کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)

  • Su
  • Mo
  • Tu
  • We
  • Th
  • Fr
  • Sa
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  • 1
  • 2
  • 24
  • 25
  • 26
  • 27
  • 28
  • 29
  • 30

ڕیکلام

وشە: لە ڕۆژی: تا ڕۆژی:


داعش و ستراتیژی ئەمریکا لە سەرابی سیستەمی نوێی جیهانیدا

Wednesday, 15/10/2014, 12:00

1547 بینراوە




دەرکەوتنی فاشیزمی ئیسلامی لەبەرگێکی نوێی داعشدا دوای ١١سێپتەمبەری ئەلقاعیدە جیهانی ڕوبەڕووی شۆک وپرسیارێکی قورس کردەوە ،کە ئایا چ سیستەمێکی جیهانی لە ئارادایە کە دوای دەیەیەک هێشتا دنیا بەدەست تیرۆریزمەوە گیرۆدەیە؟
لەکاتێکدا ئەمریکا لە شەڕی خلیجەوە پێش لە دوودەیە ڕایگەیاند کە سیستەمی نوێی جیهان دیموکراسی و ئاشتی و مافی مرۆڤ دێنێ و سەرکردایەتی و ستراتیژیەتی ئەمریکا مێژووی دەورانی کۆتایی دیکتاتۆریەکان و دەوڵەتە توتالیتارەکانە و دامەزراندنی پەرلەمان و دەوڵەتی دیموکراتی وگەشەی ئابوری و سەقامگیری بازاڕی ئازادی سەرمایەیە.
بەڵام لە واقیعدا دوو دەیەی ڕابردوو دەیەی شەڕە نەبڕاوە ناوچەییەکان و شۆڕش دژی دەوڵەتە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی عەرەبی وئەزمەی سەرمایەی مالی و بانکەکان و بێکەڵکی وبنبەستی سیستەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی و گەشەی فاشیزم و تیرۆریزمی ئیسلامی بوە. کاتێ ئۆباما باس لە ستراتیژی ڕوبەڕوبونەوەی داعش دەکا دەیەوێ لەوێنەکەدا ئێمە سەرجەم پێکهاتە و دەرەنجامەکانی سیستەمی نوێی جیهانی ئەمریکا نەبینین و تەنیا وێنەی داعش بەدابڕاوی لە سەرچاوە و شەڕی قوتبە سەرەکیەکانی دنیا وناوچەکە پیشان بدا. ئەگەر لەزمانی بایدنیشەوە دەربچێ کە داعش پەروەردە وبەرهەمی شەڕی بەوەکالەتی سعودیە و تورکیایە لەبەرامبەر ئێراندا کە سونە و شیعە لە سوریاو عێراق دەیکەن ئەوا هێشتا وێنەی سەرجەم تابلۆی سیستەمە جیهانیەکە سەرابیەکەی ئێستا دەرناخات.
نادیاری کۆتایی داعش و ئەلقاعیدە و بوکو حەرام بەشێ لە نادیاری ستراتیژی ئەمریکایە بۆ کێشەکانی سیستەمی نوێی جیهانی سەدەی بیست ویەک. فاشیزمی ئیسلامی بەشێک لەکێشەیەکە کە ئەمریکا وەک سەرکردەیەکی ئیمپریالیستی لەسەپاندنی نەخشەی سیاسی و ئابوری سەرمایەداری ئەم سەدەیەدا بوەتە بەشی جیانەکراوەی سیستەمە نوێیە جیهانیەکەی. مانەوە و درێژەکێشانی تەمەنی فاشیزمی ئیسلامی پەیوەستە بە بنبەست و بێ وەڵامی کێشەی سیستەمی سیاسی و مۆدیلی ئابوری و دابەشکردنی بازاڕی جیهانی و ناڕەزایەتی کرێکار و هەژاری و برسیەتی و بێکاری و مەترسی لەسەر ژینگە لەم سیستەمە نوێیەی ئیمپریالیستیەی ئەمریکا بەگشتی و کێشەکانی جیهانی عەرەبی سەرمایەداری بەتایبەتی.
ڕیشەی مێژوویی ئەم فاشیزمە ئیسلامیەی ئیخوان موسلمین و ئەلقاعیدە و داعش ئەگەر لەسەدەی بیستدا وەک بەشێک لە سیاسەتی بلۆکی ئەمریکا و شێخنشینەکانی کەنداوی عەرەبی بەرامبەر بە سۆڤیەت و بزوتنەوەی کرێکاری و چەپ سازکرا ،ئەوا سەرچاوەی مانەوە وگەشەی ئێستایان لە بنبەستی سیستەمی سیاسی وئابوری ئێستای سەرمایەداری لە جیهانی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدایە. دابەشکردنی ئیمپریالیستی بازاڕوسەرمایە لەم ناوچەیەدا سیستەمێکی سیاسی دیکتاتۆری کردۆتە سەرخانی مۆدێلی دەسەڵاتی سیاسی کە شۆڕشی خەڵکی کرێکار و چینە هەژارەکان و گەنجانی لەبەهاری عەرەبیدا لەدژی بەرپاکرا.ئەوەی لە بیست ساڵی ڕابردووی سیستەمی نوێی جیهانی ئەمریکادا پارێزگاری لیکراوە لە جیهانی عەرەبی وڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا حکومەتە عەسکەریەکانی وەک میسر وتونس و شێخنشینی وەهابی سعودیە و میرنشینە نەوتیەکانی کەنداو و سەرکوتگەری دەوڵەتی ئیسرائیل و بەکورتی سیستەمی دیکتاتۆری بوە . بەهاری عەرەبی دژی ئەم دیکتاتۆریانە سەرخانی سیاسی و مۆدێلی دەوڵەتی عەسکەری و میرنشینی دوچاری شکستی مێژوویی کردوە و ناڕەزایەتی ملێۆنی خەڵکی کرێکارو هەژاروگەنجانی سەدەی بیست ویەک بەم سەرخانە سیاسیە قەیرانی حکومەتی و جێوپۆلیتکی دەوڵەتە عەرەبیەکانی دروستکردوە. سیستەمی نوێی جیهانی ئەمریکا شکستی خۆی بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە ڕژێم گۆڕینی (ڕژێم چەینج)عێراق وسوریادا نیشانداوە و بەدیلی دیموکراسی و پەرلەمان لەعێراقدا بوەتە سەلمێنەری بێ ناوەرۆکی ئەم بەدیلە کە دابەشبونی تایفی و مەزهەبی خستۆتە جێگای ناسنامەی هاوڵاتی بون و شیرازەی کۆمەڵگەی مەدەنی هەڵوەشاندۆتەوە. دامەزراندنی حکومەت و دامودەزگای دەوڵەت لەسەر بنەمای دابەشکردنی مەزهەبی شیعەوسونە عێراقی کردە مەیدانی ناسنامە پێ بەخشین بە ئەلقاعیدە و نەخشە ڕێگای خەلافەتی داعش وهێنانەدی خەونی هیلالی شیعەی جمهوری ئیسلامی ئێران. فاشیزمی ئیسلامی داعش سەرێکی ئەو ئەژدیها حەوت سەرەی هێزو دەسەڵاتە سونە و شیعانەیە کە لە مالکی و ئەسەد وحەسەن نەسروڵاوە بگرە تا ئۆردوگان و شا عبداللەوئەمیری قەتەردا خۆی دەردەخا. سیستەمی نوێی جیهانی ئەمریکا لە دابەشکردنی بازاڕی کاروسەرمایە لەم ناوچەیەدا بەشوێن هێشتنەوەی باڵادەستی ئەمریکاوەیە بەسەر ژێرخانی ئابوری نەوت و هەرزانی هێزی کاردا و بۆئەم مەبەستەش ڕاگرتنی سەرخانی سیاسی و مۆدیلی شێخ نشینی سعودیە و ئیسلامی تورکیای مەبەستە و تەنانەت دوای بەهاری عەرەبی سازانی لەگەڵ ئیخوانی میسر وتونس وسوریا کرد. سەرچاوەی نادیاری ستراتیژی ئۆباما لە کۆتایی هێنان بەداعشدا لەم پەیوەندیەی داعش بەبەدیلی ئیسلامیەوەیە کە سعودیە وقەتەر وتورکیاش بەشێکن لێی. بەرنامە و سیاسەتەکانی داعش کەلەلایەن سعودیە وقەتەر وتورکیاوە پشتیوانی کراوە تەنیا لە ڕوخانی ئەسەدا هاوبەشی خۆی نانوێنێت بەڵکو لە سەپاندنی شەریعە ویاسا ئیسلامیەکان و لە هاوبەشی بەرەی سونە دژ بەشیعەو ئێران و لەسەروو ئەمانەشەوە لە بە‌هیزکردنی بەرەی دژی شۆڕش بۆ ڕێگرتن لەسەرهەڵدانەوەی بەهاری عەرەبیدایە. وەحشیەت و ئنیسان خۆری و ئەنفال وژن فرۆشتن و کوشتاری بەکۆمەڵ کە داعش لەسوریا و عێراق و کوردستان کردویەتی وەسیلەیەکی دەستی حکومەتە دیکتاتۆریەکانی سونە و شێخنشینە وەهابیەکان و هێزە ئیسلامیەکانە بۆ ترساندنی بەرەی شۆڕش وچەپ و ئازادیخواز وسکۆلاریست لەناوچەکەدا و خزمەت بە ستراتیژی پاراستنی سەرکوتی سیاسی و بێ مافی ئابوری و کۆمەڵایەتی سیستەمی سەرمایەداری ئێستای ناوچەکە دەکا و دورخستنەوەیەتی لەخەتەری رادیکال بونەوە و شۆڕشگێڕبونی ناڕەزایەتی دژ بەم حکومەت ودەسەڵاتە ئیسلامی ودیکتاتۆریانەی فەرمانڕەوای ناوچەکە. لەم نێوەدا تورکیا بێ شەرمانە هەڵوێستی لە قازانج کردن لە بونی داعش نیشان بدا ،بەتایبەت کە داعش شەڕی دژی خەڵکی کوردی سوریا و کانتۆنەکانی ڕۆژئاوا دەکا و کێشەی پەکەکە لەسەر ڕێی ستراتیژی باڵادەستبون و ژیانەوەی ئیمپراتۆریەتی سونەی ئەکەپە کەم دەکاتەوە. ئەم هۆکارانە وادەکەن کە ئەگەر چی لەژێرفشاری ئەمریکادا داعش دەبێ وەک نوێنەری توندڕەوی بەرەی سونە وەدەربنرێ بەڵام ستراتیژی ئەمریکا ئەو زەمینەیەی ئەم بەرە ئیسلامیە سونانە بەرەو توندڕەوی وجەنگ وفاشیزم دەبا ناتوانێ بنەبڕبکا و وەک لە دەساڵی ڕابردودا بینومانە ئەم باڵە توندڕەو و فاشیستەی ئیسلام دەمێنێتەوە.
ئەگەر چاوێک بە سیەکانی سەدەی بیستدا بخشێنین و دەورانی "ڕوخانی گەورە"ی ئەزمەی سەرمایەداری ببینین کە چۆن هێنانی فاشیزمی کردە بەدیلی باڵێکی بورژوازی لە ئەڵمانیا و ئیتالیادا ئەوا لەسەرهەڵدانی فاشیزمی ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تێدەگەین کە بۆ دەتوانێ لە ماوەی دەساڵی ڕابردودا لە عێراق و سوریا و لیبیا و یەمەن و باکوری ئەفریقا وەک بەدیلی باڵێکی بورژوازی ئەم ووڵاتانە خۆی نیشان بدا. سیستەمی نوێی جیهانی ئەمریکا لەدوای دەساڵ لە بانگەشەی سەرکەوتنی بازاڕی ئازاد و دیموکراسی توشی "ڕوخانی گەورە"ی سیستەمی مالی و بانکی هات و ئەم ئەزمەیە باری سەرشانی ووڵاتانی کەم گەشەکردوو و قەرزاری بانکی جیهانی و سەرمایەی مالی ئیمپریالیستی زیاترکرد و بێکاری وهەژاری و لێسەندنەوەی ماف و بیمە کۆمەڵاتیەکانی گەیاندە ئەوپەڕی خۆی . لە کاتێکدا هەلومەرجی بەرهەمهێنان و بازاڕی سەرمایە لە دنیای عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەدان ملێۆن ئینسانی لە خوارهێڵی هەژاریەوە ڕاگرتوە و بێکاری و برسیەتی کردۆتە بەش و چارەنوسی پڕلەنائومیدی هێزی گەنجانی ئامادەبەکاری ئەم ووڵاتانە . ئەم دۆخە بەهاری عەرەبی و ڕاپەڕینی خەڵکی کرێکار و هەژاری تونس و میسر و وڵاتانی تری لێکەوتەوە و حکومەتە دیکتاتوریەکانی موبارەک و بن عەلی و عبداللە ساڵح و قەزافی لیکەوتەوە . بەڵام بەرەی دژی شۆڕشی ئیسلامی توانی وەک بەدیلی سیاسی دیکتاتۆری سواری شەپۆلی ناڕەزایەتیەکان ببێت و سازانی ئەمریکا و ڕۆژئاوا لەگەڵ ئیخوانەکان و ئیسلامیەکان و دواتر پشتیوانی کردنیان لەلایەن شێخ نشینەکانی کەنداو و تورکیاوە کۆتایی بەشۆڕشەکان هێنا و سازدانەوەی دەسەڵاتی سیاسی لەنێو خێزان و باڵەکانی بورژوازیدا ئەم کۆمەڵگایانەی دوچاری نائومیدی سیاسی و ئابوری کردەوە. ئەم بێ ئومێدیە و گۆڕینی شەپۆلی شۆڕش بەشەڕی جیهادی لە سوریادا جارێکی تر ڕێگای کردەوە بۆ ئەوەی فاشیزمی ئیسلامی لەشکری بەهەشتی درۆزنی خۆی لەم ئاوە لێڵە پڕ لە ناڕەزایەتیەی سوریا وعیراق و ناوچەکەدا ڕاوبکا. ئایدیۆلۆژی ئەلقاعیدە و داعش وەڵامێکی باڵێکی بورژوازی جیهانی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە بەو ئەزمەیەی سیستەمی نوێی ئەمریکا لەم ناوچەیەدا گیرۆدەیەتی. ئەزمەی مۆدێلی سیاسی دەسەڵات و ئابوری ژێردەستەی بازاڕی ئیمپریالیستی جیهانی و دابەشبونی ئیمپریالیستانەی سەروەت و داهاتی لە جیهانی عەرەبیدا و لەبەریەک هەڵوەشانی سنوری دابەشکراوی سایکس بیکۆ و هاتنەئارای زەمینەی چارەسەری کێشەی کورد و دروستبونی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان. داعش و ئەلقاعیدە و ئیخوانەکان و ئیسلامیەکان بەچەشنی فاشیزم و نازیزمی پێش جەنگی جیهانی دووەم لە ئەزمەی سیاسی و ئابوری و گۆڕانی تەوازنی نێوان هێزە ئیمپریالیستی و ناوچەییەکاندا خۆیان وەک بەدیل نیشان دەدەن و لە شکست و سەرابی بەدیلی باڵە ناسیونالیست و میانەڕەوەکاندا گەشەدەکەن و بەشێوازی دڕندانە و بەربەریان دەیانەوێت دەسەڵات وبەدیلی خۆیان بسەپێنن. بەڵام شەڕی فاشیزمی ئیسلامی کە سەرێکی لە کوبانی شەڕ دەکا و سەرەکانی تری لە مەککە و ئەنقەرە وتارانە زۆر سەختترە لەشەڕی فاشیزم ونازیزم کە خۆیان لە دوو دەسەڵات دژ بەجیهان نیشان دەدا و لەشەڕیکدا شکستیان خوارد و کۆتاییان پێ هێنرا. جەنگی ئەمڕۆ دژی داعش حەیاتیە و کۆتایی هێنان بەداعش ئەرکی فەوری هەموو هێزێکی ئازادیخواز و بەرەیەکی چەپ و کۆمۆنیستە. بەڵام پێویستە ئەم جەنگە ستراتیژی سەرکەوتنی خۆی لە کۆتایی هێنان بەو هەلومەرجە سیاسی وئابوری وکۆمەڵایەتی وفەرهەنگیەدا ببینێتەوە کە فاشیزمی ئیسلامی تێدا دەهێڵێتەوە وگەشەی تێدا دەکا.فاشیزمی ئیسلامی بەشێک لە بەدیلی ئیسلامیە کە زەمینە مانەوە و گەشەکردنی لە سیستەمی نوێی جیهانی ئەمریکا و سەرمایەداری نەوتی و دیکتاتۆریەتی ئیسلامی جیهانی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە کە تەنیا بە بەهارێکی تری عەرەبی و جیهانی ڕادیکال و شۆڕشگێڕانە تێک دەشکێنرێ و کۆتایی پێ دەهێنرێ. لەناو زەلکاوی سیستەمی نوێی جیهانی ئێستادا ڤایرۆسی فاشیزمی ئیسلامی وەک هەڕەشەیەک دەمێنێتەوە و گۆڕانکاری ڕیشەیی لە ئایدیۆلۆژی و بەدیل و شێوازی خەبات داواکاریەکانی جەماوەری کرێکار و لاوان وژنانی ناڕازی و گەلانی ئازادیخواز و بزوتنەوە یەکسانیخوازەکاندا دەتوانێ کۆتایی بەم سیستەمە گەندەڵە و وەحشیگەریەکانی بهێنێ.



چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر


(دەنگدراوە: 0)