کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


رۆژنامەنووسانی توركمانیش لە كەركوك لەبەردەم هەڕەشەدان رۆژنامەنووس (سەلاح بەهلول) بەنموونە

Wednesday, 20/10/2010, 12:00



زۆرن ئەو رۆژنامەنووسە توركمان و عەرەبانەی شاری كەركوك كە بەوپەڕی واقعییانەوە مامەڵە لەگەڵ رووداوو پێشهاتەكاندا دەكەن و زۆر باش لەو راستییە تێگەیشتوون كە چارەنووسی ئەوان بەندە بە چارەنووسی نەتەوەی كوردەوە، بەتایبەتی لە كەركوك، یەكێك لەو رۆژنامەنووس و شاعیرو نووسەرە توركمانە قەڵەم بە بڕشتانەش رۆژنامەنووس (سەلاح بەهلول)ە كە ناوبراو سەرنووسەری گۆڤاری (توركمن دیلی) و بەرپرسی لاپەڕەی توركمانییە لە رۆژنامەی (پردێی ئازاد) كە لەلایەن سەنتەری رۆشنبیریی پردێوە دەردەچێت، هەروەها رۆژنامەنووسێكی چالاكی كەركوك و ئەندامی كارای سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستانیشە.
رۆژنامەنووس سەلاح بەهلول تا ئێستا لەسەر نووسین و هەڵوێستە راشكاوەكانی لەسەر بەرەی توركمانی چەندین جار لەلایەن بەرەی ناوبراوەوە هەڕەشەی لێكراوە، دواجاریش لە رۆژی (12/10/2010) لە بنكەی پۆلیسی قۆریە هەر لەسەر ئەو هەڵوێستانەی دەسگیریان كردووە، بەڵام لە دوای لێكۆڵینەوە ئازاد كراوە.
ئەوەی لە كەركوكدا دژی رۆژنامەنووسان روودەدات، كارێكە نابێ چ لقی كەركوكی سەندیكاو چ لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكە لێی بێدەنگ بن، بەڵكو پێویستە بە هەموو شێوەیەك داكۆكی لە رۆژنامەنووسان بكرێت و رێگە نەدرێت لە ئەنجامی هەڕەشەو چاوسووركردنەوەو زیندانی كردن و هەتا تیرۆركردنیشەوە رۆژنامەنووسانی بوێری شارەكە بێدەنگ بكرێن و ناحەزانیش بە مەرامی خۆیان بگەن. دوێنێ تیرۆركردنی (سۆرانی مامە حەمەو چوونە سەر ماڵی رۆژنامەنووس عەبدولباست سەمەد-سەیوان- و ئەمڕۆش دەسگیركردنی رۆژنامەنووسی توركمان (سەلاح بەهلول) و سبەینێش داخۆ نۆرەی چ رۆژنامەنووسێكی بوێری دیكەی شارەكەیە؟!
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە