کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


خنکاندن و سه‌ربڕینی (س) له‌په‌راوێزی حیه‌له‌ی یاسایدا

Tuesday, 21/09/2010, 12:00


(س،س) ته‌مه‌ن 19 ساڵ، دایکی کوڕ و کچێک، ته‌رمه‌که‌ی له‌ ڕۆژی 16/8/2010 له‌گه‌ڕه‌کی خانزادی هه‌ولێر له‌ ‌نزیک سۆپه‌ری مارکێتی (کۆک) به‌خنکاوی پاشان به‌سه‌ربڕاوی دۆزرایه‌وه‌،سه‌رچاوه‌ی هه‌واڵ بڕوانه‌ بڵاوکراوه‌ی (ڕووداو) ژماره‌ (127) ڕێکه‌وتی (دووشه‌ممه‌ 23/8/2010).
به‌پێی ئه‌و هه‌واڵه‌ی که‌له بڵاوکراوه‌ی (ڕووداو)دا بڵابۆته‌وه‌و، به‌پێی لێدوانه‌کانی نه‌قیب (ژیله‌مۆ عه‌بدولقادر) به‌ڕێوبه‌ری به‌دواچوونی تووندوتیژی دژ به‌ ئافره‌تان له‌هه‌و‌لێر، (س) به‌هۆی کێشه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ که‌ هاوسه‌ره‌که‌ی له‌گه‌ڵ پیاوێکدا بینوویه‌تی شکاتی لێکردوون و (س) و پیاوه‌که‌گیراون، پاشان نه‌قیب (ژیله‌مۆ عه‌بدولقادر) ده‌ڵێت پاش ماوه‌یه‌ک هاوسه‌ره‌که‌ی (س) و پیاوه‌که‌ به‌پاره‌ سوڵح ده‌که‌ن و هه‌ردووکیان ئازاد ده‌کرێن و دۆسیه‌که‌یان داده‌خرێت، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ (س) له‌که‌سوکاری ده‌ترسێت په‌نا ده‌باته‌ به‌ر سه‌نته‌ری نه‌وا،به‌ڵام پاش مانگێک (س) خۆی داواده‌کات که‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ ناو که‌سوکاری، نه‌قیب (ژیڵه‌مۆ عه‌بولقادر) ده‌ڵێت ئێمه‌ش داواکارییه‌که‌ی (س)مان بۆ دادوه‌ری لێکۆڵینه‌وه‌ به‌رز کرده‌وه‌، دادوه‌ر بڕیاریدا به‌گه‌ڕانه‌وه‌ی (س) بۆ ناو که‌سوکاری ، باوکی (س)یش به‌ڵێننامه‌ی پڕکرده‌وه‌ که‌ کچه‌که‌ی ده‌پارێزێت، نه‌قیب (ژیڵه‌مۆ عه‌بدولقادر) ده‌ڵێت به‌ڵام بۆ ڕۆژێ پاشتر هه‌واڵمان بۆ هات که‌ (س)یان کوشتوه‌و ته‌رمه‌که‌یان فڕێداوه‌، سه‌باره‌ت به‌م تاوانه‌ وه‌ک نه‌قیب (ژیڵه‌مۆ عه‌بدولقادر) وتویه‌تی چوار مام و باوک و برایه‌کی (س) ده‌ستگیر کراون و براکه‌ی دانی به‌ ئه‌نجامدانی تاوانه‌که‌دا ناوه‌.
هه‌موو ڕۆژێک ده‌یان هه‌واڵی جۆراو جۆر سه‌باره‌ت به‌ سوتان و کوشتن و لێدان و سوکایه‌تی به‌ ژنان له‌ده‌زگا ڕاگه‌یاندنه‌کانه‌وه‌ ده‌بینین و ده‌بیستین، ڕۆژانه‌ ئاماره‌کان له‌زیادبووندان، له‌درێژه‌ی ڕاپۆرتی به‌ڕێوبه‌رێتی گشتی به‌دواچونی توندوتیژی دژی ژنان له‌ هه‌ولێر،ته‌نها له‌ 6 مانگی ڕابوردودا 37 ژن له‌سه‌رتاسه‌ری کوردستان کوژراون، سه‌رچاوه‌ی هه‌واڵ بڕوانه‌ ماڵپه‌ڕی (ئاوێنه‌) ڕێکه‌وتی 20/7/2010.
له‌ناو ئه‌م هه‌لومه‌رجه‌ سه‌خته‌ی ژیانی ژنانی کوردستان ده‌یان کاره‌سات و ڕووداوی ترسناک خۆی ده‌رده‌خات، کاره‌ساتی خنکاندن و سه‌ربڕینی (س) یه‌کێکه‌ له‌وه‌ تاوانانه‌، یه‌که‌م جار نیه‌ له‌ کوردستان هه‌واڵی کوشتنی یه‌کێک له‌و ژنانه‌ ببیستین که‌ له‌ترسی کوشتن هه‌ڵهاتوه‌و به‌ حیسابی خۆی لانه‌یه‌کی ئارامی دۆزیوه‌ته‌وه‌ بۆ خۆپاراستن، زۆرن ئه‌و ژنانه‌ی بوونه‌ته‌ قوربانی و خۆراکی ناو ڕوبار و نوکی تیژی چه‌قۆی ڕێکه‌وتنی نێوان بنه‌ماڵه‌و ده‌زگا فه‌رمی و به‌رپرسه‌کان، ئه‌م حاڵه‌ته‌ نه‌ک هه‌ر ئێستاو له‌سه‌ر‌ده‌می ده‌سه‌ڵاتی حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کاندا درێژه‌ی هه‌یه‌‌، به‌ڵکو له‌سه‌رده‌می شاخیش له‌م نموونه‌یه‌ هه‌یه‌و، ئه‌م واقیعه‌ته‌ بۆته‌ بارودۆخێکی جێکه‌وتوو له‌ ژیانی ژنانی کوردستاندا.
ئه‌وه‌ی له‌ که‌یسی (س)دا پێویستی به‌خوێندنه‌وه‌و تێڕامانێکی وردو ده‌قیق هه‌یه‌ جێگاوڕێگای (یاسا)یه‌ له‌م نێوه‌دا، هه‌رکه‌سێک هه‌واڵی چۆنیه‌تی ڕووداوی (س)و، هه‌ڵوێستی هاوسه‌ر و ئه‌و پیاوه‌ی له‌گه‌ڵی بینراوه‌، له‌گه‌ڵ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌که‌ له‌ڕێگای پاره‌وه‌ بخوێنێته‌وه‌، ڕاسته‌وخۆ ئه‌و ڕاستیه‌ی بۆ ده‌رده‌که‌وێت که‌ (س) چاره‌نووسی کوشتنه‌، ئه‌وه‌ی زه‌مینه‌ی ئه‌م حه‌قیقه‌ته‌ ده‌سه‌لمێنێت کوشتنی (س‌) یه‌ک ڕۆژ دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ناو که‌سوکاری.
له‌ کۆمه‌ڵگای کوردستان چونکه‌ ژن وه‌ک کاڵایه‌ک سه‌یرده‌کرێت و خاوه‌نداریه‌ته‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ مێرد،باوک، برا،ئامۆزا، خاڵۆزا و هه‌ندێک جاریش کوڕانی عه‌شره‌ت و بنه‌ما‌ڵه‌، هه‌ربۆیه‌ هاوسه‌ری (س) بۆ ده‌رچوون له‌و خاوه‌نداریه‌تیه‌و کڕینه‌وه‌ی شه‌ره‌ف و ناموسی خۆی، له‌ڕێگای پاره‌وه‌ سوڵحی کردوه‌و به‌وته‌ی کۆمه‌ڵگا ئه‌م به‌ڵا گه‌وره‌یه‌ی له‌ کۆڵی خۆی کردۆته‌وه‌،به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ که‌ ڕووسوری بنه‌ماڵه‌و حه‌یاو شه‌ره‌فی پیاوسالارانه‌ی خێزان وه‌ربگرێته‌وه‌، باوک و براو مام و کوڕانی عه‌شره‌ته‌، به‌کوشتنی (س) بنه‌ماڵه‌ش ئاواته‌که‌ی خۆیان هێنایه‌دی و له‌ناو کۆڵان و گه‌ڕه‌ک و شاردا، به‌وته‌ی کۆمه‌ڵگا ئابڕووی خۆیان کڕییه‌‌وه‌.
له‌سه‌رو هه‌موو ڕووداوێکه‌وه‌ ئه‌وه‌ی که‌ ده‌بێت ئاسایش و سه‌لامه‌تی ژیانی تاکه‌کان بپارێزێت (یاسایه‌)،یاسا ده‌بێت هه‌موو ئه‌و ئه‌گه‌رانه‌ی که‌ ده‌بێته‌ مایه‌یه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ بۆسه‌ر تاکه‌کان حیسابی بۆبکات و ڕێگاچاره‌ی دروستی بۆ بدۆزێته‌وه‌، یاسایه‌ک که‌ ڕوانگه‌که‌ی ئینسانه‌ت و عه‌داله‌ت بێت به‌به‌رپرسیارێتیه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ نیه‌ت و ئه‌گه‌ره‌کان و، ئه‌و زه‌مینه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی که‌ کێشه‌کانی تێدا ده‌خوڵقێت و هه‌ڵسوکه‌وتی له‌گه‌ڵدا ده‌کرێت.
چۆن هه‌ندێک جار بۆ چاره‌سه‌ری هه‌ندێک کێشه‌ که‌ په‌یوه‌ندی به‌ بواری مه‌زهه‌بیه‌وه‌ هه‌یه‌ گوێمان له‌ ده‌سته‌واژه‌ی (حیله‌ی شه‌رعی) ده‌بێت، له‌م تاوانه‌ش که‌ به‌رانبه‌ر (س) و سه‌رجه‌م کۆمه‌ڵگا ئه‌نجامدراوه‌ ده‌سه‌واژه‌ی (حیله‌ی یاسایی) پڕ به‌پێستی تاوانه‌که‌یه‌و، نیشانه‌یه‌کی قوڵی بێده‌ربه‌ست بوونی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانه‌ له‌ڕووی یاسای و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئینسانیه‌وه‌‌، ئاخر که‌یسێکی وه‌ک ڕووداوی (س) له‌ کۆمه‌ڵگای کوردستاندا چۆن ته‌نها له‌ڕێگای سوڵحی پاره‌و ڕێکه‌وتنی دوو که‌سه‌وه‌ ئه‌م دۆسیه‌یه‌ داده‌خرێت و کۆتای پێ ده‌هێنرێت، پاره‌ و سوڵح له‌کام په‌ره‌گرافی یاسایه‌کی مه‌ده‌نیدا وجودی هه‌یه‌ بۆ ڕوونه‌دانی کاره‌ساتێکی به‌م جۆره‌.
له‌ڕواڵه‌تدا واپیشان ده‌درێت که‌ (س) خۆی داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی کردوه‌ بۆ ناو که‌سوکاری، وه‌ وا پیشان ده‌درێت که‌ دادوه‌ر ئه‌م داوه‌یه‌ی قبوڵکردوه‌، ئه‌مه‌ ته‌بریرێکی ڕوکه‌شی کاره‌ساته‌که‌یه‌، ئه‌وه‌ی له‌هه‌ناوی ئه‌م تاوانه‌دا خۆی حه‌شارداوه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ تاکو ئێستا (یاسا) له‌ کوردستان نه‌یتوانیوه‌ ببێته‌ هۆکارێک بۆ پاراستنی ژیانی ئینسانه‌کان، به‌ڵکو به‌پێچه‌وانه‌وه‌ کارئاسانی کردوه‌ بۆ تۆڵه‌ی عه‌شره‌ت و بنه‌ماڵه‌ له‌ ژنان و کچانێک که‌ هه‌ر خۆیان تووشی سه‌دان نه‌هامه‌تی و چه‌وساندنه‌وه‌یان کردوون.
خنکاندن و سه‌ربڕینی (س) زه‌نگێکی ترسناکه‌ بۆ کۆمه‌ڵگا، وه‌ک چۆن تیرۆرکردنی (سه‌رده‌شت عوسمان) زه‌نگێکی ترسناک بوو، ئه‌گه‌ر جاران ده‌یان پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ کۆمه‌ڵگادا سه‌رچاوه‌ی هه‌ڕه‌شه‌بوون له‌سه‌ر ژنان، ئه‌وا ئێستا (یاسا)ش بۆته‌ به‌شێک له‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌، ئه‌وا ئیتر ئێستا هه‌ر دوو پیاوێک، به‌ بڕێک پاره‌ ده‌توانن ڕێبکه‌ون و ده‌توانن که‌یسێک دابخه‌ن له‌ ڕێگای (یاسا)وه‌، خنکاندن و سه‌ربڕینش بسپێرن به‌ بنه‌ماڵه‌.
له‌و کۆمه‌ڵگایانه‌ی ئینسان حورمه‌تی هه‌یه‌ و سه‌لامه‌تی و پاراستنی ژیانی تاکه‌کان به‌یاسا پارێزراوه‌، تاکه‌کان ئازادنین له‌وه‌ی له‌سه‌ر ڕوباره‌کان له‌کوێدا مه‌له‌ ده‌که‌ن، چه‌ند مه‌ترێک و چوارچێوه‌یه‌کی دیاری کراو هه‌یه‌ بۆ مه‌له‌ کردنی تاکه‌کان، چونکه‌ ئه‌و شوێنانه‌ی که‌ بۆ مه‌له‌ دیاری نه‌کراون ترسناکه‌ بۆ ژیانی ئینسانه‌کان، له‌و وڵاتانه‌ی ئینسان به‌مافه‌ سه‌ره‌تایه‌کانی خۆی گه‌شتوه‌و یاری به‌ چاره‌نوسی ناکرێت، یاسا له‌په‌یوه‌ند به‌ سه‌لامه‌تی هاوڵاتیانه‌وه‌ مانای خۆی په‌یدا ده‌کات، نه‌ک سوڵح و پاره‌ گۆڕینه‌وه‌.
به‌ڵام (یاسا) له‌ کوردستان که‌ بۆته‌ ویردی سه‌زمانی ده‌سه‌ڵاتداران و شیعاری (یاسا له‌سه‌رو هه‌موو شتێکه‌وه‌یه و یاسا سه‌روه‌ره‌‌) به‌رده‌وام به‌گوێی خه‌ڵکیدا ده‌درێت، هیچ نیه‌ بێجگه‌ که‌م سه‌یرکردنی ژیان و چاره‌نووسی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگای کوردستان به‌گشتی و ژنان به‌تایبه‌تی.
بۆ کۆتای هێنان به‌م دۆزه‌خه‌ی بۆ ژنان داخراوه‌ ڕێگاچاره‌ ته‌نها خه‌بات و ناڕه‌زایه‌تیه‌ بۆ مافه‌کانی ژنان، فریونه‌خواردنه‌ به‌ شیعار و قسه‌ی بریقه‌داری ده‌سه‌ڵات، ئومێد نه‌به‌ستنه‌وه‌یه‌ به‌و کۆنفراس و کۆنگرانه‌ی که‌ ڕووی ده‌سه‌ڵاتی تێدا بۆیاخ ده‌که‌ن و هه‌موو دیارده‌ ناشارستانیه‌کان ده‌شارنه‌وه‌، تێکۆشانه‌ بۆ گێڕانه‌وه‌ی ئینسانی بوون بۆ ژنان و یه‌کسان بوونیان له‌گه‌ڵ پیاوان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە