کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بەهاى توێژەرانى كۆمەڵایەتى لە كۆمەڵگایەكى نیوە مردوودا

Monday, 08/10/2012, 12:00



كۆمەڵناس: حەمەی‌‌ ئەحمەد رەسوڵ
ئەوەی‌ گومانى تێدا نییە ئەوەیە كە كۆمەڵگاى كوردى و بە تایبەت كوردستانى باشوور بە باردۆخى وەرچەرخان و گۆڕانكارییەكى بێوێنەدا تێپەڕ دەبێت، بە قۆناغى هەڵگەڕانەوە و رووبەرووبوونەوەى دابونەریت و نۆرمە كۆمەڵایەتیەكاندا گوزەشت دەكات، چونكە كۆمەڵگایەك نیوە مردوو دەبێت كە تەمەنى ژیاندنەوەى بكەوێتە نێوان جەنگى كاولكاریى دوودەوڵەتیى و شەڕێكى ناوخۆى كوشندەوە ئەوە شتێكى حەتمى بەڵگەنەویستە ئەوەیە : كە وەكو نەخۆشێكى پاش نەشتەرگەرى و نیوە مردووى ناو ژوورى نەقاهە ژیانى شڵەقاوى خۆى بەسەر دەبات، چ جاى كۆمەڵگایەكى لەشێوەى ئەوەى ئێمە كە پاش نەهامەتى ئەو جەنگ و شەڕوشۆڕە، دەوڵەتێكى موئەسەساتى و دامەزراوەیى بە ئەزموون نەیبات بەڕێوە.. بەڵكو بكەوێتە بەر رەحمەتى شۆڕشگێڕانى دوێنێى شاخ و شەڕكەرانى دژ بە دەوڵەتێكى دیكتاتۆریى بێهاوتاى وەكو ئەوەى سەدامى دیكتاتۆر كە بۆ مانەوەى خودى مرۆڤ و دەربازبوونى ژیانى تاكەكان بەگشتى، پێویستى بە جۆرەها سیاسەتى ماكیاڤیلیانە دەبوو، كە ئەوەش دواجار ستایڵى ژیان و بیركردنەوەو رەفتارى سەرتاپاى تاكەكانى ئەم كۆمەڵگایەى بە ئاقارێكى زۆر ترسناكدا برد كە لە دەرئەنجامدا ئەو حاڵەت و دیاردە كۆمەڵایەتیە قێزەونانەى لێدەكەوێتەوە كە وەبەر و خەتەرناكن بۆ ئێستا و ئاییندەى تاك بە تاكى ئەو كۆمەڵگایە لەوانەش بۆ نموونە:
لەناوچوونى بیروڕاو مەبەدەئو نەمانى متمانەو بڕوابەخۆبوون و ئیرادە كزبوون و زۆربوونى تاوان و درۆكردن و گزیكردن و دزیكردن و گەندەڵى كردن و بڵاوبوونەوەى نەخۆشى و نەخوێندەوارى و نەزانى كە كۆمەڵگا دەگەڕێنێتەوە بۆ دۆخى سروشتیى و سووننەتى پێش بە مەدەنیبوونى..
ئەوەى لە شرۆڤەكەى سەرەوەدا هات بۆچوونى زانستى كۆمەڵناسییە بۆ كۆمەڵگایەكى رزگاربوو لە جەنگ و شەڕوشۆڕ، ئێمەش دەقاودەق ئەو كۆمەڵگایەین كە كەوتووینەتە بەر رەحمەتى كاریگەرییەكانى قۆناغى پاش جەنگ و ئەم وەرچەرخانە خێرایە بێسەرەوبەرەیەى كە پاش رزگاركردنى عێراق روویاندا..
دەسەڵات و هەژموونى ستایڵێك لە حوكمڕانى لەشێوەى ئەوەى لە كوردستاندا هەیە، كاریگەرى گەورەو جەرگبَڕى دەبێت بۆ ئێستا و ئایندەى كۆمەڵگاكەمان لە باشوورى كوردستان.. چونكە حزبى تاكڕەو و سەرمایەدارو ناشەفاف و نادیمۆكراسى دەتوانێت پێكهاتەو كۆڵەكەكانى كۆمەڵگا بگەڕێنێتەوە دۆخى قۆناغى دەرەبەگایەتى و دەتوانێت هەزاران ئاغاو كوێخا لە دەزگا حزبى و حكومییە (نیمچە میرییەكانى) خۆیەوە زیندوو بكاتەوەو وەكو ئەمیرێكى دەڤەرێك یان ناوچەیەك حوكمێكى توندى نادادوەرانە پیادە بكات..
سیاسەتى ئەم دوو حزبە دەسەڵاتدارەى كوردستانى باشوور و نەبوونى حزبى عەلمانیى بەهێزى ئۆپۆزسیۆن و بەرهەڵستكار، توانیوویانە لەم بیستو دوو ساڵەدا تاك و خێزان و دواجار كۆمەڵگاكەمان بەرەو دواوەى دواوە بگەڕێننەوە.. ئەوە شارەكانمانن كە بوونەتە جێى ژووانى دابونەریتى دەشتەكییانەو هۆزگەرێتى و ئایینزایى و سووننەتیى چەقبەستوو.
هەروەها بیركردنەوەو هەڵسوكەوتى تاكەكان دەیان ساڵ بۆ دواوەى دواوە پاشەكشەى كردووە، تاكێكى ترسنۆك و بوودەڵ و گەندەڵ فەراهەمكراوە، پارەپەرستى و بەرژەوەندیخوازى لەنێو ناخ و دەروونى تاكى كوردا مووتوربە كراوە. درۆكردنى پڕ لە موجامەلەى درۆیینە باڵى بەسەر پەیوەندییە كۆمەڵایەتیەكاندا كێشاوە بە جۆرێك كە پەیوەندیى راستەقینەى نێوان تاكەكان لەم كۆمەڵگایەى ئێمەدا بووەتە شتێكى دانسقەو كەم وێنەو دەگمەن.. لەخشتە بردنى یەكترو هەڵخەڵەتاندنى بەرامبەر لەپێناوى بڕێك پارەو پارووە نانێكى بێبەهادا بۆتە كارێكى ئاسایى خەڵكى نەفس نزم لە شارەكانى كوردستانى باشووردا..
خێزانى كوردى لە سایەى حوكمى بەعسییەكان و ئێستاى دەسەڵاتى كوردیدا، بۆتە مەنزڵگەى بەرهەمهێنانى رق و كینەو جنێوفرۆشى و درۆكردن و گەندەڵى، پەیوەندیى نێوان ژن و مێرد و منداڵەكان پەیوەندییەكى نائاسایى و فشەڵ و بێبناغەیە، بەجۆرێك كە وەكو بێگارییەكى لێهاتووە ، ئەم پەیوەندییە وەكو پەیوەندى رۆتینیى نێوان بەرپرس و كادێرێكى حزبى ناو بارەگاكان دێتە پێش چاو كە بە ناڕاستەخۆ ئەم مۆدێلە چۆتە ناو دانە بە دانەى خێزانەكانمانەوە..
میدیاكانیش بە تایبەت میدیاى حزبى و سێبەرەكانى هەردوو حزب (كە بەدەیان و سەدان خۆفرۆش بڵاویان دەكەنەوە)، هۆكارى گرنگن لە نەهێشتن و بەلادا بردنى هزرى جوان و بیركردنەوەى مرۆڤدۆستانەو رەفتارى كوردانە (كە بریتى بوون لە یارمەتیدانى هەژاران و رێز و خۆشەویستى و دڵسۆزى بۆ كەسى بەرامبەر) ئەوەندەى دیكە كۆمەڵگاو تاكى ئێمەیان بۆ ئەو ئاقارە بردووە كە كەسێكى مالۆسى و برسى و شەهوانى و وروژێنەرو شەڕفرۆش و جنێوفرۆش و بەرژەوەندیخواز بێت، كەسێك كە هەمیشە هەڵپەى بێت بۆ خۆ دەوڵەمەندكردن و پارە پەیدا كردن، كە ئەمڕۆ هیچ سەقفێك و سنوورێكى یاسایى و قەناعەتێكى دەروونى بۆ نەماوەتەوە.
بەرزبوونەوەى رێژەى توندوتیژى و توندوتیژیى خێزانى و زیادبوونى رێژەى تاوان و دزیكردن و شەڕكردن و كوشتن بە چەقۆ و دەمانچە لەم ساڵانەى دوواییەدا گەیشتوونەتە حاڵەتى هیستیریایى و سنووریان تێپەڕاندووە. كۆنترۆلكردنیشیان بۆتە كارێكى ئاستەم چونكە یاسا سەرەوەرى خۆى لەدەستداوەو هزرى عەشایرى و دیوەخانى كۆمەڵایەتى ئاغاكان بوونەتە جێگرەوەى یاسا و رێساى قانوونى و كەس حساب بۆ دادگاو بڕیارى دادوەر ناكات..!!
تەنانەت دراماكانیش ئەو جۆرەن كە لەگەڵ سیاسەت و میتۆد و بیركردنەوەى حزبى دەسەڵاتداردا دەگونجێن، هەر بۆ نموونە: وێنەى كڕنووش بردنى خەڵكى كۆرى بۆ بەرپرس و پادشاكانیان لاى منداڵانى ئێمەش بۆتە دیاردەو رۆژانە لاسایى دەكرێتەوە.. كوشتن و سەر پەڕاندن و خوێنڕشتنى سەربازانى كۆرى بۆتە تاقە فیلم و وێنەیەكى كەللە تەزێن كە لە هەموو شەوێكى تەمەنماندا دووبارەو چەندبارە دەبنەوە.. ئەمەش دواجار بە حوكمى كار و كاردانەوە لە ئاكامدا، رێژەى كووشتن و خوێنڕشتنى لە كۆمەڵگاكەماندا گەیاندۆتە ئاستێك مەترسیدارترین مەترسییە بۆ ژیانى ئەمڕۆ و ئایندەمان..!!
لەمبوارەشەوە توێژەرانى كۆمەڵایەتى و دەروونى كوردستان (بەتایبەت لە شارى سلێمانى) چەندینجار بانگەوازى ناڕەزاییان ئاراستەى میدیاكان و حكومەت و دوو حزبەكە كردووە كە بە تەنگ منداڵان و گەنجانى كۆمەڵگاكەمانەوە بێن و پەخشكردنى ئەو دراما خوێناوییانە یان رابگران یاخود كەمتر بكەنەوە یان سەعاتى پەخشكردنیان بخەنە نیوەى شەوان و پاش نووستنى منداڵەكانمان بێت، بەڵام وەكو عەرەبەكان دەڵێن ((لا حیاتە لمەن یونادى)) ژیان بۆ ئەوانە نییە كە هاوارو سكاڵایانە..!!
ئەم ساڵیش 2012بۆ دامەزراندنى دەرچووانى زانكۆ، تاقە یەك توێژەرى دەروونى و كۆمەڵایەتى ناویان نەهاتۆتەوە كەوا دابمەزرێن.. ئەى باشە ئەمێستاكە كاتى پێویستى توێژەران نییە لە هەموو كونج و جومگەیەكى ئەم كۆمەڵگا نیوە مردووەدا دەستبەكار بن و كاریگەریان هەبێت لە هێمنكردنەوەى تاك بە تاكى كۆمەڵگاكەماندا... تەنیا كارمەند و فەرمانبەرى بن دیوارو پاسەوانى وەهمى پێویستن كە بە ملیۆنان ملیۆن دیناریان بۆ خەرج دەكرێن و تەنیا هەڵاوسانى ئابوورییان لێدەكەوێتەوە.. بەڵام دامەزراندن لە بوارى ناوخۆو ئاسایشدا هەمیش پشكى شێریان بەركەوتووە بۆیە نیشتمانمان بۆنى دەمانچەو كوتەك و قامچى و باروود و دوكەڵ كاسى كردووە..
لە كۆتاییدا: دەنگى خۆم دەخەمە پاڵ دەنگى توێژەران و بە توێژەرە ئازیزەكانى هەولێریش دەڵێم بچن خۆپیشاندانێكى هێمنانە مەیسەر بكەن و ئەوەندە بێدەنگ مەبن با هەقتان نەفەوتێت..!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە