کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هێرش عەبدولڕەحمان، یاریدەدەری پێشوی نوێنەری حكومەتی هەرێم لە ئەمریكا: ئەمریكا بەو ئاراستەیە كار دەكات هەرێمی كوردستان بخاتەوە ژێر دەستی ب�

Thursday, 21/01/2010, 12:00


سڤیل: بزووتنەوەی سیاسیی كوردیی بەدرێژایی خەباتی خۆی بەئاواتی ئەوەبوو، كە پەیوەندیی راستەوخۆی لەگەڵ ئەمریكا هەبێ، چونكە لەسەردەمی شاخدا هەمیشە پەیوەندییەكان لەرێگای وڵاتانی هەرێمییەوە بووە، بەڵام لە 10 ساڵی دوایی ئەو دەرفەتە بۆ كورد دروست بوو، راستەوخۆ پەیوەندی بە ئەمریكاوە بكات، بەڵام دەگوترێ كورد بۆ بەرژەوەندیی خۆی نەیزانی مامەڵەیەكی دیپلۆماسیانە لەگەڵ ئەم هەلە بكات، ئایا كەموكوڕییەكە لەچیدا دەبینی؟
هێرش عەبدولڕەحمان: پەیوەندی كورد و ئەمریكا بەهیچ پەیمانێك پابەند نییە، ئەوەش دەكەوێتە چوارچێوەی ئەوەی كە ئەمریكا بەرژەوەندی لەگەڵ كورد نییە، بەڵكو كورد لەگۆڕانی رژێمی عێراق كەوتۆتە ناو بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا. هیچ هاوپەیمانێكیش بێ بەرژەوەندی نابێت. لەسەرەتای رزگاركردنی عێراقدا لەدوای ساڵی 2003 زۆر دەرفەتی مێژوویی بەرچاو بۆ كورد هاتەكایەوە، بەڵام بەرپرسە كوردەكان هێندەی لەبەغدا لەخەمی بەرژەوەندییە شەخسییەكانی خۆیان بوون، هێندە لەخەمی مەسەلەی كورد نەبوون، یادداشتەكانی بریمەر بەڵگەی ئەم راستییەن، هەربۆیە دەبینین، تا رۆژی ئەمڕۆش كورد وەكو هێزێك سەیر ناكرێت، كە پشتی پێ ببەسترێت، یاخود هاوپەیمانی لەگەڵ بكرێت. ئەمریكا لەعێراق لەئێستادا گرنگی بەسەركەوتنی پلانەكەی خۆی دەدات، كە ئەویش بنبڕكردنی تیرۆر و دروستكردنی دەوڵەتی عێراقێكی بەهێزە، كە بتوانێت كۆنتڕۆڵی سنوورەكانی خۆی بكات و توانای رووبەڕووبوونەوەی ئەو دەوڵەتانەی هەبێت، كە بۆ ئەمریكا لەناوچەكەدا مایەی مەترسین، هەلی باش بۆ كورد دروست بووە، كە رۆڵی گرنگی هەبێت بۆئەوەی توشی هەڵەی رابردوو نەبێتەوە، بەڵام بەداخەوە ئەو سەركردایەتیەی ئێستا هەموو بەرژەوەندییەكانی تێكەڵ كردووە و شتیك نییە بە ناوی ستراتیجی سیاسەتی دەرەوە، لەلایەن ئەو دەسەڵاتەی ئێستای هەرێم مامەڵەكردنیان لەگەڵ دنیای دەرەوە زیاتر لەپەیوەندی موخابەراتی دەچێت، نەك سیاسیانە. ئەمریكا لەئێستا و ئایندەشدا هەر بەدوای بەرژەوەندییە تابیەتییەكانی دەكەوێت، كوردیش لەئاست رۆژئاوا و بەتابیەتی ئەمریكا خۆی وەك خزمەتكار و بچوك دەبینێت.
سڤیل: ئەمریكا دوای داگیركاری عێراق لەلایەن عەرەبەوە نەك رووبەڕووی رەخنە بۆوە، بەڵكو رووبەڕووی هێرشی چەكداری و كردەی تیرۆریستیش بۆوە، بەڵام كورد جورئەتی رەخنەگرتنیشی نەبوو، كەچی ئەمریكا لەكێشە و قەزیەكاندا بەلای عەرەب دەیشكێنێتەوە و كورد ناچار بە تەنازولكردن دەكات، ئایا ئەو بێدەنگی و رازیبوونانەی سەركردایەتی كورد بۆ ئەمریكا سەنگی سەركردایەتی كوردی لای ئەمریكا نەهێناوەتە خوار؟
هێرش عەبدولڕەحمان: كورد لەروانگەی ئەمریكاوە كارێكی ئەوتۆیان لەدەست نایەت و یاریكەرێكی سەرەكیی ئەم گۆڕەپانە نین و خودی ئەمریكا بۆ بەهێزكردنی پێگە سیاسی و سەربازی و ئابورییەكانی پێویستی بەهاوپەیمانی بەهێزتری ناوچەیی هەیە، ئەویش عێراقێكی بەهێزە، ئەمریكا تا پێش ئەوەی سوننە رۆڵیان هەبێت، بە واتایەكی تر تاپێش دروستكردنی هێزەكانی سەحوە، گرنگییەكی زۆری بەكورد دەدا، ئەمەش بۆ راگرتنی باڵانسی حكومەت و هەرەسنەهێنانی حكومەتەكەی مالكی، بەڵام دوای ئەوەی دیاردەی پاشەكشەكردنی وەزیرەكانی سوننە كەم بۆتەوە و دوای ئەوەی لەرووی سەربازییەوە سوننە سەحوەیان پێكهێناوە، ئێستا ئەمریكا گرنگییەكی تەواویان پێدەدات، هەربۆیەش دەبینین ئێران و توركیا بێگوێدانە هیچ پرەنسیپێك بۆردومانی سنورەكانی كوردستان و گوندەكانی كوردستان دەكەن و حكومەتەكەی مالیكی بێدەنگە و ئەمریكاش بینەرە.
سڤیل: وەك دەزانرێ بەدرێژایی مێژووی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا، نەبینراوە ئەمریكییەكان گوێ لەبەرامبەرە لاوازەكانیان بگرن و حیسابیان بۆ بكەن، ئایا لەرووی بەرژەوەندیی سیاسیی كوردییەوە، كورد دەتوانێ لەبەرامبەر هەندێ پرسی چارەنووسسازدا بە ئەمریكا بڵێ نا؟
هێرش عەبدولڕەحمان: ئەمریكا بەو ئاراستەیە كاردەكات، كە هەرێمی كوردستان بخاتەوە ژێر دەستی بەغدا، لەئایندەدا كورد بێ بەغدا ناتوانێت هەنگاو بنێت و بەو نیمچە سەربەخۆییە بمێنێتەوە. بەكورتی و كوردی ئەمریكا دوو چاوی هەیە، ئەگەر زیاتریشی هەبێت، هەر یەك شت دەبینێت، ئەویش بەرژەوەندی بۆ سەركەوتن، تەنانەت بۆ پێگەیشتنیشی ئامادەیە تۆ بسوتێنێ، ئەمە شتێكی تازە نییە، دووبارە دەبێتەوە، بەڵام پەندی لێ وەرناگرین. ئەمریكا بەپێی بەرژەوەندیی خۆی كار دەكات و سیاسەت لەئەمریكا لەسەر بنەمای هاوسۆزی دانەمەزراوە، دەسەڵاتی كوردی زۆر باش دەیتوانی كۆمەڵێك كارتی سیاسی بەكاربێنێت و بەرانبەر وڵاتانی ئیقلیمی و ئەمریكا زیرەكانە گەمەی سیاسی بكات، بەڵام ئەم هەلە دروست نابێتەوە، هیچ گومانی تێدا نییە جارێكی تر كورد بكەوێتەوە دووڕیانی مەترسییەكان. هەروەك چۆن لەكۆماری مهاباد و رێككەوتنامەی جەزائیر بەرامبەر بە شۆڕشی كورد كرا، كە ئەوكاتیش بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا بوو، كوردی خستە دووڕیانێكی چارەنووسی نادیارەوە.
سڤیل: دەگوترێ لەكوردستان ئەوەندە گرنگی بەئاهەنگ و داوەتی شاهانە و موجامەلەی ئەمریكییەكان دەدرا، ئەوەندە هەوڵی ئەوە نەدرا بەبزووتنەوەیەكی دیپلۆماسی و دانوستانی پڕۆفیشناڵانە ئەمریكییەكان ناچار بكات، لەدەوری مێزێك لەگەڵ كورد كۆ ببنەوە. جەنابت بەو پێیەی ماوەیەك لە نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لەئەمریكا كارت كردووە، لەگەڵ كەسایەتیی بوارە جیاجیاكانی ئەمریكا ئاشنان، ئەوان لەبارەی پەیوەندییان بەئەمریكاوە تێبینی و هەڵوێستیان بەرامبەر سیاسەتی سەركردایەتی كورد چۆن بووە؟
هێرش عەبدولڕەحمان: ئەوەی كورد دەیكات لەپێشوازی وەفدەكاندا زۆر بێمانا و نادیپلۆماسییە، گوڵبارانكردن و داوەتی شاهانە داهێنراوی كوردە، ئەوە زۆر هەڵەیە، وا هەست بكەیت بەم شێوەیە دەتوانیت كاریگەریت بەسەر زلهێزێكی وەكو ئەمریكا هەبێت. ئەمریكا چارەی دەسەڵاتی كوردی ناوێت، بەڵام خەڵكی ئەمریكا دۆستی ئێمەن، ئەوان دەڵێن تا ئێوە نەتوانن دەسەڵات بگۆڕن، ناتوانن هەنگاو بنێن.
سڤیل: بەبۆچونی ئێوە كشانەوەی سوپای ئەمەریكا چ كاریگەرییەكی خراپی لەسەر ئایندەی هەرێمی كوردستان دەبێت؟
هێرش عەبدولڕەحمان: ئێستا زۆری ماوە عێراق خۆی لەسەرپێ بگرێت. توانای ئەوەی نییە، بەم زووانەش نایبێت، كشانەوەی سوپای ئەمریكا لەداهاتوودا دەبێتە هۆی پشێوی، دووریش نییە رووبەڕووی شەڕێكی تایفی ببێتەوە، كە زۆر مەحاڵە ئەم عێراقە بتوانێت بەرگەی بگرێت. تائێستا خەڵكی عێراق فێری پێكەوەژیان نین، هەر لەژێر سیستەمێكی كۆن و توتالیتاری رێدەكەن. هەموو پارتەكانیش خاوەن هێزن و میلیشیای سەربەخۆیان هەیە. زەمانەتیك نییە لەدوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا ناوەند چۆن مامەڵە لەگەڵ هەرێم دەكات، زۆر ئاسانە كێشەی بۆ دروست بكات، دوور نییە زیانێكی گەورە بەكورد بكەوێت. وەك دیارە شیعە بەم بەرنامە سیاسییە و سووننە بەو ڕەهەندە گوماناوییەوە زەحمەتە خواستی كورد و بەرنامە سیاسییەكانی بێ فشار و پێداگرتن مسۆگەر ببێ، بۆیە لەهەموو حاڵەتێكدا دەبێ دەستێكمان بۆ گورزی بن عەبا و دەستێكمان بۆ تۆقەكردن هەبێ. بۆیە دەبێت رەچاوی ئەوە بكرێت، كە لەوانەیە گۆڕانە ستراتیژییەكان لەعێراقدا دۆخێكی وا بێنێتە ئاراوە، كە ئەگەر كورد جەسوورانە گەمەی سیاسەت نەكات، رەنگە پەراوێز بخرێت. هەروەك لەسەرەوە ئاماژەم پێداوە، پڕوشكی شەڕ و ململانێكانی بەر كوردیش دەكەون، قازانجی مانەوەكەشی بۆ كورد دەكەوێتە سەر چۆنیەتی مامەڵەكردنی سەركردایەتی سیاسیی كورد لەگەل هەڵومەرجەكان.
سڤیل: ئەمەریكا لەكشانەوەی سوپاكەی لەعێراقدا جدییە، یاخود بۆ بەڕێكردنی كاتە؟
هێرش عەبدولڕەحمان: لەرووی ئەمنییەوە عێراق لەم ماوەیەدا كە دیاری كراوە بۆ كشانەوە بەرەوپێش بچێت، چ زوو چ درەنگ ئەم بڕیارە كاری پێ دەكرێت، لەهەڵمەتی هەڵبژاردنەكان یەكێك لەخاڵە هەرە دیارەكان بوو، كە ئۆباما شەڕی عێراق كۆتایی پێ بێنێت و بۆ كشانەوەی زیاتر لەسەد هەزار سەرباز كاتی دیاری كرد و بەمەش پابەند دەبێت، بەڵام لەهەموو دۆخێكدا هێزەكانی ئەمریكا بەشێوەیەكی هەمیشەیی لەچەند بنكەیەكی جیاجیا لەعێراق دەمێننەوە، مانای ئەوە نییە هەموو هێزەكانی پاشەكشە بكات. ململانێی ئەنتی ئەمریكییەكان و دژە تیرۆر درێژە دەكێشێ. بەمەش ئەمریكا لەم گۆڕەپانە بوونی دەبێ، ئەگەر ئەمریكا لەناوچەكەش لەبواری سەربازی بكشێتەوە، ئەوا گومان لەوەدا نییە، كە كۆمەڵێك دامەزراوەی گرنگی لەعێراق و هەرێمی كوردستان بنیاتناوە، بەشێوەیەك لەناوچەكەدا كار بۆ پێشخستنی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا دەكەن، كەواتە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەناوچەكەدا مانای كۆتاییهاتنی رۆڵی ئەمریكا نییە.
سڤیل: بۆچی كورد ناتوانێت كاریگەری لەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا هەبێت؟
هێرش عەبدولڕەحمان: تۆ سەیری ئەم هەرێمە بكە، تائێستا دامەزراوە نییە، تا ئێستا دوو دەسەڵات نوێنەری ئەم هەرێمەیە، كە تۆ نەتوانیت خەڵكی خۆت رازی بكەیت، كاریگەریت بەسەریانەوە هەبێت، چۆن دەتوانیت كاریگەریت لەسەر سیاسەتی وڵاتێكی گەورەی وەكو ئەمریكا هەبێت. هەژدە ساڵە نە عەقڵیەتی سیاسیی دەسەڵاتداران و نە لێكدانەوەكانی بەشی زۆری كۆمەڵگای وڵاتانی ئیقلیمی بەتایبەتی و سەرجەم وڵاتە ئیسلامییەكان بەگشتی بەرامبەر ئایندەی كوردستان و مافی چارەنووسی كورد، گۆڕانكاریی بەرچاو و كاریگەرییان بەخۆوە نەبینیووە.
سڤیل: ماوەیەك پێش ئێستا مەسجێك بەناوی تۆ بۆ زۆر كەس نێردرا، كە تۆ بەهۆی چوونە نێو ژیانی هاوسەریتەوە واز لەهەموو كارێكی سیاسی دەهێنی و با راگەیاندن چیتر پەیوەندیت پێوە نەكات، كەچی دواتر خۆت روونكردنەوەیەكت دا، كە ئیمێڵەكەت هاك كراوە، كێ ئیمێلەكەتی هاك كرد؟
هێرش عەبدولڕەحمان: كومەڵێك كەسی ناو دەسەڵات لەپشت ئەو هاككردنەوە بوون، زیاتر بۆ شكاندنی كەسایەتی من بوو، ئەوە لەكاتی خۆیدا باسی دەكەم.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە