کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


یه‌کێتیی داوای 680ملیۆن دۆلار له‌ فاروقی مه‌لا مسته‌فا ده‌کاته‌وه‌

Monday, 18/03/2013, 12:00


له‌ په‌یوه‌ندییه‌کدا به‌رپرسێکی باڵای یه‌کێتیی (مه‌کته‌بی سیاسیی یه‌کێتیی نیشتیمانی کوردستان) چه‌ند زانیارییه‌کی خسته‌به‌رده‌ست په‌یامنێری کوردستانپۆست،  ئێمه‌ش ئه‌و هه‌واڵ و زانیارییانه‌ به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ رازاندمانه‌وه‌، په‌یمانی ئه‌وه‌شمان پێیدا که‌ ناوه‌که‌ی به‌ نهێنی له‌لامان پاریزراو بێت.
سه‌ره‌تای قسه‌کانی به‌و پرسیاره‌ ده‌ست پێکرد:
ئایا ده‌زانن بۆچی کاک نه‌وشیروان و هێرۆخان و دلێری سه‌ید مه‌جیدی  ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ یه‌کتردا نێوانیان هێور بۆتەوە ته‌نانه‌ت بڕیاریان داوه‌ سه‌ردانی ئه‌ڵمانیا پێکه‌وه‌ بکه‌ن؟ ئه‌و نهێنییه‌ ده‌زانن؟
وه‌ڵامی کوردستانپۆست: نه‌خێر‌! ؟
به‌رپرسه‌که‌ی یه‌کێتیی:
به‌شێک له‌و نهێنیانه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ فاروقی مه‌لا  مسته‌فاوه‌! ئه‌مڕۆ یه‌کێتیی و هه‌ندێک له‌ به‌رپرسه‌کان داوای پاره‌ی یه‌کێتیی له‌  فاروق ده‌که‌نه‌وه‌، چونکه‌ پێیان وایه‌  له‌ دوای دلێری سه‌ید مه‌جید به‌شێکی  زۆری پاره‌که‌، لای فاروقە، چونکە له‌ دوای دلێر، فاروقی مەلا مستەفا جێی متمانه‌ی  مام جه‌لال بووه‌. فاروقیش وه‌لامی یه‌کێتیی داوه‌ته‌وه‌‌ ده‌ڵێت، که‌ مام جه‌لال و یه‌کێتیی هیچ پاره‌یه‌کیان لای من نه‌ماوه‌.
به‌پێی زانیارییه‌کانی یه‌کێتیی، فاروقی مه‌لا مسته‌فا پێویسته‌ 680 ملیۆن دۆلار بدات به‌ ئیداره‌ی گشتی یه‌کێتیی، به‌ڵام ئیستا فاروق له‌ غیابی مام جه‌لالدا وتوویه‌تی هه‌موو سه‌همه‌کانی یه‌کێتیم له‌ مام جه‌لال کڕیوه‌ته‌وه و ‌ئیستا هیچ پاره‌یه‌کی یه‌کێتیی لە لای من نه‌ماوه‌، که‌ ئه‌مه‌ش زۆربه‌مانی تووره‌ کردووه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش چه‌ند  جارێک دلێری سه‌ید مه‌جید چۆته‌ لای فاروق، به‌ڵام ئه‌و ئینکاری لێکردووه‌ ده‌ڵێت:  پاره‌م لا نه‌ماوه‌، واته‌ فاروق به‌ مردنی مام جه‌لال 680 ملیۆن دۆلاری یه‌کێتی ده‌خوات.


کوردستانپۆست:
فاروقی مه‌لا مسته‌فا وه‌ک ده‌وڵه‌مه‌ند نه‌ناسرابوو، چونکه‌ زیاتر به‌ سیاسه‌ت و شیوعیبوون و کۆمۆنیسته‌وه‌ تێوه‌گلابوو، چۆن له‌ پڕا بوو به‌ خاوه‌نی ئه‌م هه‌موو سه‌روه‌ت و سامانه‌؟!

به‌رپرسه‌که‌:
مێژووی فاروق له‌لای ئێمه‌یه‌، بۆیە متمانەی پێناکەین، هه‌ر له‌ کردنه‌وه‌ی کارگه‌ی مریشک  و جوجه‌ڵه‌، تا ده‌گاته‌ کارگه‌ی چیمه‌نتۆ و پرۆژه‌کانی تر، هەمووی ئاگاداریین و هەرچییەکی کردووە چاوپۆشی لێکراوە، ئه‌م کابرایه‌ که‌سێکی پیسکه‌ و رژدە، سەرراست نییە،  پاره‌ که‌ بکه‌وێته‌ ده‌ستی هه‌روا  به‌ ئاسانی له‌ ده‌ستی نایه‌ته‌ ده‌رێ، ئێمه‌ هه‌ر زوو به‌ مام جه‌لالمان ده‌گوت که‌ متمانه‌ی پێ نه‌کات، ئه‌و بە گوێی نەدەکردیین! 
فاروق هاوڕێی خەباتی سامی شۆڕش بووە، له‌ دوای ئاشبه‌تاڵه‌که‌ی ساڵی 1974، ‌ کاتێک گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ناو باوه‌شی بەعس، ژماره‌یه‌ک چەکی زۆری لە شۆڕشی ئەو سەردەمە ده‌ستکه‌وتبوو، یان شوێنی شاردنه‌وه‌کانی ده‌زانی، هه‌موو ئه‌مانه‌ی ته‌سلیم به‌ حکومەت کرده‌وه‌، له‌ پاداشتی ئه‌وه‌دا سه‌ددام بڕێک پاره‌ی باشی پێدا، دوایی ده‌رکه‌وت  که‌ ئه‌و کاته‌ی له‌ ده‌ریشه‌وه‌ بوو، بۆ حکومەتی به‌عس کاری دەکرد، دوای ساڵی 1991 و دوای راپه‌ڕین مام جه‌لال هێنایه‌ لای خۆی،  له‌ خۆی نزیک کرده‌وه‌! کۆمه‌ڵێک پرۆژه‌ی خسته‌به‌رده‌ستی و ده‌ستی واڵاکرد، ئیتر به‌مه‌ ده‌وڵه‌مه‌ند بوو، جگه‌ له‌وه‌یش زۆربه‌ی پرۆژه‌ و پاره‌کانی یه‌کێتیی، که‌وتنه‌ لای ئه‌م فاروقه‌. فاروق که‌ ده‌ڵێت من ئه‌و سه‌همانه‌م کڕیوه‌ته‌وه‌ راست ناکات، ئه‌و پێی وایه‌ که‌ دوای مردنی مام جه‌لال ده‌توانێت شانی پێدا بکات! به‌ڵام ئه‌گه‌ر سپڵه‌ بێت به‌رامبه‌ر به‌ یه‌کێتیی، ئێمه‌ دەزانین چۆن ده‌یخه‌ینه‌ سه‌ر ساجی عه‌لی!


کوردستانپۆست:
باستان له‌ تاله‌بانی کرد! ئایا ئه‌و له‌ ژیاندا ماوه‌!؟

به‌رپرسه‌که‌:
به‌ڵێ و نا، ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ وه‌ڵامێکی گونجاو بێت، با بچینه‌ سه‌ر  باسێکی تر!

کوردستانپۆست:
ئێمه‌ هه‌واڵێکمان بڵاوکرده‌وه‌، گوایه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا، هێرۆی هاوسه‌ری تاله‌بانی، له‌گه‌ڵ دلێری سه‌ید مه‌جید ده‌چن بۆ ئه‌ڵمانیا و سه‌ردانی ئه‌و خه‌سته‌خانه‌یه‌ ده‌که‌ن، که‌ تاله‌بانی لێیه‌! ئه‌و  هه‌واله‌مان له‌ سه‌رچاوه‌یه‌کی باوڕپێکراوی ناو گۆڕانه‌وه‌ پێگه‌یشت، بۆ ئه‌مه‌ چی ده‌ڵێن؟!

به‌رپرسه‌که‌:
له‌ نێوان ئه‌و سێ که‌سه‌دا، هاوپه‌یمانیی و نهێنییه‌ک هه‌یه‌، ئێمه‌ش سه‌ری لێده‌رناکه‌ین، هه‌رچه‌نده‌ گومانمان هه‌یه‌ که‌ مادام ئه‌م سیانه‌  یه‌کیان گرتۆته‌وه‌، پەیوەندیی بە پاره‌ و سامانی یه‌کێتییەوە هەبێت، که‌ به‌ هه‌رسێکیان ده‌یانه‌وێت پاره‌ی یه‌کێتیی ته‌نها له‌ نیوان ئه‌و سیانه‌دا بمێنێته‌وه‌! سه‌ردانی هه‌ر سێکیان په‌یوه‌ندیی به‌ وه‌سێتنامه‌ی مام جه‌لالیشه‌وه‌ هه‌یه‌! لە حاڵی حازردا زانیاریی تەواوم لەلا نییە بۆیە زیاتر قسەی لەسەر ناکەم.

کوردستانپۆست:
ئێمه‌ دوای بڵاوکردنه‌وه‌ی ئەو هه‌واڵه‌، وامان بیستەوە، که‌ هه‌واڵه‌کە کۆنه‌، چونکه‌ له‌ هه‌فته‌ی پێشووتردا نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ ئه‌ڵمانیا بینراوه‌! ئه‌ی بۆ ئه‌مه‌ چی دەڵێن!

به‌رپرسه‌که‌:
ناتوانم وه‌ڵامی ئه‌مه‌ بده‌مه‌وه‌! ئه‌وه‌نده‌ ده‌زانم، که‌ کاک نه‌وشیروان ئه‌گه‌ر چووبێت، یان بیه‌وێت بچێت، بڕواناکه‌م له‌ فڕۆکه‌خانه‌ی  سلێمانییه‌وه‌ به‌ سه‌ربه‌ستیی و به‌ ئاشکرا بڕوات، تا هه‌موو که‌س بیان بینێت، یان پێکه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌واندا سه‌فه‌ر بکات، ته‌نانه‌ت من پێم وایه‌ ئه‌گه‌ر بچێت وا ده‌چێت که‌ که‌س هه‌ست به‌ غیابی نه‌کات، بۆ ماوه‌ی رۆژێک، یان دوو رۆژ ده‌چێت و یه‌کسه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، چونکه‌ ونبوونی له‌م کاته‌دا کۆمه‌ڵێک پرسیار به‌ دوای خۆیدا جێ ده‌هێڵێت!


کوردستانپۆست:
بۆچی ئه‌م سه‌ردانه‌ ئاوا به‌ نهێنی و دوور له‌ چاوی کامێرا و میدیاکان!

به‌رپرسه‌که‌:
وه‌کو وتم کۆمه‌ڵێک نهێنی هه‌یه‌، مام جه‌لال و هێرۆخان له‌ ئێمه‌یان  شاردۆته‌وه‌، کاک نه‌وشیروان هه‌رچه‌نده‌ له‌ یه‌کێتی چۆته‌ ده‌رێ، به‌ڵام جێگای متمانه‌ی مام جه‌لاله‌، له‌ مه‌به‌ستم تێبگه‌! کاتێک داوای گردی زه‌رگه‌ته‌ی لێکرایه‌وه‌، کاک نه‌وشیروان وتی منیش به‌شم له‌و سه‌روه‌ت و سامانه‌ی یه‌کێتییدا هه‌یه‌!


کوردستانپۆست:
پێده‌چێت، دوای مردنی تاله‌بانی کۆمه‌ڵیک کاره‌سات و رووداوی سه‌یر له‌سه‌ر پاره‌ و سامانی یه‌کێتیی روو بدات!

به‌رپرسه‌که‌:
هیوادارم شتی خراپتری به‌دوادا نه‌یه‌ت و سه‌ر له‌ خه‌ڵکی نه‌شێوێنرێت.


کوردستانپۆست:
هیچی تر ماوه‌ بیڵێیت؟

به‌رپرسه‌که‌ (به‌ پێکه‌نینه‌وه‌):
به‌ڵێ! جارێ به‌سه‌! به‌ڵام بۆ کۆتاییه‌که‌ی ئه‌وه‌ ده‌ڵێم، که‌ چه‌ند جارێک فاروق بۆ راگه‌یاندنه‌کان قسه‌ی کردووه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌، که‌ سه‌همی یه‌کێتیی له‌ ئاسیا سێلدا هه‌یه‌، به‌ڵام پاش نه‌خۆشییه‌که‌ی مام جه‌لال لەوە پەشیمان بۆتەوە و ئه‌و قسانه‌ی گۆڕیوه‌، ده‌ڵێت هیچم له‌ لا نییه‌!

*************************

تێبینی کوردستانپۆست: ئه‌و  نووسینه‌ی مه‌لا به‌ختیار که‌ ده‌ڵێت ژێرزه‌مینه‌كان له‌فه‌رده‌ دۆلار ئاوساوه‌ و بانكه‌كانی‌ سلێمانیش موچه‌یان پێنادرێت، په‌یوه‌سته‌ به‌م کێشه‌یه‌ی به‌رپرسانی یه‌کێتیی و فاروقی مه‌لا مسته‌فاشه‌وه‌.

http://chawdernews.com/Detail.aspx?id=1157&LinkID=9


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە