ئەوە مەسعود(ئەمڕۆ3/3) چی وت؟
Thursday, 03/03/2011, 12:00
مەسعود كوڕی مەلا مستەفا كە ئێستا بەشێكی زۆری خەڵك دوای دەست لەكاركێشانەوەی لێ دەكات، كەس نەیزانی لەپەیامەكەیدا چی وت و بەنیازبوو چی بڵێ، لەو وتارەدا كە تەنیا چەند دەقیقەیەك بوو جگە لەوەی كەوتەوە پیاهەڵدان بەشان و باڵی خۆی دا، هیچی نەدركان، خەڵك وا چاوەڕوانی دەكرد خۆی و هەردوو سەرۆكایەتیەكەی تر(پەرلەمان و وەزیران) دەستلەكار بكێشنەوە و ماڵئاوای لەم وڵاتە بكەن.
ئەوەی كەمێك لەزانستی سیاسەت بزانێت لەوەدەگات كەئەم شێوە وتارانە یەك تۆزقاڵ لەو جەسووری و خوێن گەرمی یەی ئەو گەنجانە كەمناكاتەوە كە رژاونەتە سەر شەقامەكانی كوردستان، مەسعود زۆر باس لەوەدەكات كە گەل بڕیار بدا، منیش دەڵێم: دە وازبێنن با گەل بڕیار بدا، بزانن بەیەك شەو رۆژ چۆن بڕیارێك دەدا، نەك ئێوە بەزەبری فیشەك ساردی بكەنەوە.
مەسعود باسی لەوەكرد كە (پێویستە پرۆژە 17خاڵەكەی پەرلەمان جێبەجێبكرێ)، ئەرێ برالە ئەی بۆ پرۆژە 30 خاڵییەكەی خۆپیشاندەران جێبە جێ نەكرێ، ئێوە نافەرموون كە پێویستە گەل مەرجەع بێ، ئەوە داخوازی گەلە.
لەوە سەیرتر مەسعود لەپەیامەكەیدا وتی: من ساڵی 1992 بڕیارم دا كە هەڵبژاردن بكرێ و گەل بڕیار لە دروستكردنی پەرلەمانی كوردستان بدات.
ئەمە بۆ ئەم نەوەیەی كە راپەڕینی بەبیر نایەت راستە و بڕوای پێ دەكا، بەڵام بۆ ئەو نەوەیەی كە بەبیری دێ چۆن بەزۆر لە بەغدا هێنایتیانەوە و وازت لە بەعس نەدەهێنا و داوای ئۆتۆنۆمیت دەكرد، بڕوا ناكات، هەر ئەوە مابوو چەندین جار تەلاق بخۆی كە كورد لەئۆتۆنۆمی زیاتری نادرێتێ و چەند جارێكیش لەكەناڵەكانی راگەیاندنەوە باس لەوەكرد كە كێ ئەتوانێ لە ئۆتۆنۆمی بۆ كورد زیاتر دەستەبەر بكات من دەستی دەگوشم و هاوكاری دەكەم! ئێستا نازانین چۆن ئەو دەستكەوتە مێژوویەی كرد بەهی خۆی دوور نی یە دوای 10ساڵی تریش بڵێ پرۆژە 7خاڵیەكەی گۆڕان هی من بووە، داومە بەگۆڕان.
مەسعود دەڵی، من ئارام نیم كە گەلەكەم سەرفراز نەبێ، ئەی 200كەستان لەسلێمانی و كەلار و چەمچەمال قەتڵ و عام كرد نقەتان لێوە نەهات، ئەرێ پێمان ناڵێی كەی جەنابتان ئیسراحەت دەكەن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست