کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئێمه‌ هه‌ڵبژاردن ده‌که‌ین، بنه‌ماڵه‌کان‌ به‌رهه‌مه‌که‌ی ده‌خۆن ئه‌وان دزیی ده‌که‌ن، ئێمه‌ خه‌مه‌که‌ی ده‌خۆین

Monday, 11/05/2009, 12:00


له‌م دواییه‌دا له‌ ڕیگه‌ی هه‌واڵه‌کانه‌وه‌ گۆێبیستی ئه‌وه‌ بووین، که له‌م ڕۆژانه‌دا سه‌رۆکی هه‌ردوو پارته‌ فه‌رمانڕه‌واکه‌ی پارتی و یه‌کێتی، هه‌روه‌کوو جاری پێشوو کۆبوونه‌وه‌یه‌کی داخراویان له‌مه‌ڕ هه‌ڵبژاردنه‌‌ په‌ڕله‌مانیه‌که‌ی کوردستان،‌ له‌ یه‌کێك له‌ کۆشکه‌کانی تاڵه‌بانیدا ئه‌نجامدا.

ئێمه‌ ئه‌گه‌ر له‌ بیرمان بێت، پێش چه‌ند ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر جه‌لال تاڵه‌بانی چووه‌ سه‌ر مه‌زاری خوا لێخۆشبوو مه‌لا مسته‌فا و په‌یمان و دڵسۆزی خۆیی بۆ تازه‌ کرده‌وه‌ و ددانینا به‌وه‌ی، که‌ هه‌ر هه‌موویان له‌ مه‌کته‌به‌کی ئه‌وه‌وه‌ ده‌رچوون و به‌ڵێن ده‌ده‌ن، به‌رده‌وام بن له‌سه‌رڕێبازه‌که‌ی.
ئه‌وه‌ش خۆی له‌ خۆیدا نامه‌یه‌کی گرنگبوو بۆ ماڵباتی بارزانی و دوای ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ لاوازه‌ی له‌دوای شه‌ڕی براکووژی‌ هاتبووه‌ ئاراوه. بێگوومان ئه‌م په‌یوه‌ندیانه‌ له‌ بار خاتری کورد نه‌بوون، به‌ڵکوو له‌ پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان و بنه‌ماڵه‌کانیان بوو. هه‌روه‌ها ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌ی که‌ چه‌ند ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ پیرمام به‌ دووقۆڵی له‌ نێوان جه‌لال تاڵه‌بانی و مه‌سعوود بارزانیدا به‌سترا و له‌سه‌ره‌تاوه‌ و زۆر به‌نهێنی‌ له‌ سه‌ر دابه‌شکردنی پۆسته‌کان و سه‌روه‌تی کوردستان له‌ نێوان هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌دا و که‌سه‌ نزیکه‌کانیان، ڕێکه‌وتن. چوونکه‌ هه‌ر خۆیان ده‌یانزانیی ئه‌و سه‌روه‌ته‌ی له‌ سه‌رچاوه‌ ژێرزه‌ویه‌کانه‌وه‌ پیدا ده‌بێت و ده‌درێت به‌ کورد، چه‌نده و له‌ ئه‌ژماردن ناێیت.
بارزانی و تاڵه‌بانی له‌ کاتێکدا به‌ دووقۆڵی ئه‌و کۆبوونه‌وانه‌ ده‌که‌ن، نه‌ک گه‌لی کورد، به‌ڵکوو هه‌موو ئه‌ندامانی سه‌رکردایه‌تییه‌کی خۆیشیان نازانن، ئه‌و دوانه‌‌ نیازی چیان هه‌یه‌ وله‌ سه‌ر چی ڕێک که‌وتوون.

پارتی و یه‌کێتی له‌سه‌ر سه‌روه‌تی ئیبراهیم خه‌لیل چه‌ند هه‌زار کوڕی کوردیان به‌ کووشتدا، ئێستا بیریان له‌وه‌ کرده‌وه، ئه‌گه‌ر له‌ سه‌ر ئه‌و ئه‌تواره‌ی خۆیان به‌رده‌وام بن، ئه‌وا‌ یه‌که‌م که‌س خۆیانن، که‌ زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بن.
بۆیه‌ هه‌ر له‌ داهاتی کوردستانه‌وه‌‌ بگرا هه‌تاوه‌کوو پله‌وپایه و زه‌ووی و زاریی خه‌ڵك‌ و ته‌نانه‌ت حکوومیش، هه‌موویان دابه‌شکرد، ئه‌وه‌ بێجگه‌ له‌و بوودجه‌یه‌ی کوردستان که ملیاردها دۆلاره،‌ هه‌رهه‌موویان دزیی و خوارد‌یان و ئه‌وه‌ی بۆ میله‌تیش مایه‌وه،‌ خواردنی خه‌مه‌که‌ی بوو. ‌
له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ چی پله‌وپایه‌ گرنگی حزبی و حکومییه، هه‌ر هه‌مووی له‌ لایه‌ن ئه‌م دوو بنه‌ماڵه‌وه‌ قۆرخ کراوه و که‌س به‌بی ئه‌مان ناتوانێ پنجه‌ بکات به‌ ئاودا. ئه‌ی ئه‌وه‌ نییه‌ ئه‌ویان بوو به‌ سه‌رۆکی عێراق و ئه‌میان بوو به‌ هی هه‌رێم، نێچیرڤان به‌ سه‌رۆک وه‌زیران له‌ کوردستان، قووباد به‌ نۆێنه‌ری حکوومه‌تی هه‌رێـم له‌ ئه‌مریکا، ئه‌میان به‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ و ئه‌ویتریان وزیری ئاو ئاوه‌ڕۆ، ئه‌ویان به‌رپرسی ئاسایشی گشتی، ئه‌میان ده‌سگای دژه‌ تیرۆر، و ده‌یان نموونه‌ی دیکه‌ که‌ پێوویست به‌ باسکردنیان ناکات، بۆیه‌ به‌م شێوه‌یه‌ ‌قورسایی تای ته‌رازووی پۆسته‌کان له به‌غدا له‌سه‌ر کورسییه‌کی سه‌رۆک کۆمار و له‌ کوردستانیشدا، به‌ لای به‌رژه‌وه‌ندی پارتیدا نه‌وی ببوو.
ئه‌وان گۆڕیی مه‌لا مسته‌فایان کرد به‌ شوێنیکی پیرۆز، ئه‌مان قبره‌که‌ی ئیبراهیم ئه‌حمه‌د و ساڵۆنێکی 400 که‌سییان له‌ سه‌ر قبره‌که‌ی درووستکرد. ئه‌وان فلیمی دیکۆمێنتیان له‌سه‌ر مه‌لا مسته‌فا دروست ده‌که‌ن، ئه‌مان ژانی گه‌لی ئیبراهیم ئه‌حمه‌د ده‌که‌ن به‌ فیلمی سینه‌مایی.
.

ئه‌م دوو بنه‌ماڵه‌یه و ده‌ست و پێوه‌نده‌کانیان‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی ڕابردوودا، به‌رده‌وام به‌ ڕێکه‌وتنی ژێربه‌ژێر و نهێنی، له‌ گه‌ڵ به‌غدا و وڵاتانی ده‌وروبه‌ردا، کاتێان به‌فیڕۆداوه‌ و ‌به‌خۆسه‌پاندن حکومه‌تیان بردووه‌ به‌ڕێوه‌‌ و بێجگه‌ له‌‌ پاشه‌کشێ کردن له‌ ده‌ستکه‌وته‌کان و به‌تاڵانبردنی سه‌روه‌تی نیشتیمانی و تێکدانی خوو و ڕه‌وشتی کۆمه‌ڵگا، به‌رهه‌مێکی دیکه‌یان بۆ کورد ده‌سته‌به‌ر نه‌کردوه.
ئه‌ی هه‌ر ئه‌مانه‌ نه‌بوون، هه‌تاوه‌کوو دوایین رۆژی هه‌ڵبژاردنه‌که‌ی جاری پێشوو په‌یمانی جێبه‌جێکردنی ماده‌ی (58) یان به‌ ئێمه‌ ددا..؟ ئه‌ی ئه‌وه‌ نییه، نهێنی جێبه‌جێ نه‌کردنی ماده‌ی (140) یان له‌ خه‌ڵک شاردوه‌ته‌وه..؟ بێجگه‌ له‌وه‌ش هه‌ر ئه‌مان نه‌بوون دوای ئه‌و هه‌موو خۆگیڤکردنه‌وه‌ له‌ قه‌ره‌ته‌په،‌ پاشه‌کشیان کرد..؟ ئه‌مانه‌ هه‌مووی‌ له‌ لایه‌ک، ئه‌وه‌ نییه‌ له‌ هاڵبژاردنی پارێزگای مووسڵیشدا هه‌موو کورسییه‌کانیان دۆڕاندوه..؟ ئه‌ی ئێستا چیمان پێ ده‌ڵێن، که‌ ڕۆژانه‌ ئێران و تورکیا وڵاته‌که‌مان تۆپباران ده‌که‌ن..؟بێجگه‌ له‌ما‌نه‌ش ئه‌وه‌تا‌ سووپای دوانزه‌ش له‌ که‌رکووک جێگیرکراوه.‌


ئێمه‌ هێشتا به‌شێکی زۆریی خاکه‌که‌مان له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تی ناوه‌ندیدایه، ئایا ئه‌و خه‌ڵکه‌ی، که‌ له‌ ناوچه‌‌ دابڕاوه‌کاندا ده‌ژیین مافی هه‌ڵبژاردنی په‌ڕله‌مان و سه‌رۆکی حکومه‌تی خۆیانیان نییه..؟ ئه‌گه‌ر خه‌ڵکی کوردستانن بۆ بواری ئه‌وه‌یان بۆ نه‌ڕخساوه،‌ هه‌تاوه‌کوو بێن به‌ ئازادانه‌ ده‌نگه‌کانی خۆیان بخه‌نه سه‌ندووقه‌کانی ده‌نگدانه‌وه.
گه‌لی کورد به‌ ده‌یان ساڵ دژی حکومه‌ته‌ یه‌ک له‌ دوای یه‌که‌کانی عێراق شه‌ڕده‌که‌ن، به‌ ده‌یان هه‌زاریی لێ شه‌هید بووه، ده‌یان جار ئاواره‌ بووه‌ و دێهات و گونده‌کانی ڕووخێنرا بۆ ئه‌وه‌ی به ئازادی بژیین و له‌ ده‌ست دیکتاتۆرییه‌ت ڕزگاریان بێت، به‌ڵام ئێستا ده‌یان که‌سی دیکتاتۆر شوێنیانی گرتوه‌ته‌وه و خوێنی میله‌ت ده‌مژن.‌
هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ به‌ کۆبوونه‌وه‌ی نهێنی و بڕانه‌وه‌ی هه‌موو شته‌کان له‌ پشتی په‌رده‌وه‌ و به‌ ڕێکه‌وتن نێوانیان، حکوومه‌ت ده‌به‌ن به‌ڕێوه، ئێستاش به‌ته‌مان هه‌ر به‌ هه‌مان شێوه‌ ده‌سه‌ڵاتی داهاتووش بۆ خۆیان پاوان بکه‌ن. ئه‌وه‌ش ده‌ریده‌خات نه‌ دیموکراسی له‌م وڵاته‌دا نرخی هه‌یه‌ نه‌ به‌رژه‌وه‌ندی گشتیی ئێستا و داهاتووی میله‌ته‌که‌مان، به‌ڵکوو ئه‌وه‌ی گرنگه‌ به‌لایانه‌وه‌ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات مانه‌وه‌ی هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌یه. ئه‌وه‌شی بۆ ئێمه‌ ده‌مێنێتوه، خه‌مه‌که‌یه‌تی..!

ئه‌مڕۆش گوێمان له‌وه‌ بوو هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکی حکوومه‌تیش له‌گه‌ڵ په‌ڕله‌ماندا پێکه‌وه‌ ده‌کرێن، ده‌شێ ئه‌مجاره‌یان، سه‌رۆکی هه‌رێم په‌یمانی چیمان پێده‌دات و داخۆ به‌ چیتر‌
هه‌ڵمان ده‌خه‌ڵتێنێ ..؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە