کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


شكســــــــــت

Tuesday, 29/11/2011, 12:00




- 1-
سەردەمێك بوو
هەر لام وابوو
كوردستانم گۆى زەوى یە..
وەك پەخشانى مەولود نامە
بە قۆچى ((گا)) و لە سەر ((ماسى)) و
لە سەر هەواو لە سەر ئاوە..
لە ژێر هەمووان.
لە سەر شانى من وەستاوە..
گەر چۆك دادەم
یان تۆسقالێ شانم لادەم
لە پەیرەوى خوام لاداوە...

-2-
سەردەمێك بوو
هەر لام وابوو
شێخ سەعید و سمكۆ و قازى
نووح و هوود و سولەیمان بوون..
فریاد ڕەسى ئەو زەمان بوون.
لە دواى ئەوان..
هەر ڕێبەرى هاتە مەیدان..
لە مەقامى ئەواندایە
گەورەیى یان لە لاى خوایە
كوفر نەبێ
پێغەمبەرن تاجى سەرن

-3-
سەردەمێك بوو
لە تەرازووى ژیرى ((من)) دا
كوفر و ئیمان دوو پێوەر بوون
لە نێوانى تێكۆشان و دانیشتن دا
سەردەمێك بوو
هۆش و هەستم
لە چوار چێوەى
یەك بازنەدا قەتیس مابوو
هەر لام وابوو
گەر لە برسان
((گەدە)) ووشك ((لاشە)) لەڕبم..
بەڵام دەبێ بۆ قوربانى
خاوەنى مشتێ خوێنى تەڕ بم..
گەر گەردنم
لە تیرە مار باریكتر بێ..
لە ((پرپۆلە)) بێ پێزتر بێ
بەڵام دەبێ
بۆ سێدارە و بۆ پەتەكە
لە ملى ((گا)) بە هێز تر بێ

-4-
سەردەمێك بوو
هەر لام وابوو
ئەو ڕێگایەى من لە سەریم
تەنیا ڕێیە .كە شا ڕێیە
دەچێتەوە سەر ئەو دوندەى
لە ((ئەڤەرێست)) بەرزترە
لە پێش هەموو ڕووى زەوى یە
كە تیرۆژى بەر دەكەوێ
جگە لەمە ئەوانى تر
لە پاشماوەى بوومە لەرزەن
گشت كوێرە ڕێن..
ڕێگاى كۆنن..
یاساوڵ و نەیارى لێن..
پڕ لە ((تەپكە)) و پڕ لە ((داو)) ن
((رێنوێن)) یان
هاوچەرخ نین
باڵ ئەنگاو تەن.. بێ وار و دێن..
دۆست و یارى ڕۆم و عەجەم
سەریان لێرە قاچیان لەوێ..
چاو ساغى من
داو دۆزێكە پێوە نابێ
زۆر پەساران شارەزایە
گەر تۆفان و ڕەشەبا بێ
پەنجەكانى دەبنە ((شەمچە))
گەردنى مۆم.
بۆ ڕۆشنى تارى شەوێ.


- 5 -
سەردەمێك بوو
هەر لام وابوو
ئەگەر كورد بى
دەبێ یادت
بە دیوارى ژوورى ئازار
بێتە ((ڕاچێت))
دەبێ شان و كاسەى سەرت
بۆ پۆستاڵى جەندرمەكان
بەردە باز بێ وەكو پرد بێ
پرۆلیتارى یا ناسیۆنال
برژوازى شۆڕشگێر بى
یان هەژارى گیرفان بەتاڵ
دەبێ شانت هاوڕێ ى چەك بێ
گەدەت فێرى نانى ڕەق بێ
شەیداى شەو بى..
دژى خەو بى..
تا جەژنانەى زاروكانت
چەكى یارى و فیشەكدان بێ
یان لە شێوەى زڕێپۆشى دوژمنان بێ
لە چوار ساڵى فێرە شەڕ بن..
كە گەورە بوون
بۆ قوربانى ڕانە مەڕ بن..



- 6 -
زمانم نەبوو
فێرە جوێن بووم..
فێریان كردم جوێن بە كێ دەم
قینم نەبوو.
ڕایان هێنام
چەكى قینم پەرە پێدەم..
لە ژێر خەونى موگناتیزى
ڕایان هێنام..
تێنووى خوێنى براكەم بم
بەر شەقم داو بەر شەقى دەم..
سەد ئاوازم
بۆ سروودى برا كوژى
كردە دیارى..
سەد هۆنراوەم بۆ هۆنیەوە..
سەدان بەڵگەى ڕەوا بوونى
لە سەر ((ڕەفتە)) و ناو ((خەلانە)) ى
كۆنى مێژووم بۆ دۆزیەوە..
لوولەى چەكم لە برام و
قۆنداغەكەم لە دوژمن كرد..
جەستەى خاك و
كوردایەتیم پێ كون كون كرد..




- 7 -
كۆڵە پشتم
هەگبەى شانى پڕۆلیتار بوو..
ئاڵاى مشتم
هێماى ڕەنگى
ناسیۆنالست . تاكپەرستى
تابڵۆى شاخ و تابڵۆى شار بوو..

-8-
كۆڵە پشتم..
دووربینەكەم
كەوشى كۆن و پفكەى ژێر پێم..
جەستەى تەڕى ڕێبەندانم
شەوى یەڵداى بێ پەنا و جێم..
هەتا خوێنم
ڕەنگى ئاڵى لە بەر مابوو..
هەنگاوم نا
تا جومگەكان لێك ترازان
هەنگاوم نا
تا كەڕ نەبووم گوێم ((بێ تەل)) بوو
تا دیدەم دى دوورم ڕووانى..
تا زمانم
لەگۆ نەچوو
بڵند گۆ بووم جاویدانى..


-9-
هەتا شەو بوو
من قەقنەس بووم
لە بارۆڤە
لە چ لایەك ((با بوێر)) با
سەرى منى پێوە دەندرا
لە هەلز نین.
لە كوێندەرێ زۆر هەڵدێر با
من پەرجۆ بووم فریادرەس بووم

-10-
لە ناو دەمى ئەژدیها بووم
خۆم لە كەڵبەى هەڵدەشاخاند..
لە ناو كێڵگەى بێ ئومێدى
ئایندەم چاند..
سەدان ساڵە
من و گەردن
پەت و دوژمن
تابڵۆى مێژووم دەنەخشێنن
دوو جمكانەن
منداڵدانى
دایكى هیوام دەپەنمێنن

- 11 -
زۆر شتم دى
هەموو ژورە تاریكەكان
هەموو جۆرە ئەشكەنجەكان
هاوارم كرد
كەسێك نەهات بە هاوارم..
ویستم لە ڕێ ى ((بەرگە)) و ((ورە))
خۆم ڕازى كەم
كە بازێكى بەرزە فڕم
بەڵام زانیم فڕین فریادڕەسم نى یە
كە من لە ناو چوار دیوارم..

-12-
سەردەمێك هات
مێردەزمەى ترس و تۆقان..
خۆیان ترسان..
من ماوم و ئەوان نەمان..
سەردەمێك هات..
داڵ و پەپو
وەك منى لات..
ڕووت بوونەوە بێ پەڕ و باڵ..
زۆرى نەبرد
پەڕ و باڵیان ڕوایەوە
چڕنۆكیان هات . دەنووكیان هات
چڕنووك تیژ و دەنووك چەنگاڵ..
یەكیان هەڵۆ ئەویتر باز..
لە ئاسماندا بەرزە فڕ بوون
لە سەر زەوى
زۆر لە ئاسك تیژڕە و تر بوون
لە سەر ئاو و لە ژێر ئاودا
مەلەوان بوون
هەم ماسى بوون هەم سۆنە و قاز

-13-
سەردەمێك هات
كاتێ خاكم
هاتە ئۆقرە
لە كیشوەرى ئارامیدا گیرسایەوە
كە ڕەشە با
زنجیر كرا..
لە تەویلەى ڕقى مێژوو بەسترایەوە..
وام دەزانى
فیردەوسى خوا
لە وارى من دەست پێ دەكا
لە دوا گڵكۆى شەهیدێكم
تەواو دەبێ..
فریشتەكانى سەر شانم
تەنیا خێریان بۆم نووسیوە..
نە دەتۆقم نە دەسوتێم
كە سووتانى بەعسم دیوە..

-14-
سەردەمێك هات
فریشتەكانى سەر شانم
لە پەنهانى
بۆ هەموو لا ئاشكرا بوون..
فریشتەى چى...!
ئەژدیها بوون..
جەستەكەیان
حەوت زوبان و حەوت كوێلاك و
حەوت كەلبەى تیژ
حەوت ناو گەڵى زۆر تامەزرۆ
جانەوەرى بێ ڕەزا بوون..
لە بیریان چوو..
لە سەر شانى من وەستا بوون..
بۆ عەزرەتیان كڕنۆشم برد
تاوا بكەن
بۆ ئایندەم.
خامەكەیان خێر بنووسى
بەڵام كوانێ..؟
ئێمەى برژاو ئەوان برسى..
خوێنى شەهیدیان كردە ((مەى))
پشتى منیان كردە كورسى..

-15-
خەوم دەدى..
كوردایەتى و
چینایەتیم دەهاتە دى..
خەونەكانم گێڕایەوە
پێ یان ووتم:-
تۆ سەرخۆشى...!
یان لە دەرووندا نەخۆشى...!
خەونەكانت ((هەڵوەسە)) نە
ئاڵاى كۆنى ناو ((لەنگە)) نە
سەردەم سەردەمى داهاتە..
ئەگەر فریاى
خۆت نەكەوى
ناو شێتخانە مەنزڵگاتە


- 16 -
فریشتەكانى سەر شانم
فریشتەى چى..
ئەژدیها بوون..
زمان حالى ئەهریمەن و
لەگەڵ شەیتانیش هاوڕا بوون..
هەر بە فیتى
فریشتەكانى سەر شانم
دەستى ڕاست و دەستى چەپم
قامكى یەكتریان دەشكاند
شوكر دەستم
هێندە پەنجەى پێوە ماوە
ڕووپۆش لە سەر ڕوو لایدا..
هێندە نووزەم لە بەر ماوە
تا لێ یان لە هەرا بدا..


-17-
دە سەیركەن
ئەو چیلكانەى
دەینا سورە گۆشت خۆرەكان
لە دواى ژەمە پڕ گۆشتەكان..
دانیان پێ پاك دەكەنەوە
لە ئێسقانى ئەنفالەكان چێ كراوە..
دە سەیركەن..
قات لە بەر و جل پۆشتەكان..
ئەو بۆنانەى كە لێ یان دێ
بۆنى گوڵ نین..
بۆنى خوێنى
پاكیزەیى نازدارێكە..
كە ڕۆژانێك
لە ژوورێكى (ئینفرادى) ئەتك كراوە..
ئەو بوتڵانەى
لە سەر مێزى شەوانەیان دەیچۆڕێنن..
مەمەى شیرى هەتیوێكە..
ئەو پارەیەى
لە قوماردا دەیدۆڕێنن..
پارەى توێشووى
پێشمەرگەیەك
زیندانى یەك
هیچ خێر لەخۆ نەدیوێكە..



-18-
سەردەمێك هات
لەتێ ((گۆشت)) ى جەستەى حەوا
لە كێ بڕكێ..
گرەوى لە ((سى)) ساڵ خەباتم بردەوە
گیرفانى پڕ
مێشكى بەتاڵ
پاشقۆڵ گرتن..
قسە هێنان. قسە بردن.
خیانەتى پار وەفاى ئەمساڵ
شوێنى ((ئەتوار)) ى گرتەوە..


-19-
درەنگ زانیم
قەشقە لاشكم...!
لە باهۆزدا مەلە دەكەم
بۆ شۆردنى جەستەى میرم
سوتەمەنى ناو ئاتونم
من دەسووتێم..!
هەتا میرم
غوسلى جەنابە دەر بكا
درەنگ زانیم
بۆ ((فیزا)) ى میر ((شەقل)) ى فەرمیم
كە ئارەزووى
پیاسەیەكى ((شانزلیزێ)) كا
بۆ ئەوروپا سەفەر بكا
درەنگ زانیم
كاتێ میرم..
نازدارەكەى پێ تێر نابێ
من كەپسولى هەوەس بازیم..
كاتێ میرم..
لە ڕوناهى دیموكراسى
دزى بكا..!
بە تاریكى قەناعەتم
بۆ داپۆشین
بۆ چاو پۆشین
من ((ئاو قات)) ى بەردەم قازیم..

-20-
درەنگ زانیم
پشتم پەیژە و
زمانم ماشە و
كاسەى سەرم بەردە باز بوو..
خوێنم وێسكى و
قوڕگم زۆڕنا و
سنگم تەپڵ و
سەماكەریش
هەر بەخۆم و خەڵكى ترى بەڵەنگاز بوو


-21-
دزى ماڵ و
هى پاتاڵ و
خشڵ و زێڕ و پارەم دیوە
بەڵام دزى
تێكۆشان و قوربانى دان
لێرە نەبێ
لە هیچ ووڵات لە هیچ شوێنێ
نەم بیستووە و نەم زانیوە..
بەر نەفرەتى ڕۆژگار كەون
گڵپەى ناخى
دایك و باوكى ئەو ڕۆڵانە
بوسوتێنێ..
بە قسەى ئێوە بە كوشتن چوون..
لە بێنازى ئەو كۆرپانە
دابڕزێنن..
بە قسەى ئێوە وا هەتیو بوون..
ئاخ و ئۆف و جلى ڕەشى
بێوەژنەكان
با ویژدانتان بجوڵێنێ
بە قسەى ئێوە
بە ڕوو سوورى بێ بەرى بوون..




-22-
هەڤاڵانم
دۆستى شاخم. هاو زیندانم.
گەر من نەمام ئێوە ماون
گەر ئەو بایە لەو كونە بێ
ڕۆژگارێك دێ
هەر زارۆكێك تازە ببێ
هەتا حەفتەى بە سەر دەچێ
((شەوارەیى)) بە دیار دەگرن
بۆ ((شەوە)) نا
بۆ تارمایى پێشمەرگەیێ
چونكە ئەوسا
لەگەڵ ((هین)) ى
ناو جەنگەڵان هەژمار دەكرێ..
ڕۆژگارێك دێ
لە هەندێ شوێن
قیناع دەكەن بە سەر سەریان
دەم و لووتیان دادەپۆشن
نەك لە ترسى
((كیمیا باران))
لە بەر بۆنى دەمى گەنى
زیندانى یەكى سیاسى كۆن
((بێژۆك)) دەبێ
هێندە داوى قەرەبووكا
ناوى لەگەڵ ((بەچەخۆران)) تۆمار دەكرێ


-23-
هەڤاڵانم
دۆستى شاخم. هاوزیندانم.
گەر من نەمام ئێوە ماون
گەر ئەو بایە لەو كونە بێ
سەردەمێك دێ
شانۆى عەشقى نەتەوەییم
كوندە پەپووى تیا دەخوێنێ
سۆزى خاكم
وەك گەنجێكى سەر گەردانى
ووڵاتەكەم
لە ((ئیجە)) دا نقوم دەبێ
لە زەمەنێكى نادیاردا
یەكێك تەرمەكەى دەردێنێ.


سەعدى عەلى
هەولێر/2/2/2011


 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە