یەكتر تۆمەتباركردنى هەرێم و بەغدا گەمەیەكى سیاسیە
Friday, 27/12/2013, 12:00
كێشە و ململانێكانى نێوان بەغدا و هەرێم بۆ پرسی بودجە و نەوت و غاز و پێشمەرگە، ڕەگ و ڕیشەییەكى لەمێژینەى هەیە، ناو بەناوە كە تەنگژەیێ ڕوو دەدات كەیسی نەوت دەبێتە كارتى هەڕەشە و خاڵی وەرچەرخانى ناكۆكیەكان بۆ گڕكردنى ئاگری لێدوانە توند و تیژەكانى بەرپرسانى هەردوولا.
ڕەنگە باراشی هەر لایەكیان لەئاشێ لێبكات، بەغدا دەڵێ: حكومەتى هەرێم لەو نەوتەى فرۆشتوویەتى بۆ ئەوەى بەشە بودجەى پێ بدرێ، دەبێ 9ملیار دینار بۆ بەغدا بگەڕێنێتەوە، لەتەكدا بەپێچەوانەوە هەرێم دەستى ناڕەوایی بوون بۆ بەغدا درێژ دەكات كە 132ملیار دۆلاری كۆمپانیاكانی وەبەرهێنانى نەوت قەرزارە و تا ئێستا نەیداوە.
یەكتر تۆمەتباركردنى هەرێم و بەغدا گەمەیەكى سیاسیە و لەهەمبەر بەرژەوەندیە گشتیەكان لەوپەڕی تووڕەیی و تەقینەوەدا بەناچاری زمانى دیالۆگ دەگرنەوە بەر و مێزى گفتوگۆكان كەرەتێكى دیكە بە كۆبوونەوەكانیان گەرم دەكەنەوە و خاو بوونەوە لە هەڕەشە ئامێزەكانیان بۆ ڕای گشتى دەخوڵقێنن.
ئەگەر بەپێوەری ویژدان سەیری ئەو دۆسیە پڕ تەم و مژەى تا ئێستا بەتەمژی ماوەتەوە و تا بەئێستا ڕادەگات نەگەیشتۆتە مریشكە ڕەشە و بنبڕ نەبووە، هەقیقەتێك بەرپرسانى بەغدای سەرسام كردووە گوایە هەرێم سیاسەتێك پەیڕەو دەكات: نەوتى خۆم بۆ خۆم، نەوتى تۆش دەخۆم، ئەمەش تێڕوانینێكى ناجۆرە كەس بەو دوعایە ناڵێ: ئامین؟ پاساو بۆ ئەم نزایە ئەوەیە: ئاخۆ لەكوێی دونیا هەیە هەرچی نەوتی بەغدا و بەسڕە و شارەكانى دیكەى ناوەڕاست و خوارووى بەغدا بفرۆشرێ، پارەكەى بكرێتە بودجە و هەر لەو پارەیە بەشی هەرێمى لێ بدات، كەچی هەرێم نەوتەكەى خۆی بفرۆشێ و ئامادە نەبێ پارەكەى بچێتە سەر داهاتى گشتى؟
نوری مالیكى سەرۆكى ئەنجومەنى وەزیرانى ئێراق هەمیشە لە لێدوانەكانیدا پێداگیری ئەوەى كردووە دەبێ ئێراق ئاگاداری پرسی نەوتى هەرێمبێ، ئەو نەوتە بۆ كوێ دەڕوا؟ بڕەكەى چەندە؟ داهاتەكەى دەچێتە كوى؟
حوسێن شەهرستانی زوو زوو دێتە سەر خەت ڕایدەگەیەنێ: ئەوەى لەهەرێم دەگوزەرێ بەقاچاغبردنى نەوتە و نایاساییە، تەنانەت گرێبەستەكانى كاركردنى كۆمپانیا بیانیەكانیش لەو هەرێمە پێچەوانەى دەستوورە.
نێچرڤان بارزانی سەرۆكى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى كوردستان زوو زوو لەڕێی میدیاكانەوە پابەندبوونى خۆی و حكومەتەكەى بەدەستوور دوپات دەكاتەوە گوایە هەموو ئەو كارانەى دەیكات لەچوارچێوەى دەستوورە.
لەنێوان دەستووربوون و نادەستووری ئەم لێدوانانە(یاساییە و نایاسایی)، لەچەند ڕۆژی ڕابردوو بەسەرۆكایەتى شاندێكى حكومەتى هەرێم سەردانى بەغدای كرد، لە كۆبوونەوەیان لەگەڵ نوری مالكی و دواتر جێگری ئەنجومەنى وەزیران بۆ كاروباروباری وزە، لە ڕاگەیاندنەكانەوە بڵاوكرایەوە: هەرێم و بەغدا لەسەر ناردنە دەرەوەى نەوتى هەرێم لەرێی كۆمپانیای(سۆمۆ)وە رێككەوتن.
عیماد ئەحمەدی جێگری سەرۆكى ئەنجومەنى وەزیرانى حكومەتى هەرێمیش نەیشاردەوە كە هەرێم لە ناردنە دەرەوەى نەوت بۆ دەرەوە لەو داهاتە گشتیە هاوبەشە.
نووسینگەى حوسێن شەهرستانیش لەلای خۆیەوە پابەندبوونى هەرێم و بەغدای ڕاگەیاند كە هەردوو لا رێكەوتوون داهاتى ناردنە دەرەوەى نەوتى هەرێم لە سندوقی(پەرەپێدانى ئێراق)ی دابندرێ و لەرێی بودجەوە ساڵانەوە دابەش بەگەلانى ئێراق بكرێ.. تەنانەت ئاماژە بەوەیش درا كە ئێراق دەبێ بۆ لەمەودوا لەدیاریكردنى ئەو بڕە نەوتە ئاگاداربێ.
لەپێناو دەستگرتن بەو سامانە پڕ لەخێروبەرەكەتە(زێڕی ڕەش)، پێویستە:
یەكەم: حكومەتى هەرێم بەو سندوقە ڕازی نەبێ وجەخت لەسەر ئەوە بكاتەوە كە ئەو داهاتە لەسندوقێكى تایبەتى دانێ كە ئەگەر بەغدایش لێی ئاگاداربكرێتەوە گرفت نییە، بەڵام سەرفیات و واژۆ بۆ ڕاپەڕاندنى داهات و خەرجیەكان لەلایەن كەسێكى هەرێمەوە بەڕێوە ببرێ.. مەبەست لەو خاڵە بۆ هەموو ئەگەرەكانى تەنگژە و ناكۆكیەكانى نێوان هەردوو هەرێم و بەغدایە كە ئەگەر بمانەوێ سەربەخۆیی ڕابگەیەنین مافی خەرجیات لەدەست خۆمانبێ باشترە نەك بەغدا كە نەتوانین مامەلە بەداهاتەكانەوە بكەین ئیتر ئەوان چۆنیان ویست بەو شێوەیە هەڵمان بسووڕێنن.
دووەم: ئەگەر هەر داكۆكی لەسەر ئەو سندوقە(سندوقی پەرەپێدانى ئێراق) كرایەوە، بەرپرسانى هەرێم پێویستە بیر لەزیادكردنى بەرمیلە نەوتەكان لە ڕۆژێكدا بۆ هەرچەندێكبێ نەكەنەوە و ئەو نەوتە با بۆ تەنگانە و داهاتوو هەڵبگرن، بەكڵۆجێ بایی ئەوەندە نەوت هەناردەى دەرەوە بكەن كە لەو سەرەوە لەبودجەى گشتى ئێراق دوو ئەوەندە و پارەیەكى خەیاڵیان وەك بودجە چنگ بكەوێ و كار لەسەر ئەو داهاتە زۆرو زەبەندە بكەنەوە كە لەڕێی نەوتى ناوەڕاست و خوارووى ئێراق دەبنە داهات بۆ بودجەى گشتى، لەوانە بەشە بودجەى هەرێم.
سێ یەم:لیژنەی نیشتیمانى نەوت پێكبێ، كاریان لێكۆڵینەوەبێ لەداهاتووى نەوت و هەموو ئەو ئەگەرانەى لە كێشمە كێشەكانى نەوت دێنە ئاراوە.
چوارەم: بەرپرسان ڕوئیایان بۆ ئەمڕۆ و داهاتوو هەبێ، بزانن چۆن ئەو سامانە نیشتیمانیە بۆ بەرژەوەندی گشتى بەكار دەهێنن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست