کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئینقیلابی ناو یه‌کێتی له‌ ئان و ساتدایه‌ و تاڵه‌بانی مه‌کته‌بی سیاسی ڕاده‌ستی پارتی ده‌کات

Sunday, 06/03/2011, 12:00


هه‌واڵنێری ینک

سه‌رچاوه‌یه‌ک له‌ ئاستی بالا له‌ یه‌کێتی نیشتمانی زانیاری وردی پێشهاته‌کانی مه‌کته‌بی سیاسی ینک و کۆبونه‌وه‌ی دوقۆڵی تاڵه‌بانی و بارزانی له‌ دوتوێی ڕاپۆرتێکدا ئاشکراکرد. هه‌مان سه‌رچاوه‌ داوای کردوه‌ که‌ زانیاریه‌کان له‌ ڕیگه‌ی به‌ڕێزتانه‌وه‌ بۆ ڕای گشتی بڵاو بکرێته‌وه‌.
به‌ پێی ئه‌م ڕاپۆرته‌:


پلانی کۆسره‌ت ڕه‌سوڵ بۆ لابردنی تاڵه‌بانی وه‌ک سکرتێری گشتی یه‌کێتی له‌ ئێستادا شکستی هێنا.
پارتی و باڵی تاڵه‌بانی پلانی سیاسی و عه‌سکه‌ریان دانا بۆ شکستپێهێنانی ئه‌و پلانه‌.

o تاڵه‌بانی مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتی ڕاده‌ستی پارتی ده‌کات وبه‌و پێێه‌ش مه‌سعود بارزانی سه‌رپه‌رشتی مه‌کته‌بی سیاسی‌ و هێزه‌کانی هه‌ردوولا ده‌کات.
o ئاشکراکردنی نه‌هینی ناردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی یه‌کێتی بۆ که‌رکوک و خانه‌قین.

ئه‌مه‌ش ورده‌کاریه‌کانه‌:
ڕاپۆرته‌که‌ له‌ ڕوداوه‌کانی 17ی شوباته‌وه‌ ده‌ست پێده‌کات و ئاماژه‌ ده‌کات به‌ هاتنه‌ناوه‌وه‌ی هێزی زێره‌ڤانی بۆ ناو شاری سلێمانی وه‌ک خالی سه‌ره‌تایی قولبونه‌وه‌ی ناکۆکیه‌کانی ناو مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتی‌. له‌ شه‌وی 17 له‌ سه‌ر 18ی شوبات‌ کۆسره‌ت ڕه‌سول له‌ په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ تاڵه‌بانی توڕه‌ بووه‌ و داوای سنوردارکردنی ئه‌و هه‌ڵسوکه‌وته‌ی پارتی کردوووه‌ که‌ به‌ گوته‌ی ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ کۆسره‌ت ڕه‌سوڵ به‌ ''زێده‌ڕۆیی'' و ''ڕه‌فتاری نامه‌سئول'' ناوی بردووه‌. سه‌رچاوه‌که‌ ده‌ڵێت له‌و کاته‌دا تاڵه‌بانی هه‌ڵوێستێکی ڕونی نه‌بووه‌ ته‌نها ئه‌وه‌ نه‌بێت که‌ داوای له‌ کۆسره‌ت کردووه‌‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ مه‌لا به‌ختیار و حاکم قادردا هه‌نگاو بنێت و بڕیاری تاکلایه‌نه‌ نه‌دات که‌ ئه‌مه‌ش بۆته‌ مایه‌ی ناڕه‌زایی کۆسره‌ت ڕه‌سوڵ که‌ له‌و کاته‌وه‌ بڕیارێکی تایبه‌تی داوه‌ بۆ داهاتووی خۆی و یه‌کێتی نیشتیمانی.

کۆسره‌ت ڕه‌سوڵ له‌ ڕۆژانی دواتردا له‌ کۆبونه‌وه‌ یه‌ک له‌دوا یه‌که‌کانی مه‌کته‌بی سیاسی به‌ ئاشکرا باسی له‌وه‌ کردوو که‌ چیتر یه‌کێتی نابێت ده‌سته‌مۆی پارت بێت و له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا پێویستی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ڕێککه‌وتننامه‌ ستراتیژییه‌که‌ی نێوان یه‌کێتی و پارتی پێشنیار کردووه‌. هه‌رچی مه‌لا به‌ختیار ، حاکم قادر ، به‌رهه‌م سالح و هێرۆ براهیم ئه‌حمه‌د له‌ سه‌ره‌تادا نه‌رمیان نواندوه‌، به‌ڵام له‌گه‌ل ئاگادارکردنه‌وه‌ی تاڵه‌بانی و ڕه‌تکردنه‌وه‌ی ئه‌و پێشنیاره‌ له‌ لایه‌ن تاڵه‌بانییه‌وه‌، که‌وتنه‌ دژایه‌تی کردنی ئه‌و بیرۆکه‌یه. ئه‌مه‌ش بۆته‌ هۆی دروستبوونی دوبه‌ره‌کی له‌ ناو مه‌کته‌بی سیاسیدا‌. سه‌رچاوه‌که‌ ئاشکرایکرد که‌ کۆسره‌ت ڕه‌سول جارێکی تر هه‌ستی به‌ ته‌نهایی و گۆشه‌گیرکردن کردووه‌ و ئه‌مه‌ش بۆته‌ هه‌وێنی پلانێکی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ لای ئه‌و که‌ خۆی له‌ لابردنی تاڵه‌بانیدا ده‌بینێته‌وه. کۆسره‌ت ڕه‌سول‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له‌ دوو هه‌فته‌ی دوای ڕوداوه‌کانی سلێمانی به‌ نه‌هێنی قسه‌ی له‌گه‌ل چه‌ند لێپرسراوێکی هێزی پێشمه‌رگه‌ کردووه‌ و گرنتی ته‌واوی وه‌رگرتوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ کاتی لابردنی تاڵه‌بانیدا هێزه‌ چه‌کداره‌کان پشتیوانی بکه‌ن. سه‌رچاوه‌که‌ ده‌ڵێت به‌ پێێ هه‌ڵسه‌نگاندنه‌کان، ئه‌م پلانه‌ شانسی سه‌رکه‌وتنی زۆر بوو چونکه‌ به‌شێکی دیکه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی یه‌کێتی له‌گه‌ڵ نه‌وشیران موسته‌فادا له‌ په‌یوه‌ندیدان و ئه‌م دوو هێزه‌ پێکه‌وه‌ به‌ ئاسانی توانای زاڵبونیان هه‌بوو به‌ سه‌ر پاشماوه‌کانی باڵی تاڵه‌بانیدا. به‌ڵام به‌ پێێ سه‌رچاوه‌که‌ له‌ لایه‌ن یه‌کێک له‌وانه‌ی که‌ به‌ باڵی کۆسره‌ت ناسراوه‌، ئه‌م پلانه‌ ئاشکرا کراوه‌ و به‌مه‌ش باڵی تاڵه‌بانی ده‌ستبه‌جێ که‌وتونه‌ته‌ ئینزاره‌وه‌و ڕاسته‌وخۆ داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی تاڵه‌بانیان کردوه. تاڵه‌بانیش له‌ لای خۆیه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ بارزانییه‌وه‌ کردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ هه‌ماهه‌نگی ئه‌م پلانه‌ی کۆسره‌ت پوچه‌ڵبکه‌نه‌وه‌و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هه‌ردوولا هه‌ستاون به‌ داڕشتنی پلانێکی تۆکمه‌ که‌ دوو جه‌مسه‌ری سیاسی و عه‌سکه‌ری له‌ خۆ گرتووه‌‌.
به‌ پێی ئه‌و پلانه‌ی که‌ له‌ لایه‌ن باڵی تاڵه‌بانی و پارتیه‌وه‌ داڕێژراوه‌، جه‌مسه‌ری عه‌سکه‌ری بریتیه‌ له‌ بڵاوه‌پێکردنی هێزه‌کانی یه‌کێتی به‌ شێوه‌یه‌ک که‌ هه‌مویان له‌ یه‌ک ناوچه‌دا نه‌بن و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش پلانی که‌رکوک داڕێژرا که‌ له‌ ڕاستیدا پارتی هێزێکی زۆر که‌می ناردووه‌ و ته‌نها بۆڕوپۆش بووه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ یه‌کێتی هێزێکی گه‌وره‌ی ناردووه‌ که‌ که‌سانی نزیک و باوه‌ڕپێکراوی تاڵه‌بانی وه‌ک مه‌حمود سه‌نگاوی و شێخ حه‌عفه‌ر سه‌رپه‌رشتی ده‌که‌ن‌. ئه‌م پلانه‌ وای کرد که‌ کۆسره‌ت له‌ ڕوی پڕاکتیکی و لۆجستییه‌وه‌ نه‌توانێت له‌ یه‌ک کاتدا ده‌ستبه‌سه‌ر هه‌موو هێزه‌کانی یه‌کێتیدا بگرێت و ئه‌وه‌ش بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ پلانه‌که‌ی کۆسره‌ت سه‌ره‌نجام شکست بهێنێت. سه‌رانی یه‌کێتی و پارتی له‌ سه‌ره‌تادا بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو گومانیک بڕه‌وێننه‌وه‌، کۆسره‌ت ڕه‌سوڵ خۆییان پێشنیاکرد بۆ سه‌رپه‌رشتی کردنی جوڵاندنی هێزه‌کانی یه‌کێتی بۆ که‌رکوک و خانه‌قین که‌ ئه‌مه‌ش به‌ پێێ زانیاریه‌کانی ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ڕۆڵێکی کارتۆنی بووه‌و ته‌نها بۆ مه‌شغوڵکردنی کۆسره‌ت بووه‌.

هه‌رچی جه‌مسه‌ری سیاسی پلانه‌که‌ی پارتی و باڵی تاڵه‌بانیشه‌، ڕاپۆرته‌که‌ باس له‌وه‌ ده‌کات که‌ ئه‌م لایه‌نه‌ی پلانه‌که‌یان ستراتیژییه‌و بریتیه‌ له‌ تێکه‌ڵکردنی مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتی و پارتی که‌ له‌ ناوه‌رۆکدا بریتییه‌ له‌ ڕاده‌ستکردنی مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتی به‌ پارتی چونکه‌ به‌ پێی ئه‌و پلانه‌، مه‌سعود بارزانی سه‌رپه‌رشتی ڕاسته‌خۆی هه‌ردوو مه‌کته‌بی سیاسی ده‌کات. به‌ پێی سه‌رچاوه‌که‌ له‌ کۆبوونه‌وه‌ دوقۆڵیه‌که‌ی تاڵه‌بانی و بارزانیدا ورده‌کاری ئه‌م پلانه‌ داڕێژراوه‌و هه‌روه‌ها چۆنێتی قایلکردنی کۆسره‌ت به‌م پلانه‌ کراوه‌. هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا بڕیار دراوه‌ که‌ پلانه‌که‌ به‌ شێوه‌یه‌ک پێشکه‌شبکڕێت که‌ گوایه‌ بۆ ماوه‌یه‌کی کاتییه‌ تا ئاساییبونه‌وه‌ی بارودۆخه‌که‌ و ده‌رچون له‌م قه‌یرانه‌.

هه‌رچی کۆسره‌ت ڕه‌سوڵیشه‌چاوه‌ڕوان ده‌کرێ‌ له‌ ئێستادا که‌ له‌ ڕوی سیاسی و عه‌سکه‌رییه‌وه‌ هیچ ئامرزاێکی ئه‌وتۆی به‌ده‌سته‌وه‌ نییه‌‌، به‌م پلانه‌ ڕازیبکرێت و به‌مه‌ش مه‌ترسی ئینقلاب له‌ ناو یه‌کێتیدا بنبڕ بکرێت.
سه‌رچاوه‌که‌ بارودۆخی ئێستای مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتی به‌ ''بۆمبێکی ته‌وقیتکراو'' وه‌سفکرد و ده‌لێت ئه‌م پلانه‌ی باڵی تاڵه‌بانی و پارتی هه‌نگاوێکی گه‌وره‌تره‌ له‌ ڕێککه‌وتنه‌ ستراتیژیه‌که‌ و به‌ فیعلی ده‌بێته‌ هۆی توانه‌وه‌ی یه‌کێتی له‌ ناو پارتیدا که‌ ئه‌مه‌ش له‌ لای هه‌ندێک له‌ ئه‌ندامانی مه‌کته‌بی سیاسی و ئه‌نزیمه‌ی یه‌کێتییه‌وه‌ قابیلی قبووڵ نییه‌. راپۆرته‌که‌ ده‌ڵێت که‌ که‌رتبوونی یه‌کێتی حاتمییه‌ و له‌و کاته‌شدا بێگومان کۆسره‌ت ڕه‌سول و که‌سانی دیکه‌ هه‌لکی گونجاو دیاری ده‌که‌ن و هه‌ڵوێستی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ وه‌ردگرن.


 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە