه‌ر بڵاویكردوه‌ته‌وه، گێ ئێف بێ فاو ده‌ڵێت: "به پێی ڕاپۆرته‌کانی رێکخراوه‌کانی مافی مرۆڤ، پۆلیس و سوپا هه‌وڵ ده‌ده‌ن رێگرییه‌کی زۆر بۆ پارته‌کوردییه‌کانی به‌شدار له هه‌ڵبژاردنه‌که‌دا دروست بکه‌ن، سوپا و پۆلیس کۆبونه‌وه جه‌ماوه‌رییه‌کان به توندی قه‌ده‌غه ده‌که‌ن، پۆسته‌ر و وێنه‌کان ده‌دڕێنرێن، ئه‌و مێردمنداڵانه‌ی که پروپاگه‌نده بۆ حیزبه کوردییه‌کان ده‌که‌ن لێیان ده‌درێت و مامه‌ڵه‌ی خراپیان له‌گه‌ڵ ده‌کرێت. له بنکه‌کانی سه‌ر به حکومه‌ته‌وه واته‌وات و ده‌نگوباسی وا بڵاوده‌کرێته‌وه، که به‌زیانی ئه‌و پارتانه ته‌واو بێت، بۆ نمونه ده‌ڵێن (له‌و شارانه‌ی پارتی (ده‌ته‌په) بیباته‌وه ئه‌وا له هه‌مو یارمه‌تییه حکومییه‌کان بێبه‌شده‌كرێن‌و و سه‌رمایه‌داری و پرۆژه‌کان ده‌وه‌ستێنرێت). جگه له‌مه ناکۆکی و گومانێکی زۆر له‌سه‌ر ژماره‌ی ده‌نگده‌رانیش هه‌یه، چونکه وه‌ک له کاتی هه‌ڵبژاردنه په‌رله‌مانییه‌که‌ی ساڵی 2007 راگه‌یه‌ندرا، ئه‌وکات ژماره‌ی ده‌نگده‌ران 42 ملیۆن و شه‌شسه‌د هه‌زار که‌س بون، که‌چی ئێستا کۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌کان رایگه‌یاندوه ژماره‌که گه‌یشتۆته 48 ملیۆن و دوسه‌د هه‌زار، ئه‌و جیاوازییه زۆره‌ی ژماره‌که 5 ملیۆن و شه‌شسه‌د هه‌زار که‌سه له لایه‌ن که‌سایه‌تییه سیاسییه کوردییه‌کانه‌وه ره‌خنه‌ی لێ ده‌گیرێت، که وه‌ک ده‌بیسترێت ساخته له لیستی ده‌نگده‌راندا کراوه و بۆ نمونه ناوی وه‌همییان بۆ زیادکراوه، ناوی سه‌ربازه‌کان له شاره‌وانی تریش تۆمارکراون بۆ ده‌نگدان".
رێكخراوه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه كه كێبڕكێی به‌ده‌ستهێنانی كورسی شاره‌وانیبیه‌كان له‌نێوان 19 پارتی سیاسیدایه‌و هه‌ردو پارتی كوردیی (ده‌ته‌په و هه‌ک پار) به‌شداری ده‌كه‌ن، ده‌ته‌په كه پارتی کۆمه‌ڵگای دیموکرات جه‌ماوه‌رێکی زۆرتری هه‌یه، دروشمه‌که‌ی بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه بریتییه له (لێمانگه‌ڕێن با 2009 بکه‌ینه ساڵی چاره‌سه‌ری ئاشتییانه‌ی کێشه‌ی کورد). له‌به‌رنامه‌ی خۆیدا ده‌یه‌وێت به رێبازێکی دیموکراتیییانه مافه‌کانی که‌مینه‌ی کورد به‌ده‌ست بهێنێت، ململانێی راسته‌قینه‌ی پارتی ده‌سته‌ڵاتدار (ئاکه‌په) له ناوچه کوردییه‌کاندا له‌گه‌ڵ ئه‌م پارته‌دایه.
له‌كۆتایی راگه‌یاندراوه‌كه‌یدا رێكخراوه‌كه ده‌ڵێت: پارتی (ئاكه‌په‌ی) ده‌سته‌ڵاتدار ده‌یه‌وێت به پشتیوانی سوپا و که‌ناڵه‌كانی میدیا، هه‌ڵبژاردنه‌که له ناوچه کوردییه‌کاندا به هه‌ر نرخێک بوه بباته‌وه. هه‌رچه‌نده توشی هاودژیی بوه له گوتاریدا، چونکه له لایه‌که‌وه قه‌یدوبه‌نده‌کان له‌سه‌ر کولتور و زمانی کوردی سوک ده‌کات، له لایه‌کی تره‌وه لێدوانه‌کانی ئاردۆگان سه‌رۆکی حزبه‌که خزمه‌ت به ناسیۆنالیسته توندره‌وه‌کان ده‌کات، بۆ نمونه کاتێک ده‌ڵێت (یه‌ک گه‌ل. یه‌ک زمان، یه‌ک ئاڵا)، ئه‌مه‌ش درێژه‌پێده‌ری سیاسه‌تی باوی چه‌وساندنه‌وه‌ی کورده. له‌مه‌ش زیاتر ئاکه‌په دادگاش به‌کارده‌هێنی بۆ ململانێکه‌ی له‌گه‌ڵ کورده‌کاندا، کاتێک به لێشاو سکاڵا له‌سه‌ر که‌سایه‌تییه سیاسییه کوردییه‌کان تۆمار ده‌که‌ن، هه‌ر بۆ نمونه که‌سایه‌تییه‌کی دیار و به‌رچاو ی وه‌ك له‌یلا زانا، که چانسێکی باشی هه‌یه له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا، که‌چی به سکاڵا تۆمارکردن له‌سه‌ری ڕێگیری خۆکاندیدکردنی لێده‌کرێت".
جێی ئاماژه‌یه، رۆژی 29ی ئه‌م مانگه، هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌كانی توركیا به‌ڕێوه‌ده‌چێت‌و به رای چاودێران ئاكه‌په زۆربه‌ی شاره‌وانییه‌كان ده‌باته‌وه‌و له‌ناوچه كوردییه‌كانیشدا ده‌ته‌په ركابه‌رێكی سه‌رسه‌ختی ئه‌و پارته‌یه.