هێور بوونەوە بۆو لەپای چی
Thursday, 24/02/2011, 12:00
هەر لەگەڵ دەست پێکردنی کڵپەی ڕاپەڕینی ١٧/٢ ی ئەم جارە، ئەوەی پێوستە ڕەچاو بکرێ، ڕۆڵی گەنجانە، لەم ڕاپەڕینەدا جگە لەگەنجان ، هیچ لایەنێکی سیاسی لەوانەی کە ئەبوو بەشداربوونایە، وەك گۆڕان و ئەوانی تر، کەخۆیان بە بەرەی نەیار ئەدەنە قەڵەم ، لەوێ نەبوون و نەیان وویست بەشداری بکەن.
ئەوەی چاوەڕوان نەکرا، ئەوەبوو کە هەموو ئەو لایەنە سیاسیانەی بەرەی ئۆپۆزیسێۆن پێش لایەنەکانی دەسەڵات ئەم گەنجانەیان بە سەرلێشێواو و گێرە شێوێن ناوزەند کرد، دیارە بۆ ئەمەش تەنها شیکاریەك لە ئارادا بێ، ئەوەیە، کەئەمانە تەنها بە ناو ئۆپۆزیسێۆنن، وەیان باشتر بڵێین، ئەمانە خۆڵ ئەکەنە ئەو بەشەی تری میلەت کە ناڕازیین لە هەردوو پارتی دەسەڵاتدار. ئەم کارەی گۆڕان و ئیسلامیەکان، هەموانی تووشی شۆك کردو گەنجانی لەخوێن هەڵکێشراویشی هەتیوو ماتو مەلول کرد، دیارە لای ئەوان وابوە، کەبەم پەیامەیان ئێدی گەنجی لەخۆ بوردوو واز دێنێ و کونجی قەناعەت ئەگرێ، لێ خۆش بەختانە لەمەیاندا هەڵەبوون و ئەو چاڵەی بۆ گەنجانی ڕاپەڕیویان هەڵکەند، خۆیان بەتەپڵی سەر کەوتنە ناویەوە.
گەنجانی شار گشتیان خرۆشاوون و ساردبوونەوەیان گەلێ زەحمەت و ئەستەمە، لەبەرچی، لەبەرئەوەی ئەمان لەژێر دەسەڵاتی پارتی ویەکێتی تەنها قاوغەکەیان ماوەتەوە، بەگیان مردوو وتەنها بەلەش زیندوو، بۆیە ساردوو بووەنەوەو خاوبوونەوەیان قوڕەکە زیاتر بۆیان خەستر ئەبێتەوەو دواتر جار دەرچوون لێی گەلێ زەحمەترە. ئەم گەنجانە ئەوەندە ووشیارن ئەزانن کەجگە لەخۆیان کەسی تر شك نابەن بۆ ئەوەی لەئازارەکانیان تێبگا، هەروەك چۆن دەسەڵات نایەوێ لێیان تێبگا، ئاوهاش ئۆپۆزیسێۆن خۆڵ ئەکاتە چاویان و دەستی دەستیان پێ ئەکەن.
پارتی دوای ئەوەی شکستی هێنا لە سلێمانی ، ئینجا بەهەماهەنگ لەگەڵ ئۆپۆزیسێۆن و بەتایبەتی لەڕێگای چەندین کەناڵی وەك بەناو ڕۆشنبیران(فەرهاد پیرباڵ)وەك نمونە و ئەندام پەرلەمانەکانی هەریەك لەدەسەڵات و ئۆپۆزیسێۆن هاتنە نێو ئاپۆڕەی جەماوەری ڕاپەڕیو(نەك جەماوەری خۆپیشاندەران)لەوەی دەسەڵات ئەیەوێ لەنرخیان کەم بکاتەوە، لێ زرنگی و بلیمەتی ڕاپەڕیوان هەرزوو بەم فێڵ و تەڵەکەبازیەی زانی و دەرگای لێ کڵۆم کردن، ئەوەبوو فەرهاد پیرباڵ زیاتر ڕسوا کرا، ئەو ئەندام پەرلەمانانەی لیستی بەناو کوردستانی ڕێگەیان پێنەدرا بچنە سەر پۆدێۆمەکەو ووتار بخوێنەوە.
مەترسیترین گەمەی سیاسی دەسەڵات و ئۆپۆزیسێۆن ئەوەیە، کە هەردووکیان ئەیانەوێ جۆرێك لە مەرجەعیەت بەپەرلەمان بدەن و خەریکی ئەوەن گوایا پێوستە لێرەوە هەنگاو بنرێ بۆ هێورکردنەوەو پاراستنی دەست کەوتەکان،، پرسیاری گرنگ ئەوەیە، ئایا جگە لەوانەی بەرژەوەندیان لەپەرلەمانە،کەخۆیان لەدەسەڵات و ئۆپۆزیسێۆن ئەبیننەوە، کێی دی کەڵك و قازانجی لەو پەرلەمانە وەرگرتوە، ئایا گەنجان ڕۆژێ لە ڕۆژان خەمەکانیان لەنێو تەلاری پەرلەمان تاووتوێ کراوە؟ ئایا پەرلەمان جگە لەخەمی خۆیان ، خەمی کام گەنجەی ئەم کوردستانەیان هەبوە؟ ئایا پەرلەمان بەڕاستی لەپاراستنی کێیە؟گەنجی ووڵات وەیان دەسەڵات و مشەخۆران؟ ئایا پەرلەمان ڕازیە بەوەی هیوا و چەتەکانی سەر باڵەخانەی لقی چوار بداتە دادگا؟؟ حەتمەن نەخێر. ئایا پەرلەمان ئامادەیە فازل میرانی تاوانبار بکا لەوەی بەنیازبوو دەستی خەڵکی ببڕێتەوە؟ دیارە ئەمەشیان هەر نەخێرە. ئەی باشە پەرلەمان ئامادەیە ئەوانەی بارەگاکانی گۆڕانیان سوتاند تاوانباریان بکاو داوا بکا پۆلیس ڕاپێچی زیندانیان بکەن،، وا بزانم بۆ ئەمەش هەروەك ئەوانی تر ، نەخێر سەدجار نەخێر.. ئەی کەواتە لەسەر چ بنچینەیەك کۆمەڵی لەدەسەڵات و ئۆپۆزیسێۆن ئەیانەوێ لەپەرلەمان دانیشتن بکەن و لەوێوە لەخۆڕا و بەبێ دەنگی شەقام و جەماوەری ڕاپەڕیوو داوای هێوربوونەوەی لێ بکەن؟؟!
ئەوانەی داوای هێوربوونەوە ئەکەن، دیارە لەبەرژەوەندیە ئابووری و پارەکانیان ئەترسن و بەناوی سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمەوە ئەیانەوێ خەڵکە بریندارو ماڵ وێرانەکان خاوو بکەنەوە. ئەوانەی ئەم داوایانە ئەکەن و پێیان وایە پێوستە شەقام ئارام بێتەوە، ئەوا پیاوی دەسەڵاتەو هیچی تر، ئەگینا ئەوەی لەمیسرو تونس و شوێنە کانی تر بەرپابوون و سەرکەوتنیان وەدەست هێنا، تەنها لەڕێگای هێوربوونەوەو خاوبوونەوەو پشوو نەدانەوە بوو، گەر ئەوانە نەختێ خاوببونایەتەوە، ئەوا ئەو سەرکەوتنانەیان هەرگیز مسۆگەر نەئەکرد. بۆیە لەسۆنگەی هاسۆزیمان بۆ گەلە قارەمانەکەمان و هەست کردن بە خوێننەوە بۆ مێژوو ، داوا لە خەڵکی ڕاپەڕیو ئەکەین ، بەهیچ جۆری هێور نەبنەوە تا دوا ئامانجی ئەم ڕاپەڕینە.. وە پێوستە تاکە ئاکامێك لەم ڕاپەڕینە چاوەڕوانی بن، ڕووخاندنی دەسەڵاتی نایاسایی پارتی و یەکێتیە، هەروەها لێرە بە دوا نەیەڵن جگە لەخۆیان ڕێگە نەدەن بەهیچ ئەندام پەرلەمانێکی کوردستان ووتە هەڵڕێژێ و تووشی دوودڵی و سەرلێشێوانیتان بکەن.
دیارە هەروەك چۆن دیکتاتۆرەکان لەهەر کوێیەك بن لەیەك ئەچن، ئەوا پێوستە جەماوەری ڕاپەڕیویش بەهەمان شێوە لەیەك بچن، هەروەك چۆن دەسەڵاتی بن عەلی و مبارەك لەیەك چوون، هەمان ئاکامی لێکەوتەوە، ئەوا پێوستە ئەمەی ئێمەش بەهەمان پێوەر لەجەماوەری ڕاپەڕیوی گەلانی تر بچێ و هەمان ئەنجام بدات بەدەستەوە، بۆیە پێوستە ئەوەی باس لەهێوبوونەوەو وازهێنانتان لێ بکەن نەیەڵن تەفرەتان بدات و قڵیش و دەلاقە بخاتە نێو ڕیزەکانتانەوە.
لەهەڵەبجە سەرباری ئەوەی پۆلیسێك بەفیشەکی دەسەڵات شەهید بوە، ئێستا داوا لە جەماوەری ڕاپەڕیو ئەکرێ بۆ ماوەی ٣ ڕۆژ دەست لە چالاکیەکانیان هەڵبگرن و ساردیان بکەنەوە، ئەمە سینارێۆیەکی دەسەڵاتە و ئاگاتان لەخۆبێ لەخشتە نەبرێن، ئێمە لەکاتێکدا سەری ڕێز بۆ هەموو شەهیدەکان دائەنەوێنن و لێ لەگەڵ هەر کارەساتێکی جەرگ بڕدا ئەبێ ببێ بە هەنگاوێکی خێرا تر بۆ تۆڕدانی ئەم دەسەڵاتە، نەك خاوبوونەوەو هێوربوونەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست