کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سێ ئەگەر.... بۆ تاڵەبانى و بارزانى!!!....

Sunday, 25/12/2011, 12:00






لە 25/7 /2009 بەدواوە، كوتان و تەتەڵەكردنى ئەم دۆخەى كوردستان زێدەتر لە جاران بەر پلارى ڕەخنەو پێداچونەوە لەلایەن ڕاى گشتى، ڕۆشنبیران، میدیاى ئازاد ، ئۆپۆزسیۆن ... كەوتووە!!!...
ئەوەى كۆمەڵگەى كوردى لەم هەرێمەدا لە دەسەڵات پێشنیارو داواى دەكات، دوو هەنگاوى زۆر گرنگە بە مەبەستى چاكسازى ڕیشەیى لە دەرئەنجامى كەڵەكەبونى قەیرانى سیاسى_ئیدارى، خراپ بەكارهێنانى دەسەڵات، درێژەدان بە مانەوە لەسەر كورسى قەڵەمڕەوى ، پیادەكردنى ڕێكەوتنامەى ستراتیژى(بەبڕواى زۆرێك لە چاودێران ئەم ڕێكەوتنە قوڵتر لە نێوەندى تاڵەبانى و بارزانى ڕەنگى داوەتەوە، لەوان بترازێ لە نێوەندى جەماوەرو دۆست و لایەنگرانى هەردو حیزبى دەسەڵات ڕاو ڕاى جیاواز و جۆرێك لە ناڕەزایى هەژمونى پیادەڕەوە...)!...قۆرغكردنى بازاڕ، كردنى وڵات بە مەعەسكەرێكى گەورەى چەكدارى هەمەجۆرى لەسەرو یاساوە كارو پلانى خۆیان دەكەن، دەستێوەردانى حیزب لە تەواوى جومگە هەستیارو بەرچاوەكانى ئیدارەدان و ژیانى ڕۆژانەى خەڵك و خێزان و تاك، بەپرۆسێسكردنى سیاسەت(تەسەیوس)، خڕكردنەوەى تەواوى دەسەڵاتەكان لە بنەماڵەو خێزان، وەلاخستنى كایەو دەزگا هەڵبژێراوەكانى هەرسێ دام ودەزگاى (پەرلەمان، حوكمەت، دادگا)، سەركوتكردنى دەسەڵاتى چوارەمیش بەبەردەوامى و ستەمكارى و ناعەدالەتى لەبەرامبەر ڕۆژنامەنوس و ڕۆشنبیراندا....، خڕكردنەوەى زێدەترى ئەو دەسەڵاتانەى كە بەیاساى ژمارە(1) ساڵى 2005 ئەرك و دەسەڵاتەكانى سەرۆكى هەرێم دیارى كراوە ، كە زیاتر لە (14) دەسەڵاتى هەستیارە، سەربارى ئەوەش ئێستا سەرۆكى هەرێم (حاكمى ڕەهاى وڵات) و (مەرجەعى ئەوەڵ و ئەخیرى) هەرێمى كوردستانە!...
لە دواى 17/شوباتى/ 2011، وەرچەرخانى گەورە هاوتەریب لە تەك بەهارى عەرەبى لێرەو لەوێ ماكەكانى لە هەرێمى كوردستا ن وەگەڕ كەوت و بەدەركەوت، ئیدى ڕووداوەكان لاى هەموان ئاشكرایە!...
بەهاتن و ڕودانى كارەساتى 2/12/2011 دەڤەرى بادینان، قوڵتر دەسەڵاتى بیست ساڵەى حیزبى (پدك، ینك)، چۆنیەتى نەبونى ئیدارەدانى قەیران لە هەناوى ئەم دوو حیزبەوە جارێكى دى سەرى هەڵدایەوە(سەربارى ئەوەى كە یەكگرتو زیاتر حیزبیانە مەسەلەكەى قۆستەوە بەرگێكى گشتگیرى بە ئامباڵاى ڕوداوەكان نەكرد، بۆخۆى ئەمە خاڵى لاوازى سیاسەت و ڕاگەیاندنى یەكگرتوى نیشان دا!!!)، لەكاتى خۆیدا زیاتر لەو بابەتە و لاپەڕەكانى هەڵدەدەینەوە!!...
مەقسەدم لەم پێشەكیە، داواكارى و بە پێویست ئەنجامدانى ئەو دوو هەنگاوەیە ئەویش:
1/ گۆڕانكارى و چاكسازیى ڕیشەیى لە سیستمى سیاسى هەرێمى كوردستان.
2/ گۆڕانكارى و هێنانەكایەى دام و دازگاى دەسەڵاتى حوكم، كە پەیوەستە بەئیدارەدانى دەوڵەت .
ئەمە ئەو دوو خاڵەیە كە زیاتر لە دوو ساڵە بە هەموو ئەیڵێین و ئەیكوتین ، بە هیواى ئەوەى ئەم برادەرانە بژنەون، ئەمە ئەگەر بژنەون!!!....
عێراق لە قەیرانى قوڵدایە، بەیەقین كوردستان لە قەیرانى قوڵتردا گوزەر دەكات!!...
باسى ڕوداوەكانى 17/12 ڕۆژانى دواترى نێوان (هاشمى و مالكى و عەلاوى موتڵەگ) (سونەو شیعە) ناكەم، هەرچەندە هەڵەیەكى سیاسى گەورە دەبیستین و دەژنەوین ئەویش ، لێرەو لەوێ ئەوە دەبیستین كە كورد پەیوەست نیە بەم بارو دۆخە، ئەمە كارەساتە لەم تەرحە بیركردنەوەیە!!..
بەهەر حاڵ، كوردستان لەبەردەم گۆڕانكاریەكاندا بەكارتێكردنى دەرەوەو ئاستى نێو دەوڵەتى و هەرێمایەتى باس ناكەم ، وەلێ باس لە گۆڕانكارى و ڕادەستكردنى سەرۆكایەتى ئەنجومەنى وەزیران لە یەكێتیەوە بۆ پارتى دەكەم!!!..
بە بڕواى بەندە، ئۆپۆزسیۆن، بیركردنەوەى توندە، لە كاتێكدا بە عەمەلى وانیە، بۆ ئەوەى لەقەیرانى گۆڕانكاریەكان دەرچین ، من و سەدان و هەزارانى تر، بەتایبەتى بەتاڵەبانى و بارزانى دەڵێین:
ئەگەر یەك لەم سێ ئەگەرە (ئەگەرى واقیعى و زانستى سیاسى و یاسایى) هەڵبژێرن، دڵنیابن زۆر بەجوانى ئەچنە، دیوانى مێژوى پرشنگدارەوە، نەوە لە دواى نەوە فەخرتا ن پێوەدەكرێت، لەهەمان كاتدا ، بۆ جیهان و ناوچەكەى دەسەلمێنن بەهەق ئێوە ئاشتیخواز و ئازادیخوازن ، بەم ئەزمونەتان دەیسەلمێنن بەهەق میللەتى خۆتان خۆش دەوێت!!!...
ئەو سێ ئەگەرە ئەمەیە:
ئەگەرى یەكەم: (پێكهێنانى حكومەتى بنكەفراوانى نیشتمانى)، هەموو بەشداربن، بە لەبەرچاوگرتنى پاكێجى چاكسازى ئۆپۆزسیۆن و ڕاى گشتى و پرۆژەى چاكسازى پێشنیاركراوى خۆتان.
ئەگەرى دووەم : (پێكهێنانى حكومەتى زۆرینە) دیارو ئاشكرا یە كە وردەكارى و تەفاسیلى یاساییەكەى لە هەموان باشتر دەزانن، بە ڕەچاوكردنى وازهێنان و جوینەوەى ڕێكەوتنى ستراتیژى نێوانتان و پەیڕەوكردنى بەشى دووەمى ئەگەرى یەكەم.
ئەگەرى سێهەم: (پێكهێنانى حكومەتى ڕزگاركردنى نیشتمانى) لێرەدا ، وەك حكومەتى (كاربەڕێكردن) مەیسەر دەبێت. وەلێ لەم ئەگەرەدا پێویستى بەوەیە ئازایانە بڵێن: لە دەرئەنجامى خراپ بەكارهێنانى بیست ساڵ حوكمڕانى هەردوو حیزبى دەسەڵات و لە پێناو بەرژەوەندى گشتى و چاكەى گشتى بڕیارماندا ، بە هەڵوەشانەوەى ئەنجامى هەڵبژاردنەكانى 25/7، لە سیاقى نەبونى دەستورى هەرێمدا، بەهیواى هەڵبژاردنێكى پێش وەخت و سەرلەنوێ داڕشتنەوە و پێداچونەوە بە پرۆژە دەستورى هەرێمدا، بە ئامانجى بونى ستراتیژى نیشتمانى و پیادەكردنى كایەكانى دیموكراسى ، ئەم حوكمەتە بەرنامەو پلا تفۆرمى سەرلەبەرى كایەكانى نێو كۆمەڵگە لە ڕێگەى كەسانى دڵسۆزو نیشتمان پەروەرەوە ئیعلانى ئەو حوكمەتە بۆ زەمانەتى نەوەكانى ئایندەى میللەتەكەمان دەكەین!!...
جەخت دەكەمەوە، بەتایبەتى تاڵەبانى و بارزانى ، بەسەدان و هەزاران ڕۆڵەى ئەم نیشتمانە ئیسنادو پشتى ئێوە دەبێت بە فەراهەم كردنى یەك لە و سێ ئەگەرە!!!....

 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە