پاساوە لاوازەكانى كۆمیسیۆن بۆ دواخستنى هەڵبژاردنى پارێزگاكان لەپای چی؟
Thursday, 31/10/2013, 12:00
1552 بینراوە
هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاكان بەلای چاودێران هیچی وا لە هەڵبژاردنى پەرلەمان كەمتر نییە ئەگەر لەو هەڵبژاردنە گرینگتر نەبێ.. هەر ئەو ئەنجومەنەیە بڕیار لەسەر چارەنووسی پارێزگاكە خۆی دەدات بەهەر دوو دیوى خزمەتكردن و بوژانەوەى ژێرخانى ئابووری، یاخود فەرامۆشكردن و كەنارگرتنى ئەگەر پڕۆژەیەك ئەنجام بدات ئەوە بەدەیەها پڕۆژەی ستراتیژی بەلاوە بنێ یاخود بە نیوەچڵی و چەندجار پارە بۆ تەرخانكردن بكاتە ژوور سەری كارنامەكانى و...هتد.
خەڵكى كوردستان حەز بەئازادى دەكەن و دەیانەوێ ڕووى ڕاستەقینەى شارەكانیان لەسایەى حكومەتى هەرێم بەجوانترین شێوە ببینن، ئەوەش لەكاروكردەوەكانى ئەو ئەنجومەنە ڕەنگ دەداتەوە كە سەركردایەتى سەرفسوونى تەواوى كارە كارگێڕیەكان و بڕیار لەسەر نەخشە رێگاكانى ئەو پارێزگایە دەدەن.
ولایەتە یەكگرتووەكانى ئەمریكا لەو پارێزگایانە پێكهاتووە كە هەر یەكەیان وەك ئیدارەیەكى خۆجێیەتى لەچوار چێوەى ئەجیندایەكى تایبەت كاروبارەكانیان بەڕێوە دەبەن و هیچ پارێزگایەك پەیوەندی بەپارێزگایەكی دیكەوە نییە و بەهەمووشیان لە پێشكەوتندا ڕووی گەشی كۆی پارێزگاكان لە (ولایەتە یەكگرتووەكان) نیشان دەدەن، ئەوەش نموونەیەكى جوانە تا ئێمەیش لەلاسایكردنەوەیاندا بتوانین بەهەمان شێوە لە كێبڕكێی بەرەو پێشچوونى بواری پەروەردە و تەندروستى و ئابووری وئاسایش و بوارەكانى دیكەى پارێزگاكاندا، نموونەیەكى زیندو بە دونیای دەرەوە نیشان بدەین.
ئەفسووس لەهەرێمى كوردستان هەندێ مەتەڵ بە نهێنى ماوەتنەوە، تا بەم ئان و ساتە ڕادەگات مرۆڤ لە ئاقاریدا سەرسام و دەستەوسان دەبێ ئاخۆ نهێنی ئەو مەتەڵە ئەوەندە زەحمەتە كەس نەتوانێ هەڵیبێنێ؟
من ڕەشبینى لەوەدا نابینم ئەگەر لە گڵاسێكى نیوە ئاودا، ئەو گڵاسە بەنیوە بەتاڵی ببینم نەوەكو بەنیوە پڕی، لەوەشدا مەردووم دۆش دادەمێنێ كە لەتەك ئەو بودجە زل و زەبەلاحەى بۆ پارێزگاكان تەرخان كراوە، هێشتا لەئاست ویست و خواست و داخوازییەكانى هاوڵاتیان زۆر پڕۆژە دەبێ بكرێ، نەكراوە، زۆر بەڕنامە دەبێ پیادە بكرێ، هەر بیری لێ نەكراوەتەوە، لەوەشدا ڕاستەیەكى حاشا هەڵنەگر لەهەرێم بەدى دەكرێ بەوەى ئەمن و ئەمانەت و ئاسایشی هاوڵاتیان بێ قسوورە و نكۆڵی لێ ناكرێ، بەڵام هێشتا نەتواندراوە لەو قەیرانە ڕزگار ببین كە ئەمڕۆ بەناوى هەڵبژاردنى پارێزگاكان لێرە و لەوێ، لە میدیاكانەوە وەك درزێ بۆ كۆی پرۆسەى دیموكراسی قسە و باسی لەسەر دەكرێ و هێشتا بابەتەكە بە هەڵپەسێردراوى ماوەتەوە بەوەى جگە لەكات كوشتن، ئیرادەیەك بۆ بەجێهێنانى بەدی ناكرێ، جا ئەوەى بووەتە بنێشتە خۆشەى سەر زوبان، دەپرسن: بۆچی دوای هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاكان لەساڵی2005ەوە تا بەئەمڕۆ دەگات حەوت جار زیاترە دەنگودۆی ئەنجامدانى ئەو ئەنجومەنە دێتە گۆڕێ و دواتر بە پاساوێكی بێ پاساوەوە دوادەخرێ بەجۆرێ لەم ڕۆژانە بەفەرمى لەلایەن كۆمیسیۆنەوە بەفەرمى بڕیاری دواخستنى بۆ پێنج شەش مانگى دیكە دا لەكاتێكدا لە ناوەڕاست و خوارووى ئێراق سەرەڕای ناجێگیری باری ئەمنى و ئەو تەقینەوانەى بەردەوام و ڕۆژانە ڕوو دەدەن ئەوجا لەگەرمەى ترس و تۆقاندندا توانیویانە سێ هەڵبژاردن بەڕێوە ببەن، خوێندنەوەم بۆ ئەم باسە:
یەكەم: خۆ دزینەوە لەپرۆسەی دیموكراسی خزمەت بەڕەوشی هەرێم ناكات، كاردانەوەى ئەو حاڵەتە بۆی هەیە بگاتە ئەو ئاستەى متمانەى دیموكراسی بخاتە ژێر پرسیارەوە، لەوەشدا دەسەڵات لێی بەرپرسیارە و دەبێ روئیایەكى ڕوونى هەبێ چیتر ئۆپۆزسیۆن و خەڵك دەست لەپشتدانى ئەو دواخستنەى بۆ درێژ نەكەن.
دووەم: پاساوەكان بۆ دواخستنى یەك لەدوا یەكى ئەو هەڵبژاردنە ئەوەمان بۆ دەردەخەن كە حزبی دەسەڵات متمانەى بەخۆی نییە خۆی لەقەرەى ئەو گەمەیە بدات وەئەگینە ئەوە عەرد و ئەوە گەز با بە بیر و باوەڕەوە بچێتە نێو پرۆسەكە و سەنگى خۆی لەو كێبڕكێیەدا تاقی بكاتەوە، بردیەوە عافیەتى بێ و بەدۆڕانیش نائومێد نەبێ و ببێتە دەسبار بۆ لایەنى براوە.. لەهەموو دونیاشدا كۆمسیۆن چاوى لەلایەنەكانە وادەى بۆ دیاری بكەن، وەلێ لەهەرێمى ئێمەدا كۆمیسیۆن پێشنیار بۆ دواخستنى دەدات بەبیانووى ئەوەى هەندێ لایەن ناوى پاڵێوراوانیان پێشكەش بە كۆمیسیۆن نەكردووە، كە ئەمە لەڕووی یاساییەوە پاساو نییە چونكە كۆمیسیۆن كە وادەی بۆ پێشكەشكردن دیاری كرد لە نەگەیشتنى لیستێك یا قەوارەیەكى سیاسیدا ناكرێ پرۆسەكە لەسەر لایەنێك پەك بخات كە دەبوو ئەوەى لەو روانگەوە كەمتەرخەمە، باجی ئەو كەمتەرخەمیەى بدات.
سێ یەم: خەڵك بەگومانەوە دەڕواننە ئیش و كارەكانى پارێزگاكان، لەوەشدا بۆ ئەوەى تەم و مژی ئەو گومانانە بڕەوێتەوە، هەقە هەر سێ ئەنجومەنەكەى پارێزگای هەرێم لە بەیاننامەیەكدا مەحكومى ئەو دواخستنە بكەن و پێداگیری هەرچی زووە ئەنجامدانى ئەو هەڵبژاردنە بكەنە مەرج بۆ ئەوەى نەیارانى كورد چیتر نان و پیازمان پێوە نەخۆن پێمان بڵێن: خێرە لەكوردستان نە كارەساتى سروشتى ڕوویداوەن، نە باری تەنگەتاوى ڕاگەیەندراوە و نە ئاسایشی نەتەوەیی لە مەترسیدایە، ئیدى بۆچی هەڵبژاردن ناكەن؟
چوارەم: ئەنجومەنى پارێزگا هەر دەبێ ئەنجام بدرێ، ئەوەش كارتێكە لەو یارییەدا ئەگەر ئۆپۆزسیۆن(گۆڕان و یەكگرتوو و كۆمەڵ) بەكاری دێنێت بۆ جوڵاندنى شەقام، ئەركى حكومەتە لەبەیانى زووتر نییە لەڕاگەیەندراوێكدا بڕیاری كۆتایی لەبارەوە بدات كە سەرباری هەموو هەڕەشەكان كە ڕوو بەڕووى هەرێم ببێتەوە، دەبێ پرۆسەكە ئەنجام بدرێ، چونكە هەرێمى كوردستان ئەگەر زۆر لە ڕەوشی ناوەند و باشووری ئێراق باشتر نەبێ، دەتوانێ لەوپەڕی ئاڵۆزیی و تەنگژەكاندا پرۆسەكە بەڕێوە ببات و ئەنجامەكان هەرچیەكبن، هەموو لایەك پێی ڕازیبن.
پێنجەم: خۆڵ خستنە چاوى خەڵك خزمەت ناگەیەنێ، لەوەشدا دەبێ هەموو لایەك بەجدی بیر لەوە بكەنەوە هەر هەوڵێك ببێتە مایەى لەباربردن و ئیفلیج بوونى دیموكراسی دەبێ بەهەموومان كار بۆ چاككردن و ڕاستكردنەوەى بدەین، ئەوەش ئەو هەنگاوەیە دەبێ پارتى و یەكێتى و گۆڕان و یەكگرتوو و كۆمەڵ و تەواوى لایەنەكان كاری لەسەر بكەن.
شەشەم: بەكێبَڕكێكان بۆ وەرگرتنى ئەو پۆستە، ڕووییەكى شارستانى دەردەخەین كە تەواوى پارێزگاكان ململانێ لەسەر ئەوە دەكەن ببنە هاوشێوەى پارێزگاكانى ئیمارات، دیمەنێكى وا نیشان دەدەن كە ئێمە جوانین و دەتوانین لەسەر بنیاتى ئەو پرۆسەیەدا وڵاتەكەمان بەرەو پێش ببەین و نموونەى جوانى خزمەتەكانمان دەكەینە بنەما بۆ كەمەركێش كردنى وڵاتانى دونیا تا لەهەموو لایەكەوە سەردانى ئەم هەرێمە بكەن و سەرسامى كارە جوانەكانمان ببن.