ئەردوغان .... سیمبوڵی یەکگرتووی ئیسلامیی
Monday, 30/07/2012, 12:00
لەم نووسینه‌داا نامەوێ باس لە بروانەبونی ئیسلامیەکان بەئازادی سیاسی و رەخنە لە باوەرە ئاینیەکەیان بگرم، لەکاتێکدا ئێمه لە سه‌رده‌مێکدا دەژین، که هەموو شتێک کراوەیە بۆ گفتوگۆ، یان باس لە پاشکۆ بوونی حیزبه ئیسلامییه‌کان بکه‌م، چۆن له ماوی ئه‌م 22 ساله‌دا بوونه‌ته پاشکۆی پارتی و یەکێتی، به‌تایبه‌تیی لەهەر تەنگەژەیەکی سیاسی و پێداویستیەک کاریان پێیان بێ ، بەیەک تەلەفۆن بانگیان دەکەنە سەری رەش و قەڵا چۆلان، نان دەخۆن، پێدەکەنن، دوایی مامە و کاکە بەئارەزوی خۆیان بەیانامه‌یه‌کیان پێدەردەکەن. ئەوەی دەمەوێ بەراشکاوی بیڵێم ئه‌وه‌ی که ئه‌مانیش وەک پارتی و یەکێتی لە بواری کێشه نەتەوەیی و مه‌سه‌له چاره‌نووسازییه‌کانی کورددا هیچتان که‌متر نییه له چه‌واشه‌کردن و خیانه‌تکردنی نه‌ته‌وه‌یی، لێ ئه‌مان به‌ناوی ئاینەوه.
بیست و دوو ساڵ له تەمەن، نه‌ک بۆ حیزب، به‌ڵکو بۆ مرۆڤیش، زۆره، کاتێک به ئه‌زمون و تاقیکردنه‌وه و کرداره‌کانی به‌رامبه‌ردا تێده‌په‌ڕێت، ئه‌مانه به‌سه ئه‌و حیزبه، یان مرۆڤه، تا وشیاربێته‌وه و هه‌ڵویستی له‌سه‌ر وه‌ربگرێت، کاتێکیش ئه‌مه روو نادات، ئه‌وه به یه‌قینه‌وه ده‌ڵێین، حیزبه ئیسلامییه‌کلانیش له ئاستیی پارتیی و یه‌کێتییدان، ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتیان هه‌بێت، نه‌ک به‌رامبه‌ر به‌و کۆمه‌ڵگایه هیچیان بۆ ناکان، به‌ڵکو خراپتیریش ده‌که‌ن، هەموو پارتێک ئه‌و مێژووه‌ی که دروستیی کردووه، ناسنامه‌ی خۆیه‌تیی بە دەسەلات و ئۆپزسیۆنیشه‌وه. لێرەدا ناتوانم ئاماژە بەو بێ هەلوێستی دەبلمٶرالییەی ئه‌م ئیسلامه سیاسییانه نەکەم. بۆ نمونه کاتێک بارەگاکانی یەکگرتوو لە بادینان سوتێنرا، بە ئاستی گه‌وره‌یی تاوانەکە، حیزبه ئیسلامییه‌کان، هه‌نگاوێکی جیدییاننه‌نا، ته‌نانه‌ت له رووداوه‌کانی پێشتریشدا به‌رامبه‌ر به پارتیی بێده‌نگ بوو، کەچی کاتێک نووسه‌رێک، یان رۆژنامەنووسێک، بابەت و دێرێک لەسەر ئاین دەنووسێ، ئه‌مان ده‌نگ به‌رز ده‌که‌نه‌وه و خەڵکی بۆی دەهێننە سەرشەقام؟
لەچەند رۆژی رابردوودا وێنەیەک لە پەیجەکانی فەیسبوک بڵاوکرایەوە، که لە کەناڵی سپێدەی یەکگرتوی ئیسلامییه‌وه وەرگیرابوو، تێیدا ئه‌م ئیسلامیانه ئەردوگانیان کردبوو به سیمبوڵی سه‌رکرده‌ی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست! ئەمە ریسواییەکی زۆر گەورەیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئێمە لە وڵاتی ریسوابووه سیاسییەکاندا دەژین، بۆیە ئه‌م خیانه‌ته نه‌ته‌وه‌یی و مرۆڤایه‌تییه بەئاسایی تێدەپەڕێ، ده‌نا ئه‌گه‌ر مێژووی ئۆردو‌غان و سیاسه‌ته پۆخله‌که‌ی به‌رامبه‌ر به کورد بخوێنرێته‌وه، ده‌توانرێت وه‌کو تاونابارێکی جه‌نگ و دژه مرۆڤ، چاوی لێبکه‌ین، وه‌کو هیتله‌ر، سه‌دام و ده‌یان دیکتاتۆر و خوێن‌ڕێژ دادگایی بکرێت، کاتێک حیزبه ئیسلامیه کورده‌کان ئه‌م سه‌رکرده‌یه ده‌که‌ن به سیمبوڵی سه‌رکرده‌ی رۆژهه‌ڵات، ئه‌وه ده‌بێت دروستبوونی ئه‌م حیزبه ئیسلامییه‌کانه‌یه بخرێنه ژیر پرسیاره‌وه!
لێره‌دا پرسیاری ئێمه لە یەکگرتوو ئەوەیە: ئایا بەراست ئێوە جەلادێکی گەلەکەمان (ئەردوگان) کە بەردەوام وێنە و هەواڵەکان دەبینین و گوێبیستیی ده‌بین، به‌تایبه‌تیی، کەچۆن لەشەری گەریلای پ‌ک‌ک، چەکی کیمیاوی بەکارهێنا و دەیانی بەو چەکە شەهید کرد، هه‌روه‌ها کوشتاری بەکۆمەڵی رۆبسکی و زیندانی ٨٠٠٠ ئەندامی بەدەپە و بوارنەدان بەمافە سەرەتایەکانی کورد و چارەسەرنەکردنی کێشەی کورد و سەدان تاوانی گەورە و بچوکی تر، ئایا شەرم له خۆتان ناکه‌ن، ئەو جەلادە دەکەنە سیمبوڵی هه‌موو نه‌ته‌وه و مرۆڤه‌کانی ڕۆژهەلات؟ ئایا ئەمە هەست بریندارکردنی نەتەوەیەک نییە! باشە ئەو پیاهەڵدانە، چ جیاوازییەکی لەگەڵ نامەکەی تاڵەبانییدا، هەیە کە بۆ کچی ئەسەدی نارد؟ ئاخر ئه‌گه‌ر دێرێک دژ بە ئێوه، یان به‌رامبه‌ر به ئاین بنووسرێ دەڵێن هەستی موسلمانان بریندار دەکات، ئەی چۆن ئێوە هەستی دەیان ملیۆن کورد بریندار دەکەن؟ مه‌گه‌ر ئێوه بۆ خۆشتان کورد نیین، یان مه‌خلوقێکی ترن و به جلی کوردییه‌وه میلله‌تی کورد ده‌ستخه‌ڕۆ ده‌که‌ن و ده‌سته‌مۆی دوژمنی کوردی ده‌که‌ن؟
ته‌له‌فیزیۆنی سپیده: ئۆردو‌غان وه‌ک یه‌که‌م سه‌رکرده‌ی کاریزمای رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست
ئاخر ئەردۆگان چی کەمترە لە شارۆن، جگە لەوەی ئه‌میان لە تورکیا ئەوی تر لە ئیسرائیل، هه‌ردووکیان هه‌مان تاوانیان ئه‌نجامداوه؟ یان جیاوازیی چییه له نێوان سەبرا شاتیلای فەلەستین و تاوانی ڕۆبسکی باکور؟ ئایا ئەگەر حیزبێک یان تاکێکی کورد، شارۆن بکاته سیمبوڵ، ئێوه هه‌ڵویستتان چۆن ده‌بێت؟
کۆمەڵ و بزوتنەوە لە یەک رۆژی رابردوودا لە هه‌ولێری ترس و تۆقاندن، خۆپیشاندانیان بۆ کوشتاری بەکۆمەڵی موسلمانانی (سوریا و بۆرما) ئەنجام دا، ئه‌ی کاتێک به دەیان جار برا کوردەکانتان لە بەشەکانی تری نیشتمان، (تورکیا، ئێران و سوریا)، به هاوشیوەی بۆرما و سوریا، بەتاوانی گەورە و بچوکتر لە کوشتاری بەکۆمەڵ و سێدارەوەوە له‌ناو ده‌برێن، تا لوتکەی سیاسەتی جینۆسایدکردن، بۆچی ئێوه نارەزایەتی و خۆپیشاندانێکی هاوشیوەتان ئەنجام نەداوە؟ راستە تاوان بەرامبەر ئەو دوو وڵات و موسلمانانه کارێکە دەبێت ئیدانە بکرێ، ئایا ئیتر چ جیاوازیەک هه‌یه لەنیوان شەهیدکردنی فەلەستینەک لەلایەن ئیسرائیل و شه‌هیدکردنی برا کوردێکتان بەدەستی ئێران و تورکیای موسلمانەوە؟ ئایا هەردوکیان قوربانی و شەهیدی نەتەوەکەیان نین ؟
زۆرم پێ سەیرە، ئێوه جگە لە ئاین، که ئێوه‌ی به فه‌له‌ستینییه‌که‌وه بەستۆتەوە، کەچی لەگەل براکوردەکانتان جگە لەوه‌ی هاودین و هاوخوێن و هاونیشتیمان و هاوخاکن، که‌چی وه‌کو سیاسه‌تیی داگیرکه‌ر له‌گه‌ڵیاندا ده‌جوڵێنه‌وه و ملکه‌چی سیاسه‌تیی داگیرکه‌رانن، بەڵکو جەلادەکانی تورک و فارس و عه‌ره‌به‌کان بە ڕابەر و سیمبوڵ دەناسێنن؟
پرسیاری کۆتایشم ئەوەیە، ئێمە کە ناڕازین لە پارتی و یەکێتی، بەشێکی به‌هۆی ئه‌و ناعەدالەتی کۆمەلایەتی و ئازادی سیاسیەیه. بەشێکی تری خیانه‌ت و هه‌ڵویستیی نانه‌ته‌وه‌ییانه، کە لەو ٢٢ سالە له بەرامبەر ناوچە داگیرکراوه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم و بەشەکانی تری کوردستان هه‌ڵوێستێکیان نه‌بووه، یان ئێوه نه‌هاتوون هاوشیوەی حەماسی فەلەستینی و حزباللە لوبنانی خەڵک و ئاینی ئیسلام بکەنە چەکێک لە خزمەت خەباتی ڕزگاری نیشتمانی کورددا؟ هه‌رچی ئیسلام هه‌یه، جگه له ئێوه‌ی کورد، کێسه نه‌ته‌وه‌یی و مافی مرۆڤی وڵاته‌که‌ی خۆیان به هه‌ندتر وه‌رگرتووه، لێ ئێوه کورد ده‌که‌نه قوربانی هه‌موو ئیسلامه داگیرکه‌ره‌کان، بۆیە به ئێوه‌ش ده‌ڵێم ئەو هەڵوێستە نانیشتمانی و نانه‌ته‌وه‌ییه‌ی ئێوه و لەو تەمەنەتاندا که هه‌تانبووه جێگای زۆر پرسیار و سەرنجە؟ هه‌رچه‌نده بەئاشکراتر بلێم ئێوە خەبات بۆ ئاین لاتان ستراتیژە و مەسەلەی نەتەوەیی پەراوێز دەکەن، لێ کاتێک ببینن لەیلا زانایەک کە سیمبولی نەتەوەیەکە، بەیەک لێدوان که وتی: ئۆردو‌غان ده‌توانێت چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورد بکات، که بەشداری خۆپیشاندانەکەی ئامەدی نه‌کرد، به‌مه‌ش کاریگەری خراپی خسته سەر کەسایه‌تیی خۆی. ئەی ئێوه‌ی یه‌کگرتوو بە ئێوە چی بلێین، کاتێک جەلادێکی نەتەوەکەمان لەمینبەرێکی راگەیاندنەوە دەکەنە سیمبول!؟
وێنەی بەکارهینانی چەکی کیمیاوی لەلایەن سوپاکەی ئەردۆگان:
****************************
****************************
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست