بارزانى، بەدیار دواهەم تەڵقەى كۆسرەت و نەوشێروانەوە
Tuesday, 02/03/2010, 12:00
تاكە خاڵ كە كۆسرەت رەسوڵ عەلى لەناو هاوكێشەكان دەهێڵێتەوە هەولێرە، تاكە مەنزڵگەیەكیشە كە كۆسرەت وەك وەك فیگەرێك و سەركردەیەكى سیاسى (بەمانا خۆرهەڵاتییەكەى) دەهێڵێتەوە، لە هەر شوێنێكدا هەولێر لە بازنەى ململانێ سیاسییەكان بخەینە لاوە، ئەوا ماڵاوایی لە خۆرى كۆسرەت رەسوڵ دەكەین، لەهەر مەكانێكیش هەولێر بچێتە ناو ململانێ سیاسییەكان یاخود حیزبییەككان ئەوا هەموو بەرپرسەكانى یەكێتى بە خودى جەلال تاڵەبانیشەوە دەچنە دواوە و سەرەى كۆسرەت دێت تا رۆڵى خۆى لە یارییەكان بهێڵێتەوە،لە شانسى كۆسرەتیس هەولێر لە هەموو گەمەكاندا خاڵى یەكلاكردنەوەیە . بۆیە ئەگەر بۆ دواهەمین خولەكیش بێت یەكێتى پیچویستى بە كۆسرەت رەسوڵ دەبێت تا لێدانە یەكلاكەرەوەكان تەواو بكات.بۆیە ئێستا شەڕى لایەنەكان گەیشتۆتە ئاستێك كە لیستى هاوپەیمانى بە هەریەك لە یەكێتى و پارتى هانى جەنابى جێگرى سكرتێرى یەكێتى بدەن تا بە حەماسەتێكى زۆرەوە گۆڵى بردنەوە لە بەرامبەرەكەیان بكەن.
سایكۆلۆجییەتى هەولێر وایە كە هەمیشە درەنگ هەنگاو دەنێت، بەڵام بە دڵنییاییەوە ئەم هەنگاوە دەنێت، بەپێچەوانى دهۆكەوە كا تا رۆژى قیامەت هەنگاو نانێت، بە مانایەكى دیكە هەولێر بەبەردەوامى خاڵى وەرچەرخان نییە، بەڵكوو ئاراستەى وەرچەرخانەكە تەواو دەكات، هەولێر هەمیشە درەنگ بەدواى بارودۆخەكان دەكەوێت جا ئەگەر شكست بێت یان سەركەوتن، یاخود چاكە بێت یان خراپە، دوو نمونە لەژێر دەستماندا هەن كە بەتایبەت گەنجەكان لێیبەئاگان، ئەوانیش هەریەكە لە راپەڕین و شەڕى ناوخۆن، هەریەك لەم دوو ئەزمونەى كورد بە هەموو خاڵە نێگەتیڤى و ئەكتیڤییەوە یاخود بە هەموو جیاوازییەكانیشییەوە سایكۆلۆجییەتى هەولێرمان بۆ دەردەخات، لەم دوو ئەزموونەدا كە ئێمەى گەنج لە نزیكەوە هەموو بنج و بنەوانییەكانى شارەزاین و تێیدەگەین، هەولێر لە هیچ یەكێكیان دەستپێشخەر نەبووە، بەڵام بێلایەنیش نەبووە بەڵكوو تەواوكەرى بازنەكە بووە، هەولێر نە یەكەم ناوچە بوو راپەڕینى كرد نە یەكەمین ناوچەش بوو شەڕى ناوخۆى كرد، بەڵكوو ئیشى هەولێر ئەوە بوو كە ئاگرەكە وەربگرێت و بیگەیەنێتە دواهەم مەنزڵگە، جا بۆ هەولێرییەكان گرنگ نییە كە وێرانى دەكات یان چاك، ئەو پەیامەى هەڵیدەگرێت دەیگەیەنێتە بەهەشت یا جەهەننەم، وەلێ ئەم پەیامە بە دڵنیاییەوە دەگەیەنێت
لێرەوە ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە كە ئایە دواى ئەوەى سلێمانى یاریەكەى دەستپێكرد، هەولێر یەكلایی دەكاتەوە؟ ئایە هەولێر جارێكیدیكە وەكوو رۆڵى هەمیشەیی خۆى دروشمەكە هەڵدەگرێت بیگەیەنێتە دوا خاڵى خۆى؟ ئایە هەولێر لە سوارى ئەسپەكە دادەبەزیبَت و هانا بۆ مۆم دەبات یان كوێرانە بە سەر ئەسپەكەوە دەمێنێتەوە تاوەكوو دەگلێت؟ هەندێك وێنە لەبەر دەستدان كە هەولێر مەیلى بە رووناكییە، بەڵام هێشتا كارى دەوێت كە هەولێر قایلبكەیت تا مۆمەكەت لێوەربگرێت، لەوانەیە لەسەر ئەوەش بوەستێت كە پێویستە كێ ئەو رۆشناییە بگەیەنێت.
نەوشیروان مستەفا تا ئێستا چاوەڕوانە لە هەولێر، وەلێ هەولێر میزاجى لەگەڵ چاوەڕوانیكردن باش نییە، لە شویچنێكیدیكەشدا من ئەوەم وتووە كە گەورەترین هەڵە بەرامبەر نەگۆڕانى روونى هەولێر سەردانی نەكردنى نەوشێروان یان یەكێك لە دەستە كاریگكەرەكانى گۆڕان لەمانە فەرهاد سەنگاوى بوو بۆ هەولێر بۆ ئەوەى ئەم تەمومژە بڕەوێنێتەوە كە راگەیاندن و حیزبەكان لە دەورى نەوشێروانەوە دروستیان كردووە، سەرەڕاى ئەم غوبار كە تاوەكوو ئێستا دەورى فەزاى نەوشێروانى داوە لە هەولێر، لە هەڵبژاردنەكەى ئەمجارەدا كەیسی و تەگەرەیەكى گەورەتر دێتە بەردەم رێگەكەى گۆڕان كە پێویستى نزیكبوونەوەى نەوشێروان لە هەولێر زیاتر دەكات، ئەویش ئەوە كە تەنیا لە رێگەى پرسیارێكەوە دەكرێت بخرێت روو، ئایە لەبەردەم ئەم هەموو كاندیدە ناسراوانەى پارتى و یەكێتى و ئەم هەڵمەتە راگەیاندنە بەهێزەى هەردوو حیزبەكە لە هەولێر، كاندیدە ونەكانى گۆڕان دەتوانن شەڕى دەنگەكانى ئەم شارە بكەن؟.ئەمە پرسیارێكە ئەوەندەى خەمى گروپەكەى نەوشێروانە خەمى من نییە بەدواى بگەڕێم بۆ وەڵامەكەى بۆیە هەموو خوێندنەوەیەكى خۆم بۆ ئەوان جێدەهێڵم.
لەدوورى چەند هەنگاوێكیشەوە هەریەك لە جەنابى بارزانى و تاڵەبانى خەریكى چاودێریكردنى هەلەكانن كە داهاتووى بەیەكەوەبوونى هەر یەكەیانى پێوەبەندە، بارزانى بە بوونى بێموبالاتییەك كە خاوەنى جەماوەرێكى زۆرەوە و تاڵەبانیش بە گومانى ئەوەى حیزبەكەى لەبەرامبەر نەوشێرواندا هەلسێتەوە بۆ ئەوەى بۆ جەنابى بارزانى بسەلمێنێت كە تاوەكوو ئێستا هاوبەشبێت لە لیستى هاوپەیمانى كە تاوەكوو ئێستاش خۆیان بە خاوەن ماڵى ئەم هەرێمە دەزانن.
لێرەدا جەنابى جێگرى سكرتێرى گشتى یەكێتى نیشتیمانى كوردستان خۆی لە نێوان دووڕیانێك دەبینێتەوە، لە ئاراستەیەكەوە كەوتووەتە بەرامبەر نەیارە سەرسەختەكەى كە ئەویش نەوشێروان مستەفایە كە بە هیچ شێوەیەك رەحمى پێناكات ئەگەر دەرفەتى بۆ بڕەخسێت، لەلایەكى دجیكەوە وا هەستدەكات بردنەوەى ئەو لە نەوشێروان مستەفا بردنەوەى خودى خۆى نییە، بەڵكوو بردنەوەى نەیارە دۆستەكانییەتى كە تاوەكوو ئێستا تەنانەت یەك لێدوانیشیان نەداوە بۆ پۆستى جێگرى سەرۆكایەتى هەرێم، زۆریش بەدوور نییە كە لەدواى هەڵبژاردنەكانەوە راستەوخۆ بە هەموو دۆست و نەیارەكانییەوە هەوڵى لاوازكردن و سڕینەوەى بدەن. ئیدى لێرەدا كۆسرەت دوو دوڕیانى لەپێشە كە بە هیچ شێوەیك هەنگاوەكانى دیارنین و نازانێت بە كوێى دەگەیەنن، دواهەمین بڕیاریش لە دەستى كۆسرەت رەسوڵە كە كامەیان هەڵدەبژێرێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست