ئێستا تۆ ڕاستەكەی یان جەلال تاڵەبانی؟ .... بۆ مەلا بەختیار
Monday, 28/11/2011, 12:00
جەلال تاڵەبانی لەدیمانەیەكی تەلەفیزیۆنیدا لەگەڵ كەناڵی ئەلعێراقیە لەوەڵامی دواپرسیارەكانی ئەو كەناڵەدا ترسی هەیە لەو بەهاری عەرەبی یەی كە دیكتاتۆرەكانی شێوەی ئەمیان راماڵیوە و بەردەوامیشن لەڕاماڵینی بۆیە ئەم ترسەی گەیشتۆتە ڕادەیەك بڵێ هێزە توندڕەوە ئیسلامیەكان ترسن بۆ سەر بەهارەكە و بەشارەوەیش بیهێڵتەوە كە ئەمان دیكتاتۆرەكانی ئێستای وەك ئەسەد و جارانی وەك موبارەك و زەین لعابدین یان پێ باشترە، ئەم ترس ترسێكە لەنەستی جەلال تاڵەبانیەوە هاتووە و چونكە ئەو لەنەستیدا دیكتاتۆریەتێك خۆی حەشار داوە و رۆژانە خۆی نوێ دەكاتەوە ، بەڵام تاكە جیاوازی ئەم لەگەڵ ئەو دیكتاتۆرانەی ناوچەكە ئەوەیە ئەم دەسەڵاتیان نەداوەتێ لەعیراقدا و یەكێكی وەك ئەسەد دەسەڵاتی تەواوی هەیە لەسوریادا، ئەمە بەتەواوی لەرەهەندێكی تری كەسایەتی ئەم بەچكە دیكتاتۆرەدا دەردەكەوێ ئەویش دیكتاتۆریەتی جەلال تاڵەبانیە لەناو حزبەكەیدا كە هیچ بوارێكی بۆ كەس نەهێشتۆتەوە ببێتە جێگرەوەی خۆی و لەپاش مەرگیشی ئەو ئەنارشیا وێرانەیە كە دەبینرێ و هەموو یەكێتیەكان لەبەرچاویانە.
بەڵام بەپێچەوانەی ئەم رایەی جەلال تاڵەبانیەوە كە مانەوەی حوكمی دیكتاتۆرەكانی لە هاتنە سەر حوكمی ئیسلامیەكانی پێ باشترە، مەلا بەختیار لەسەروتاری ژمارەی 349ی رۆژی 28-11 رای وایە كە بردنەوەی دیموكراسی ئیسلامگەراكان سەدجار باشترە لەمانەوەی دیكتاتۆرەكان، لەو سەروتارەدا دەڵێ هەر هێزێكی ئیسلامگەرا یان غەیرە ئیسلامگەرا بێتە سەر كار ناتوانێ دەستورێكی دور لەدیموكراسی و دەستاودەست پێكردنی دەسەڵات بسەپێنێ، ئەمەیان جارێكی تر لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست قابیلی قبوڵ نیە، پێیوایە بردنەوەی ئیسلامگەراكان بۆ خولێكی هەڵبژاردن پێیوایە سەد جار باشترە لەمانەوەی دەیان ساڵ حوكمی دیكتاتۆر و تۆتالیتارەكان باشترە.
ئەم دركردنە لای مەلا بەختیار رێك پێچەوانەی بۆچونەكەی جەلال تاڵەبانی سكرتێریەتی و هەر 3 رۆژ دوای چاوپێكەوتی سكرتێرەكەی دێ، مەلا بەختیار لەسەر وتارەكەیدا ئاماژەی بەپریشكی گلپەی راپەڕین و گۆڕانكاریەكان كردووە كە كوردستانیشی بەركەوتووە و دەشڵێت هەر لایەك بەوردی روداوەكانی خوێندبێتەوەو بەرنامەی پێویستی بۆ گۆڕانكاری داڕشتبێ سەركەوتوو دەبێ هەر لایەكیش بەراگوزەر سەیری روداوەكان بكات دڵنیابن بۆی ناچێتەسەر.
ئەم دێڕە رێك بەسەر حزبەكەی مەلا بەختیار و هاوپەیمانەكەیدا كە پارتیە جێبەجێ دەبێ، مەلا بەختیار یەكێكە لەو سەركردانەی یەكێتی كە لەدوای 17 ی شوباتەوە دركی بەوە كردووە كە نە حزبەكەی و نە پارتی هاوپەیمانی تا سەر بەم شێواز و فۆرمە ژیانیان بەر نەسەر و پریشكی ئەو ئاگرە ئەمڕۆ بێ یان سبەی بەریان دەكەوێت و رایان دەماڵێ... جا ئێستا نازانین كامیان راست دەكەن مەلا بەختیار یان جەلال تاڵەبانی!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست