تاڵەبانى لە سۆسیال دیموكراتەوە بۆ سۆسیائێل بەگى جاف
Saturday, 09/05/2009, 12:00
1833 بینراوە
كاتێك كە یەكێتى بانگى ئەوەى دا كە بووە بە ئەندامێكى سۆسیال دیموكرات، وایان بە گوێى خەڵكدا ئەدا كە یەكێك لە كۆڵەكە بنەڕەتییەكانى سۆسیال دیموكرات بریتییە لە بەرپاكردنى (دادپەروەرى كۆمەڵایەتى) و (پێشێل نەكردنى مافەكانى مرۆڤ) و (دابەشكردنى سامان و داهات بە یەكسانى بەسەر خەڵك دا) و تاد.. بەڵام ئەوەى تا ئێستا دەیبینین بۆنى سۆسیال دیموكرات لەم حیزبە نایەت، ئەگەر باسى دادپەروەرى كۆمەڵایەتى دەكەن ئەوەتا كەسوكارى ئەنفالكراوان تا ئێستاش بە چاوێكى كەمەوە سەیر دەكرێن، سەیركردنى ئەوان بەو شێوەیە هیچ جیاوازییەكى نییە لەگەڵ سەیركردنەكەى حیزبى بەعس، یەكێتى هەروەك پارتى پشكى باشى بەركەوتووە لە پێشێل كردنى مافى مرۆڤ، چۆن؟ بۆ نموونە دیار نەمانى قادر زیرەك كە لەساڵى 2002ـەوە تا ئێستا بزرشوێن كراوە و هەروەها لەساڵى 2003ـەوە تا ئێستا 3 گەنجى شارى كفرى لەلایەن خودى تاڵەبانییەوە بزرشوێن كراون لەسەر ئەو كێشەى كە ئەو 3 گەنجە ئەوكات چوون بۆ بەعقوبە بۆ كارى ڕەشوڕووتى، لەو دەڤەرەدا لەلایەن یاساوڵەكانى تاڵەبانییەوە تەقەیان لێدەكرێت و ئەوانیش بە تەقەكردن وڵامیان دەدەنەوە، لەئەنجامیشدا یاساوڵێكى تاڵەبانى دەكوژرێت، ئەو 3 گەنجە لە برى ئەوەى بدرێنە دادگا بۆ ئەوەى بە سزاى یاسایى بگەن كەچى تا ئێستا دیار نین، جگە لەوانەش تا ئێستا چەندین دیلى شەڕى براكوژیى دیار نین، ئایا ئەم بزرشوێن كردنانە پێشێل كردنى مافى مرۆڤ نین؟
لە دابەشكردنى سامان و داهات بە یەكسانى بەسەر خەڵك دا، یەكێتى مانگانە 35 ملیۆن دۆلار لە بودجەى هەرێمى كوردستان دەبات كە موڵكى خەڵكە و حیزبە سۆسیال دیموكراتەكانى ئەوروپا بودجە لە حكومەتەوە وەرناگرن، تاڵەبانى لەناو حیزبەكەى خۆشیدا بەرچاوڕوون نییە لە دابەشكردنى بودجەدا كە تەنانەت ئەندامانى مەكتەب سیاسییەكەشى نازانن بودجەكە چیى لێدێت نەك بەرچاوڕوونى بۆ خەڵكى ئاسایى هەبێت.
ئەگەر بەم پێوەرانەى سەرەوە بێت، دەكرێت بپرسین : یەكێتى لە كوێ دا سۆسیال دیموكراتە؟ یان یەكێتى چى كارێك ئەگەر بچووكیش بێت كردبێتى تا لەسۆسیال بچێت؟ رەنگە تاكە كارێك شانازى پێوە بكەن مانەوەى سكرتێرە لە شوێنى خۆى دا و كراوەتە هێڵى سوراو، ئەگەر سۆسیال دیموكرات بریتی بێت لە حیزبەكەى تاڵەبانى و حوسنى موبارك و مەحموود عەبباس، كەواتە سۆسیال چ واتایەكى تێدا دەمێنێتەوە كە ئەم ئاغا و شێخ و بنەماڵانە ئەندامى بن.
ئێمە لێرەدا دەپرسین: ئایا ئەگەر تاڵەبانى سەرۆك عەشیرەت نەبێت و حەز بە عەشیرەتبازى نەكات، بۆچیى پاشناوى عەشیرەت بەناوەكەیەوەیە؟ ئایا تاڵەبانى ناتوانێت ئەوەندە خەڵكى ناوشار كۆبكاتەوە كە دەچێت بەشدارى لە ڤیستیڤاڵى ئێل بەگى جاف دا دەكات؟ ئایا بۆچیى ئەو خەڵكەى لەو ڤیستڤاڵە ئامادەبوون خۆشحاڵ نەبوون بە هاتنى تاڵەبانى؟ تەنها چەند كەسێكى چەورورگ نەبێت كە كردیانە هەراو هوراو وتیان : مامە مامە.. كەچى هەرزوو ئەو هورایانە كۆتایى پێهات چونكە خەڵكەكە تاقەتیان لێ نەماوە ئیتر بڵێن مامە مامە.
لەشارى كفرى ژنەكادرێكى یەكێتى ژنانى كوردستان، كارى ئەوەیە ژن بۆ پیاوان بدۆزێتەوە كە بیكەن بە دوو ژن، ئایا ژنەكادرەكانى سۆسیال دیموكرات لە ئەوروپا بەم شێوەیە كار دەكەن و پەرە بە فرەژنى دەدەن؟
لە كەناڵى GKـەوە لە سەرەتاى دەستپێكردنى ڤستیڤاڵى ئال بێگ جاف دا، لە دەركەوتنێكى زۆر سەیرو سەمەرەدا (دادوەر ڕزگار محەمەد ئەمین)، دەستى كرد بە خوێندنەوەى یاداشتى دەستپێكردنى ڤیستیڤاڵەكە، ئێمە دڵمان بەوە خۆش بوو كە دادوەرێكى كوردیش هەیە و لێبووردەیە و پڕۆفیشناڵە لەكارەكەیدا، بەڵام بەداخەوە ئەو دادوەرە لە ڤیستیڤاڵێكى عەشایەریدا دەركەوت!
لەم سەردەمەدا، عەشایەر لەجیاتى ڕۆشنبیران كارى ڕۆشنبیرى ئەنجام دەدات! هاوكات ئەمكارەى ئەم ڕێكخراوە پێى هەڵساوە دەبوو ڕێكخراوێكى ڕۆشنبیرى پێى هەڵسایەت.
كەواتە بەم پێوەرانە بێت جەلال تاڵەبانى سكرتێرى حیزبێكى سۆسیال دیموكرات نییە بەڵكو سكرتێرى (حیزبى سۆسیائێل بەگى جافـ)ـە، هەر بەو بۆنەیەشەوە ئێمە وەك دوو كەس لە هاووڵاتیانى هەرێمى كوردستان پیرۆزبایى خۆمان ئاڕاستەى ئەم حیزبە نوێیە دەكەین كە یەكى شەش بە فەرمى پەیڕەوى ناوخۆى ئەم شێوازە نوێیە عەشایەرییە دەنووسنەوە. دوبارە پیرۆزە.
[email protected] [email protected]
ئەم نووسینە پێکەوە لەگەڵ دانا رزگاردا نووسراوە